سمێڵ

Thursday, 09.12.2019, 20:13

5338 بینراوە


سادق هیدایەت: (تاوانی ئەهلی جەهەنەم سێکس و مەشروبە، پاداشتی ئەهلی بەهەشتیش سێکس و مەشروبە)
--------------------
 ..... ئیتر ناخۆش و چیتر قبوڵ ناکرێ .... کاکی مەلا!
تۆ لە ژێر سایەی گوایا دیموکراسیەوە وەک پیاوی ئاین و شەریعەت! بە ئارەزووی خۆت و بێ سڵ کردنەوە کەوتویتە گیانی خەڵک و چۆنت بوێ ئیهانەی خەڵک و تاکی ئەم کۆمەڵگایە ئەکەیت. ئەوە باش بهێنەرەوە بیرت کە چۆن کەس هەقی بەسەر تۆوە نیە چی ئەکەیت ، مەلایت، نوێژ ئەکەیت، ئەچی بۆ مزگەوت، شەش حەوت ژن ئەهێنیت، نەک ماڵەوەتان خۆشتان موحەجەبە ئەکەی، ئاواش هەقت نەبێ بەسەر خەڵکی ترەوە چونکە خەڵک و تاک"فرد" سەربەستە چۆن ستایلی ژیانی خۆی هەڵئەبژێرێت.
گەر تۆ بە گۆرانی و مۆسیقا ئیزعاج ئەبی و لەش و خوار ناوکتەوە ئەخورێ، منیش سەد ئەوەنەی تۆ بە " بانگ" بێ تاقەت ئەبم بە مەرجێ من لە ماڵی خۆم و بۆ خۆم گوێ لە گۆرانی ئەگرم نەک وەک تۆ هەموو ڕۆژێک عەینەن تاس وعەینەن حەمام پێنج شەش جار هەمان تێکست لە سەد لای شارەکەوەم گوێ لێ ئەبێ، دەنگی وایشی تیایە وەک لای ئێوە ئەووترێت " ان انکر الاصوات ..........".
تۆیەک من مەحکوم ئەکەیت بە جەهەنەم! لەبەر ئەوەی ئەخۆمەوە تۆش لەسەر ئەرز هەرچی خراپە دژ بە من ئەیکەیت تا لە بەهەشت ! بەقەڕابە شەراب بخۆیتەوە و لەگەڵ حۆرییەکانا ڕابوێریت، من لێرە مەشروبی خۆم بە پارە ئەکڕم بەڵام تۆ " بە سەربڕینێک" بەهەشت مسۆگەر ئەکەیت و شەرابەکەشت بەلاشە، گەر لە ئاینەکەی تۆیا بووترایە قاپێ شەراب بەوەنە دینار و هەر شەوێکی حۆرییەک بەمەنە دینارە بڕواناکەم هیچ کەسێکی سەر بە ئاینەکەی تۆ ئارەزووی ئەوێی بکردایە...
تۆیەک  لەبەر دامرکانەوەی ناوگەڵت بە ئارەزووی خۆت ژن بێنە و لە نۆ ساڵییەوە لێت حەڵاڵە ! من کە بروام بە ماف و یەکسانی ژن هەیە، قسە ناکەم بەڵام ڕێگەش نایەم خۆت هەڵقورتێنی لە ژیانی تایبەتیم و قسەی هەلەق و مەلەق بکەیت، گەر جوێن بەیت سەد ئەوەنەی تۆ جوێن ئەزانم، چونکە لە کۆمەڵگای ئایینەکی تۆ گەورە بووم، گەر ئیهانەشم بکەیت ئەتکەم بە پووش، گەر بە ووتە و دەرسەکانی ڕێبازی قوتابخانەکەی "قوڕەیش"م بە نمونە  بۆ ئەهێنیتەوە ، دەیان فەلسەفە و ئایدیا و تێزی ئینسانی و ئینسان پەروەرت بۆ ئەهێنمەوە. گەر شانازی بە شمشێرەوە ئەکەیت، من شانازی بە ئینسان و داهێنانی بەرەوپێش چوونی ئینسانەوە ئەکەم.
ئەوانەی من بە کوردی چونکە خاوەنی خۆمم تۆش بە عەرەبی چونکە ئیستنساخی قوڕەیشیت، من نە عەرەبم و نە لە جەزیرە لە دایک بووم و نە ناویشم عەرەبیە، مافی خۆمە کام ئایینم هەبێ" کە خۆشبەختانە نیمە" تۆش مافی خۆتە سەر بە کام ئایین و کام مەزهەبیت تا ئەو سنوورەی دەست درێژ ئەکەیتە سەر مافەکانم وەک " ئینسان" ئەو کاتە ئیتر منیش بێ دەنگ نابم و یەک بە دە لەگەڵتا ئەکەم..
دەیان ساڵە ئەم کۆمەڵگایە لەسەر دەستی خاوەن فیکر و فەرهەنگی ئینسانی و ئایدیای پاراستنی مافی تاک ئەیەوێت کەمێک وەک خەڵکی تری ئەم دونیایە بژی، خۆی لە تەپ و تۆزی ئایین و کۆنە پەرستی و چەقین لە مێژووا بتەکێنێ، تازە بە تازە جەنابت ئەتەوێ بمانگەڕێنیتوە بۆ چەند هەزار ساڵێک لەمەوبەر و لەجیاتی ئەوەی ببینە کۆپی کۆمەڵگای ئاشتی و پێکەوە  و ژیان و ئینسان پەروەر و ڕێزگرتن لەتاک و مافەکانی ، دەتەوێت بمانکەیتە کۆپییەکی خێڵەگای جەزیرەی عەرەبی سەردەمی قوڕەیش ! ئاخر تۆیەک بە بینینی هەر قاچ و سنگ و سەروقژێکی ئافرەت ئاگرت تێ بەربێ و حەماواتی ناوگەڵت بەرزبێتەوە و خۆت پێ نەگیرێ، گوناهی من چیە؟ گوناهی ئەو کەسە چیە وەک" مێ" لە دایک بووە؟ تۆیەک لەم دونیا خۆت پێ نەگیرێ بەرامبەر بە جەستەی ئینسانێک کە وەک تۆ ئەڵێی " خوا دروستی کردوە"! ئەی لەبەهەشتی ئەو دونیا بەرامبەر ئەو هەموو حۆریە ڕووتانە چی ئەکەیت (لە هیچ شوێنێک باس لەوە ناکرێ کە حۆری موحەجەبەیە) دەبا خوا ئافرەتی دروست نەکردایە تا تۆ و هاوئایینەکەی تۆ تووشی هیستیریای سێکس نەبونایە.
ئینسان بە ئازادی لەدایک ئەبێ دانانی لیستی موحەرەمات تەنها دژی ئینسان و ئازادییەکان ئینسان و مافی ژیان بەسەر بردن وەک ئینسانە ، چۆن پێکەنینم بە خۆت و ئەمسالی وەکو تۆ نەیەت لە دوا لێکۆڵینەوەی ئەهلی فەقێ و ڕیش خورماییەکانی جەزیرە دەرکەووتوە کە لە ئایینەکەی جەنابتا " گەر کەسێک سەفەری کرد حەڵاڵە ماوەی سەفەرەکەی هاوڕێیەکی لەگەڵ ژنەکەیا بنوێ بێ گەڕانەوە بۆ بریاری ژنەکە خۆی.."!!! "بەو حسابە بێ گەراجەکان ئەبێ بەرنەکەوون لەو کەسانەی ئەیانەوێ بزانن هاوڕێیەکیان  ئەبینن کە نیازی سەفەر کردنی هەبێ.." ، تۆیەک کە کۆمەڵگای ئەوروپا بە کافر ئەزانی و سیستەمە ئابووریەکەشی هەر حەرامە ، ئەی بۆ  کە پارەی سوسیال وەرئەگرن؟دیارە کە کار ئەگاتە پارە هەرچی ئایەت و شەرع و حەدیسە لە بیرتان ئەچێ و تووشی" فقدان الدیانة" ئەبن.
لە کۆمەڵگایا هەر کەس بەر پرسیارە لەخۆی و تەواوی ئازادی هەڵبژاردنی ستایلی ژیانی خۆی هەیە ، تۆ بچۆ مزگەوتەکەی خۆت کەس هەقی نیە بەسەرەوە ، کەسێکی تر ئەچێ بۆ نادی و کەس مافی ڕێ لێ گرتنی نیە ، کەسێک لە مەراسیمە ئایینیەکانا بە شمشێر لە خۆی ئەیا، ئارەزووی خۆیەتی خوای ئەکرد هاوەنی ئەنا بە خۆیەوە ، کەسێکی تر حەزی لەوەویە لەسەر جادە گۆرانی بڵێ ، مافی خۆیەتی و هیچ کەس و بە هیچ ناو و لەژێر پەردەی هیچ شەرعێکا بۆی نیە بڵێ ئەوە حەرامە یان شەرعی نیە ، ئێمە کۆمەڵگای کراوە و خاوەن فەرهەنگ و مەعریفە و یەکسانیمان ئەوێ ، ئەوەی بەدڵی نیە کەس زۆری مانەوەی لێنەکردوە بە دوو سەعات تەیارە ئەگاتە سعودیە، داعشیش زۆر لێوەی دوور نیە و ئەیاندۆزێتەوە.. چۆن ئێمە لە ناچاریا بێ دەنگین لە ئاست ئایین وشەریعەت و مەزهەبەکەی تۆ کە هەڵقوڵاوی جەزیرە و حوجرەکەی قوڕەیشە، تۆش ئەبێ لەئاست ئێمەیا بێ دەنگ بیت و دەستدرێژی نەکەیتە سەرمان کە ئەمانەوێ وەک ئینسانێکی ئازاد بژین و تەنها ئینسان پەروەری ڕێ نیشانەرمان بێت.
نەهامەتی و نەگبەتی و بێ ئومێدی لەوەیە کە ووڵاتان خەریکن لەسەر "مەریخ"ئوتێل دروست بکەن و بڕیارە ساڵی 2025/بێتە بە جێ گەیانن، کەچی لای ئێمە تازە مەلایەک خۆی ڕائەپسکێنێ و فەتوا ئەیا کە " ژن لەگەڵ مێردی بێ سمێڵ بنوێت ، زینایە.........!


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 49 . زۆرباشە: 5/5)