دەنگی پای سەرۆکی بچوک دێت.

Wednesday, 16/10/2019, 23:20

8418 بینراوە


لە هەواڵەکاندا خوێندمەوە گوایە مەسرور بارزانی؛ سەرۆکی گچکە، نیازی وایە سەردانی سلێمانی بکات، وتویەتی کە (ئەوان قبوڵی ناکەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنها لە سەری ڕەش باڵادەست بێت). لەکاتێکدا کەس ڕیگریان نەبووە، بەڵکو ئەوە خۆیانن کە دەزانن لە زۆنی سلێمانیدا کەس خۆشیان ناوێن، بەلام ئەگەر نیازی سەردانیان هەبێت، ئەوا ئەتوانن وەک سەدام حسەین سەربانەکانی سلێمانی پڕبکەن لە گارد و سەردانی بکەن، یان بە پێشڕەوی تانک و جەدرمەی تورکیا.
وەک بینیمان، پێش ئەوەی سەرۆکی گچکە ئەم قسەیە بدرکێنێت، فەرهاد پیربال کە تا ئەوساتە جنێوی بە نەوشیروان مستەفا ئەدا و لە سلێمانی تۆرابوو، خۆی گەیاندە سەرگۆڕی نەوشیروان. ئەو سەردانە بۆ کاکە فەرهاد شتێکی پێویست بوو، چونکە هەمو مرۆڤێک کاتێک دەکەوێتە حاڵەتێکی نا جێگیری دەرونیەوە، ئاشتبونەوە لەگەل دەوروبەرەکەیدا جۆرێک لە ئاسودەیی و هاوسەنگی پێ ئەدات. لای کریستیانیەکان بەمە دەوترێت: (ئاشتی لە ڕۆحدا). من هەمیشە فەرهادم بە کەسێکی ڕۆشنبیرو لێهاتو بینووە. وەک هەموومان دەزانین، ڕۆشنبیرو بیرمەندەکانیش، هەمیشە پیشبینی رووداوەکانیان کردووە، بۆیە ناومان ناون (پێشەنگ).
پێدەچیت کاتێک تۆی خوێندەر ئەم وتانە دەخوێننەوە پرسیار لەخۆت بکەیت کە ئایا بە شۆخیەوە ئەم وتانە دەنوسم یان بە راستیمە؟؟ ئەوی ڕاستی بێت منیش هەمان پرسیارم لەخۆم کرد. بەڵام لە کۆتاییدا وتم باش نییە کە ئێمە هەمووشتێک بەدەسیسە ببینین، نابێت پارانۆیاک بین لە لێکدانەوەی ڕووداوەکاندا، چونکە پێدەچێت کە بە ڕێکەوت بێت، هەربۆیەش لە پەرلەمانی کوردستان وشەی (بەروار)یان گۆڕی بە (ڕێکەوت)، بۆئەوەی کە بڵین هەموشتێک رێکەوتە.
بە ڕێکەوت سنوریان بەسەر ڕۆژاڤادا داخستوە
بە ڕێکەوت پێشڕەوی سوپای تورکیا دەکەن لە قەندیل
بە ڕێکەوت تورکیا کوردستانی باشوری داگیرکردوە
هەر بە ڕێکەوتیشە هەتاوەکو ئێستاکە نەیان توانیوە بێنە سلێمانی.

هەرچەندە ڕێکەوت فێنۆمێنێکی ڕێکەوتە! واتە  دوو تەن لەهەمان کاتا لەیەک شوێندا بە یەکتری دەگەن یان بیر لە هەمان رووداو دەکەنەوە، ئەم دیاردەیەش دەتوانرێت بخولقێنرێت لەلایەن کەسانێکەوە بۆ مەبەستێکی تایبەتی، یان هەندێک جار بەڕێکەوت واتە بە لۆژیکی کات و شوێن، بە پێویستی، ئەو دوو تەنە بەیەک دەگەن، ئیتر جا ئەوە ناوی ڕێکەوت بێت یان بەروار.
بەڵام هەر بەڕێکەوتیش گۆڕانکاریەکان وەهایان کرد، کە خێڵی بارزانی ناچار بن وەک ترەمپ تویت و قسەی پێچەوانە بەیەک بکەن، کە هەندێک جار جێگای پێکەنینە و سەرسوڕمانە، بۆ نمونە ؛ ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر ڕۆژاڤا ئیمە هەڵویستمان دەبێت . جا ئەگەر دکتۆرەکانی کوردستان شیکاری بۆ باعەباعەکانی ترەمپ دەکەن ئەوا باشترە شیکار بۆ ئەو قسە بێ مانانایەی پەرلەمان و بنەماڵەی بارزانیش بکەن کە نازانن چۆن ڕستەکانیان ڕێک بخەن هەتاوەکو دڵی تورکیا ڕازی بکەن و خەڵکی کوردستانیش وەک سەدام سەریان پان نەکەنەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە