کەی ئێن ئێن داخرا و کەناڵێکی بازرگانی بە ناوی (زەمەن) دەکرێتەوە

Friday, 27/09/2019, 0:19

13773 بینراوە


کاتژمێر 8ی ئێوارەی شەوی رابردوو رێکەوتی 26/09/2019 کەناڵی KNN پەخشی راگەیاندنی خۆی راوەستان، بە بێ ئەوەی پێش وەخت هیچ روونکردنەوە و لێدوانێک لەو بارەیەوە لەلایەن بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان بدرێت و هۆکارەکەی ئاشکرا بکەن.
لەو بارەیەوە پەیامنێری کوردستانپۆست لە سلێمانی بەدواداچوونی لەسەر هۆکاری داخستنی کەناڵەکە کرد، کە سەرچاوەیەکی نزیک لە گردی زەرگەتەی چیا و نما کوڕانی کاکە نەوەی رەوانشاد، کە هۆکاری داخستنی ئەو کەناڵە ئەمەی خوارەوەیە:
- دوێنێ رێکەوتی 26/09/2019 کارمەندانی کەناڵی KNN کە ژمارەیان 150 کارمەندە، ئاگادارکرانەوە کە ئیتر پەیوەندییان بە کەناڵەکەوە نامێنێت چونکە KNN بە یەکجاری دادەخرێت و لە بری ئەوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی دیکە بە ناوی (زەمەن) دەکرێتەوە، ئەو کەناڵەش بریتی دەبێت لە کەناڵێکی بازرگانی، زیاتر ریکلام و پرۆپاگەندەی بازرگانی بڵاودەکاتەوە لەگەڵ چەند چالاکییەکی تر. ئەو کەناڵە پەیوەندیی بە گۆڕانەوە نامێنێت، چونکە کوڕانی نەوشیروان مستەفای کەسێکی تر دەکەنە شەریکی خۆیان ئەویش کوردە حەسەنە و هەر ئەویش بەڕیوەیبەری ئەو کەناڵە دەبێت.
سەرچاوەکەی کوردستانپۆست ئەوەی باسکرد، کە نما و چیا بۆ خۆیان پەیوەندییان بە  کوردە حەسەنەوە کردووە داوایان لێکردووە وەکو شەریکە هاوبەش ئەو کەناڵە بەڕێوەبەرن، چونکە کوردە حەسەن پێشتر ئەزمونی لەو بوارەدا هەبووە وەکو  رادیۆی نەوا و بەدوایدا چەند چالاکییەکی دیکەی راگەیاندن، ئیستا کوردە حەسەن ئەو پارە و توانا مادییەشی هەیە کە لەگەڵ نما و چیادا ببنە شەریک و کەناڵەکە بەڕیوە بەرن.
شایانی باسە ئەو کارمەندانەی کە لە کەناڵی KNN کاریان دەکرد، زۆربەیان پێشتر کادێری راگەیاندنی کەناڵەکانی یەکێتیی و حیزبەکانی تر بوون، کە لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی ساختەی گۆڕاندا، هاتنە ناو بزووتنەوەکە و نانبڕاو کران.
پاش ئاگادارکردنەوەی داخستنی کەناڵی KNN ژمارەیەک لەو کارمەندانە نارەزایی و توڕەیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام لەلایەن دەستڕۆیشتوانی گردەکەوە پێیان راگەیاندووە و پێیان وتوون، کە  ئەوە بڕیارێکە و پاشگەزبوونەوەی تتێدا نییە! هەر کەسێکیش لە ئێوە ئەگەر دەیەوێت کار بۆ کەناڵی (زەمەن) بکات، دەتوانێت داواکاری خۆی پێشکەش بکات، ئێمە چەند کەسێکمان پێویست دەبێت، کە بۆ سەری ساڵ لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی زەمەن دایان مەزرێنین.
سەرچاوەی هەواڵەکە وتی، زۆر لەوانەی کە رەخنەیان لە داخستنی کەناڵەکە گرتووە، گوایە ئەمە زیان  بە بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەگەیەنێت! لە وەڵامدا پێیان وتوون: ئێمە بێ منەتین، ئەگەر دوو کورسیش بهێنین تازە بۆ ئێمە گرنگ نییە.

- هەروەها پەیامنێرمان بەدواداچوونی لە سەر وەستانی کەناڵەکانی یەکێتییش کرد، کە هاوکاتە لەگەڵ داخستنی کەناڵی (KNN), پاش بەدواداچوون، سەرچاوەیەک لە نێو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی روونی کردەوە، ئەم داخستنە کاتییە و پەیوەندیی بە گرژی نێوان کوڕانی جەلال تالەبانی و شانازی برایم ئەحمەدەوە هەیە، چونکە زۆربەی ئەو کەناڵانەی یەکێتیی کوڕەکەی شاناز بەرپرس و بەڕێوەبەرێتی،  بۆیە شانازی برایم ئەحمەد دەستی خستۆتە نێو کاروباری ئەو کەناڵانە، وەستانی ئەو کەناڵانە وەک هەنگاوی یەکەمە، تا وشیاریی و ئاگاداریی  بە شاناز و کورەکەی بدەن، دووەم هەنگاویش ئەوە دەبێت، ئەگەر هەروا بمێننەوە ئەوا کوڕەکەی شاناز لەو شوێنە دوور دەخەنەوە. داخستنی کەنالەکانی یەکێتیی وەکو نارەزایی دەربڕینە بەرامبەر بە شانازی پوریان.
- لە کۆتاییدا  ئەو بەرپرسەی نێو مەکتەبی سیاسیی  وتی: لە چەند رۆژی داهاتوودا وا بڕیارە کەناڵەکان بکرێنەوە و دەست بە پەخشی راگەیاندنی خۆیان بکات. سەبارەت بە داخستنی کەناڵی (KNN) وتی: من  نازانم چ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە هەیە یان نا!؟ هەرچەندە پێم سەیرە و لە لای منیش بۆتە جێگای گومان، نازانم بۆ لە یەک رۆژدا ئەمە روویان داوە، ئەگەر پەیوەندییەک و هۆکارێک هەبێت جارێ نازانم چییە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە