نامەیەکی تاڵەبانی "ئەو پیاوەی خیانەت و درۆی بە میرات بەجێهێشت"

Thursday, 03/10/2019, 11:48

12169 بینراوە


هەموو جارێک کە سەردانی هاوڕێ و برام کاک"کەمەل جەمال مختار" دەکەم و مۆڵەتی لێوەردەگرم کە سەیرێکی ئەو ئەرشیفە بکەم کە لای خۆی پاراستویەتی، بەسەر شتگەلی سەیر و سەمەرەدا دەکەوم ، ئەم جارەیان نامەیەکی تاڵەبانی زۆر سەرنجی ڕاکێشام و داوام لێکرد گەر بتوانم کۆپیەکی لێوەرگرم. ئەویش بەخۆشییەوە ووتی:
   (ئەمانە کەرەسەی قسە لەسەرکردنن، من کاتم کەمە بۆ ئەمانە، تۆ دەتوانی وێنەی بکێشی و قسەیەکی لەسەر بکەیت، بەڵام ناوی ئەو کەسەی کە نامەکەی بۆ چووە، ئاشکرا نەبێت، چونکە لەو بارەیەوە رێگای پێ نەداوم، با خەڵکی بزانن تاڵەبانی چەند هزری داماوی هەبووە، چەند بێئاگایە و ئاستی تێگەیشتنی چۆنە ؟)

نایشارمەوە چەند نامەیەکی د. مەحمود سۆرانیشم بینی، ئەو پیاوەی لە چەنەبازی ناکەوێت و لە ساڵانی حەفتاکانەوە سیاسەت دەکات، بەڵام ئیستاش لە سیاسەتدا گروگاڵ دەکات و هیچی پێنەکراوە.

مێژووی ئەم نامەیەی تالەبانی، یان چاکتر بڵێین ٤٠ ساڵ تەمەنێتی، لەو کاتەدا تاڵەبانی لەهەڕەتی کامڵبوندا بووە ، بەڵام ناوەڕۆکی نامەکە کۆمێدیایە و پڕە لە ڕەمڵ لێدان و خەیاڵاتێک کە هیچ پلان و بیرکردنەوەی لەپشتەوە نییە و تەنها لە وڕێنەدەچێت .
تاڵەبانی دەڵێت:
- یەکێتی چاک گەشە دەکات و پەرەی سەندوە.
- لە ئێران شۆڕش کراوە و شیوعییەکان لەگەڵ ڕژێم تێک چوون.
- تاڵەبانی بە ڕژێم دەڵێت حکومەت،  واتە ئەو گرفتێکی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەوسەر دەمەی بەعسدا نەبووە.
- پاشان باسی پەیوەندییەکانی دەکات و دەڵێت: ئێمە لەگەڵ ئیمام خومێنی و مارکسییەکاندا پەیوەندیمان هەیە.
- کورد لە ئێران دوو حیزبی هەیە ، یەکێکیان کوردایەتی دەکات و ئەوی تریان مارکسین، کە کۆمەڵەی شۆڕشگێرانە.
- لای تاڵەبانی خودمختاری لەو بەشەيدا بەڕێوەیە و دەدرێت بە کورد، بەڵام دوای ٤٠ساڵ نەک خود مختاری بەڵکو ئەو دووحیزبە لە دوو ئۆردوگای قێزەون هەواریان هەڵداوە و چەندین باڵ و گروپیشیان لێ هەڵوەریوە.

سەمەرە لە نیشتیمانی ئێمەدا لەوەدایە، کە کەس باجی قسەکردن نادات بەتایبەتی سیاسییەکانمان، ئەوە جگە لەوەی باجی قسەکردن نادەن، باجی کردارەکانیشیان نادەن و کەسێک نییە کە لەم پۆخڵانە بکۆڵێتەوە. 

 ئەم نامە کۆمێدی و پڕمەهزەلەیەی تاڵەبانی چ بەهایەکی هەیە ؟ 

لەم ڕۆژانەدا خەریکی خوێنەوەی نامەکانی " نازم حیکمەت" بووم بۆ مەمەدی کوڕی ناردووە، نامەکان هێندەی باڵای دووکتێب لە دووبەرگی جواندا نووسراون و کۆکراونەتەوە.
 نامەکان لە شاعیرێکەوەیە کە چەپە و لەزیندا نوسیوێتی ، نامەکان تەنها نامەنین بۆ منداڵێک یان ژنێک نوسرابێت ، بەڵکو دەیان لێکۆلێنەوە قسەکردن لەسەر ئەدەب و زیندانی، دادگا، یاسا، نەخۆشی دەیان لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دوو توێی نامەکاندا هەیە، شایستەی خوێنەوەیە. من جاران نازم حیکمەتم خۆش نەدەویست، ئەگەر ڵێم بپرسی بۆ ؟ نازانم، بەڵام ئێستا بە بەراورد بە نامەی ئەم کەسایەتییە سیاسییانەی کورد و تەنانەت هەندێک لە شاعیر و ئەدیبەکانمان دەڵێم سوپاس نازم حیکمەت، چونکە فێرت کردم بەو مانایەی، کە نامە چ گێڕانەوەیە چۆن گرنگە بۆ مێژووی ئەو کاتە.
پێشتریش نامەکانی جەواهیر لال نەهرۆ بۆ کچەکەی و نامەکانی فروغی فروغزادەشم خوێندبوویەوە. ئەوان لەنامەکانیاندا شتێک دەڵێن، بەڵام تاڵەبانی نەک هیچ ناڵێت، بەڵکو بەدرۆ و فیشاڵ بە کوردییەکی تێک شکاو بە ئیملایەکی پر هەڵە باسی سەردەمێکمان بۆ دەکات، کە کۆماری ئیسلامی لەئێران دروست دەبێت و ڕژێمی شا دەڕوخێت، کەچی ئەو پێی خۆشە و خەنییە ، کە پەیوەندی لەگەڵ خومێنیدا دروستکردوە .
ڕاستی من لەوە ناگەم چۆن ئەمانە بوونەتە ڕابەر؟
مرۆڤ کاتێک نامەکەی سیاتڵ سەرۆکی هیندە سورەکان دەخوێنێتەوە هەست بەشەرم دەکات، کە ئێمەی کوردیش خاوەنی تاڵەبانی یان مەسعودین و لە مێژوویەکدا ژیان دەکەین ئەم پۆخڵانە مێژووی گەلێکت بۆ تۆمارکەن .

دواجار سادق هیدایەت جوان دەڵێت: "تۆش ئەی نابینا خەم مەخۆ لە دونیادا شتێکی جوان نییە کە شایەنی بینین بێت ، بۆیە ئێمەش کە دەبینین خۆمان کردوە بەکوێر .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە