دێگەڵە و گەشەپێدانی مرۆیی

Monday, 10.07.2019, 21:20

2290 بینراوە


لە ساڵی ١٩٣٩ دا ئاگری جەنگی جیهانی دووەم کڵپە دەکات و وەک گڕکانێک بە هەموو ئەوروپادا بڵاودەبێتەوە . لە ساڵی ١٩٤٥ دا ئەو جەنگە وێرانکەرە کۆتایی دێت ، لە ئەنجامیشدا وڵاتی دوڕاوی ئەڵەمانیا یەکییەتی خاکەکەی لە دەستدەدات و لەسەر هەمان خاک دوو دەوڵەت بە ناوەکانی ئەڵەمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دادەمەزرێن و دیوارێکیش لەیەکیان جیادەکاتەوە ، لە ساڵی ١٩٩٠ دا ئەڵەمانیا یەکدەگرێتەوە و سیاسییە زیرەک و نیشتمان پەروەرەکانیشیان ، بە پلانی ورد و ژیرانە و پشتبەستن بە هێز و بازووی ڕۆڵەکانیان ، هەر زوو دەوری کارای خۆیان دەگێڕن و توانیویانە ئەڵەمانیا بکەنەوە بە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا ، دیوار و سنورە دەستکردەکەشی بکەن بە بەشێک لە مێژووی ڕابوردوو .
لە ساڵی ١٨٨٥ دا فەرەنسا وڵاتی ڤێتنام داگیردەکات ، لە ساڵی ١٩٤١ دا بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی ڤێتنام وڵاتی خۆیان ئازاد دەکەن ، پاشان لە ساڵی ١٩٥٤ دا فەرەنسا خاکی ئەو وڵاتە دابەشدەکات بۆ ڤێتنامی باکور و باشور . ئەمەریکا بۆ شکستهێنان بە باکور دەستێوەردان دەکات و بە هەموو هێز و توانایەکی خۆیەوە پشتگیری لە باشور دەکات و جەنگێکی خوێناوی لە دژی باکۆر سەرهەڵدەدات . لە ساڵی ١٩٧٣ دا جەنگاوەرانی ڤێتنامی باکور لووتی هێزەکانی ئەمەریکا زۆر خراپ دەشکینن و وڵاتی خۆیان ئازاد دەکەن ، سەرکردەکانی هەردوو لاشیان هەر زوو سنورە دەستکردەکە دەسڕنەوە و ناوێکیش نامێنێت بە ناوی باکور و باشورەوە .
لە ساڵی ١٩٦٤ دا بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان ، لە لایەن کورد خۆیەوە بەسەر دوو باڵی ( جەلالی و مەلایی ) دا دابەشدەبێت ، لە ئاکامدا هەزاران قوربانی و ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوە . لە ( ٢٦ / ٢ / ١٩٩١ ) دا سوپای ئەمەریکا هێزی سەربازی عیراق لە کوێت تێکدەشکێنێت و کوردیش سود لەو بارە لەبارە وەردەگرێت و لە بەشێکی زۆری وڵاتەکەی خۆیدا سوپای بەعس ڕادەماڵێت . بێگومان ئەو فرسەتە مێژووییە ، ڕێک ساتە وەختی لێبوردن و یەکگرتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان بوو ، تا بە عەقڵ و دڵێکی پاکەوە نەخشەی وڵاتێکی سەربەخۆیان دارشتایە ، چونکە جگە لە لاوازبوونی ڕژێمی بەعس ، هەست و سۆزی دنیاشمان لەگەڵدا بوو ، کەچی بە پێچەوانەی هەموو میللەتانی دنیاوە ، درێژە بەو ناکۆکییانە دەدەن و ئەمڕۆش ٥٥ ساڵی تەواوە ، ئەو ناکۆکییانە وەک ژەهری مار لە ناو هەناویاندا پەپکەی خواردووە ، نە ئەنفال و هەڵەبجە ، نە قوربانییە زۆرەکانی میللەتە کڵۆڵەکەمان ، نەیانتوانیوە ئەو ژەهرە ڕەش و ناشیرینە لە ناخیاندا ڕاماڵێ ، بە دەستی خۆشیان سنوری دێگەڵەیان کردووە بە هێمای دووبەرەکیی و ڕادەی دواکەوتوویی عەقڵی سیاسییان ، ئەوەی جێگای داخیشە بی باکن لەوەی ، کە داگیرکەران زیاتر لەوان ، پەرۆشی تۆخکردنەوەی ئەو سنورەن . جا ئێستا پرسیار ئەوەیە بۆچی میللەتانی ئازادی خوازی دنیا ، توانیویانە بە زووی چارەسەری جێگا مەقەستی دوژمنەکانیان بکەن و بەرژەوەندی وڵات و دواڕۆژی نەوەکانیان بخەنە سەروو بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیانەوە ، ئەی بۆ ٥٥ ساڵە کورد نەیتوانیوە جێگا مەقەستی دەستی خۆی تیماربکات ؟ . لە وەڵامدا دەڵێین : هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی سەرکردەکانی کورد ، تەنها کۆکردنەوەی سامان و قۆرخکردنی دەسەڵاتە و نایانەوێت سود لە تاقیکردنەوەکانی دنیا دەرەوە وەربگن . چونکە چاکدەزانن ئەو تاقیکردنەوانە لە سایەی ئازادی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا سەردەکەوێت ، ئاکامەکەشی کۆتایی هێنانە بە دەسەڵاتی بنەماڵە و حیزبی گەندەڵی پاوانخوازی مشەخۆر . ئاخر وڵاتانی وەک ئەڵەمانیا و ڤێتنام دوای ملیونەها قوربانی بە عەقڵ کاریانکردووە ، مرۆڤیان بە بەردی بناغەی پێشکەوتن و سەرلەنوێ بوژاندنەوەی کۆمەڵگاکەیان داناوە ، هەر بۆیە یەکەم هەنگاوی دوای جەنگ ، کە بیریان لێکردۆتەوە ، بیرۆکەی ( گەشەپێدانی مرۆیی ) بووە ، کە پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی ئابوری داتەپیوی بە دوای خۆیدا هێناوە و ئازادی و ژیانێکی سەربەرزانەی وای بۆ هاوڵاتییان دابینکردووە ، نیشتمانیان بە نیشتمانی خۆیان زانیوە ، هەر بۆیە بە هەموو هێز و توانایانەوە خزمەتیانکردووە .. جا ئیستا بابزانین مەبەست لە بیرۆکەی گەشەپێدانی مرۆیی چییە ؟ .. بە شێوەیەکی گشتی ، گەشەپیدانی مرۆیی بریتییە لە : ( سەرلەنوێ دروستکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا ، لە لایەن دامەزراوەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکان و کەسانی شارەزاوە ) . ئامانجەکانیشی بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :
١ - قۆرخ نەکردنی دەسەڵات و دابینکردنی ئازادییەکانی سیاسی و ئابوری ، چونکە لە هەر شوێنیکدا ئازادی هەبوو ، خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ نیشتمانیش هەیە .
٢ – ڕەخساندنی هەلی خوێندن بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا و کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری .
٣ – کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و دابینکردنی هەلی کار بۆ هاوڵاتییان ، چ لە ناو شارەکاندا ، چ لە ناو شارۆچکە و گوندەکاندا .
٤ – پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی ، بە جۆرێک ئەو کەرتە بۆ هەمووان بێت و ڕێژەی مردن دابەزێنێت و ژیانیش درێژتربکاتەوە .
٦ – هەوڵدان بۆ دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانەی داهاتی مانگانەیان کەمە .
٧ - نەهێشتنی هەژاری و کەمکردنەوەی ڕێژەی برسییەتی .
٧ – کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهاتی هاوڵاتییان و باشکردنی ئاستی ژیان و گوزەرانییان .
٨ – دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا .
٩ – ڕێزگرتن لە کەسایەتی هەموو هاوڵاتییەک .
١٠ - ڕێزگرتن لە هەموو پیشەیەک بێ جیاوازی .
١١ – پەرەپێدانی شێوازەکانی کارگیڕیی و بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری و پشتبەستن بە پلانی کورت و درێژ خایان .
ئەوەی شایانی باسیشە لە هەندێک وڵات و کۆمەڵگادا ، کیشەی گەورە و گران ڕووبەڕووی پڕۆسەی گەشەپیدانی مرۆیی دەبێتەوە ، کە گرنترینییان بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :
١ - کێشەی سیاسی : کاریگەرترین کیشە و گرفتی بەردەمی گەشەپێدانی ئابوورییە ، کە لە ئەنجامدا برسییەتی و پشێوی و ئابلۆقە و جەنگی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە . بەگشتی ئەم حاڵەتەش لەو وڵاتانەدا ڕوو دەدات ، کە دەسەڵاتی تێدا قۆرخ کراوە و بەرژەوەندی تایبەت خراوەتە سەروو بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەوە .
٢ - کێشەی ئابوری : بریتییە لە داتەپینی باری ئابوری ، کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسییەوە ڕوودەدات ، ڕاستەوخۆش کاریگەری زۆر خراپ لەسەر ژێر خانی ئابوری دەوڵەت و کۆمەڵگا دروستدەکات .
٣ - کێشەی تەندروستی : بریتییە لە کۆمەڵێک کێشە ، کە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی خراپ لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستدەکات ، وەک برسییەتی و بەد خۆراکی ، کە بەهۆی هەژاری و ئافات و پەتا و دەردەوە سەرهەڵدەدەن .
٤ - کێشەی پەروەردە : گرنگی نەدان بە پەروەردە و نە بوونی بەرنامەی تۆکمە و سەرکەوتووانەی بواری خوێندن ، بە شێوەیەکی بەردەوام لە وڵاتدا .
٥ – کێشەکانی کایەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی : بریتییە لە کۆمەڵێک کێشەی زۆروزەوەند ، کە لە ئەنجامی خاڵەکانی سەرەوەدا سەرهەڵدەدەن ، لە ئاکامیشدا کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوار و دواکەوتووی پڕ لە خۆفرۆش و نۆکەر و توندڕەوی لێدەکەوێتەوە ، کە جگە لە نەهامەتی و نەگبەتی هیچی تریان لیێ سەوز نابێ .

****
سەرچاوەکان : ١ – مفهوم التنمیە البشریە ... مجد فرارجە ٢ – سایتی ویکبیدیا ، دەربارەی ئەڵەمانیا و ڤێتنام .
٣ / ١٠ / ٢٠١٩



(دەنگدراوە: 9 . زۆرباشە: 3.5/5)