ئیسلام چـی لە ئاینی زەردەشتی وەرگرتووە؟

Wednesday, 10.02.2019, 22:57

2610 بینراوە


نووسینی: دكتۆر مەهدی کاکەیی
وەرگێڕانی: جۆ ویلیام
------------------------
پێشەکی ئەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە زەردەشت پەیڕەوکارێکی ئاینی یەزدانی بوو پێش ئەوەی ئاینە نوێکەی بدۆزێتەوە، کەوا لە ئاینی یەزدانییەوە بیروباوەڕەکان و فەرزەکان و سروتەکانی وەرگرتووە و هەندێكی دیکەی لای خۆیەوە بۆ زیاد کردووە.

گرنگترین ئەو (بیروباوەڕ و فەرز و سروت)انەی کە ئاینی ئیسلام لە ئاینی زەردەشتیەوە وەریانى گرتووە بریتین لە:

1. یەکتاپەرستی: ئاینی زەردەشتی بانگەواز بۆ یەکتاپەرستی ئەکات، و هیچ خودایەك نییە جگە لە "ئاهورامەزدا" (لا إله إلا "آهورامزدا”)[1].

2. ئەهریمەن: لەگەڵ خودا ("ئاهورامەزدا" کە لەبەرامبەریدا "اللە"هەیە لە ئیسلامدا)، زەردەشت هێزێکی بەدفەڕ و خراپی دیاریکردوە بۆ پەروەردگار کە ئەویش "ئەهریمەن"ە، کە لە ئیسلامدا بۆتە "شەیتان".

3. شایەتمانهێنان"الشهادة": کەسێك حەزبکات کە بیروباوەڕی زەردەشتی پەسەند بکات و ببێتە زەردەشتی، دەبێت دوو شایەتيیەكه بڵێت و خۆی پاکبکاتەوە و خۆی بشوات، و ئەبێت شاهیدی بدات، کە (ئاهورامەزدا) خودای تاك و تەنهایە و زەردەشتیش نێردراوەکەیەتی.

4. نوێژ: لە ئاینی زەردەشتیدا، لە ڕۆژێکدا پێنج جار نوێژ ئەکرێت پاش هەڵگرتنی دەستنوێژ، کە دەبێت ڕوو لە خۆرهەڵاتن بێت لە کاتی دەستنوێژ گرتندا، و هەردوو دەست و هەردوو قاچ دەشۆررێت و گوێچکەکان دەسڕێن. نوێژی یەکەم پێش خۆرکەوتن ئەکرێت و دووەم لە ناوەڕاستی ڕۆژەکەدا و سێهەمین پێش خۆرئاوابوون و چوارەم لەگەڵ خۆرنیشین و پێنجەم لە شەودا[2].

5. ڕۆژوو: زەردەشتیەکان دوو ڕۆژوویان هەیە، ڕۆژووی گەورە و بچوك. ڕۆژووی بچوك 70 ڕۆژە و لە 25ی کانونی دووەمەوە دەست پێئەکات هەتا 5ى نیسان. زەردەشتیەکان گۆشت و بەروبومی ئاژەڵی ناخۆن، واتە بەتەنها ڕوەكخۆرین (نباتي) لەم ماوەیەدا. سەبارەت بە ڕۆژووی درێژ، بۆ کەسانی خاوەن بیروباوەڕی زەردەشتی درێژ ئەبێتەوە هەتا کۆتایی تەمەنی، ئەویش ڕۆژووگرتنی ئەقڵ و ویژدانە[3].

6. زەکات: لە ئاینی زەردەشتیدا ئەوانەی کە توانایان هەیە بڕی یەك لە سێ دەبەخشن لە سامان و مەڕوماڵات و دانەوێڵە/ڕوەكانيان[4].

7. ئاینی زەردەشتی لەسەر سێکوچکەی (بیری چاك، گفتاری چاك، ڕەفتاری چاك) ڕاوەستاوە، بەهەمان شێوە ئیسلامیش لەسەر بیرکردنەوە و قسەکردن و کردداری باشە راوەستاوە[5].

8. بەپیرۆز زانینی خۆر و مانگ و ڕۆشنایی.

9. فرەژنی: پیاوی زەردەشتی بۆی هەیە هەتا 4 ژن بهێنێت[a].

10. پێگەی ژن: لە ئاینی زەردەشتیدا، ئەبێت ژن لەماڵی خۆیدا بمێنێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە لە خێزانی دەوڵەمەندەکانن، نابێت لە ماڵ دەربچێت، تەنها لە کاتی پێویست نەبێت و ئەبێت باڵاپۆش بێت و مافی نییە تێکەڵی لەگەڵ کەسێ بکات کە مەحرەم نەبێت بۆی.

11. وازهێنان لە ئاین: حەرامە زەردەشتی واز لە ئاینەکەی بهێنێت و ئەگەر وازی هێنا ئەبێت بکوژرێت[6].

12. هەر کەس بانگەواز بکات بۆ ئاینێکی دیکە یان بیروباوەڕێکی دیکە جگە لە زەردەشتی، یاخود خەڵکی فێری بیروباوەڕی پروپەچ بکات کە مەبەستی لە هەڵگەڕانەوەی خەڵك بێت و لادانیان بێت لە ئاینی ئاهورامەزدا کە جوانترین ئاین و بیروباوەڕ و مەزهەبە[b]، ئەوە خراپەی نەبینراوو بۆ ئاینەکە ئەهێنێت و ماڵوێرانی ئاشکرایش بۆ خەڵك ئەهێنێت، و هەرکەس بەم کارە هەڵسا ئەوا ئەبێت 200 جەڵدی لێ بدرێت[c].

13. دزین و حەرامکراوەکان (قەدەغەکراوەکان/تابووەکان): لە ئاینی زەردەشتیدا، سزای دز بریتیە لە شێواندنی یان بڕینی دەست، کە ڕادەوەستێت لەسەر جۆری دزیەکە و بڕی دزراوەکە[7]. لە سەردەمی (ئەردەشێری یەکەمی) پاشای ساسانیدا، سزای دزین گۆڕدرا بە لووتەوانە كردن به لووت یان بڕینی لوتی دزەکە و گەڕاندنەوەی بڕی دزینەکە. گۆڕانی ئەم سزایە بۆ ئەوە بووه کە هێزی کارکردن و بەرهەم بپارێزن. هەروەها سوو و خواردنەوەی مەی و هەتیوبازی و درۆ و خۆکوشتن، هەموویان حەرامن لە ئاینی زەردەشتیدا.

14. سزای زیناکەر: سزایەك کە زیناکەر (لە هەردوو ڕەگەز) پاك دەکاتەوە لە گڵاوی ئەو کارەی کە کردویانە، شێواندنیانە[7] بەجۆرێك ببنە پەند بۆ خەڵکانی دیکە، جگە لەوانە، ئەوا 300 جەڵدیان بەدار لێئەدرێت و ئەبێت بڕی 300 ئیستار لە زیو بدەن[8]. لە سەردەمی ساسانیەکان سزا شەرعیەکان کە پێشتر جێبەجێ ئەکران پوچەڵکرانەوە[6] و گۆڕدران بە سزای شێواندن و جەڵت لێدان یان لوت بڕینی زیناکەران (لە هەردوو ڕەگەز)، و هیچ بەشێکی دیکەی لەش نەدەبڕان لەبەر ئەوەی کاریگەری نەکات لە توانای کارکردن لە کۆمەڵگەدا[7].

15. تۆمارکردنی کرداری باش و خراپ لەلایەن فریشتەوە: لە ئاینی زەردەشتیدا فریشتە هەڵئەستێت بە تۆمارکردنی کردەوەکانی مرۆڤی پێگەیشتوو (البالغ) هەتا مردنی[d].

16. ڕۆژی دوایی (ڕۆژی زیندوبوونەوە/ قیامەت): زەردەشتیەکان باوەڕیان وایە کە ڕۆحی تەقواکەر لە قەبرەکەیدا لەلایەن کچێکی جوانەوە پێشوازی لێئەکرێت، و هەموو کردەوە جوانەکانی کە ئەنجامی داون لە ژیانیدا پێى ئەڵێتەوە، و رۆحەکەیش لە کچە جوانەکە ئەپرسێت: تۆ کێیت؟ کچەکەش ئەڵێت: من کردارە جوانەکانتم. پاشان ڕێگە ئەدرێت کە ڕۆحەکە بەسەر پردەكەدا بپەڕێتەوە (پردی سیراط المستقیم). و بە پێچەوانەوە، پیرەژنێکی ناشرین پێشوازی لە ڕۆحی خراپەکار ئەکات و ڕۆحە خراپەکارەکە پرسیار لە پیرەژنە ناشرینەکە ئەکات: تۆ کێیت؟ ئەویش ئەڵێت: من کردارە ناشرین و خراپەکانتم لە ئەنجامتدان لە ژیانتا. پاشان ئەیبات بۆ سەر پردەکەی (سیراط المستقیم) و پردەکە زۆر باریك ئەبێتەوە لە تاڵە موویەکیش باریكتر، و ڕۆحە خراپەکارەکە دەترسێت و هەست بە دڵەڕاوکێ دەکات و دەلەرزێت بە ڕاست و چەپدا تاکو ئەکەوێتە خوارەوە و ئیتر هەتا ڕۆژی زیندوبوونەوە ئەشکەنجە ئەدرێت[e].

17. گۆشەگیری: زەردەشت چوو بۆ چیای (سابلان) و بڕیاریدا کە گۆشەگیربێت و نەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بۆ ئەوەی کە ژیری لێ وەربگرێت و لێکدانەوەیەك بۆ چاکە و خراپە (خێر و شەڕ) بدۆزێتەوە. جارێکیان کاتێك کە زەردەشت لەسەر چیاکە ڕاوەستابوو، ڕۆشناییەکی لە سەریەوە بینی، کە سەرۆکی فریشتەکان (فاهومانا) بوو، کە هاتبوو سەردەشت ببات بۆ ئاسمان تاکو لە بەردەم خودا "ئاهورامەزدا" ئامادە بێت و خوداش پێی ڕابگەیەنێت کە لە ئاسمانەوە کردویەتی بە پێغەمبەر. پاش دیدارەکە زەردەشت وتی: دائەبەزم بۆ لای خەڵك و بەناوی (ئاهورامەزد)وە ڕێبەرایەتی گەلەکەم ئەکەم لە تاریکیەوە بۆ ڕوناکی، و لە میحنەتەوە بۆ خۆش ژیان، و لە خراپەوە بۆ چاکە[g ,f].

18. ئیسرا و میعراج: فریشتە زەردەشتی برد بۆ ئاسمان و گەڕاندی پێیدا، و لە بەردەم (ئاهورامەزدا) ئامادە بوو و ئەو نامەیەی کە دەبوو بە گەلەکەی و هەموو مرۆڤایەتی ڕابگەیەنێت، لێی وەرگرت[g].

19. ژنێك وەك یەکەم باوەڕپێکەر: یەکەم کەس کە باوەڕی بە پێغەمبەرێتی زەردەشت هێنا (هافویە)ی ژنی و (میتوماە) ئامۆزای بوو، بە هەمان شێوە بۆ محەمەدی پێغەمبەریش.

20. دوعاکردن: زەردەشتی دوعای تایبەت دەکات کاتێك کە لە ماڵ دەرئەچێت و سەفەر ئەکات، هەروەها پێش خواردن، خواردنەوە، خەوتن و لە بۆنەکاندا وەك هاوسەرگیری و مردن و خەتەنەکردن.

سەرچاوەکان

1. آڤيستا، ياشت 8، آية 36، صفحة 452.
2. الثعالبي. غرر أخبار ملوك الفرس. صفحة 259.
3. هيرودوتس. التواريخ. صفحة 74.
4. الثعالبي. غرر أخبار ملوك الفرس. صفحة 260.
5. فيليب عطية. ترانيم زرادشت. القاهرة 1993، صفحة 10، 12، 13، 19.
6. كتاب تنسر. أقدم نص عن النظم الفارسية قبل الإسلام – القاهرة – جامعة الأزهر. صفحة 38.
7. المصدر السابق. صفحة 40.
8. (ئیستار): دراوی كانزایی ساسانییە.


a. Avesta – Vendidad vol. (1), p. 133.
b. Avesta – Vendidad vol. (1), p. 43.
c. Avesta – Vendidad vol. (1), p. 115, 128.
d. Dhalla. History of Zoroastrianism. p. 105.
e. Avesta – Yasna, vol. (2), p. 56, 85.
f. Dhalla. History of Zoroastrianism. p. 314, 451
g. Dhalla. History of Zoroastrianism. p. 314.



(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)