هەڕەشەکانی تورکیا و کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا

Monday, 07/10/2019, 21:30

17013 بینراوە


کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای لێدوانەکانی ئەردوغان هات کە ڕایگەیاند ئەوان ئامادە و لەسەرپێن بۆ ئەوەی هێڕشی سەربازی و زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن. ئەم هەڵوێستە ناشرینەی ئەمریکا بەرامبەر بە میللەتی کورد کە لە جەنگی دژ بە داعشدا ڕۆڵی سەرەکییان بینی، کە دەبوایە ئەمریکا لەبری ئەوەدا پاداشتیان بکات نەک بەجێیان بهێڵێت، وێرای ئەوەش ڕۆژئاوا لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتی لکێنراوە بە چوارچێوەی جوگرافیای سوریا، واتە هاتنە ژوورەوەی سوپای تورکیا بۆ ئەو ناوچانەی کە ناویان ناوە و بە مەبەستی دروستکردنی دەڤەری ئارام، داگیرکردنی خاکی سوریای ئەمڕۆیە کە لەژێر دەسەڵاتی ڕوسیا، ئیران و ئەسەدە، هەروها هاتنی سوپای تورکیا نەک ناوچەی ئارام دروست ناکات بەڵکو ئەو ناوچانەی ئارامیشی تێیدا سەقامگیربووە کاولی دەکات.
تورکیا، هێڕشەکانی تەنیا بۆ سەر کورد نییە لە ڕۆژئاوا. ئەڵبەتە ئەو نیگەرانە لە بوونی سوپا و هێزی ئەمریکیی لە ناوچەکە بەتایبەتی لە نزیک سنوورەکانی، لەبەرئەوە هەوڵدەدات بەخشکەیی، ڕێگەی دیبلوماسی، لەژێر دروشمی جەنگی دژ بە کورد وا لە ئەمریکا بکات هێزەکانی لەو ناوچانە نەمێنن. سوپای تورکی شوێنیان بگرێتەوە. پاشەکەشە بە دەسەڵاتەکانی ئەمریکا بکات. بە دڵنیاییەوە ئەمە لێدانە لە هەیبەت و شکۆمەندی ئەمریکا، پێگەی لە ململانێکانی دژ بە ئیران و ڕوسیا و ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لاواز دەکات.
ئەنقەرە هەوڵدەدات دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکە فرەوان بکات. هەژموونی خۆی بسەپێنێت. میلیشیای سەربەخۆی لەو دەڤەرە و بە تایبەتی بە درێژای سنووری نێوان تورکیا و سوریا نیشتەجێ بکات. ئەمە بچووک کردنەوەی ئەمریکا و زلکردنی تورکیایە، کە لە ئەنجامدا کارێگەری نێگەتیفانەی دەبێت لەسەر ناوبانگی ئەمریکا لە دنیا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروها لە داهاتوودا هیچ هێز و گروپێکی سیاسی متمانەی بە گفت و بەڵینەکانی ئەمریکا نامێنێت.
پینتاگۆن، لە میدیاکاندا ڕایانگەیاند کە ئەوان ئاگاداری ئەو بڕیارەی ترامپ نەبوون لە هەڵکردنی چرای سەوز بۆ هێڕشەکانی تورکیا بۆ دەڤەری کوردەکان، ئەو بڕیارە دوای پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان ئەردوغان و ترامپ دراوە. ئەم لێدوانەی پینتاگۆن شەرمەزاریە بۆ سەڕۆکی ئەمریکا، لەبەرئەوەی دووبەرەکیی ناتەبایی نێوان دەزگە فەرمی و دەسەڵاتدارەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت، بڕیاری تاکڕەوانەی سەڕۆکی وڵاتێکە کە بە سیستەمی دیموکراتی ناسراوە کە ئەمە هەرگیز لە بەرژەوەندیی و ناوبانگی ئەمریکادا نییە لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەی.
بڕیار و هەڵوێستی سەڕۆکی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد لە ڕۆژئاوا، لە میدیا جیهانیەکان بۆتە جێگەی ڕەخنە و توانج لەلایەن میدیاکاران، نووسەر و قەڵەمی بوێر، کە بێ گومان کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ناوبانگی ئەمریکا لە نێو هەڵبژاردەی ڕۆشەنبیر و خاوەن پێنووسی بەویژدان و نووسەری بەهەڵوێست.
سوریا بۆتە جێگە تەماعی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا، بەتایبەتی بۆتە ئامانجی سوپای تورکیا و ئیران و گۆڕەپانی شەڕی بەوەکالەتی زلهێزە ناوچەیەکان و جیهان، کە نەتەوەی کورد بەتایبەتی هیزی یەپەگە لە سوریا کارێگەری و پێگەی گرنگیان لە هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان و ئەو ململانێیەدا هەیە. ئەگەر ئەمریکا پشتیان تێبکات ئەوانیش هەڵبژاردەی دیکەیان لەبەردەمدا هەیە کە سەنگەریک هەڵبژێرن، لەگەڵ هەر هێزێک هاوپەیمانیەتی ببەستن و بەگوێرەی کاریگەری خۆیان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بخەنە مەترسیوە.
ڕۆژئاوای وڵات کە ئەمڕۆ بە بەشێک لە خاکی سوریادا هەژمار دەکرێت، ئاوا پارویەکی ئاسان نییە تەنیا بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەردوغان بیەوێت قوتیبدات. ململانێ لەسەر داگیرکردنی ئەو دەڤەرە و بردنی خێروبێری، تەنیا بە شەڕی دژ بە کورد ناکرێت. ئیران و ڕوسیا و ئەسەد خۆیان بە خاوەنی ئەو ناوچانە دەزانن. واتە تورکیا ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت ڕووبەڕووی سوپای سوریا، گروپ و میلیشیای سەر بە ئیران و ڕوسیا بێت. واتە کشانەوەی ئەمریکا تەنیا پشتکردن نییە لە میللەتی کورد و یەپەگە، ئەڵبەتە زەمینە سازدانە بۆ ڕووبەڕووبووەنەی ئەو سێ لایەنە دژ بە یەک، کە تا بەرژەوەندییان خوازیار بوو هاوپەیمانیەتی لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵام کاتێک کە بەرژەوەندییەکانیان تەریب دەبێت ئەوا بێ گومان دەکەونە بەرامبەر و دژ بەیەک ڕادەوەستن.

ئەسەد داشێکە، لە سەرەتای جەنگی سوریاوە، ڕوسیا و ئیران بۆ پاریزگاری لە بەرژەوەندییەکانیان، بە هەموو توانایەکیان یارمەتی مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵاتی سوریایەکی یەکگرتوو دەدەن. واتە داگیرکردنی بستێک لە خاکی سوریا لەلایەن تورکیاوە یەکپارچەیی سوریا دەخاتە مەترسیوە، جەنگێکە دەبێت ئەسەد و سوپاکەی ڕووبەڕووی ببنەوە، کە پێشوەخت سوریا کێشەی لە دەرکردنی سوپای تورکیا لە عەفرین هەیە، لە ئیدلیبیش کێشەی لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئەردوغان هەیە، ئەوا هەنووکە هێڕشی تورکیا گرفتێکی دی بۆ ئەسەد دروست دەکات، ئەو ناوچانەش لەلایەن تورکیاوە داگیر دەکرێن. لە ئەنجامدا پەرتبوونی سوپای تورکیا لە سوریا ئاسایشی وڵاتەکە، ناوچەکە و یەکپارچەی سوریا دەخاتە مەترسیوە کە ڕوسیا ئەمەی قبوڵ نییە. دیمتری بیسکۆف قسەکەری فەرمی ڕوسی لە مٶسکۆ بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە: " تورکیا مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات بەڵام دەبێت ڕێز لە یەکێتی و یەکگرتووی خاکی سوریا بگرێت".
بە لێدوانی ئەردوغان لە میدیاکاندا، ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەوان نیازیان هەیە هێڕشی سەربازی بۆ سوریا ئەنجام بدەن و بەشێک لە خاکەکەی داگیربکەن. ئیران دەهری بوو. محەمەد زەریف وەزیری دەرەوەی ئیران لە ٦/١٠/٢٠١٩دا بە ڕاشکاوانە لە میدیا لۆکەڵی و جیهانیەکاندا لەهەر جوڵەیەکی سەربازی بۆ سەر سوریا هۆشداری دا تورکیا، داوای کرد ئەنقەرە ڕێزی سنووری وڵاتانی دی بگرێت. کەواتە ئیران ئامادەیە بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕووبەڕووی سوپای تورکیا بێت لە ڕێگەی هێز و میلشیای سەربەخۆی لە سوریا.
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە هێڕشی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕاستە بۆ سەر بەشێک لە خاکی کوردستان، بە پلەی یەکەم نەتەوەیی کورد توشی گرفت، ماڵوێرانی و دەربەدەری دەبێت، وێرای ئەوەش هێرشی تورکیا بەرژەوەندیی دیمەشق، تاران و مۆسکۆ و واشینگتۆن دەخاتە مەترسیەوە، واتە ئەو جەنگە تەنیا جەنگی میللەتی کورد و یەپەگە نییە، لەبەرئەوە دەبێت هێزی یەپەگە و نەتەوەیی کورد سوود لە ئەزموونی عەفرین وەربگرن، بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەیان بۆ هێرشی تورکیا بە شێوەیەکی دی بێت. ژن و منداڵی کوردان و دانیشتوانی ئەو ناوچانە نەکەن بە قەڵغان، تاکتیک و ستراتیژەیەتی ڕووبەڕووبوونەوەیان گونجاوتر بێت، لە هەموو لایەنەکان بگەیەنن کە ئەو جەنگە تەنیا جەنگی دژ بە کورد نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە