بیری نیشتمانی كوردستانی (1 - 16)

Wednesday, 25/09/2019, 18:05

7377 بینراوە


نووسینی: دکتۆر مەهدی کاکەیی
وەرگێڕانی: جۆ ویلیام
------------------------
سەرەتا گرنگە کورتە باسێکی مێژووی نوێـی دابەشکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەت، بکەین پاش کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەم، و هەروەها لە بارەی دۆخی کوردستانى ئەمڕۆماندا باسبکەین پێش باسکردنی بیری نیشتمانی کوردستانی کە لە دۆخی ڕاستەقینەی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

بەگوێرەی پەیماننامەی سايكس - پيكۆ، ئەو پارچەی کوردستانه، کە بەشێك بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دابەش کرا لە نێوان ئەو قەوارە سیاسیانە، كه لە ناوچەکەدا دەرکەوتن کە عێرا ق و سوریا و تورکیا بوون، و بەم جۆرە کوردستان دابەش بوو بەسەر چوار بەشدا و هەر بەشێك بوو بە پارچەیەك لەم سێ ووڵاتانە و بەشی چوارەم هەر ماوەوە لە ژێر دەستەڵاتی ئێراندا.

بەگوێرەی پەیماننامەی سايكس – پيكۆ، قەوارەی سیاسی عێراق دامەزرێنرا و پێكهات لە سێ ویلایەتى عوسمانی کە بریتی بوون لە ویلایەتی (بەغدا) و ویلایەتی شارەزوور(پاشان ناوەکەی گۆڕا بۆ ویلایەتی موسڵ) و ویلایەتی بەسرە. هەندێك جێگا دابڕێندران لە ویلایەتی شارەزوور و لکێندران بە سوریا و تورکیاوە، کە دوو قەوارەی نوێ بوون لە ناوچەکەدا. سنوورى ویلایەتی شارەزوور دەستی پێدەكرد لە ئامەد (دیار بەکر) و (وان) لە باکورەوە و (دێرزوور) لە ڕۆژئاواوە و (ئێران) لە ڕژهەڵاتەوە و لە باشوریشەوە (ویلایەتی بەغدا)، کە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە شارەزوور هەموو کوردستانی دەگرتەوە جگە لە بەشـی ڕۆژهەڵاتەکەی، کە لەژێر دەسەڵاتی فارسیدا مایەوە بە گوێرەی پەیماننامەی(ئەرزەڕۆم) کە لە نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویدا بەسترا لە ساڵی ١٦٣٩.

ویلایەتی بەسرەی باشوری عێراق، بریتی بوو لە کوەیت و نەجد و قەتەر و ئەحساء و قـتـێـف و دیزفول، و پاشان نەجد و ئەحساء و قـتـێـف خرانە سەر سعودیە و دیزفولیش خرایە سەر ئێران. جێی باسە هەردوو ناوچەی ئەحساء و قـتـێـف دوو ناوچەی شیعەنشینی دەوڵەمەندن بە پترۆڵ. هەروەها لەسەر کەلاکی ویلایەتی بەسرا هەندێك ئیمارەتی دیکە دروستکران وەك ئیمارەتی کوەیت و قەتەر.

بەم جۆرە بەگوێرەی پەیماننامەی سايكس – پيكۆی داگیرکەران، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشکرا بە شیوەیەکی زۆرداری و زاڵمانە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پەیماننامەیەدا دەوڵەتەکان دامەزرێنران لەسەر کەلاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و چوارچێوەیان بۆ کێشرا بەبێ گەڕانەوە بۆ خواستی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ ئەوەی گوێ بدرێت بە تایبەتمەندێتی و دواکەوتووی و ململانێ ئەتنیکی و كولتورى و مێژوو قوڵەکانی نێوان گەلانی ناوچەکە. بریتانیا و فەرەنسا تەنها بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان کردەوە. بەمجۆرە سنوری وڵاتە نوێکان کێشرا، کە نیشتمانی کورد و عەرەب و شیعە و سوننەیان هەڵتەکاند و ئەم سنورە دەستکردانە گەیشتە ڕادەی دابەشکردنى ئەندامانی یەك خێزان و خێڵ بەسەر چەندین وڵاتدا و وای لە گەلان کرد کە لەسەردەمی خێڵ و هۆزدا بژین و لە بوارەکانی هۆشمەندی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابوریەوە، دواکەوتووی بەخۆوە ببینن لە چوارچێوەی قەوارە نوێكانى ناوچەکەدا. هەرچەندە ئەم گەلانە لەڕووی زمان و كولتور و مێژوو و ئامانج و بەرژەوەندیەوە، نەگونجاو و لەیەك دوور بوون، بەڵام بریتانیا و فەرەنسا گرنگیان نەدا بە پاشەڕۆژی ئەم گەلانە و کێشەکانیان و جیاوازیەکانیان و ململانێکانیان و ئەو شەڕە کاولکەرەی چاوەڕوانکراوە لە ئەنجامی ئەم سەپاندنە زۆرەملێیەدا.

جێبەجێکردنی پەیماننامەی سايكس – پيكۆ تاوانێکی گەورە بوو دەرهەق گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی. سەپاندنی ژیانی پێکەوەیی بەزۆر لە قەوارەیەکدا بەسەر ئەو گەلانەی کە جیاواز و نەگونجاون لەگەڵ یەکدا بەبێ ئەوەی کە زمان و كولتور و بەرژەوەندی و ئامانج و میژووی هاوبەش گرێیان بدات بەیەکەوە. ئەمە لەخۆیدا هەڵگری تۆوی کێشە و ململانێ و نەهامەتی و جەنگ بوو و بووه هۆی نەبوونى هیچ هیوایەك بۆ باشتربوونی ژیانی ئەم گەلانە و بەرەوپێش چوونیان، شانبەشانی گەلانی دیکەی جیهان و بەشدار بوونیان لە بونیاتنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا.

لەو کاتەوەی ئەو سنوورە دەستکردانە بۆ ناوچەکە کێشراون بە گوێرەی پەیماننامەی سايكس – پيكۆ، ناوچەکە نائارامی بەخۆیەوە دیوە، و هۆکارێك بووە بۆ گیان لەدەستدانی ملیۆنها كەس لە خەڵکی بێتاوانی ناوچەکە و هەروەها هۆکارێکیش بووە بۆ نەخوێندەواری و هەژاریان سەرەڕای هەبوونی هەموو دەرفەتى خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن لەم ووڵاتانەدا، لە پترۆڵ و کانزا و ئاو و کشتوکاڵ و شوێنی گەشتیاری و هێزی مرۆیی، بەڵام حکومەتە یەك لەدوایەکەکانی ناوچەکە هیچ سوودێکیان لەم توانا زۆرە وەرنەگرت، بەپێچەوانەوە، ئەوان هەستان بە فیڕۆدانی سامانی ولاتەکانیان و گلاندنی خەڵکەکانيان بە شەڕی ماڵوێرانکەری ناوخۆ و دەرەکی. هەلی باش لەبەردەست کاربەدەستانی ناوچەکەدا بوو بۆ دروستکردنی هەستی نیشتمان پەروەری و بەرژەوەندی و ئامانجی هاوبەشی گەلە نەگونجاوەکانیان، کە دەبووە گەلێکی یەکگرتوو، لە خۆشەویستی و ئارامی و خۆشگوزەرانیدا بژیان، بەڵام کاربەدەستانیش بەشێکن لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکان، بۆیە کاریان لەسەر قوڵکردنەوەی خاڵە لەیەکنەچووەکان و جیاوازیەکان و ململانێکانی نێوان گەلان و نەتەوەکان و ئاینەکان و ئاینزاکانی ناوچەکە کرد.

ئەم یەکگرتنە زۆرەملێیە لە ڕێی زۆر و توندوتیژی و تۆقاندن و ڕقلێبوونەوە، سەپێندرا بەسەر گەلان و نەتەوەکانی ناوچەکەدا. بۆیە ئەم یەکگرتنە زۆرەملێیە بووە هۆکار بۆ هەڵگیرسانی شەڕەکان و ئاژاوە بەردەوامەکانی نێوان گەلان و نەتەوەکانی ناوچەک،ە کە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان بەردەوامی هەیە و بۆتە هۆکاری لەدەسدانی گیانی ملیۆنەها کەسی بێتاوان. سەرەڕای شارستانێتى دێڕینى وڵاتەكانی ناوچەكە و هەبوونی سەرچاوەی بەهاداری وەك پترۆڵ و ئاو و هێزی مرۆیی لەم وڵاتانەدا، وڵاتەکانیان کاول كرد و بوونە هۆکار بۆ هەژاری و نەخوێندەواری و نەخۆشی.

ئەبێت نرخ و ئازادی و خۆشگوزەرانیى مرۆڤ، ئەو ئامانجە بن کە کۆمەڵگا مرۆڤدۆستەکان لە پێناویدا تێبکۆشن. سنورە دەستکردە نێودەوڵەتیەکان پیرۆز نین و پێویست ناکات کە قوربانی لە پێناویدا بدرێت، بەڵکو دەبێت ڕێز لە ئیرادە و خواستی گەلان بگیرێت. هێز و ڕقلێبوونەوە ناتوانن یەکگرتن بسەپێنن بەسەر گەلاندا گەر خۆیان خواستیان نەبێت، و ئەگەر سەرکەوتوش بوون لەوەدا، ئەوکات یەکگرتنێکی لاواز دەبێت و دەفەوتێت و دەڕوخێت به نەمانی سەرچاوەکانی هێز و زۆرەملێ، وەك ئەوە كە دەیبینین ئێستا لە هەندێك لە دەوڵەتەكانى ناوچەكەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە