تورکیا چى دەوێت و کورد چى بکات ؟

Wednesday, 09/10/2019, 20:57

3076 بینراوە


دەستکەوتەکانى گەلى کورد لە ڕۆژئاوا و ڕزگارکردنى دەیان ناوچەى عەرەب نشین لە ژێردەستەڵاتى داعش و تێکشکاندنى ئەفسانەى داعش و وەدەرنانى هاوباوەڕەکانى تورکیا. لەلایەن دەوڵەتى تیرۆرست و تیرۆرست پارێزى تورکیاوە هەر لەسەرەتاوە قبوڵنەکراووبو نەک بە بیانوى ئەوەى کە هێزەکانى ڕۆژئاوا هەڵگرى ئایدۆلۆژى ئۆجالانن بەڵکو لەبەرانبەر ئەوەى کە کورد زۆرینەى ئەو ناوچەیەن و بوون بە خاوەن پێگەى ناوچەیى و جیهانى و پێگەیەکى ئارامیان بۆ خۆیان بونیاد ناوە.
تورکیا بۆ کۆمەڵکوژى کردنى کوردى ڕۆژئاوا و وەدەرنانیان لە خاکى خۆیان چەند ساڵێکە دەیان ڕێگەى جیاوازى گرتوەتەبەر  و دواتر خۆى لە هەموویان دزیوەتەوە و گەڕاوەتەوە سەر مەبەستە سەرکیەکەى کە ئەویش سڕنەوەى کوردە بە شەڕ . لە کۆتا گفتوگۆ و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەى دروستکردنى ناوچەى ئارام تورکیا بەتەواوەتى لە پێک هێنانى ناوچەى ئارام پاشەکشەى کردوە و نایەوێت لەو ناوچە ئارامەدا کورد خاوەن پێگە و بونیەت بێت. بۆیە بە پاڵپشتى هێزە توندڕەوەکانى سوریا و داعشە دیلەکانى تورکیا دەستى بە لەشکرکێشى سەربەخۆکردوە .
ئەم لەشکرکێشیە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە ئیدانەکرا بەڵام بەتەواوەتى لەلایەن سەرۆکى ئەمریکاوە پاڵپشتى کراوە و وەک چۆن ڕووسیا لە عەفرین پاشەکشەى کرد ئەمانیش هەمان بار دووبارە دەکەنەوە و خۆیان بەدور دەگرن لەم شەڕە ، هەرچەندە لە ناوخۆى ئەمریکادا ناڕەزایەتى زۆرن بەڵام کۆتا بڕیاردراوە و باوەڕناکەم جارێکى کە ئەمریکا خۆى توشى کێشە بکاتەوە لە ناوچەکەدا و ئەگەرى زۆرە بەتەواوەتى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بەجێبهێڵت و ڕووبکاتە وڵاتانى ئەفریقا .
ئەوەى زۆر گرنگە و دەبێت کورد بە وریایەوە هەڵسوکەوتى لەگەڵ بکات بارودۆخى ڕۆژئاوایە لە کاتى پاشەکشەى تەواوەى سوپاى ئەمریکا و بەردەوامى هێرشەکانى تورکیا و پێشڕەوى کردنى . چونکە لەکاتى شکستى ڕۆژئاوا هەموو دەستکەوتەکانى کورد تەنانەت لە باشوریش دەکەونە مەترسیەکى گەورەوە، چونکە پاش ڕۆژئاوا، باشوور بەتەواوەتى خۆبەخۆ دەتوێتەوە.
مەبەستى هێرشەکانى تورکیا بۆ ڕۆژئاوا چەیە ؟ 
هەموو کوردێک لەوە تێگەشتوە لە هەرجێگایەک کورد هەبێت تورکیا دژى دەوەستێتەوە و هەوڵى لەناوبردنى دەدات. هەر لەسەر ئەو ڕاستیانە دەتوانم ئامانجەکانى تورکیا لەسەر هێرشەکە بەچەند خاڵێک بخەمە ڕوو :-
1- تورکیا دەیەوێت دەستەڵاتى خۆسەرى کوردى ڕۆژئاوا لەناو ببات و خەڵکەکەى بکوژێـت یا وەدەرى بنێت.
2- گۆڕینى دیمۆگرافیاى ڕۆژئاواى کرودستان و بەعەرەب و تورک کردنى ئەو ناوچانە بۆئەوەى چیدى کورد نەبنەوە خاوەن کیان لە ڕۆژئاوا.
3- ئازادکردنى سەرجەم تیرۆرستانى داعش کە لەزیندانەکانى خۆسەریدان و دووبارە بونیادنانەوەى ئەو خەلافەتەى کە خۆى دەیەوێت و لەسەر دەستى کورد شکستى پێ هێنرا.
4- دابڕاندنى کورد بەتەواوەتى لە جیهانى دەرەوە تا بەهیچ شێوەیەک نەگات بەسەر دەریا.
5- تەوقکردنى باشورى کوردستان.
6- گەشتنى تورکیا بە حکومەتى مەرکەزى عێراق بەمەش تورکیا هیچ منەتێکى بە باشوور نامێنێت و ڕێکەوتنى پەنجاساڵەى هەڵدەوەشێنێتەوە و لەگەڵ عێراق ڕێکدەکەوێت، چونکە لەو کاتەوەى کە مەسرور بارزانى بوە بەسەرۆک وەزیرانى هەرێم پەیوەندیەکانى تورکیا و هەرێم بە تەواوەتى ئاڵۆزیان تێکەوتوە و ئەو لێدوانانەى کە لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوە بەرپرسانى هەرێم لەبارەى هێرشى تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا دایان ڕاستى ئەو کێشەیە دەخاتە ڕوو. 
7- بەبیانوى بونى پەکەکە پاش ڕۆژئاوا هێرشدەکاتە سەر باشور و ئەگەرى زۆرە تەنها زۆنى زەرد کۆنتڕۆڵبکات چونکە زۆنى سەوز ئێران بە موڵکى خۆى دەزانێت.

کورد دەبێت چى بکات :-
لەم بارودۆخە هەستیارەدا و لەکاتێکدا تورکیا هێرشەکەى دەستپێکردوە ئەستەمە بتوانرێت کارێکى گونجاو بکرێت لە کاتێکى کەمدا. بەڵام ئەوەى گرنگ و پێویستە کوردانى هەرچوار پارچە لە دەروەى وڵات و ناوەوەى وڵات دژ بە سیاسەتى تورکیا دەستبکەن بە تێکۆشان. بەشێوەیەک کە :-
1- بەکارهێنانى سەرجەم پەیوەندیە حکومى و حیزبى و ڕێکخراوەیى و تایبەتیەکان بۆ شکست هێنان بەم هێرشە.
2- کوردانى دەرەوەى وڵات لەبەردەم پەڕلەمان و ناوەندى بڕیارى ئەو وڵاتانەى کە تێیدان خۆپیشاندان و مانگرتنى هێمنانە ئەنجامبدەن و داواى ڕاگرتنی هێرشى تورکیا و گەڕانەوەى تورکیا بکەن لە ڕۆژئاوا.
3- هەموو ناوەند و ڕێکخراوەکانى جیهان لە مەبەستى لەشکرکێشیەکەى تورکیا ئاگاداربکرێتەوە.
4- هەموو کارئاسانیەک بۆ ڕۆژنامەنوسانى بیانى بکرێت تا بە ئاسانى بچنە ڕۆژئاواى کوردستان و بەچاوى خۆیان و کامێراکانیان تاوانەکانى تورکیا بگوازنەوە بە جیهاندا لەم ڕووەوە دەبێت باشورى کوردستان بە کارى خۆى هەستێت و ڕۆڵى خۆى بگێڕێت.
5- کۆڕەو یەکێکى ترە لە هەڵبژاردەکانى گەلى ڕۆژئاوا بەڵام دەبێت زۆر ژیرانە و  ورد ئەنجامبدرێت.
6- باشورى کوردستان هەموو هاوکاریەک بە شەڕوانان بگەینێت و ئامادەکارى بکات بۆ ناردنى هێز بۆ ڕۆژئاوا بەتایبەت ئەو هێزەى کە بە پێشمەرگەى ڕۆژ دەناسرێن و دوریان بخەنەوە لە خیانەت و هەڵهاتن.
7- دروستکردنى کامپ بۆ ئەو هەزاران کوردەى لە ڕۆژئاواوە بەناچارى ڕوودەکەنە باشور و خزمەتکردنیان لەلایەن حکومەتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە