دەقی ووتاری مەزلوم عەبدی.

Sunday, 13/10/2019, 9:37

2955 بینراوە


لە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی-١٣ ئۆکتۆبەری ٢٠١٩
وەرگێڕانی: وریا حەمە تاھیر
----------------------------------------
جیهان سەرەتا گوێی لێگرتین، لەناو جەرگەی کابوس لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەماندا. هێزە دیموکراتەکانی سوریا (‌هە.دە.سە) کە من وەک فەرماندەی بەرپرسیار خزمەتدەکەم، ٧٠ هەزار سەربازی هەیە کە لەساڵی ٢٠١٥ەوە دژی جیهادیستییە توندڕەوەکان، دژی ڕقی نەتەوەیی و چەوسانەوەی ژنان خەباتیان کردووە.

هێزەکانمان بوون بە هێزێکی زۆر رێکخراوی پیشەیی، هەرگیز فیشەکێکیان بەڕووی تورکیادا نەتەقاند، ئەفسەر و سەربازە ئەمریکییەکان ئێستا ئێمە باش دەناسن هەمیشە پەسنی کارامەیی و لێوەشاوەییان داوین.

هەمیشە بە هێزەکانمانم وتووە، ئەمە شەڕی ئێمەیە، جیهادییە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری دنیاوە هاتن بۆ سوریا، ئێمە تاکە هێزین دەبێت دژیان بجەنگین، لەبەرئەوەی وڵاتیان داگیرکردووین، گوندەکانمانیان تاڵانکردووە، مناڵەکانمایان کوشتووەو و ژنەکانیشیان بە کۆیلە گرتووە.

ئێمە ١١ هەزار سەربازمان شەهید بووە، لە هەرە باشترین سەرباز و فەرماندەکانمان، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکەکەمان لەم مەترسییە گەورەیە. من هەمیشە ڕێنماییم داوەتە سەربازەکانمان ئەمریکییەکان هاوپەیمان و هاوبەشمانن، دەبێت هەمیشە لەوە دڵنیابین کە زیانیان پێ نەگەیەنین.

لە چەقی ئەم شەڕە بێسەروبەرەدا، ئێمە هەمیشە ئەخلاق و پرنیسپەکانی خۆمان پاراستووە، بەپێچەوانەی گروپەکانی ترەوە. ئێمە ئەلقائیدەمان بەزاند و دەوڵەتی ئیسلامیمان (داعش) تێکشکاند. لەهەمانکاتیشدا سیستمێکی بەڕێوەبەریمان لەسەر بنەمای حکوومەتی خۆجێی و فرەیی و جیاوازی سیاسی دامەزراند. خزمەتگوزاریمان لەڕێگای ئەم حکوومەتە خۆجێیانەوە بە هاوڵاتیانی عەرەب، کورد، سوریانییە مەسیحییەکان پێشکەش کرد.
ئێمە داوای سوریایەکی فرەییمان کرد کە ناسنامەی نیشتیمانی هەمووان بگرێتەوە. ئەوەش ڕوانگەی ئێمەیە بۆ داهاتووی سیاسی سوریا، کە فیدراڵی نامەرکەزی بێت و ئازادی ئاین دابین بکات و رێز لە جیاوازییەکان بگرێت.

ئەم هێزەی کە من فەرمادەیم، ئێستا سێ لەسەریەکی خاکی سوریای دەپارێزێت لە داگیرکاری تورکیا و هێزە جیهادییە بەکرێگیراوەکانی. ئەم ناوچەیە لە سوریا ناوچەیەکی ئارام بووە بۆ پەنابەران و خەڵکانێک کە ڕزگاریان بووە جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزی کە تورکیا پێی هەڵساوە دژ بە کورد، سوریان، ئاشووری و ئەرمەنەکان لە دوو سەدەی ڕابووردوودا.

ئێمە ئێستا پاسەوانی لە ١٢ هەزار تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکەین، و شانمان داوەتە بەر ئەرکی قورسی بەخێوکردنی ژن توندەڕەوەکان و مناڵەکانیان. هەروەها ئەم بەشەی سوریامان پاراستووە لە میلیشیا ئێرانییەکان.

کاتێک کەس لە جیهان پشتیوانی نەکردین، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی هاوکاری بۆ درێژکردین، دەستمان گوشین و پێزانیمان پیشاندا بەرامبەر ئەو پشتیوانییە سەخاوەتیانە. لەسەر داوای واشینتۆن ئێمە ڕازی بووین چەکە قورسەکانمان لەسەر سنوورەکانی تورکیا بکشێنینەوە، سەنگەرەکانی بەرگریمان لەبەرامبەر تورکیا تێکبدەین، باشترین سەربازە ڕاهێنراوەکانمان بکشێنینەوە، لەبەرامبەردا تورکیا هەگیز هێرش نەکاتە سەر ئێمە هەتا حکوومەتی ئەمریکا خاوەنی بەڵێنی خۆی بێت لەمبارەوە.

بەڵام ئێستا ئێمە بەسنگی ڕووتەوە بەرامبەر چەقۆی تورکیا وەستاوین.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەمێکە پەیمانی داوە هێزەکانی بکشێنێتەوە، ئێمە لەوە تێدەگەین و هاوهەستیمان هەیە، باوکەکان ئەیانەوێت مناڵەکانیان بە خەندەی سەرلێوانەوە ببینن، خۆشەویستەکان دەیانەوێت گوێبیستی چرپەی دڵدارەکانیان بن، هەموو کەس دەیەوێت بگەڕێتەوە ماڵی خۆی.

ئێمە داوای ناکەین هێزەکانی ئەمریکا شەڕ بکەن، دەزانین ئەمریکا پۆلیسی جیهانی نییە، بەڵام دەمانەوێت ویلایەتە یەکگرتووەکان دان بەڕۆڵی گرنگی خۆیدا بنێت بۆ گەیشتن بە چارەیەکی سیاسی لە سوریا، ئێمە دڵنیان واشینتۆن بەشی ئەوە کاریگەری هەیە نێوەندگیری بۆ ئاشتییەکی سەقامگیر لەنێوان ئێمە و تورکیادا بکات.

ئێمە بڕوامان بە دیموکراسی وەک چەمکێکی بنەڕەتی هەیە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی داگیرکاری تورکیا و هەڕەشە هەمیشەییەکانی و هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکەکەمان، ناچارین چاوبخشێنینەوە بە هاوپەیمانێتیەکانماندا، ڕووسیا و ڕژێمی سوریا دەستپێشخەرییان کردووە کە دەتوانن ژیانی ملیۆنان لە گەلەکەمان بپارێزن، ئەو خەڵکەی لەژێر پاراستنی ئێمەدان. ئێمە بڕوامان بەم پەیمانەی ئەوان نییە، ڕاستیتان دەوێت، زۆر قورسە بزانیت کە متمانە بەکێ بکەیت.

ئەوەی ڕوونە کە هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی هێشتا ماوە، تۆڕ و شانە نووستووەکانیان توانای ئاژاوەنانەوەیان هەیە. ژمارەیەکی زۆر لەم دیلە داعشانە لەزیندانگەلێکدان کە وەک پێویست نییە و ئەمانە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراون و لەهەرکاتێکدا ئەگەری تەقینەوەیان هەیە.

ئێمە دەزانین کە ناچاردەبین سازشێکی بەئازار لەگەڵ مۆسکۆ و بەشار ئەل ئەسەد بکەین، ئەگەر بێت و بڕۆین لەگەڵیان کاربکەین. بەڵام هەر ناچاربین لەنێوان سازش و جینۆسایدی گەلەکەماندا هەڵبژاردن بکەین، ئەوا بەدڵنیاییەوە ژیانی خەڵکەکەمان هەڵدەبژێرین.

سوریا دوو چارەی لەبەردەمە: شەڕێکی توندڕەوی ئاینی و نەتەوەیی خوێناوی گەر ئەمریکا بکشێتەوە بەبێ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی. یانیش ئایندەیەکی ئارام و سەقامگیر بەڵام ئەمە لەکاتێکدا ئەمریکا دەسەڵاتی و پێگەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پێش کشانەوەی هێزەکانی.

هۆکاری ئەوەی کە ئێمە بووین بەهاوپەیمانی ئەمریکا، بڕوای تەواوەتیمان بوو بە دیموکراسی، ئێمە نائومێد و بێزارین لەم قەیرانەی ئێستا، گەلەکەمان لەژێر هێرشدایە، ئاسایشی ئەوان نیگەرانی گەورەی ئێمەیە. دوو پرسیار پێویستیان بە وەڵامە: چۆن دەتوانین بە باشترین شێوە گەلەکەمان بپارێزین؟ هەروەها ئایا هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانمانە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە