دەوڵەتی کوردی یا کۆمەڵگای دێموکڕاتیک؟

Monday, 09.23.2019, 12:31

1080 بینراوە


«بەر لە مۆدێڕنیتە پرس ئەوە بوو کە کێ حوکمداری دەکا؛ بەڵام لە سەردەمی مۆدێڕنیتە دا پرسەکە ئەوەیە کە حوکمداریەتی چۆن دەکرێ» کاڕل ڕەیمۆند پۆپڕ

داستانی دەوڵەتی کوردی وەک بەسەرهاتی منداڵێکی هەژارە کە بیست ساڵ لە حەسرەتی کڕینی دوچەرخەیێک(پاسکیل) دا ماوەتەوە. خۆ ئێستا ئەگەر بشتوانێ بیکڕێ؛ ئیتر کارکرد، تام و چێژی کاتی خۆی نەماوە. هەرچەند دەورەکەی بەسەر چوە، بەڵام لێی بۆتە فۆبیایەک کە دەروون دا ئازاری دەدات.
کورد بە درێژایی سەد ساڵەی ڕابردوو کە بە قۆناغی سەربەخۆیی گەلانی دونیا ناسراوە؛خۆی وەک کلۆنیەکی ناوخۆیی دەوڵەت-نەتەوەکانی دراوسێ دۆزیوەتەوە. بار‌ودۆخی نالەبار بەربەست بوە بەرانبەر بە وەدی‌هاتنی ئاواتی دەوڵەتی کوردی.
ئایا دەوڵەتی کوردی یان فیدڕالیسم لە جوغڕافیای کوردستان ئیمکانی دامەزرانی هەبوە؟ یان تراویلکە و خەونی نەزۆک بوە؟
ئەگەر کورد تا ئێستا بۆ ئامانجێکی مەحاڵ خەباتی کردوە؛ دیسان درێژە بەم ڕێگایە بدات؟ یان تەسلیمی نەتەوەپەرەستانی تورک، عەرەب و فارس بێت بۆ توانەوە لە ناو دەوڵەت-نەتەوەکانی تورکیا، ئێراق، سوریا و ئێران؟ ڕێگای سێهەمی هەیە؟

دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوە پێنج پێشنیازی هەیە:
١- جوغڕافیا ٢- نەتەوە ٣- ئابوری ٤-هێز (سیاسی و سەربازی) ٥- زمان
١-جوگڕافیا- کورد میراتگری جو‌غڕافیایێکە کە بە درێژایی٢٥٠٠ ساڵەی دوای مادەکان بە هۆی کۆچی نەتەوەکانی دیکە و سیاسەتی دەوڵەتانی حاکم، تەواو شێواوە.
لە گشت پارچەکانی کوردستان زیاتر لە نیوەی شار و دێهاتەکانی بونەتە ناوچەی کێشە لەسەر. بۆ نمونە تەنیا لە پارێزگای ورمێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٧ شاری ورمێ، نەغەدە، سایینقەڵا، تیکاب، سەلماس،خۆی و میاندواو دو نەتەوەیین. ئەگەر هەزاران ساڵیش ژینگەی کوردەکان بوبن، ئەرزی واقعی ئەمڕۆ پێمان دەڵێ کە ئەم ناوچانە تێکەڵاوێکن لە تورک و کورد. نە تەنیا شارەکان؛ بەڵکە کۆڵان، گەڕەک، دێهات و موچە و مەزرایەکانیشیان تێکچندراون. سنوری کورد و تورک چۆن و بە چ قیمەتێک دیاری دەکرێ؟ تورک چەندین دەوڵەتی بەهێزی هەیە و ژمارەیان زۆر لە کورد زیاترە. چوار پارچەی کوردستان پڕە لە گرێ‌کوێرەی وەها.
کێشەی کوردانی باکوری خوڕاسان، سێ میلیۆن کوردی نیشتەجێی ئیستانبوڵ، میلیۆنان کوردە دابڕاوەکانی ناوەندی تورکیا، کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی ئێراق و باشوری کوردستان چون چارەسەر دەبێ؟
لە جوغڕافیا شێواوەکەی ڕۆژئاوا (باکوری سوریا) کە زۆر شار و دێهاتی ژمارەی دانیشتوانی غەیرە لە کورد زیاترە و شارەکانی دیکەشی وەک دورگەی(جەزیرە) ناو گەلانی‌‌دیکەن، چلۆن دەوڵەت-نەتەوەی کورد دروست دەکرێ؟
سنوری کوردستان لە هیچ لایەک ناگاتە سەر دەریا. کەوتۆتە نێو چوار دەوڵەتی جیهانی سێهەمی کە قەباڵەی خاوەنداریەتی جوغرافیایەکەیان لە گیرفان دایە و لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەک گرتوەکانیش بە ڕەسمی ناسراون.
لەم جوغڕافیایەدا چلۆن و چ دەوڵەتێک دروست دەبێ؟
٢- نەتەوە- کورد خۆی لە جوغڕافیایەکەی شێواوترە. هەرچەند دوای چل ساڵ خەباتی بێ‌وچان توانراوە نێوەی کوردانی باکور لە توانەوە ڕزگار بکرێن؛ بەڵام نیوەکەی دیکە ئێستاش لە هەڵبژارتنەکاندا دەنگی خۆیان ڕەپاڵ ئیسلامیەکان و نەتەوەپەرەستەکانی تورک دەخەن.
بەشێکی زۆری کوردانی ڕۆژهەڵات و باشور ئێستاش خۆیان بە کورد نازانن. نیوەی کوردی کرماشان تەنانەت حازر نین بە زوانی خۆیان لە گەڵ مناڵەکانیان بدوێن. تەنیا کەمێکی لورەکان پێیان وایە کوردن. بۆ زۆرینەی کوردان؛ دین، مەزهەب، حیزب، تەنانەت خێل و عەشیرەتەکەیان لە پێش کوردایەتی دا جێ دەگرێ.
سەد ساڵە چینی سەردەستی کۆمەگا (ئاغا، شێخ، خان، بەگزادە، سەرۆک‌عەشیرە‌‌‌‌ وخێڵ، بازەرگان، دەڵاڵ، سەوداگەر و بنەماڵە کۆنەکان) لە ناوچەکانی سونی نشینی باشور و ڕۆژهەڵات وەک دۆڵپا سواری جوڵانەوەی نەتەوەیی بون. پاشخانی فکری و بەرژوەندی ئەم چینە لە بنەڕەت‌ڕا لە گەڵ دەوڵەت- نەتەوەی سەردەم ناکۆکە و ئاسۆی فکری لە ئیمارەتێکی دواکەوتوی ژێردەستی داگیرکەرێکی کوردستان سەرتر ناڕوات. ئەم بەڵایە کە لە ژێر دروشمی نەتەوە دا دژی نەتەوە ڕۆڵ دەگێڕێ، پێناسە دەکرێ بە کوردایەتی دیوەخان.
٣- ئابوری- ناسیۆناڵیسم و دەوڵەتی نەتەوە بەرهەمی ئابوری سەرمایەداریە کە لە سەدەی ١٨ی زایینی لە وڵاتانی ئوروپایی سەری هەڵدا. سەرمایەداران بۆ گەشەی کارخانە و زیاد‌کردنی بەرهەمی ناوخۆ پێویستیان بە ئیدئۆلۆژیەک بو کە وەک سمیت(چیمەنتۆ) هەمو تاکەکانی کۆمەڵگا لە یەک ببەستێتەوە تا بەوپەڕی دڵسۆزیەوە لە خزمەت ئابوری وڵات دا بن، کاڵای ناوخۆ بکڕن، لە پێناو پارێزگاری نیشتمان حازر بە فیداکاری بن و بۆ وەدەست‌هێنانی بازاڕی فرۆش وڵاتانی دیکە داگیر بکەن.
ئیدئۆلۆژی دین ئەم توانایەی نەبو. چونکە هەمو ئوروپا مەسیحی بون. جیاوازی لقەکانی ئەم دینەش ئامانجەکەی نەدەپێکا. بە ناچار دینێکێ نوێیان ئافراند بە نێوی ناسیۆنالیسم کە لە سەر بنەمای نەتەوە بونیاد نراوە.
سەرمەیەداری لە قۆناغی یەکەمی گەشەی خۆی(سەدەکانی١٨ و ١٩) لە ڕێگای شۆڕشی پیشەسازی کۆمەڵگای لە کۆت و بەندی دونیای کۆنی فیئۆداڵی رزگار کرد. دەستەواژەی نوێ وەک هۆمانیسم(ئینسان‌گەرایی) سێکۆلاریسم، جوادایی دین لە سیاسەت، مافی مرۆڤ و ... خوڵقاند. هەمو ئەم گۆڕانکاریانەی لە پێناو بەرژوەندی خۆی هێنایە ئاراوە کە گشت کۆمەڵگای لێ بەهرەمەند بو. بەڵام لە قۆناغی دوهەم کە بە سەرمایەی ماڵی ناسراوە و لە ١٩٠٠ی زایینی تا ئێستا دەوامی هەبوە، جیهانی توشی زۆر کارەساتی وەک شەڕی ئیمپریالیستی، کۆلۆنیالیسمی نوێ و کۆمەڵکوژی کردوە. لە دو شەڕی جیهانی و سەدان شەڕی دیکە بە کەڵک‌وەرگرتن لە ئیدئۆلۆژی نەتەوەیی دەیان میلیۆن لە چینی ژێردەستی کۆمەڵگا (کرێکاران، جوتیاران و خەڵکی مامناوەند) ڕەوانەی شەڕگەلێک کران کە لە مێژوو دا وێنەی نەبوە. کرێکارانی هەر وڵاتێک لە جیاتی تێکۆشان بۆ سوسیالیسم و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، چونە شەڕی وڵاتانی دیکە کە سەربازانی ئەوانیش چینی کرێکار و ژێردەستی کۆمەڵگا بون.
یەکێک لە قوربانیانی ئیمپریالیسم کوردستان بو؛ کە لە ئاکامی پەیمانی سایکس-پیکۆ بە سەر چوار دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشکرا. لەو زەمانەوە وەک کلۆنیەکی ناوخۆیی دەوڵەت-نەتەوەکانی دراوسێ مەجالی گەشەی ئابوری بە شکڵی پیشەسازی بۆ نەرەخساوە. سەرمایەی پیشەسازی بۆ بوژانەوە و گەورەبونی خۆی پێویستی بە دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ هەیە. بەڵام کورد نەبۆتە خاوەن سەرمایەداری پیشەسازی سەربەخۆ تا ئەم ئەرکە بە ئەنجام بگەیێنێت.
ئەوانەی وەک سەرمایەداری کورد دەبینرێن توێژی سەوداگەر،دەڵاڵ و تاجرن کە کاڵای دەوڵەت-نەتەوەی حاکم لە کوردستان دەفرۆشن و بەرهەمی سەر زەوی و بن زەوی هەناردەی ناوەند دەکەن. کارگە و کارخانەکانیشی دەرەجە سێن و دەورێکی کەمیان لە دامەزراندنی کرێکار و بەرهەم‌هێنان هەیە.
سەرمایەداری کورد بە هۆی لاوازی و لە‌خەتەر‌دابونی سەرمایەکەی نەیتوانیوە هیچ دەورێکی سەربەخۆی هەبێت و لە پاشکۆیەتی دەوڵەت-نەتەوی حاکم، ئاغا، ‌سەرۆک‌خێڵ شێخ و توێژە کۆنەپارێزەکان سەرتر نەڕۆییشتوە.
٤-هێز(سیاسی و سەربازی). لە سەد ساڵی ڕابردو دەیان ڕێکخراو‌ و حیزبی کوردی بونیاد نراون. بەشی زۆریان خاوەنی هێزی چەکدار بون و تەنانەت خەباتی چەکداری شکڵی سەرەکی جوڵانەوەکەیان بوە. ڕێبەرایەتی حیزبەکان زۆرتر لە دەست چینی سەردەستی کۆمەڵگا دا‌بوە. ئەم چینە ئاسۆی فکری کورتە و بەرژوەندی لە بونیادنانی دەوڵەت-نەتەوە دا نیە. ئەم حیزبانە بە هۆی ماهیەتی(چیەتی) چینایەتی و هەڵکەوتەی جوغڕافیایی کە کەوتۆتە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، بونەتە بەشێک لە گەمەی سیاسی ئەم دەوڵەتانە.
دەوڵەتانی ناوچە لە کاتی دوژمنایەتی لە گەڵ یەکتر بۆ ماوەیێکی کاتی پشتیوانیان لە حیزبە کوردیەکان کردوە. وەک دەورەی ٨ ساڵەی شەڕی ئێران- ئێراق(١٩٨٨-١٩٨٠) کە هەر یەک لەم دەوڵەتانە پاڵپشتی بۆ حیزبەکوردیەکانی دەوڵەتی بەرامبەر دەکرد.
نمونەی کارەساتباری دیکە شۆڕشی ١٤ ساڵەی مەلامستەفا بو. (١٩٧٥-١٩٦١)کە بە سەودای ئێران و ئێراق کۆتایی پێ‌هێنرا. شای ئێران کوردەکانی قوربانی کردن لە بەانبەردا سەدام حوسێنیش نیوەی شەتولعەرەبی دا بە ئێران.
مێژوی ٧٠ ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە ناکرێ لە سەر پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق بۆ بونیاد‌نانی دەوڵەتی کوردی حیساب بکرێ. بە پێچەوانەوە هێزێکە کە مانەوەی خۆی لە بەگۆپاڵ‌بونی دەستی داگیرکەران بۆ سەرکوتی جوڵانەوەی نەتەوەی کورد دا دۆزیوەتەوە .
حیزبە کلاسیکەکانی کوردی لە ترسان و لە برسان یان لە فەقیری فکری یا ماهیەتی چینایەتی بەشێکیان بونە برا چوکەی پارتی(ی.ن.ک) و بەشێکیان بونە نانخۆر و شایەری دیوەخانی بارزانی (دێموکڕاتەکان و ئیسلامیەکانی چوار پارچەی کوردستان، شیوعی و حیزبی سوسیالیست و ئە.ن.ک.س)
دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیش بەرژوەندیان زیاتر لە گەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانە تا هەڵوەشاندنەوەی سنورەکان و ...
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگریوەکانیش فڕی بەسەر نەتەوەکان بە تایبەت نەتەوەی بێ‌دەوڵەت نیە و ئامرازی دەستی دەوڵەتان و زلهێزەکانە.

٥- زمان
لەبارترین زەمان بۆ دروست کردنی دەوڵەتی کوردی دەورەی پێنج ساڵەی دوای کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانی بو(١٩٢٣-١٩١٨). ئیمپراتۆری عوسمانی و دەوڵەتی قاجار لە سەر لێواری گۆڕ ‌دا بون. دەوڵەتانی سوریە و عێراق تازە خەریک بو لە مناڵدانی دایکیان بێنە‌دەرێ. بەڵام ڕێبەرانی کورد وەک شێخ مەحمودی بەرنەنجی و شێخ سەعیدی پیران کاتێک لە خەو هەستان کە ئیتر زەمانی بە‌کەڵک بۆ دەوڵەتی کوردی بەسەر چوبو.
لە شەڕی دوهەمی جیهانیش تەنیا ڕۆژهەڵات دەرفەتێکی بچوکی بۆ‌هاتەپێش، کە بەشی دروست کردن و سەقامگیرکردنی دەوڵەتی کوردی نەدەبو.(کۆماری مەهاباد)
کورد وەک گەلانی یەکیەتی سۆڤیەت، یوگۆسلاوی و باڵکان بەختەوەر نەبو کە بەرژوەندی ئامریکا و ناتۆ لە هەڵوەشانەوەی دەوڵەتانی فرەنەتەوە و دەوڵەت‌سازی ناوچەکەی دابێت (دەیەی ٩٠ی زانیینی).

بنبەست و شکستی دەوڵەت-نەتەوە
دەوڵەت-نەتەوە فۆڕمێکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە کە سەمایەداری ئوروپا بۆ گەشەی ئابوری و ململانی بەرانبەر یەکتر دوای شۆڕشی پیشەسازی ئافراندویەتی(نیوەی دوهەمی سەدەی هەژدە).
لەم ڕێیە‌دا بۆ پێکەوە‌نوساندن و یەکیەتی کۆمەڵگا لە سەر بنچینەی نەتەوە، ئیدۆلۆژیەکی نوێ دروست کرا بە ناوی ناسیۆناڵیسم. ناسیۆناڵیسم و دەوڵەت-نەتەوە لە سەرانسەری جیهان بە شکڵی جیاواز بڵاو بونەوە.
دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەرەتاوە وەک نە‌خۆش و کەم‌ئەندام لە دایک بون(دوای شەڕی یەکەمی جیهانی) و قەت نەیانتوانی پێشکەوتن، ئاشتی، پێکەوە‌ژیان، دێموکڕاسی و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا دابین بکەن. زەواڵی ئەم دەوڵەت-نەتەوانە دەستی پێکردوە. ئێراق- ئەفغانستان، پاکستان، سوریە، یەمەن، سودان و لیبی توشی داڕمان بون. دەوڵەتەکانی تریش چارەنوسی باشتریان لە پێشدا نیە.
دوای سەد ساڵ دەبینین کە عەرەب، فارس پاکستانی و ئەفغانی لە کورد بەختەوەرتر نین. ئەم گەلانەش وەک کورد لە دەست ئەم دەردانەی خوارەوە دەناڵێنن: چەوسانەوە، فەقیری، بێکاری، دیکتاتۆری، گەندەڵی، زوڵم، جیاوازی چینایەتی، نایەکسانی مافی ژن و پیاو، ژن‌کوشتنی ناموسی، دواکەوتویی، خوڕافات، جەهالەت، برشاوی بونی مێشکەکان، پیس‌بونی ژینگە، نەبونی ئازادی بیر و ئازادی تاک، برسی‌بون و کوژرانی ڕوناکبیران. بە پێچەوانەوە ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ توێژەکانی ئەنگەلی کۆمەڵگا وەک: لۆمپەن، شایەری دەسەڵات، قەڵەم‌فرۆش، نیشتمان‌فرۆش، قاتڵ و سەرکوتگەر. جیاوازی نێوان کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر نیە، ئەوان بە زمانی خۆیان دەخوێنن و بە هەمان زمانیش دەچەوسێنەوە. بەڵام کورد ناچارە بە زمانی دەوڵەت-نەتەوەی حاکم بخوێنێ و ...
کوردی باشور بەختەوەرترە! لە جیاتی بەنی‌کەلب و پدەرسەگ پێی دەکوترێ سەگباب. مامۆستاکەی کە بە شێوەی مەدەنیانە هاتۆتە شەقام بۆ پرسی دادپەوەری و مەعاشی زیاتر شەقی کوردی دەخوات.

هەولێر-مامۆستای قوتابخانە بۆ مەعاش هاتۆە شەقام و شەقی کوردی دەخوا


شکستی سیستمی فیدڕاڵی لە کوردستان
بە هۆی شێواوی و تێک‌چندراوی جوغڕافیای نەتەوەکان نە‌تەنیا دەوڵەتی کوردی، بەڵکە سیستمی فیدڕالیش مومکین نیە، مەگەر نەخۆشێکی کەمئەندامی وەک باشوری کوردستان؛ کە ٥٠٪ی خاکەکەی (ناوچە کێشەلەسەرەکانی دو یان چەند نەتەوەیی) بۆ دەوڵەت-نەتەوەی حاکم بەجێ بێڵێ و نیوەکەی تری ببێتە مەیدانی چەتەگەری کوردایەتی تا لە ژێر نێوی هەرێمی کوردستان سەروەت و سامانی سەرزەوی و بن‌زەوی لە پێناو بەردەوام‌بونی ئاغایەتی خۆیان ڕادەستی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بکەن.
دەیان مۆڵگەی سەربازی و جاسوسی بۆ سەرکوتی جوڵانەوەکانی کورد لە نەوعی هەژدە پایگاکەی تورکیا لە بادینان دامەزرێ و خەڵکیش بە خوڕافات، کۆنەپەرەستی و بنەماڵەپەرەستی سەرگەرم بن تا لە خەونەکانی ئازادی، بەرابەری و سەربەستی بەتاڵ بکرێن.
تەجروبەی باشور لە بیست‌و‌نۆ ساڵی ڕابردوو دا نیشانی دا کە فیدڕالیسم بەهەشتی مافیای کوردایەتی و دەوڵەتانی ناوچەیە، بەڵام بۆ چینی مامناوەند و بندەستی کورد جەهەنەمێکی کارەساتبارترە لە دەورەی دەوڵەت-نەتەوەی بێگانە.
لە سایەی فیدرالیسم کارەبا، ئاو، غاز، سیستمی بانکی، پیشەسازی و کشت‌وکاڵ فەشەلی هێناوە. زۆرترین جیاوازی چینایەتی لە مێژوو دا تۆمار کردوە و لە ڕیزی یەکەمینەکانی گەندەڵی جیهان جێ‌دەگرێ.
کوردی باشور تەنانەت خەونەکانیشی لەدەست داوە. لە دەورەی داگیرکاری سەدام و دەوڵەتانی پێشتر، کورد ناوی منداڵەکانی دەنا ڕزگار، ڕووناک و هەڵمەت. چونکە لە ڕۆئیای ڕزگاری و ڕووناکی دا دەژیا لە پێناو ئاواتەکانی ئامادەی هەڵمەت و قوربانی بوو. بەڵام ئێستا ناوی ئوسامە، زەید، ڕەجەب، خالید و عومەر بەسەر مناڵەکەی دەسەپێنێ. ئەمە یانی داڕووخانی هزری و فکری کۆمەڵگا.

چارە چیە؟
تا ئێرە دیتمان کە:
* سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە وەدی‌هێنانی خەونەکانی مرۆڤ وەک ئاشتی، ئازادی، بەرابەری، گەشەی فکری، خۆشگوزەرانی و.... بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی خواردوە و خەریکە داڕمانی کۆمەڵگاکانی لێدەکەوێتەوە.
** هیچ‌کام لە پێش‌زەوینەکانی جوغڕافیا، نەتەوە، ئابوری، هێز و زەمان بۆ ئامانجی دروست‌کردنی دەوڵەت-نەتەوەی کوردی گونجاو نیە.
*** ئەزموونی باشور نیشانی دا کە سیستمی فیدڕالی ئەگەر دامەزرێ زەرەدی زۆر زیاترە لە قازانج.
ئێستا دونیا گەییشتۆتە قۆناغی گلۆبالیزمی(جیهانگیری) ئابوریی، تیکنۆلۆژیی و کۆمەڵایەتی. بەو پێیەش سنورەکانی فەرهەنگی، کەلتوری، نەتەوەیی و سیاسی کاڵ بونەوە. دەکرێ بە پێی هەل و مەرجی سەردەم و ئیمکانیاتی تازە، لە جیاتی دەوڵەتی کوردی، ئامانج و ڕێگاچارەی نوێ دەست‌نیشان بکرێ. چونکە ژیانی مرۆڤ بێ ڕۆئیای گەروە و جوان مردنێکی سارد و خامۆشە.

دو هەنگاو بۆ پشتەوە، دە هەنگاو بۆ پێشەوە
کورد کەوتۆتە بار‌و‌دۆخێک ئەگەر لە جێگای خۆی دانیشێ ئاو دەیبات؛ ئەگەر هەستێ و بەرەو سەرتر بڕوات گورگ دەیخوا. لێرەدا ڕێگای‌سێهەم مانا پەیدا دەکا.

ئەم ئەرکە لە لایەن عەبدولا ئوجەلان لە ژێر ناوی شارستانیەتی دێموکڕاتیک تیۆریزە کراوە و لە ڕۆژئاوای کورستان (باکوری سوریە)خراوەتە بواری جێبەجێ‌کردن.
لەم پڕۆژەیەدا لە جێگای دەوڵەت-نەتەوە؛ کۆمەڵگای دێموکڕاتیک بە ئامانج گیراوە. لە ڕێگای ڕێکخستنی نوێی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی شوڕا یان کۆمۆنی شار، گەڕەک و دێهاتەکان، ئەرکی خۆبەڕێوەبەری ڕادەستی کۆمەڵگا دەکرێتەوە.
کۆمەڵگاکان لە قالبی کۆنفدڕاسیۆن یەک دەگرن. لە ئاکام‌دا دەوڵەت-نەتەوەکان بنکۆڵ دەبن و فەلسەفەی مانەوەیان لە ناو دەچێ. ژینگەی دیکتاتۆری تێک دەچێ و پێشگیری لە دروست‌بونەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆریەتێک دەکرێ. دێموکڕاسی ڕاستەوخۆ جێگای دێموکڕاسی وەکالەتی و بۆرژوایی دەگرێتەوە.


نمادی سیستمی هیرارشی و پلەداری


خاڵە بەهێزەکانی سیستمی کۆمەڵگای دێموکڕاتیک:
١- ئیمکانی سەرکەوتنی زۆرە. چونکە وەک ویستی دەوڵەت-نەتەوی کوردی نیە کە ناچار بێت سنوری چوار دەوڵەت هەڵوەشێنێتەوە و نەتەوەکانی تر بکاتە دوژمن. بە پێچەوانەوە چون سنورەکان دەسکاری ناکرێن، دژکردەوەی دەوڵەتەکانی حاکم کەمتر دەبێت. ئەم دەوڵەتانە ئەگەر زەختیان لە سەر بێت، شەڕی مان و نەمان دژی ناکەن.
لە لایەکی دیکەوە گەلانی دراوسێ لە جێگای دوژمنکاری، دەبن بە دۆست و هاوخەبات. چونکە قازانجی خۆیان لەم پڕۆژەیە دا دەبیننەوە. تێکەڵ‌بونی گەلانی باکوری سوریا لە گەڵ خەباتی کوردەکان لە پێناو کۆمەڵگای دێموکڕاتیک نیشاندەری ڕاست‌بونی ئەم بۆچونەیە.(٢٠١٢ تا ئێستا)
٢- لە جێگای هەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزهەبی؛ یەکیەتی گەلان دەکرێتە ئامانج. زەوینەی کێشەی نەتەوەکان لە ناو دەچێ. هێز و سامانیان لە جیاتی شەڕی یەکتر، دەخرێتە خزمەت پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
٣- نیوەی کۆمەڵگا(ژنان) لە پەراوێزی دێنە دەر و هێزی کپ‌کراویان لە پێناو گەشەی کەلتوری، ئابوری و سیاسی ئازاد دەکرێ.
٤- زەوینەی لەبار ساز دەبێ بۆ ڕینێسانسی فکری،کەلتوری و کۆمەڵایەتی؛ وەک گرینگترین نیازی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تا ئێستا وەدوا کەوتوە.
٥- ژینگەی سیستمی هیرارشی(سیستمی هێرەمی دەسەڵات) تێکدەچێ؛ کە گەورەترین بەڵای مرۆڤایەتی بوە لە سەرەتای دروست‌بونی کۆمەڵگای چینایەتی، نیزامی کۆیلەداری و دروست‌بونی دەوڵەت (٥٠٠٠ساڵ پێش تا ئێستا).
٦- سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهان بەرەوە قۆناغێکی تازە دەبات کە تێیدا «یاسای مرۆڤ گورگی مرۆڤ» جێگای خۆی دەدات بە «مرۆڤ یاوەری مرۆڤ».
خوێنەری هێژا، بۆ ناردنی بیر و بۆچونی خۆت سەبارەت بەم وتارە پێوەندی بکە بە ئیمەیلی:
Globalgover[email protected]



(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 5/5)