دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور وەک دەسەڵاتی دوژمنی کورد!

Saturday, 09.28.2019, 14:57

2769 بینراوە


یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکی خۆیدا (پلانی سێ ساڵە، ٢٠١٢) دەڵێت: (دامەزراندنی یەکێتی دەرەنجامی پەرۆشی بوو بۆ رزگاری نیشتیمان و گەلە بەشمەینەتەکەی و هێنانەدی ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی ژیانکردن.)
پارتی دیموکراتیش لە ساڵانی ١٩٧٠ دا هەمان قسەی کردووە، پارتەکانی تریش بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بە سەر ئەو قسەیەدا کەوتوون، ئەوەی راستیشە ئەوەیە، کە ئەمانە بۆ ئەوە دروست بوون، تا پێچەوانەکەی بکەن.
دوای رووخانی سیستەمی پادشایی لە عێراق، ئەو یاخیبوونەی ناوی شۆڕشیان لێنا، تەنیا بە فەرمانی دەوڵەتە داگیرکارەکان بوو، بۆیە رەخنەگرانی ئەمڕۆ تاکە شتێک کە لە بێدەسەڵاتییدا بۆیان مابێتەوە هێرشکردنە سەر کوردەکە خۆیەتی و جنێو بە ناسنامە و کوردبوونی خۆیان دەدەن. بەمەش خۆیان خستۆتە بەرەی دوژمنی گەلەکەیان، هەروەکو داگیرکەران دەیانەوێت رقیان لە بوونی کورد بێت و نائومێدیی و بێهێوایی بێتە نێومانەوە. هەر ئەمەشە ئەو حیزبانە بۆی دروستبوون و کاریان لەسەر کردووە، رابردوویان بەڵگەی ئەو راستییەن.
پارتەکانی باشوور، ئەوانەی رۆژهەڵاتیش، دروستکراوی یەک کارخانەی خیانەت بوون، هێلی تەریبی یەکتری بوون لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ داگیرکەراندا.
ئەم پارتانە بە پرتاکتیک دروستکراوی یەکتر بوون، تا هەڵە و خیانەتەکانیان بەسەر یەکتردا دابەش بکەن، خەڵکەکە بەبێ لایەن، یان وەکو ئۆپۆزیسیۆن دروست نەبن، لەوێشەوە خەڵکیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە، تا لە دەربڕینی رای جیاوازدا خەڵکی لێیان دوور نەکەونەوە و لەناو دەربڕینی ئەو راوبۆچوونە جیاوازانەدا بڵێن ئەمە ئازادیی و دیموکراتییە و وا دەخوازێت رای جیاو بوونی هەبێت، ئەمەش رێگاپیدراوە، هەر کەسێکیش چوبێتە دەرەوەی ئەو بازنەیەی کە خۆیان دیارییان کردبێت لەناویان بردوون. 16 ئۆکتۆبەر نمونەی ئەو دیموکراتیی و دابەشبوونەیە، کە لەپاش لەدەستدانی 51% نیشتیمانی کورد لە باشوور، خەڵکەکەی بوونە دوو بەرەو دوو بەش، بەشێکیان لەپاڵ پارتییدا، ئەویتریان لەپاڵ یەکێتیی، هێرشیان دەکردە سەر یەکتر، بەمە کێشەی قورسی خیانەتیان پێ سوککرد، قورسایی پەیمان و بەڵێنەکانی مەسعود وەک بەڵینی سواری سەری خۆی، بە درۆ لێیان وەرنەگرت، چونکە مەسعودف بۆ خۆشی دەیزانی ئەمە دەبێتە قسەیەکی رووت و هیچی لێ سەوز نابێت، سەرەنجامەکەی ئەوەش دەبێت، وەک خۆی وتی: (چی دەبێت، با ببێت)، ئەوەی بۆ ئەمڕۆشمان مایەوە، تەنیا هەندێک رەخنەیە، کە وەڵامی رەخنەکانیش بەوە دەداتەوە بڵێت: (چی دەڵێن با بڵێن)، یان (با بۆ خۆیان هەڵپەڕن)، هەموو ئەو چالاکیانەش رێگاپیدراوە، لێرەشەوە خیانەکە پەردەپۆش دەکرێت و خەڵاتی خائین بە پیرۆزیی و بە (مەرجەع)کردن دەدرێتەوە.

ئەو ئازادییەی کە پارتەکانی باشوور رێگایان پێداوە وەکو مێژووی ٧٠ سالەی کورد لە باشوور بەردەوامی پێدەدرێت و خۆیان لە هەموو خیانەتێک هەڵدەتەکێنن.
ئەم پارت و رێکخراواەنی کە ئەمڕۆ لە باشووردا هەن، لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، کە وەکو رێکخراوی سیاسیی خۆیان نمایاش کردووە، مەرجی رێکخراوی سیاسییان تێدا نییە، سەرکردە و رابەرەکانیان کەسانی سیاسیی نین، جگە لە سیخور و پیاوی بێگانە، کۆمەڵێک کەسانی عەشایریی و نەخوێنەدوارن، خاڵی لە رەوشت و موراڵ، پەروەردەی نێو دەستگا سیخورییە نێو دەوڵەتییەکانن، کە دوای خۆیاندا بە پلەی دووەم کەسانی پیاوکوژ و لۆمپین و تاوانبار و دز و راکردووی دەستی دادگایان هێناوە و لە خۆیان کۆکردۆتەوە و پەردەوەردەیان کردوون بۆ هەموو کارێکی خراپ تا کۆمەڵگای کوردی پێ هەڵوەشێنن، تواناکانیان بەکار هێناون، بۆ کاری گێرەشێوێنی و دەستدرێژیی و لاقەکردنی خەڵکی کوردستان، تا کەلتورێکی ناشرین بخوڵقینن لەو رێگایەوە پەیوەستبوونی خەڵکەکە بە خاک و نیشتیمان نەهێڵن.
رێکخراوی سیاسیی، کە ئامانجی کاری سیاسیی و چالاکی سیاسیی و داخوازیی سیاسییە، ئەم رێکخراوانە بەو ئامانجەوە هاتوون و کاریان کردووە، تا راوی کەسانی نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزی پێ بکەن و لە رێگەی نمانیش کردنی خۆیانەوە، ئەو کەسانە بۆ داگیرکەران دەستنیشان بکەن، دواجار ئەوانیش کەویی کراون، یان لەناو براون. مێژووی کورد لەو نمونانەی زۆرە، ئەوەی بۆ ئەمڕۆ ماوەتەوە دەسەڵاتدارە زۆربەیان کەسانی خائین ناپاک بوون، لە ژێر سێبەری ئەو پارت و رێکخراوانەدا بەرەو زیادبوون هەڵکشاون. هەر بزووتنەوە و سەرهەڵدانێک لە مێژووی ئەم پارتانەدا سەری هەڵدابێت، دەستی داگیرکەرێکی تێدا بووە، داگیرکەران مەترسییان لە شۆڕشەکانی کوردی باشوور و رۆژهەڵات نەبووە، چونکە زانیویانە بۆ ئامانجێکی نەتەوەیی نییە، تا کورد بەرەو خاڵی کۆتای ئەنجامی سەرکەوتن بگەیەنێت. ئەگەر مێژوو بۆ دواڕۆژ بنووسرێتەوە و بێ لایەنانە حوکمی بەسەردا بدرێت، هیچ کام لەم سەرانەی کە ئەمڕۆ رابەرایەتیی ئەو پارتانەیان کردووە، یان لە سەر گردەکان نێژراون، لە دادگای گەل قوتار نابن. هەرچەندە من ترسم لەوە نییە و دەزانم بنەماڵەی بارزانی، بنەماڵەی تالەبانی و تەنانەت نەوشیروان و هەموو ئەم سەر و پێی پارتانە بەر لێشاوی حوکمی دادگای مێژوو دەکەون، ئەمڕۆ ئەو پرۆسەیە بۆیە جێبەجێ ناکرێت، چونکە هۆکاری ئەوەیە، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی پاڵپشتی لە داگای گەل بکەن، بەڵکو لە نەزانین و ناوشیارییاندا هێشتا پێیان وایە ئەمانە سەرکردەی گەلێکی چەوساوەن دەبێت پشتگیرییان لێ بکرێت.
جیاوازیی ئێمەی کورد لەم قۆناغە و لە داهاتووشدا وەکو میللەتانی دیکە ئەوەیە، کە لە بوونی پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی مێژوومان نییە، ئەوانەی کە کارەکتەری کارەساتی رووداوە مێژوویەکان بوون، دەبێت ئەو پیوەرە ئەخلاقیی و مورالییەیان بێت، کە پرەنسیپی چۆێتی هەڵسەنگاندنی بۆ رووداوە مێژوویەکان هەبێت، پشبتوانی دادگای گەل بکەن، تا دادگایی ئەو خائینانە بکەن، کە خوڵقێنەرەی ئەو کارەساتە مێژوویانە بوون و ئەم رۆژەیان بۆ کورددا هێناوە، بۆیە ئەمڕۆ هەموو شەرممان پێی دێت و لێی رادەکەین. ئەوەی توانای راستکردنەوەی ئەو مێژووەشی هەیە، ئەڵتەرناتیڤ و رێکخراوێکی سیاسییەیە، کە توانای هەستانەوە و بەرەو رووبوونەوەی هەبێت. لەسەرەتادا دادگای گەل بخاتە گەڕ، گەڕ و گولە سیاسیی و خائینەکانی کورد بخاتە نێو قەفەسی دادگاوە.




(دەنگدراوە: 10 . زۆرباشە: 4/5)