هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


دیـدار لەگەڵ نووسەری منـداڵان مامۆستا عـەلی حەمەڕەشـید بەرزنـجی

Sunday, 06/10/2019, 21:55

6666 بینراوە


مامـۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید، نـووسـەرێـکی بـە تــوانـا و ناسـراوی نووسـین هەمەڕەنگەیە، لە بواری لقەکـانی ئـەدەبی منـداڵانی کورد دا، هـۆنـراوەنـووس و چـیرۆکنووس و ئۆپـەرێت نـووسـێکی شارەزایە.. تا ئێـستا چەنـدیـن هـۆنـراوە و چـیرۆک و ئۆپەرێتی بۆ منـداڵانی کوردمان نووسـیوە و لە پەرتـووکی چاپکراو و لە گۆڤارەکانی منداڵان دا بڵاوی کردوونەتەوە. مامۆستا عەلی حەمەڕەشید وەکوو مامۆستایەک و سەرپـرشـتیارێکی پـەروەردەیی، تێکەڵ بە جـیهـانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرەی منـداڵانی کوردمان بووە، لە نزیکە و لە هـیوا و لە خواست و لە خەونە سەوزەکانیان و لە راز و نیازی پاکی منداڵانی دڵـپاک و بێـتاوانی کـورد تێگەیشـتووە و شارەزای لە فەرهـەنگی زمـانیان بـووە.. بیرۆکەی نووسینەکـانی نامۆ نین و لە ژیان و ژینگەی منداڵانی کوردەوە ئیلهامی بۆ هاتوون و کـردوونی بە هـەوێنی بابەتەکانی نووسینەکـانی و بە زمانیـێکی شـیرین و ئاسان و رەوان و پەتی کوردی لە چوارچـێوەی هـۆنراوەی شـیرین و چـیرۆکی جـوان و ئـۆپـەرێتی خۆشدا بە شیوازێکی ناسک و ستایلێکی سەردەمیانە بۆی داڕشتوون.. توانیوێتی خۆی لە دڵی منـداڵانی کورددا شـیرین و خۆشەویست بکات.. کێشی هۆنراوەکانی خۆماڵی کوردین (بڕگەیین) و سەروای هۆنراوەکانی سووک و ئاسانن و رەوانن، دێڕەکانی کورتن.. بە ئاسانی منداڵان چـێژیان لێوەردەگـرن و لەبەریـان دەکـەن و بەشێکی زۆری هۆنراوکانی ئاوازیان بۆ داناون و کـراون بە سروود و گۆرانی و بە دەنگی منداڵانی کورد تۆمارکراون لە هەنـدێ لە کەناڵە تەلەفـزیۆنییەکانـدا، لە ماوەی منداڵانـدا پێشکەش دەکـرێن.. مامۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید نووسەرێکی هۆشیار و داهێنەرە و باش لەوە تێگەیشتووە، کە منـداڵانی ئەمـڕۆمـان، نـەوەی شـۆڕشی تـەکـنەلـۆژیـا و داهـێـنانی سـەیـر و سەمـەرەن.. نـەوەی تەلـەفـزیـۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینتەرنێت و ئایپادن. پێویستە ئەدەبی منداڵانیش بەپێی خواست و هـیوا و حـەز و خـەونـەکـانی منـداڵانـی ئـەم سـەردەمـە بێـت و هـانـیان بـدات بـۆ دۆزینـەوە و داهـێنان.
لەم دیدارەدا لەگەڵ مامۆسـتا عـەلی حەمەڕەشید، دەربارەی ئەمـڕۆ و داهـاتووی ئـەدەبـی منـداڵانـی کـورد و خـۆنـاسـانـدنـی بـە خـوێنـەرانـی ئـەم بـوارە، چـەنـد پرسیارێکمان لە مامۆستا عـەلی کـرد. بە پێخۆشحـاڵی و راشکـاوییەوە، وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.. ئەمەش دەقی پرسیارەکانی ئێمە و وەڵامەکانی مامۆستا عەلی حەمەڕەشیدە.

پرسیار: مامۆسـتا عـەلی هەرچەنـدە بەڕێـزتـان نووسەرێـکی ناسـرای بـواری ئـەدەبی منداڵانن.. بە لای خوێنەرانی ئەم بوارەوە ناسراون.. حەزەکەین زیاتر خۆتان بە خوێنەران بناسن.

وەڵام: ناوم(عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) یە لە ساڵی ١٩٦١ دا لە شـارۆچکەی بەرزنجە لە دایک بووم، خوێندنی سەرەتایی و نـاوەنـدیم لە بەرزنجە و لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٣ بووم بە مامۆستا و لە گوندی مۆریـاس لە ـ سنوری شارۆچکـەی بەرزنجـە دامەزرام.. دواتـر گواسترامەوە بۆ بەرزنجە. چەند ساڵێکیش لە ئۆردوگای باریکە و لە قوتابخانەی (برایـەتی) مامۆستا بووم. پاشان گوازرامەوە بۆ قوتابخانەی (ئـاری) لە سلێمانی کە مـاوەی ١٦ ساڵ لەوێ مامۆسـتا بووم، وانەی بیرکـاریم دەوتـەوە. ھەرچەنـدە پسپۆڕی گشتی بووم. لەو ماوەیـەدا کە لە قـوتابخـانەی (ئـاری) بـووم کـە لـە ئێسـتادا نـاوەکـەی کـراوە بـە قـوتـابخـانـەی (ئیـبراھـیم پـاشـا) بـە ھــاوکـاری بـەڕێــوەبـەر و یـاریــدەدەران و مامۆسـتیانی قوتابخـانەکە (٧) ژمارەمان لە گۆڤارێک دەرکرد کە ساڵانە بـوو، بە ناوی(گـۆڤـاری ئـاری) و بێ بەرامبـەر دابـەشـمان دەکـرد بەسـەر پەروەردەکـانی دەورو بـەر و قـوتـابخـانـەکـانی نـاو شـاری سلـێـمانـی دا. کـە زیـاتـر ئـەرکەکــان لەسـەر شـانی مـن بـوون و یەکـێکە لـەو کـارانـەی کـە شـانـازییـان پێـوە دەکـەم. دوو سـاڵ سەرپـەرشـتـیار بـووم، ھـەر ھــاوکـاریـان بـووم. کـۆمـەڵـێک بـابـەتی پـەروەردەیی و زانسـتی و کۆمـەڵایەتی تێـدابوو، لە گـەڵ مـێژووی دروسـبـوونی قوتابخـانەکە و چالاکییەکـانی. لە ساڵی ٢٠١١ دا، بەشـداری تاقـیکـردنـەوەوەی سەرپەرشـتیاریم کرد و پلـەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی/ بیرکاریم وەرگرت و نزیکەی ٨ ساڵ لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سیدێـادق سەرپەرشتیاری بیرکاری بووم کە لەو ماوەیەدا لەگەڵ ناسینی کۆمەڵێک ھـاوڕێی نوێ لەو سنورەدا، توانیم خزمەت بە بواری پەروەردە بکەم و ببمە ھـۆی دابینکردنی پەرتوک و نامیلکە و گۆڤـاری تایبەتی منـداڵان، بۆ سەرجـەم قـوتابخـانە بنەڕەتییەکـان و بـاخچـەکـانی منـداڵانی سـنورەکە و دەوڵەمەنـدکردنی پەرتوکخـانەی قوتابخـانەکـان .ھەروەھـا لەگەڵ چەنـد سەرپەرشتـیارێکی ھـاوڕێم بەھـاوکـاری بەڕێوەبـەر و یـاریـدەدەری بەڕێـوەبـەرێـتی گـشـتی سـەرپـەرشـتیکـردنی پـەروەردەیـی سـلـێمانی، تـوانیـمان گۆڤاری(ئاراستەی پەروەردەیی) دەربکەین کە گۆڤارێکی وەرزییە و (٦) ژمارەی لـێـدەرچـووە و بـەردەوامـە.. ئەمـسـاڵ ٢٠١٩ گـوازرامـەوە بـۆ بـەڕێـوەبـەرێـتی پەروەردەی ڕۆژھـەڵات / یەکـەی سەرپـەرشتیکـردنی پـەروەردەیی/ ڕۆژھـەڵات، کۆتا کـارم لە سیدێادق پەرتوکێک بوو بە ناوی(چـنار و ھـێمن) کە پەرتوکخانەی بێخـود بۆیـان چـاپکـردم زۆر سـوپـاسیان دەکـەم، بێـبەرامبەر بەسەر سـەرجـەم قوتابخانە بنەڕەتییەکـانی سنوری سیدێادق دا دابەشکرا، ھەروەھـا لە سەرەتـای دەست بەکـاربوونیـشم لە یەکـەی سەرپەرشتیکـردنی پـەروەردەیی/ ڕۆژھـەڵات، سلێمانی، پەرتوکێکی ترم لەسەر ئەرکی خۆم چاپکرد بەناوی(ئاوازی شادی) کە بریتی بـوو، لە ئۆپـەرێت و ھـۆنـراوەی تایبـەت بە منـداڵانی باخچـەی منـداڵان و لەلایەن بەشی پرۆگرامەکان لە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلـێمانی یەوە گەیشتە سەرجەم باخچەکـانی منـداڵانی سنوری بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کە زۆر سوپـاسیان دەکـەم. ھەر گۆڤـارێک لە ھەرشوێنێکی کوردسـتان دەرچوو بێت و دەربچێت ھەوڵمداوە کە بابەتیان بۆ بنـێرم و لەوێ بڵاو ببێـتەوە. لەم گۆڤـارە تایبەتانەی منـداڵان دا ھـۆنـراوە و چـیرۆکم بۆ منـداڵان بڵاوکردۆتەوە (پەپـولە، جگەرگۆشەکان، گوڵەکان، خەنـدە، جۆلانێ، حاجـیلە، کۆلارە، کەنـاری، تـۆم وجـیری، منـداڵی ســەردەم، سـمۆرە، کـانی،سـڤـۆرە، ماڵی سـمۆرە، بـەرات، پێنوسەکـەم، بەرخـەکەم، ھـیوای تـۆ، نایـە، زەنـگ و بەنـگ، گـۆران، شەمـامە)
ھەروەھـا لە زۆربـەی ماڵپـەڕە ئەلکـترۆنییەکـانیشدا، بابەتەکـانم بڵاودەکـەمەوە.

پرسیار: لە کەیـەوە ھۆگـری جیھانی ئـەدەبی منـداڵان بـوون؟

وەڵام: ھەر لە منداڵییەوە کە لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی بووم خولیای خوێندنەوە و نوسین بووم کە ئەو کاتە برا گەورەکەم کۆمەڵێک پەرتوکی باشی ھەبوو لەگەڵ دیوانی زۆربەی شاعیران و ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی ئەو کاتە دەردەچوون، من لەگەڵ پەرتوکەکـانی قوتابخـانە ھـەوڵم دەدا کە ئەوانیش بخـوێنمەوە، حەزیـشم بە شانۆیی دەکرد و بەشداریم دەکرد وەک ئەکتەر لە پۆلی حەوت و ھەشتی بنەڕەتی دا ، بەڵام زیاتر حەزم بە نوسینی ھۆنـراوە دەکرد، کە ئەمەش ھـاوڕێ نزیکەکانم دەیانـزانی. دوای بنـەڕەتی چەنـد ھـاوڕێیەکـم لە خوێنـدن دا، بە ھـۆی نوسیـنەوە ناسیوە و تا ئێستاش پەیوەندیمان ھەیە و ئەوانیش لە بوارەکەی خۆیانـدا کەسانی دیـارن ،وەک ھاوڕێی ھونەرمەنـد (بەختیار بەمـۆ) و ھـاوڕێی ھونەرمەنـد (ئـازاد سەوزە) ، بەڵام کە بووم بە مامۆستا و یەکەم دامەزراندنیشم لە گوندی(مۆریاس) بـوو لە سنوری بەرزنجە کاتێک لەگـەڵ قوتـابییەکـانـدا دەدوام و وانـەم پێـدەوتن، ھەستم کرد کە بۆشاییەک ھەیە و منداڵان تینووی ھـۆنراوە و چیرۆکی تایبەت بۆ خۆیانن و منیش دەتوانم بەشداربم لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەدا، بۆیە لەوێوە و لـە سـاڵی ١٩٨٤ وە، وردە وردە دەسـتـم کـرد بـە نـوسـین و بـۆ قـوتـابیـیەکــانـم دەخوێنـدەوە و مامۆستایـانی ھـاوڕێشـم ھـانـدەرم بـوون، ئیـتر بەردەوام بـووم و چونکە بەھـرەی نوسینم ھەبـوو، ئیتر ئەو کاتە یەکـەم ھۆنةراوەم لە ڕۆژنـامەی ھاوکـاری دا بڵاو کردەوە، کە لە کۆتـا لاپەڕەیدا چیرۆک و ھـۆنراوەی بۆ منداڵان بڵاودەکردەوە، ئیتر بەردەوام ھۆنـراوەم دەنارد و بۆیان بڵاو دەکـردمەوە لە ساڵی ١٩٨٥ دا، ئیتر بەتەواوی ھۆگـری ئەدەبی منداڵان بـووم و لەو کـاتەوە تا ئەمـڕۆ بەبەردەوامی بۆ ئەو جیھانە جـوان و پاک و شـیرینە دەنووسم و شانـازیشی پێوە دەکـەم.. ھـیوادارم کە خـزمەتێکی بچـوکم بـە ئـەدەبی منـداڵانی کورد کـردبێت.

پرسیار: ناوی ئەو پەرتوکـانەی تا ئەمڕۆ بۆ منداڵانی کورد لە بواری چـیرۆک و ھـۆنـراوە و ئۆپـەرێتـدا چـاپتان کـردوون .. ناوەکـانیـان چـین؟

وەڵام: بەخۆشحاڵییەوە تا ئێستا ئەم بەرھەمانەم پێشکەش بە دنیای ڕەنگاڵەیی و جـوانی منداڵان کـردووە.

١ـ سـرودی کوردسـتان....ھـۆنـراوە... ساڵی ٢٠٠٩.
٢ـ ڕازی قوتابییەکی زیـرەک.... چیرۆک و ھـۆنـراوە... ساڵی ٢٠٠٩.
٣ـ دیـاریی..... ھـۆنـراوە... ساڵی ٢٠١٠.
٤ـ بولبولـێکی زیـرەک.... چیرۆک.. وەرگێڕان لە عەرەبییەوە ٥ـ فـڕفـڕۆکە.... ھـۆنـراوە.... ساڵی ١٩٩٥.
٦ـ خەنـدەی ئـاوات.... ھـۆنـراوە.... ساڵی ١٩٩٨.
٧ـ ئافـەرین.... ھۆنـراوە.... ساڵی ٢٠٠٠. کە ٣جـار چـاپکـراوەتەوە
٨ـ دیـاری و سەردان.... چـیرۆک... ساڵی ٢٠٠٤ کە ٣ جار چاپکـراوەتەوە.
٩. کۆڤـین و ھاوڕێکانی... ھۆنراوە ... ساڵی ٢٠٠٨. دوو جار چاپکراوەتەوە
١٠ـ جەژن.... ھـۆنـراوە... ساڵی ٢٠٠٩.
بەدەستکارییەوە.. ٢٠١٢ کە ٢ جـار چاپکـراوەتـەوە.
١١ـ مامۆستای کوردی..... چـیرۆک و ھـۆنـراوە... ساڵی ٢٠١٠.
١٢ـ بوکەکەم بە کوردی گۆرانی دەڵێت..... چـیرۆک... ساڵی ٢٠١٣.
١٣ـ گەشتەکەی گـوڵێ..... چـیرۆک... ساڵی ٢٠١٣.
١٤ـ ئەسپ و فـیل..... چـیرۆک... ساڵی ٢٠١٣.
١٥ـ یـاریی بیرکـاری..... چیرۆک وھـۆنـراوە... ساڵی ٢٠١٣.
١٦ـ منـداڵ و فـیلم کـارتۆن..... شانـۆیی و ئۆپـەرێت... ساڵی ٢٠١٣.
١٧ـ چنار و ھـێمن.. ئۆپەرێت و ھۆنراوە بۆ منداڵان ... ساڵی.. ٢٠١٩
١٨ـ ئاوازی شادی.. ئۆپەرێت و هۆنراوە بۆ منداڵانی باخچـەی منداڵان ٢.١٩
١٩ـ مریشکە کونج. بە ( PDF ) کراوە کە چیرۆک و ھۆنراوەیە. ساڵی ٢٠١٧
٢٠ـ جۆلانێ... ھـۆنـراوە... ساڵی ٢٠١٩. چاپەکەنی مانگ لە شاری بانە بۆیان کـردووم.
چەند بەرھەمێکی تریشم ئامادەن و لە دەرگەی چاوەڕوانی چاپدان !

پرسیار: لە ئێستادا ئەدەبی منداڵانی کورد، لە چ ئاستێکـدا بەدی دەکەن؟ ئایا پێتان وایە، کە لە ئاسـتی ھـیوا و خـەون و حـەز و خواسـتەکـانی منـداڵانی کـورد دایـە؟

وەڵام: ئەدەبی منداڵانی کورد وەکو ئەدەبی منداڵانی وڵاتانی دراوسێ خۆشبەختانە ھەنگـاوی باشی نـاوە و، کۆمەڵـێک شاعـیر و نووسەری دڵسۆز و خـەمخـۆر بـۆ ئەدەبی منـداڵان کـار بۆ ئـەو دنیا جـوانەی منـداڵان دەکەن، بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵی خۆیان خسـتۆتە گەڕ و بەردەوامن لە خـزمەتکردنـدا. ھەرچەنـدە تا ئێـستا نوسەری یان شاعـیرمان نییە کە بەتایبەتی ھـەر بۆ منـداڵان بنوسـێت و خـۆی بـۆ ئەو بـوارە تەرخـان کردبێت، بەڵام لە ئاستی تەواوی خـواست و ھـیوا و خـەون و حەزەکانی منداڵانی کورددا نین، کە ئەمەش بۆ کۆمەڵـێک ھۆکـار دەگەڕێتەوە، کە ئەوانیش کەمی تیراژی ئەو پەرتوک و نامیلکـانەیە کە بۆ منـداڵانی کورد چـاپ و بڵاودەکـرێنـەوە، کە بەگـشـتی لـە (٥٠٠) دانـە تێـپەڕ نـاکـات، نەبـوونی مـەرجی پەرتـوکی منـداڵان لـەو چـاپکـراوانـەدا، وەک رەنگـاوڕەنگی، لەمـمـاعی، وێنـەی رەنگـاورەنگ و گونجـاو، نەشارەزایی ھەندێک لەوانەی کە بۆ منداڵان دەنووسن بـە تایبـەتی بـواری سـایکـۆلـۆژی منـداڵ، کـاریگـەری بـواری ئـابـوری خـێزان و رۆشنـبیری خـێزان دەربـارەی خوێندنـەوەو سود و گرنگی خوێندنەوەی منداڵان.

پرسیار: بەڕێـزتان وەکـو مامۆسـتایەک و سەرپەرشـتیارێکی پەروەردەیی، تـا چ ڕادەیەک ئەدەبی منـداڵان کارتێکـردنی لەسەر پـەروەردە و بنیاتـنانی کەسـایـەتی دروسـت و لە ئاینـدەی منـداڵان ھـەیە؟

وەڵام: ئێـمە بمـانەوێ و نەمـانەوێ، ئـەدەبی منـداڵان کـاریگـەری بـاشی ھـەیە و ھەبووە لەسەر پەروەردەی منداڵ، لەسەر ڕۆشنبیر کـردنی منداڵ، دروستبوونی کەسـێـتی منـداڵ، کـە زۆربـەی زانـایـانی دەرونـنـاسی لەســەر ئــەوە کـۆکـن کـە دروستبوونی کەسێـتی منداڵ لە تەمەنی باخچە و پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دایە بۆیە گـرنگـیـدان بـەو قـۆنـاغە پێـویستە و ئامـادەکـاری بـاشی دەوێـت، چـونکە منـداڵ بنچـینەی بنیاتنـانی کۆمـەڵگـەیە و دەتـوانیـن لـە ڕێگـەی چـیـرۆک و ھـۆنـراوەی پەروەردەیی گونجـاو بۆ ئەو قـۆنـاغە ئەو کـارە ئەنجـام بدەین. تا ئایندەیـان گەش بێت و کەسێکی وریـا و چـالاک و وشـیار دەربچـن.

پرسیار: یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی ئەدەبی منداڵان، ئامانجێکی نیشتمانییە.. تا چ ڕادەیەک نووسەرانی ئەدەبی منـداڵانی کورد ،توانیویاـنە ئەم ئامانجە بقۆزنەوە و لە ڕێی نووسینەکانیانەوە، ھـانی منـداڵانی کـورد بـدەن بۆ زیاتر شیرینکـردن و ھـاوبەستەبوونیـان بۆ گـەلی کـوردمان و بـۆ کوردسـتانی نیـشـتمانی پیـرۆزمـان؟

وەڵام: ھەر کەسـێک بۆ منـداڵان دەنـوسـێت ئاگـاداری ئەو پەیامـەیە کە پێویسـتە لەڕێـی ھـۆنـراوە و چـیرۆک و ئۆپـەرێتە تایبەتەکـانەوە بیگـەیـەنێت بـە منـداڵان، خۆشەویستی دایـک و بـاوک و مامۆسـتا و خـاک و نیشـتمان و ژینـگە و .....، دروستکـردن و بنیاتنانی کەسایەتییەکی مـرۆڤـدۆست و دادپـەروەر و ڕاسـتگۆ و جـوان بین و چـالاک و ڕۆشنبیر و ئازا و ئازاد، پێویستە ڕەنگدانەوەی ھەبێت و بەپێی قۆناغەکـانی تەمەنی منـداڵی نوسرابن، تا کـاریگەرییان ھـەبێت،ن یشتمان پەروەریی و خۆشەویستی خاک و وابەستە بوون بە کوردستان و ژینگە جـوان و نازدارەکەی ئامانجێکی گرنگە و نوسەرانی بواری ئەدەبی منداڵانی کورد ھەوڵیان داوە کە باسی بکەن و بیـگەیەننە منـداڵ بە جۆرێک کە کاریگەری تەواوی خـۆی ھەبێت. من دەتوانم ھۆنراوەیەکی خۆم لێرەدا بە نمونە بھێنمەوە کە بۆ کوردستانم نوسیوە.
کوردســتانە کوردسـتان
خـاکە پیــرۆزەکـەی من
خۆشەویستە و بێ وێنە
نیشـتـمانـێــــــکە مەزن
..........
بستێک لەم خاکە جوانە
لای من گـشت دنیا دێنێ
با ھەموو ھـەوڵ بـدەین
تا بـە جـــــوانی بمــێـنێ
ھەرکەس لە کـارەکەیـدا
دڵسـۆزی خـۆی بنـوێنێ

لای شاعیرانی تریش نمونەی لەم شێوەیە ھەیە و پەیامێکی پێویستە کە بگاتە منـداڵانی کـورد.

پرسیار: لە ئەمـڕۆدا نووسـین بۆ منـداڵان لەبـەردەم شۆڕشێکی تەکنەلـۆژیـا و گـۆڕانکـاری خـێرا و داھـێنانی سەیـرو سەمـەرە دایـە، لـە ھـەمـوو بوارەکـانی ژیاندا، منداڵانی ئەمڕۆشمان منداڵانی سەدەی ڕابردوو نین، ھــیوا و خـەون و خواستەکانیشیان ھەمان ھیواو خەون و خواست و پێویستییەکان نین، پێویستە نووسەرانی ئەمڕۆی ئـەدەبی منـداڵانی کوردمان ئەم ڕاستییانە لەبەرچاو بگرن، نووسینەکانیان پڕ بە پێستی ژیانی ئەم ڕۆژگـارە تازەیە بن، نووسەری داھـێنەر ئەدەبێکی رەسەن و نوێ، کاریگەری و ڕەنگـدانەوەیەکی قووڵی ئەرێنی لەسەر گەشەکردن و فـراوانکردنی بیر و ھۆش و ئەندێشە و لایەنی بایۆلـۆژی منداڵان ھـەیە، منـداڵان دەتـوانن باشـتر چارەسەری کێشەکـانیان بکـەن، ڕای مامۆسـتا عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی لەم ڕووەوە چـییە؟

وەڵام: ڕاستە ئەمڕۆ تەکنەلـۆژیا وەکو شـۆڕشێکی دیـار و کاریـگەر بە لـێشاو گۆڕانکـاری و داھـێنانی نـوێ دەخـاتە بەردەم مـرۆڤ بەگەورە و بچـوکەوە و ھـەرگـیز منـداڵانی ئەمـڕۆ وەکـو منـداڵانـی دوێـنێ نیـن و هــیوا و خـواسـت و پێداویستییەکانیشیان زۆر و جیـاوازن، بەڵام ئەمـە ئەوە ناگـەیەنێ کە ئـەدەبی منـداڵان فەرامـۆش کـرابێت ،بەڵام نوسەری بواری ئەدەبی منداڵان واباشە کە ئەویش زیـاتر ئاگـاداری گۆڕانکـاری و داھـێنانە نوێکـان بێـت و ھـەوڵ بـدات بەشێوەیەکی سەردەمیانە لە نوسینەکانیدا جێیان بکاتەوە و وەکو پێویست باسیان بکات و سـود و زیانەکانی ئەو ئامێر و یارییە ئەلکـترۆنییانە بکـات و بە زمـانی منـداڵ و شێوازێکی شیاو، لای من نوسین بۆ منداڵ بەشێوەی پەرتوک و گۆڤاری تایبـەت بـۆ منـداڵان کاریگـەری باشـتری دەبێـت لەسـەر منـداڵ و چـێژی تایبـەتی خۆیشی دەبێت. من لە چـیرۆک و ھۆنراوەشدا ھەوڵی ئەوەم داوە کە ئەو داھێنانە لە نێو چـیرۆک و ھۆنـراوەکانمدا جێ بکەمەوە. لە ھۆنراوەی (ئایپـاد) و چیرۆکی (خەونەکەی بـاران) بە روونی دیـارن.
خەونەکەی(بـاران)

(بـاران) لەگـەڵ ئـەوەی کە زۆر حـەزی لە قـوتابخـانە بوو، بەڵام ھەنـدێک جـار بێـزاری خۆی دەردەبـڕی، چونکە پەڕاو و پەڕتوکەکـانی زۆر قورس بوون، کە دەگـەڕایـەوە جـانتـاکـەی دەکـردە شـانـی، پـشـتی دەیـدایـە ئـازار. ڕۆژێــک دوای گەڕانەوەی لە قوتابخـانە پشـوویەکی کەم، ئایپـادەکەی ھـێنا و لە دڵی خۆیدا وتی خۆزگە لە جیـاتی پەڕاو و پەڕتـوک تەنھا ئەم ئاپیـادەم دەبرد بۆ قوتابخانە. بەدەم بیرکـردنەوە لەو بابەتە، چونکە مانـدوو بوو خەوێکی ئـارام ئامێزی بۆ کـردەوە. (بـاران ) خەونێـکی خـۆشـی بیـنی، کە بـە ئاگـا ھـاتـەوە چـووە لای ھـاوڕێکـانی وخەونەکەی بۆ گـێڕانەوە، لە خەونمدا مامۆسـتا بووم ، لەگەڵ مامۆستاکانی تردا ھەموو پەڕتوکەکانی پۆلی یەکمان سکان کرد و بە قوتابییەکانمان وت کێ ئایپادی ھـەیـە، بەیـانی لەگـەڵ خـۆی بیھـێنـێت! چـەنـد خـۆشـبوو ھـەمـوو ھەیانبـوو. بـۆ بەیانی ھەمـووان ئاپادەکـانیان ھـێنابوو ناوی خۆشیان لەسەر نوسی بوو . لێمان وەرگـرتن و بابەتە سکانکـراوەکانمان لەسەر ئایپـادی ھەریەکەیـان دابەزانـد. بۆ ڕۆژی دواتـر لەسـەر ئـاپیـادەکە وانەیـان دەخـوێنـد و ھـەر لەسـەر ئـایپـادەکـەش ئەرکەکانیان دەنوسیەوە, لە وانەی پێنجەمدا پێمان وتن بۆ بەیانی پێویست ناکات جانتا قورسەکانتان بھـێنن. چونکە ئێستا ھەمـوو بابەتەکـان لەسـەر ئایپادەکـانتان ھـەن. بـاران بە پێکـەنینەوە وتی: بەداخـەوە کە بە ئاگـا ھـاتمـەوە تەماشـادەکـەم مامۆسـتا نیـم وھـەروەک جـاران قوتـابیم! جـانتا و ئایپادەکەشم ھـەروەک خۆیـان ماونەتەوە، ئیتر ھەمـووان دایـانە قـاقـای پێکـەنین و وتـیان: خۆزگـە خەونەکەی بـاران دەھـاتە دی بـۆ ھەمـووان.

پرسیار: ئایـا تـا ئێـستا بەڕێـوەبـەرێتـی ڕۆشـنبـیری منـداڵان سـەر بـە وەزارەتـی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەکو پێویست ئـاوڕیان لە ڕۆشـنبیری و ئـەدەبی منـداڵان داونەتـەوە؟

وەڵام: ئەوەندەی ئاگاداربم وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابـردوودا لە ڕێگەی (بەڕێوەبەرێتی زنجـیرە کتێبی منداڵان) لە ھەولێر و (بەڕێـوەبـەرێتی خـانەی سمۆرە ) وە لە سلـێمانی کۆمەڵێک کـاری زۆر جـوان و باشـیان کـردووە بـۆ منـداڵان ئـەویـش بـە چـاپکـردنی کـۆمەڵـێکی زۆر کـتـێب و نامیلکەی منداڵان کە بەشێوەیەکی سەردەمییانە و گونجاو چاپیان کـرد بوو ، کە بە سوپاسەوە ئـەو دوو بەڕێـوەبـەرێتـییە یەکی نامیلـکەیەکیـان بـۆ چـاپ کـرددم ،(وانـەی کوردی و دیـاریی)، بەڵام تیراژیان کـەم بووە کە دەبـووایە زۆر بووایە چـونـکە بـۆ منـداڵانـی ھـەمـوو کـوردســتانـیان دەکـرد. بەداخـەوە کـە ئـەو دوو بەڕێوەبەرێتییە لە ئێستادا نەماون و تەنھا گۆڤاریش کە گۆڤاری(ھەنگ) بوو کە ھی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردسـتان بوو بۆ منـداڵان ئەویش وەستاوە، خۆزگە ھەرسێکـیان دەکەوتنەوە کار،بچونکە ئەوانە پێویستییەکی دنیا جوانەکەی منداڵانن. دەتـوانـیین بڵێـین کە وەکو پێویسـت ئاوڕیـان لە ڕۆشـنبیری منـداڵان نەداوەتەوە. چونکە حکومەت واباشە گۆڤاری تایبەت و دەزگای تایبەتی پەخـش و بڵاوکـردنەوەی تایبـەتی بۆ منـداڵان ھـەبێت.

پرسیار: گۆڤارەکانی منداڵان، ڕۆڵێکی کارتێکەرییان لە ڕۆشنبیرکردن و لە گەشە کردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵانی کوردمان ھەیە، لەوانەش گۆڤـاری(پەپـولە) و (گوڵەکان) و (سڤۆرە).. ئایا ئەم گۆڤارانە لە ڕووی چەندێتی و چۆنییەتییەوە لە ئاسـتی خواسـت و هـیوا و تمـوحی منـداڵانی کـورد دان؟

وەڵام: دەربارەی رۆڵی گۆڤـارەکانی منـداڵان لە پەروەردەکرد و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵانی کورددا بابەتێکم بڵاوکردۆتەوە کە لە سایتەکانیشدا دامبەزاندووە، بە وردی باسی ئەوەم کـردووە، بەڵێ گۆڤـارەکانی منـداڵان ڕۆڵی زۆریان ھەیە لە رۆشنبیر کردن و گەشەکردن و پیشکەوتنی ئەدەبی منداڵان دا. گۆڤاری (گوڵەکان) کە تائێستا (١٣٨) ژمارەی لێدەرچووە و (پەپولە) کە (٢٦٢) ژمارەی لێدەرچووە و (سڤـۆرە) کە ٢٢٠ ژمارەی لێدەرچووە، ھەریەکـێک لەو گـۆڤـارانە لە ئاسمانی رۆژنامەگەری منداڵانی کورد دا بە گەشی دیـارن و خزمـەتێکی باشیان بە منداڵ و بە ئەدەبی منـداڵان کـردووە، بەڵام ماویـەتی بەتەوای بگـەنە ئاسـتی خواستەکـانی منداڵان، گوڵەکان لەم ٣ ژمارەی دواییدا گۆڕانکـاری و پێشکەوتنی پێـوە دیـارە و لـە ھـەوڵی باشـترکـردنی گـۆڤـارەکە دان، پەپـولـەش یەکـێکە لـەو گۆڤـارانەی کە بەردەوامی لە ساڵی ١٩٩٢ وە دەردەچـێت پێشکەوتنی باشی بە خۆیـەوە بینیوە و تا ڕادەیەک جیاوازی پێـوە دیارە و سڤـۆرەش کە لە شاری دھۆک دەردەچێت و بە کەمی دەگاتە سـنوری سلێمانی ئەمیش پێشکـەوتنی بەخـۆیەوە بینیوە بەڵام زیاتر بابەتەکانی بە شـێوەی بادیـنی بـڵاو دەکـاتەوە و مـن چەنـد بابەتێکـم بـۆ نـاردوون بەسوپاسەوە بڵاویان کردۆتەوە کە لەو ژمارانەدا تەنھا ھۆنراوەکەی من سـۆرانی بووە. بەگشتی من پەیوەنـدی باشم لەگەڵ ئەوان و گۆڤـارەکانی تریش دا ھـەیە و بە ھەموو توانایەکیانەوە ھەوڵی خزمەتکردنی ئەدەبی منداڵان دەدەن و کۆمەڵێک لە نوسەران و شاعـیران و وەرگێڕکارانی بواری ئـەدەبی منداڵان لەو گۆڤـارانە و گۆڤـارەکانی تری منـداڵان دا بەرھەمەکـانیان بڵاو دەکەنـەوە.

پرسیار: نووسـەرانی بـواری ئەدەبی منـداڵانی کورد، تا چ رادەیـەک توانیوویـانە سـوود لە کەلەپـووری نەتەوەیی و لە داستان و لە مێـژووی پـڕ لە شانـازی و لە بەسەرھـاتەکانی گەلەکەمـان وەربگرن؟ لە ھـۆنـراوەکـانی (لەتیـف ھەڵمـەت) دا، بۆ منداڵانی کورد، ئەم ڕەنگـدانەوەیە بەدی دەکـرێت؟ ڕای ئێوە لەم ڕووە چییە؟

وەڵام: نوسین وەک بەرپرسیارێتی وایە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەنووسن و بە تایبەتیش لە نوسـین بۆ منـداڵان دا بەرپرسـیارێتییەکە زیـاترە، بۆیە نووسـەر بۆ ھەوێنی نوسینەکاـنی ھەمیشە دەتـوانێت سود لە بیرەوەرییەکانی منداڵی خۆیشی وەربگـرێت و ھـەوڵی ئەوەش بـدات کە سود لە کەلەپـور و فۆلکلۆری نەتەوە و گەلەکـەشی وەربگـرێت تا وەک سەرچـاوەیەکی گـرنـگ بەکـاریان بھـێنـێت و لە ھەمـان کاتیـشدا بە منـداڵانی کوردی بناسێنـێت. ئەگـەر سەرنـج بدەین بێجگە لە لەتیـف ھەڵمـەت نوسەر و شاعـیرانی تریش سودیـان لێوەرگـرتووە و بەکـاریان ھـێناوە، کە چـێژێکی تایبـەتی بە بابـەتـەکە بەخـشیوە و مـۆرکی کوردانـەشی بە جـوانی پێـوە.. دیـاربـووە من بەکـارم ھێناوە وەک خۆم، بۆ نمـونە لە ھۆنراوەی بــاران دا، دەڵـێم:
مـنـــداڵی وردیــلە و جـــوان
ســـروود دەڵــێن بـۆ بـــاران
پێکەوە گشت بە یەک دەنگ
بـە ئـاوازێـــکی قـەشـــەنگ
دەیـڵـــێـنەوە بـێ وەســـــتان
((ھـەیــــاران و مـەیـــــاران
یا خــوا داکــــــاتـە بــــــاران
بـۆ فـەقـــــیـر و ھـــــەژاران

پرسیار: قەیران و کێشەی دارایی گەورەترین کێشەیە لە ڕێی چاپکردنی پەرتوکی منـداڵان بە شـێوەیەکی ھونەری پێویست و لەبـار، ھەروەھـا نەبوونی دەزگایەکی تایبەت بە چاپکـردن و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەکـانی نووسەرانی بـواری ئەدەبی منـداڵان ھـۆکـارێکی سـەرەکی دواکـەوتـنی ئـەدەبی منـداڵانی کوردمـانە.. بـە ڕای مامۆستا عـەلی ئەم کـێشەیە چـۆن چارەسـەر دەکـرێـت؟

وەڵام: بـاری ئـابـوری کـارێکی وای کـردووە، کـە نوسەران و شـاعـیرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان نەتـوانن وەکـو پێـویـست بەرھەمەکـانیان چـاپ و بڵاوبکـەنەوە، بەشێوەیـەکی جـوان و گونجـاو و سەردەمیـیانە کە ھەمـوو مەرجەکـانی پەرتوکی منـداڵانی تێـدا بێت، ھـەروەھـا نەبـوونی دەزگـایـەکی تایبـەت کە گـرنگی بـدات بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەرھەمی نوسەران و شاعـیران، کاریگەری ھـەیە لە دواکەوتنی و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵان لە کوردستاندا ،ھەروەھا وەک من ئاگـاداربـم زۆربـەی ئـەو پـەرتـوکـانەی کە لـە ئێـسـتادا و پێـشـتریش بـۆ منـداڵان چاپکـراون تیراژیـان زۆر کـەمە (٢٠٠، تــــــا ٥٠٠ ) دانـەی لێ چاپ دەکرێت کە لە ڕاستیدا نوسەرەکـەی بۆ منـداڵانی گـشت کوردسـتانی نوسیوە و ئەو تیـراژە کەمەش بەشی منـداڵانی چەنـد قوتابخانە ناکـات، ھەنـدێک لـەو شوێنـانەش کە پەرتـوکی منـداڵان چـاپ دەکەن ھەر ھـێندەی لێ چاپ دەکەن.. پەرتوک ھەیە کە چەنـد ساڵـێک پێـش ئێستا چـاپ کـراوە، بەلاتاـنەوە سـەیر نەبێـت نوسـەرەکەی نوسـخەی لا نەمـاوە و دەسـتیـشی ناکـەوێـت.. بـۆ چـارەسەری ئـەم کـێشەیەش دامەزرانـدنی دەزگـایەکی چاپ و پەخـشی تایبەت بە منداڵانـە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشـنبیری یان ئەنجومـەنێکی تایبەت بە نوسەرانی بواری منداڵان، کە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ سەرپەرشتی بکەن.

پرسیار: مـن دامـەزرانـدنی (یەکـێتی نـووسـەرانی منـداڵانی کـورد) بـە پێـویسـت دەزانم، تا نووسەرانی ئەدەبی منداڵان کورد لەژێر چەترێکی ئەدەبی یەکگرتوودا، بتـوانن زیـاتر خزمەتی ئەدەبی منداڵانی کورد بکەن، چونکە (یەکێتی نووسەرانی کـورد) وەکو پێویـست ئـاوڕیـان لـە ئـەدەبی منـداڵان نـەداوەتـەوە و پەراوێـزیـان کـردووە. پێـم باشە بۆ ئـەم مەبەسـتە کـامپـینـێک رابگەیەنین، کە تـا چ رادەیەک نووسـەرانی بـواری ئـەدەبی منـداڵان لەگەڵ ئـەم پێـشـنیارە دان.. ئێوە چـیدەڵـێن؟

وەڵام: بابەتێکم دەربارەی بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵان نوسیوە و بڵاوبۆتەوە لە سایتەکانیشدا ھـەیە، باسی زۆر شتم کردووە، یەکێک لەو کـارانە کە ئیشارەتم پێداوە کـارێکی لەو شـێوەیـەیە، من پێم باشـە (ئەنجـومەنی نوسـەرانی منـداڵانی کورد) یان ھـەر ناوێکی لەو شـێوەیە بۆ ئێستای ئەدەبی منـداڵان زۆر پێویستە و ئەگەر لەلایەن دڵسۆزانی ئەدەبی منداڵانەوە ھـەوڵی بۆ بـدرێت، بێگـومان دەبێتە ھـۆی بەرەوپێـشچـوونی ئەدەبی منداڵان و دڵـنیام کە کـاری باشـتر و جوانـتر بـۆ منداڵان ئەنجام دەدرێت، ھەروەھا لەو ڕێگەیەشەوە و ڕێگە بە ھەندێک نوسین جا چ چیرۆک، یان ھۆنراوە نادرێـت کە گونجـاو نین و تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی منـداڵانی تێـدا نیـیە بڵاوببێـتەوە، ھەروەھـا من ھەر لەو نوسینەمـدا باسی ئەوەم کردووە کە گۆڤارێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی ئەو گۆڤار و پەرتوک و نامیلکانەی کە بۆ منداڵان دەردەچـن و دەرچـوون،لە ئێستادا زۆر پێویستە، کە دەبێـتە ھـۆی ناسانـدنی زیاتـری بەرھەمـە بـاش و سـەردەمی و گـونجـاوەکـان و جیاکـردنەوەیان لەوانەی کە بەنـاوی ئـەدەبی منـداڵانـەوە نوسراون و ھاندانێکی چاکیش دەبێت بۆ ئەو نوسەرانەی کە ھەنگاوی باش دەنێن و ھەوڵی باش دەدەن لەو بوارەدا. بە بڕوای من بە بوونی ئەو ئەنجومەنە ئەوەش دەکـرێت و لەگەڵـیدا گۆڤارێکی تایبەتی منداڵانی سەرتاسەری بۆ ھەموو منداڵانی کورد کە بەتیراژێکی زۆر بێت تا بگاتە دەست گشت منـداڵـێکی کورد لە ھەر شـوێنێکی ئەم کوردستانە ئازیـز و خۆشەویسـتەدا.

پرسیار: چـیتر هـەیە، کـە پەیـوەنـدی بـە ئـەدەبی منـداڵانەوە هـەیە، مامـۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید حەزدەکـات بـۆ خـوێنەرانی بـاس بکـات؟

وەڵام: زۆر سـوپاسـتان دەکـەم، حـەز دەکـەم ئـەوەش بـڵـێم کـە زیـاتر لە ٢٠٠ ھۆنراوەم ئاوازیان بۆ دانراوە و کراون بە گۆرانی بۆ منداڵان و لە تیڤـییەکـاندا پەخش دەکرێن، کۆمەڵێک ئۆپەرێتیشم بە ھەمان شێوە کـاریان بـۆ کـراوە و لە باخچەکانی منداڵان دا نمایش کراون، بۆ کـۆمەڵـێک لە قوتابخانە و خوێندنگە و باخچـەکـانی منـداڵان سـرودم بۆ نوسـیـون و ئاوازیـان بۆ دانـراوە. ھـۆنـراوەی (پاکوخاوێنی ژینگە) کە کراویشە بە گۆرانی لە پەرتوکی (خوێندنەوەی کوردی) پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دا لە چاپێکـیانـدا ھەبـوو دوو ساڵ خوێنـدرا دوایی لایـان برد، نازانم بۆ؟ کە ھۆنراوەیـەکی پەروەردەییە و ئـاوازی بۆ دانراوە و کـراوە بە گۆرانیش. ھەروەھـا ھۆنـراوەیـەکم لە پەرتـوکی (ھـۆشـیاری مـین) کە بۆ پـۆلی پێنجەم و شەشەمی بنەڕەتی بوو بە ئاگاداری خۆم دانرابوو کە ئەوسا دەخوێندرا، کە لە لایەن ڕێکخراوی ( MAG) یەوە دانرابوو.ل ە ڕۆژھەڵاتیش ھۆنراوەیەکم لـە پـڕۆگـرامـی خـوێـنـدنی کـوردی دا دانـراوە. ھـەروەھــا تـوانـیـومـە لـە ڕووی دڵسۆزیمەوە بۆ ئەدەبی منداڵان خۆبەخشانە و بێبەرامبەر ھاوکاری ھەندێک لەو نـوسـەر و شـاعـیرانە بکـەم لـە چـاپکـردنی بەرھەمەکـانیاـن دا و پێشەکـیشم بـۆ ھەنـدێکیان نـووسـیوە. لـە زۆربـەی ئـەو گـۆڤـارانـەی کـە بـۆ منـداڵان دەردەچـن بابەتەکـانم بڵاو دەکەمەوە، ھەروەھا لە سایتە ئەلکترۆنییەکانیشدا تا بگـاتە گشت منداڵێکی کورد لە ھەر شوێنێک بێت.. دەمەوێت زۆر سوپاسی ئێوەی بەڕێز بکەم و دەستخۆشیـشت لێ بکـەم بۆ ئـەو نـووسیـنە جـوانـانەی کە لـە زۆر لە سـایت و گۆڤـار و ڕۆژنامەکاندا دەربارەی ئەدەبی منداڵان و پەروەردەی منداڵان ئەنجامتان داوە.

زۆر سوپـاس مامـۆسـتا عـەلی حەمـەڕەشـید، بـۆ دەربيـینی را و بـۆچـوونـەکـانت دەربارەی ئەو پرسـارانەمان لەسەر ئـەدەبی منداڵان لێمان پرسین.. هـیواداریشین کە درێـژە بەم خـزمەتە پیـرۆزەتـان بـدەن و بە چاپکـردنی پەرتـووکی نـوێ زیـاتر چاوەکانی منـداڵانی کوردمـان روون بکـەنەوە و خـۆشی و شادی و هـیوای زیـاتر بخـەنـە دەروون و دڵـە پـاک و قـنجەکـانیـانـەوە.

رەزا شـوان
کوردسـتان: ٢٠١٩/٩/ ٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە