گرەوەکەی پاسکاڵ و ئەگەری بوونی خوا

Monday, 23/09/2019, 12:48

11114 بینراوە


گەلێک جار لە گفتوگۆکاندا ئەو ئایندارانەی شارەزاییان کەمە لە بیروڕای بێئاینان و بێخواکان، وەک ئامۆژگاریی و ئاگادارکردنەوە لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بێباوەڕیی دەڵێن، ئەگەر بەڵگەش نەبێت لەسەر هەبوونی خوا، ئەوا گرەوکردن لەسەر بوونی، هەمیشە هەڵبژاردەیەکی ڕاست و سووددارە. چونکە گەر خوا هەبێت دەچینە بەهەشت و قازانجێکی یەکجار مەزن دەکەین، بێباوەڕانیش بۆ دۆزەخ و سزای هەتاهەتایی، خۆ ئەگەر هەڵەش بین و خوا بوونی نەبێ، ئەوا هیچ زیانێکمان پێناگات.
ئەم گرەوە لایەنگرانی هەموو ئاینەکان بەکاری دەهێنن، بەتایبەتیش موسڵمانان وەک ئەوەی خۆیان داهێنەری ئەو بابەتە بن، بەڵام لە ڕاستییدا ئەمە لە کرستییانەکانەوە هاتووە و مەبەست لە ئەگەری بوونی خواکەی خۆیانە. ئەمەش لەبەرئەوەیە باوەڕدارانی گشت ئاینەکان وای دەبینین، مرۆڤانی هەموو جیهان دوای مردنیان، دەچنە بەردەم خوایە تاک و تەنیاکەی ئەوان. کەچی بە لۆژیک دەتواندرێت بیر لە بوونی ژمارەیەکی بێکۆتا لە خوا بکرێتەوە، هەر یەکێکیشیان خاوەنی چەندین پێناسەی جۆراوجۆر و تایبەتمەندیی جیاواز بێت.
فەیلەسووف و زانای خواناسیی و زانستی فیزیا و ماتماتیک و داهێنەری فەڕەنسیی بلیز پاسکاڵ (Blaise Pascal 1623 - 1662 زاینیی)، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی بیرۆکەکان (Pensees)، بۆ لێکگرێدانی زانست و ئاین و بەراوردکردنێک لە نێوان باوەڕداری و بێباوەڕی، ئەم گرەوەی لەسەر بنەمای تیۆری ئەگەرەکان داهێناوە. مەبەستی ئەوە بووە، ئەگەر نەشتوانین بە بەڵگەی یەکلاییکەرەوە بوونی خوا بسەلمێنین، هەر باشترە باوەڕمان پێی هەبێت، لەبەرئەوەی گەر لە ڕوانگەیەکی ماتماتیکییەوەش لەو بابەتە بڕوانین، ئەگەری سوودمەندبوونمان گەلێک پترە لە زیان لێکەوتنمان.
ئەم گرەوە لە بنچینەوە بەم شێوەیەیە داڕێژراوە:
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا بکەین، پاشان دەرکەوت خوا هەیە، ئاوا دەچینە بەهەشتی هەتاهەتایی و ئەمەش قازانجێکی یەکجار گەورەیە.
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا نەکەین، پاشان دەرکەوت خوا هەیە، ئاوا دەچینە دۆزەخی هەتاهەتایی و ئەمەش زیانێکی یەکجار گەورەیە.
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا بکەین، پاشان دەرکەوت خوا نییە، ئاوا نە قازانج دەکەین، نە زیانمان پێ دەگات.
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا نەکەین، پاشان دەرکەوت خوا نییە، ئاوا نە قازانج دەکەین، نە زیانمان پێ دەگات.
کاتێک ڕووکەشانە لەم گرەوە بڕوانین، لەوانەیە بۆ ژماردن و دیارکردنی ڕێژەی سوود و زیان، لەسەر بنچینەی بازرگانیی و کاری ڕۆژانەمان بۆچوونێکی ڕاست بێت، بەڵام لەڕووی زانستیی و تیۆری ئەگەرەکانی ماتماتیکەوە، پاسکاڵ هەڵەی زۆری کردووە و هێند و بڕی گشت لایەنەکانی لەبەرچاو نەگرتووە. ئەم گریمانەیە گەلێک کێشەی هەیە، بۆیە لە ڤۆلتیر و هیۆمەوە بگرە تا دەگاتە بێخواکانی ئەم سەردەمەمان وەک، دۆکینز و هاریس و هیچینز، پێدادەگرن لەوەی ئەمەیان بیرکردنەوەیەکی ساوایانەیە و هیچ بەڵگەیەک و متمانەیەک بەدەستەوە نادات لەسەر بوونی خوا.
هەر لە سەرەتاوە ئاشکرایە، پەنابردنە بەر پاداشت، یان ترس و تۆقاندن بۆ باوەڕهێنان بە هەر بیروڕایەک، دەچێتە چوارچێوەی بەهەڵەبردنی لۆژیکیی و هەرگیز نابێتە بەڵگەی ڕاستبوون. نابێ لەبری گفتوگۆ و پشتبەستن بە بەڵگە، هەڕەشە بکەین و بڵێین، دەبێ باوەڕ بە بوونی خوا بکەیت، ئەگەر ئەوەت نەکرد ئەوا بۆ هەتاهەتایە دەسووتێیت!
نالۆژیکییە زەقەکەی دیکەی ئەوەیە، ئەم بابەتە کورت بکرێتەوە لە دوو ئەگەردا: خوا هەیە، یان خوا نییە، ئەمەش هەڵەیە چونکە وەک گوتمان، دەشێت بیر لە هەزاران بژاردەی دی بکەینەوە. دەکارین دوور لە ئاینەکان ڕێژەیەک لە ئەگەرەکان بۆ ئەوە دابنێین، لەوانەیە ئێمە هەموومان دەستکردی بوونەوەری هەسارەیەکی دیکەی ئەم گەردوونە فرەوان و بێکۆتایە بین. یان خوا هەبێ، بەڵام هیچ بایەخێک بە بوونی ئێمە نەدات و لای گرینگ نەبێ کە خەڵکی بیپەرستن. یاخۆ خوا هەبێ و زیندووبوونەوە نەبێت، یانیش خوا نەبێ کەچی زیندووبوونەوە هەبێت، بەوەی چۆن سروشت لەڕێی پەرەسەندنەوە مرۆڤی دروست کردووە، ئاواش بە میکانیزمێکی شاراوە و ناوازە زیندوومان بکاتەوە. دەشبێ خوایەک بێت، بیرکردنەوە و ڕخنەگرتنی مرۆڤەکان بە کارێکی چاک بزانێت، ئەوەندەش خوایەکی مەزن بێ، بواری ئەوەمان پێ بدات بتوانین گفتۆگۆی لەگەڵدا بکەین و تێی بگەینین کە کوێرانە بەدوای ئاینی بەجێماوی پێشینەکانمان نەکەوتین، هۆکاری بێخوایەتییمان لەبەر نەبوونی بەڵگە بووە، وەک چۆن فەیلەسووف برتراند ڕاسل گوتوویەتی، دۆکینزیش هاوڕابوونی خۆی لەمەدا دووپات کردۆتەوە.
گریمان خوا هەیە و ئاینێکی دەستنیشان کردووە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی، ئەمە بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین، ئاینی ڕاست کامەیە؟ بێگومان وەڵامی هەموو ئایندارێک ئەوەیە، ئاینی من ئاینی ڕاستەقینەیە، هەرچەندە لایەنگری هیچ ئاینێک ناتوانێت بە لۆژیک و بەڵگەوە هۆکاری ڕاستبوونی ئاینی خۆیمان پێ بڵێت. خوای هەر ئاینێک تاکە خوا بێت، ئەوا نەک تەنیا بێخواکان، بگرە لایەنگرانی گشت ئاینەکانی دیکە، بە ئاینی پاسکاڵەوەش تووشی کێشە دەبن، چونکە تەنیا باوەڕهێنان بەهانای هیچ کەسێکەوە نایێت. بۆیە هەر کاتێک ئاین بکەینە سەرچاوە، ڕاستەوخۆ لە پاسکاڵ دەپرسین، کێ دەڵێ ئەو خوایەی ئەگەر هەبێ خوای کریستییانەکانە؟ لەوانەیە جگە لە ئاینی جووەکان و ئیسلامیش، ئامۆنی خوای میسرییە کۆنەکان، ئاهورا مەزدای زەردەشتیی، براهمای هیندۆسییەکان، زیۆس و خواکانی دیکەی گریکییەکان، یان خواکانی ڕۆمانییەکان بێت. چونکە لەوەتەی مرۆڤ هەیە و ژمارەیەکی یەکجار زۆر خوای داهێناوە، هیچ شارستانییەتێک نەبووە، بەبێ بوونی خواوەندی تایبەت بەخۆی.
خۆ ئەگەر بێین و ئەم بژاردانە تەنیا بۆ ئاینی کرستییانەکان و ئیسلامیش کورت بکەینەوە، دیسانەوە لای کریستییانەکان ڕووبەڕووی دەیان کریستییانی جیاجیا دەبینەوە وەک، کاسۆلیکیی، پرۆتستانتیی، ئەرتۆدۆکسیی و مۆرمۆنیی، ئەمانەش هەریەکەیان جارێکی دی دەبنەوە بە دەیان جۆر لە ئاینزای جیاجیا. کتومت هاوتای ئەوە لە ئاینی ئیسلامیشدا هەیە و دابەش دەبێتە سەر چەندین لکی جۆراوجۆر، هەر هەمووشیان ئەوانەی دیکە بە گومڕا و ناڕاست دادەنێت وەک، سوننەی چوار مەزهەبیی، موعتەزیلە، ئەبازیی، سۆفیی و گەلێکی دیکە، هاوشێوەی ئەمە لای شیعەکاندا هەیە، دووازدە ئیمامیی، زەیدیی، عەلەویی، ئیسماعیلیی و چەندان دی. خۆ ئەگەر یەکێک بڵێت، گرینگ ئەوەیە تۆ ئاینی ڕاستت هەڵبژاردووە کە ئیسلامە، وەڵامی بەو گوتەیەی پەیامبەرەکەیان دەدرێتەوە کە دەڵێت، ڕۆژێک دادێت ئیسلام دەبێتە ٧٣ بەش و پۆلی جیاواز، هەموویان دۆزەخیین تەنیا یەکێکیان ئیسلامی ڕاستەقینەیە!
لەمانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە بەو ئاسانیی و سادەییە نییە، پاسکاڵ بۆی چووە و داڕشتنی بۆ کردووە، چونکە لەم بابەتەدا تەنیا یەک خوا و یەک ئاین نییە، تا بتوانین گرەوی لەسەر بکەین. ئێمە بەو چەند ساڵە کورتەی ژیانمان، هەرگیز فریای ئەوە ناکەوین لە گشت ئاینەکان بکۆڵینەوە، بۆ دیارکردنی ئاینی ڕاست و خوای تاک و تەنیا. بۆیە کەسێکی ئایندار سەربە کامە ئاین بێت، ئەوا کاریگەریی جوگرافیایە و لە پێشینەکان بۆی ماوەتەوە، ئەگەری ڕاستبوونی بژارەکەشی، لەناو ئەو هەموو ئاین و ئاینزایەدا نێزیک دەبێتەوە لە سفر.
ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ڕووتی ماتماتیکیی سەرنج بدەینە ئەم گرەوە، دەکارین بۆ چەند بژاردەیەک دابەشی بکەین و ڕێژەیەکی تەواو و ڕاستەقینە بۆ ئەگەرەکان دیار بکەین:
- بوونی خوا ٥٠٪
- نەبوونی خوا ٥٠٪
بوونی خواش ٥٠٪ جارێکی دیکە دەبێتە سێ بەش:
١- خوای داهێنەر (نەک خوای ئاینەکان) ١٦.٦٦٪
٢- فرەخواییەکان (ئاینی خاوەن چەند خوایەک) ١٦.٦٦٪
٣- تاکخواییەکان (ئاینی تاکپەرستیی) ١٦.٦٦٪
لێرەدا بژاردەی سێیەم تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە ئایندارن و یەک خوا دەپەرستن، ئەمانەش پتر لە ١٣ ئاینی تاکپەرست پێک دێن، دابەشکردنی ١٦.٦٦ بەسەر ١٣ ئایندا، ڕێژەکەی دەبێتە نێزیکەی ١.٢٨٪ بۆ ئاینێکی وەک ئیسلام. ئەگەر گوتەکەی موحەمەدیش لەبەرچاو بگرین، ئەوەی ئیسلام دەبێتە ٧٣ لکی جۆراوجۆر، ئەوا ڕێژەی ڕاستبوونی یەک لەو ئاینزایانەی دەکاتە ٠.٠١٧٥٪ لە ڕێژەیەی ئاینی ئیسلام (١.٢٨٪)، بەگوێرەی ئەم شیکارە، ئەگەری هەڵەبوون نێزیک دەبێتەوە لە ٩٩٪ بۆ هەر یەکێکیان!
هەندێک دەڵێن، لەگەڵ بوونی ئەو ڕێژە یەکجار کەمەی ئەگەری باوەڕداران، دیسانەوە لەوەی بێباوەڕان پترە. بە وردبوونەوەیەکی کەم، چەوتیی ئەم بۆچوونەش بە ئاشکرا بەدەر دەکەوێت، کێ دەڵێت خوا ئەوانەی پێ چاکتر نییە، لێکۆڵینەوەیان کردووە و گەڕاون بە دوای بوونی خوا، لەوانەی دوای پێغەمبەرە درۆزنەکان کەتوون؟ لە کاتێکدا گەر واش دابنێین قورئان لە لایەن خواوە ناردرابێ، بەڵام مەبەستی خوا ئەوە بووبێ، ئاستی گەمژایەتیی و ساویلکەیی مرۆڤەکان تاقی بکاتەوە!
پاسکاڵ زانیوویەتی بوونی خوا هیچ بەڵگەیەکی نییە، بۆیە پەنای بۆ ئەم گرەوە بردووە، بێگومان ئەمەش وەک شکستێک لای ئاینداران خۆی دەنوێنێت. لەمەدا هاوشێوەی هەڵبژاردەیەک دەڕوانێتە چەمکی باوەرهێنان، ئاشکرایە هەموو هەڵبژاردنێکیش قومارکردنە و بەهەڕەمەکیی دەکرێ و هیچ بنەمایەکی نییە. هاوکات باوەڕدارییەکە لەسەر گومان دامەزراوە و بەرژەوەندیی تێدا ڕەچاو کراوە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ئاینداریی، نەک باوەڕهێنانێکی ڕاستەقینە بە بوونی خوا. بەڵام لە ڕاستییدا باوەڕهێنان هەمیشە بابەتێکە دەوەستێتە سەر لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای بەڵگەکان، ئەوەی کە تێیدا بگەینە هەر دەرەنجامێک دەبێ وەری بگرین، ئەگەر چاوەڕوان نەکراویش بێ، یان لەگەڵ بیروڕا باوەکان و ویست و ئارەزووەکانمان یەک نەگرێتەوە. هیچ یەکێک لە ئێمە خۆی بێئاینیی و بێخوایی هەڵ نەبژاردووە، چونکە ئەمانە گشت کاتێک تێگەیشتن و کاردانەوەیەکن بۆ ڕاستیەتیی بەڵگەکان، بێخواکانیش کەسانێکن بەبێ بوونی بەڵگە و ئەزموونی سەلمێندراو، باوەڕیان نە بە خوا و نە بە هیچ شتێکی ئاینیی هەیە وەک، جنۆکە و فریشتە، یان ئەوانەی دیکەی نائاینیی هاوشێوەی دێو و ئەژدیهای ناو ئەفسانەکان. باوەرهێنان دەبێ لەسەر بنچینەیەکی ڕاست و بەڵگەدار دامەزرابێ، نەک باوەڕهێنان بۆ مەبەست و گەیشتن بە ئامانجێکی دیارکراو. ئەمەشیان وەک ئەوەیە کەسێک داوات لێبکات باوەڕ بەوە بکەیت کە زەوی لەسەر پشتی مانگایە! لێرەدا چەندە هەوڵ بدەیت، پاداشتەکەت گەلێک چاک و مەزنیش بێ، هەر ناتوانیت ئەمە بکەیت.
گریمان خواکەی ئاینداران بوونیشی هەبێ، ئەم باوەڕە گوماناوییەی پێ پەسەند نابێت، هەتا گەر کەسێک هەموو کار و فەرمانەکانی ئاینەکەشی بەجێ بگەینێت. چونکە خوا زۆر چاک دەزانێ ئەو کەسە باوەڕدارێکی ڕاستەقینە نییە، بگرە گرەوکەرێکی هەلپەرست و دووڕووە، مەبەست لە هەڵسوکەوتە ئاینیی و چاکەکانیشی، لە ترسی دۆزەخ و بەرژەوەندی خۆی و بەدەستهێنانی پاداشت و گەیشتن بە بەهەشت بووە. بەڵام پێویستە هەموومان بزانین، مرۆگەلە خواپەرست و چاکەکارەکان ئەوانەن، خواپەرستییەکەیان لە خۆشەویستیی و هەڵقوڵاوی ناخێکی پاکەوە بێ، هەموو ئامانجێکیان خزمەتکردنی مرۆڤەکان بێت، بەبێ ئەوەی بەرانبەر بەوە چاوەڕێی هیچ شتێک بکەن. ئەو ئاینانەی لەسەر پاداشت و سزا دامەزراون، مەرجی باوەڕهێنان بە خوایەکی دروستکەری گەردوون هەرگیز بەس نییە، بگرە پێویستی بە ناسین و پەرستن و کۆمەڵیک کردار و هەڵسوکەوتی جۆراوجۆرە. ئەگەر ئیسلام ئاینە ڕاستەکە بێت، ئەوا هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئاینداری کرستییانەکان و ئاینی دیکەی خاوەن خوایەکی جیاواز لە (اللە)دا ناکرێت، چونکە لە ئیسلامدا ناسراوە، تاوانی پەیداکردنی هاوەڵ و هاوتا بۆ خوا (شیرک)، زۆر گەورەترە لە تاوانی ئەوانەی لە بنچینەوە باوەڕیان بە بوونی خوا نییە.
ئەو ئایندارەی پێی وایە باوەڕداریی هیچ زیانێکی نییە، دەبێ چاک بزانێ، باوەرهێنان بە ئاینەکان گەلێک بابەت دەوروژێنێت، پێویستی بە جۆرە هۆشێک و شێوازێکی تایبەتییە بۆ بیرکردنەوە. زیانەکەی ئەوەیە دەبێ بەدرێژایی ژیانمان خەریکی چەند کار و فەرمانێکی ئاینیی و هەڵسوکەوتێکی پڕوپووچ بین، لەمەشدا کاتێکی بەنرخمان بەفیڕۆ دەچێت، ئەگەر بۆ بابەتێکی دیکەی سوودبەخش تەرخان بکرایە گەلێک باشتر دەبوو. هەروەها ئایندار لە ژیانیدا زۆر خۆشباوەڕ دەبێت بە گشت شتگەلە نالۆژیکییەکان و ئەفسانەییەکان، چونکە ئاینداریی هەمیشە وات لێ دەکات دژایەتیی چەندین جۆرە زانست بکەیت، ئەو دەمەی وا بزانیت لەگەڵ ئاینەکەتدا ناگونجێت. ئایندار هەرگیز ناتوانێ ئاشتیخواز بێت و بەتەواوی لە مرۆڤدۆستیی و پێکەوەژیان تێبگات، موسڵمان دەتوانێ ئاسایی لە کەسانی بێخوا و بێئاین بڕوانێت، ئایە پێی دەکرێ لەگەڵ لایەنگرانی ئاینی جووەکان و کرستییانەکان هاوشێوەی موسڵمانان ڕەفتار بکات؟ ئەگەر ئاینەکەم داوام لێ بکات خەڵکانی بێباوەڕ و ئاینەکانی دیکە بکوژم، نابێ دوودڵیی لەلامدا پەیدا ببێت. زۆربەی کێشە و گرفت و شەرەکانی مێژوو هۆکارەکەیان جیاوازیی ئاینەکان بووە، ئەگەر لە بنچینەوەش لە پێناوی ئایندا هەڵ نەگیرسابن، بەڵام وروژاندنی بیروڕای ئاینیی، گاریگەرییەکی یەکجار مەزنیان هەبووە بۆ هاندانی شەڕکەران، بەدەگمەن شەڕوکوشتار هەبوون، نەکرابن بە جەنگە ئاینییەکان. جگە لەمانە کوا ئازادیی و سەربەخۆیی لە ئاینەکاندا؟ ئەوەی دەمەوێت بیکەم بڕیاری خۆم نییە، بگرە ئاینەکەم لەسەری سەپاندووم، هەرچییەکی ئاینەکەم پێی باش بێت، دەبێ بەبێ بیرکردنەوە بەباشی دابنێم، گەرچی کارێکی بەدیش بێ و لەگەڵ هیچ یاسا و ڕێسایەکی کۆمەڵگەکانیش یەک نەگرێتەوە. ئاین هەردەم وامان لێ دەکات باوەڕمان بەوە هەبێت، چەند کەسانێک هەن لە ئێمە ژیرترن و دەزانن چی چاکە و چی خەراپە، هەمیشە پێویستمان بە بوونی پیاوانی ئاینی دەبێ، بۆ تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی ئاینەکەمان، کەواتە دەبێ ئێمە بەدرێژایی ژیانمان خاوەنی خۆمان نەبین و ببینە بەندەی ئەوانەی پاسەوانی هزر و هۆشمانن.
کەواتە ئەو گرەوە ڕەوشتیش پەیوەستە دەکات بە بوونی خوا، نەک خۆبەخۆ ڕاستیی و چەوتیی شتەکان لەبەرچاو بگیرێت. ئەگەر ئاین بۆ چاکەکاریی هاتووە، خوا بۆ دەبێ گوێ بەوە بدات، خەڵکانێک بیپەرستن، یان نا، ئایە خوای تەواو و بێکەموکوڕیی پێویستی بە خۆماندووکردنی مرۆڤەکانە بە نوێژکردن، هەڵسوکەوتە ئاینییەکان چ سوودێکیان هەیە بۆ خەڵکانی دیکە، بە بەراوردکردن لەگەڵ ئەوەی چاکەیان لەگەڵدا بکرێت؟ بەپێچەوانەوەش وایە، ئەوەی دزیی ناکات، لەبەرئەوەی نییە لەلایدا کارێکی بەد و خراپ بێت، بگرە تەنیا لە ترسی خوایە. ئەگەر بەم شێوەیە لێی بڕوانین، دەکارین ئەمە لەسەر گشت کار و کردەوەیەک پێڕەو بکەین، بەمەش گشت بابەتێک بەهاکەی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە هۆکاری شێواندنی هەموو کارێکی مرۆڤانە. ئایندار کامەی لای تۆ چاکترە، ئەوەی یارمەتیی هەژاران دەدات و چاوەڕێی پاداشتە، یان ئەوەی تەنیا لە ڕوانگەیەکی مرۆیی و ویژدانێکی ئاگاوە دەیکات؟
بەم شێوەیە بۆمان بەدەر دەکەوێت، بیرۆکەکانی ئاین و باوەڕداریی لەپێناو ڕەوشتبەرزیی و چاکەکاریی، هۆکار و درەنجامەکانی هەرچەندە بەرگێکی فەلسەفیی، یان زانستیشیان بە بەردا بکەین، ژمارە و ڕێژەی ئەگەرەکانی هەر دوور دەبن لە لۆژیک و هیچ متمانەیەکمان پێ نادەن، تەنیا لای هزر و هۆشێکی ئاینیی جێیان دەبێتەوە، چونکە ئەمانە هەرگیز ناچنە ناو ناخی بابەتەکان بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانە.
دواجار دەڵێین، هەوڵدان بۆ نێزیکبوونەوە لە ڕاستییەتی، گەلێک گرینگترە لە بڕیاردان و هەڵبژاردنی باوەڕهێنان. ئەگەر پاش هەموو لێکۆڵینەوە و گەڕانەکانیشمان، خوای ڕاستەقینە ئەو خوایە دەرنەچوو کە پێی گەیشتین، هەر پێویست ناکات لەوە بترسین، چونکە ئەوەی مێشکی بە ئێمە داوە پێی ناخۆش نییە، گەر بەکاری بهێنین بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان، ئەوەی زۆر چاک لە مەبەست و ڕاستگۆییمان تێ دەگات.
-----------------------------
ئەمەی سەرەوە بەشێکی دیکەیە لە بابەتێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینیی)

دارا سلێمان

سەرچاوەکان:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە