ماڵه‌كه‌ی هه‌مووان..

Wednesday, 09.25.2019, 16:52

2029 بینراوە


هه‌ر له‌ كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی مامی ڕابه‌رمانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا مانگ نه‌بووه‌ كه‌ به‌ شه‌ڕو و ده‌مه‌قالێ و هه‌ڕه‌شه‌ و هه‌ندێك جاریش قوربان و سه‌ده‌قه‌ به‌شێك له‌ پاره‌ی كوردسات و ده‌زگا و میدیاكانی یه‌كێتیم له‌ملاوله‌ولاوه‌ دابین نه‌كردبێت .. له‌ پاش كۆچی دوایی مامه‌وه‌ ئیتر كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یان جار ئه‌و په‌نجه‌ره‌ جوانه‌ی كوردساتیان به‌رووماندا داخست و بینه‌رانیان له‌ كه‌ناڵه‌ ئازیزه‌كه‌یان بێبه‌ش كردو ته‌نانه‌ت مافی بۆن كردنی ئه‌و چڵه‌ نیرگزه بۆنخۆشه‌شیان پێ ڕه‌وا نه‌بینین..!
خۆ له‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ داخی ئه‌و هه‌موو ناداد په‌روه‌رییانه‌ ته‌ندروستی داده‌ تێك چوو، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر كوردسات به‌ڵكو خاك و ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ و ( س.ن.ن) و مناڵپارێزو گه‌له‌ری زاموا و زانكۆی كۆبانی و خوێندنگه‌ی شه‌هید جه‌بارو كه‌ناڵی بادینان سات و كه‌ركوك و سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری كه‌ركوك و ماڵی ئیزدیه‌كان و كوردستانی نوێ و گشت كه‌ناڵ و راگه‌یاندن وهه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ دیاری مام و داده‌ بوون كه‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی داخستن و هه‌ندێكیشیان داخران به‌ كورد ئایدڵیشه‌وه‌..!!!
لێره‌دا كێشه‌كه‌ ته‌نیا كوردساتی ماڵی هه‌مووان نیه‌ ، كوردسات ئاوێنه‌ی ماڵه‌گه‌وره‌كه‌یه‌ ، واته‌ یه‌كێتی..
هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گوزه‌رێت گوزارشت له‌و راستیه‌ ئه‌كات كه‌ یه‌كێتیه‌ی ئه‌مڕۆ چیتر نه‌ ئه‌و یه‌كێتیه‌ی ئێمه‌یه‌‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی مامه‌ و نه‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی جاری جارانه.. هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی، ده‌ستكه‌وتی یه‌ك ته‌به‌ق هێلكه‌ی گه‌نیو و نیو كیلۆ دووگی حه‌یوان و جگه‌ری مریشك و سنوقێك ده‌رمانی ئێكسپایه‌ر ناگۆڕنه‌وه‌ به‌ هیچ یه‌ك له‌و پڕۆژه‌ و دیارییانه‌ی مام و داده‌ و یه‌كێتی..
بۆ ئه‌وان جگه‌ره‌ی قاچاخ گرنگتره‌ وه‌ك له‌ بادینان سات لای ئه‌وان سه‌یاره‌و ده‌مانچه‌ و پله‌و پۆست به‌خشینه‌وه‌ باشتره‌ وه‌ك له‌ هێشتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی (الاتحاد) بێ گومان بۆ ئه‌وان سه‌رف كردنی پاره‌ی یه‌كێتی بۆ پیاو كڕین بۆ كۆنگره‌ سودی زیاتره‌ وه‌ك له‌ دابین كردنی مووچه‌ی كارمه‌ندانی دڵسۆز و ماندوو.. ئه‌وان به‌ خه‌فه‌كردنی ده‌نگه‌ ئازاده‌كان و شاردنه‌وه‌ی راستیه‌كان ئه‌توانن له‌ سه‌ر كورسیه‌كانیان بمێننه‌وه‌ نه‌ك به‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ و ماڵی هه‌مووان..!
ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ خودی خوم جێی داخه‌ ئه‌و بێهه‌ڵوێستی و بێ باكیه‌ی كوڕانی مامه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ خۆیان كردوه‌ته‌ ده‌مراستی ده‌باشان و یه‌كێتی و له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ گه‌وره‌ترین زیانیان به‌ ده‌باشان و یه‌كێتی گه‌یاندوه‌..!
له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ دیارنه‌مانی مووچه‌ی مام ( هه‌ر له‌ كاتی نه‌خۆشكه‌وتنیه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ) و بڕینی نه‌سریه‌كه‌ی و بڕینی نه‌سریه‌ی داده‌ و زۆر بابه‌تی هه‌ستیاری تر ئه‌خه‌مه‌ ڕوو..
چونكه‌ نه‌ ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ و نه‌ ماڵی هه‌مووان شایانی ئه‌و نین كه‌ به‌م ڕۆژه‌ بگه‌ن..

رێزو حورمه‌تی بێ پایانم بۆ ستافه‌ به‌ ئه‌مه‌ك و دڵسۆزه‌كه‌ی كه‌ناڵی نیرگزه‌ بۆنخۆشه‌كه‌ی مالی هه‌مووان..
ده‌ستی ماندووی گشت كارمه‌ندانی خاك و بادینان سات و كه‌ركوك و س.ن.ن و سه‌ربازه‌ گومناوه‌كانی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ ئه‌گوشم ..
به‌ڵێن بێت‌ تا دووا هه‌ناسه‌ پشتتان به‌ر نه‌ده‌م..

شاناز برایم ئه‌حمه‌د



(دەنگدراوە: 0)