شوانپەروەر بۆ کێ دەگری؟

Thursday, 10/10/2019, 15:33

7554 بینراوە


لە کۆمەڵگای ئاڵؤزیی کوردەواریی، بە تایبەت لە باشووری ژێر چەنگی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا گەلێک بابەت روودەدا و گەلێک رووداوی سەیروسەمەرە و چاوەڕوان نەکراو دەبینرێ، کە لە کۆمەڵگاکانی دیکەدا بەدەگمەن دێنە بەرچاو.هۆی سەرەکیی ئەو بابەتە سەیرانە نەدووژمنە و نەبیانی. هۆیەکە تاقمێک حیزبیی کوردین کە ساڵەهایە لە سەر خوێنی گەلەکەمان دەژین و وەک دۆلپا سواری شانی ئەو خەڵكە بێ بەختە بوون و دانابەزێن.
لەو کۆمەڵگایە ئاڵؤزەدا زۆر هاسان دەتوانین، پڕۆفیسۆڕی لۆمپەن، هونەرمەندیی لۆمپەن، شاعیریی لۆمپەن، سەرکردەی لۆمپەن، نووسەریی لۆمپەن ببینین بە بێ ئەوەی چاویلکە دەچاومان بکەین؟ شوانپەروەر و گولستان پەروەریی کۆنە خێزانی شوان، دوو کەسایەتین کە زۆر زوو دەستیان ڕوو کرا. ئەو جووتە کاتێک کەسایەتیان کەوتە ژێر پرسیار، کە خۆیان گەیاندە تەنیشت بارەگای مەسعود بارزانی، ئەویش بەهەر قیمەتێک بوو دەیخواست هەردووکیان بکاتە کۆیلەی خۆی وکۆیلەی پارەی مانگانە.
بارزانی سەرکەوت لەو کارەی خۆیدا. زۆریی نەخایاند، کە ژن ومێردی هونەرمەند لە یەکتر جودا بوونەوە و ژیانیان بوو فیدای سیاسەتەکانی بنەماڵەی بارزانی! گولستان پەروەر ماوەیەک لە سەر مێدیاکانی سەر بە بنەماڵەی بوو بە کاردار ژنی ئەو بنەماڵەیە پاشان دانی دەگەڵیان نەکوڵا و ڕۆیی، ئێستێ کەس نازانێ لە کوێ دەژی و چی دەکا ، چون ونە!؟

شووان پەروەریش داوای لێکرابوو کە ببێتە بەرپرسیی دامودەزگاکانی راگەیاندنی بارەگای بارزانی، بەڵام بە کاک مەسعودی گووت من عەڕەبی نازانم و شیاوی ئەو کارە نیم. ئەویش بۆ ماوەیەک فت کرا!  تا ئەو کاتەی کەوتە بەر پیلانێکی دیکەی مەسعود بارزانی! گرێبەستیی ٥٠ ساڵەی فرۆشی نەفتی خەڵكی بێ تاوانی باشووری وڵات دەگەڵ دڕندەیەکی وەک ئەردۆغآن دیسان شوانپەروەری گۆرانی بێژ و بارزانی لە یەکترنزیک کردوە.!
ئەردۆغانی فێڵاوی بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی خەڵكی کورد بۆ لای خۆی رابکێشێ لەو دوو نۆکەرەی باشتر وەگیر نەدەکەوت. یەکیان بارزانی و ئەوی دیکەش شوانپەروەری قامبێژ! هەردووکیانی سواری پاس کرد و وەک بوکی رازاوە بە ناو شارە کوردنشینەکانی باکوردا گێڕانی تا بە خەڵكیان نیشان بدا!
وێنەی ئەردۆغان و شوانپەروەر و بارزانی و براییم تاتلیساس کە لە تۆڕي کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بۆوە، کەسایەتیی شوانپەروەری زیاتر بە خەڵک نیشان دا. شوانپەروەر هیچکات مێژووی بنەماڵەی بارزانی نەزانیوە، تەنیا فریوی جامانە سوورەکەی ئەو بنەماڵەیەی خواردوە! ماوەیەکی زۆر تێنەپەڕی کاتێک وشیاربۆوە زانی بارزانی چی بە سەر هێناوە. کەسایەتیەکەی لێ هەستاند، ژنەکەی لێ هەستاند، گۆشەگیریی کرد، ئاخر ئەوە کاری بنەماڵەی بارزانییە.
شوانی رەنجەڕۆ، پاشان زانی تاسکڵاوی چۆتە سەری، ئێستێ کە بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و دڕندەیی ئەردۆغان و بێ کەڵکی بەرۆکی سەری ڕەشی بۆ دەرکەوتووە، نۆرەی گریان و ڕۆڕۆیە بۆ کورد! لە راستیدا ئەو دۆڕاوە بۆ کورد ناگرێ ، بۆ کەم ئاقڵی و بەفیڕۆ چوونی رەنجی چەند ساڵەی خۆی دەگرێ، کە بارزانی و ئەردۆغآن بەسەریان هێناوە!
ئێستێ شوانپەروەر وەک سڵقی رووتی بەسەرهاتووە، خۆشەویستیی جارانی لای کورد نەماوە، ژنەکەشی لە دەست داوە، هەرچی دەیکا وەرناگیرێتەوە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە باشترین کارئەوەیە کە مرۆڤی زانا و هونەرمەندیی لێهاتوو نووسەری وشیار و شاعیری خاوەن هەست هیچکات باوەڕ بە بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی نەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە