هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


بەرگریی لە خۆتدایە (پاکانە)

Thursday, 17/10/2019, 23:05

4869 بینراوە


١. تۆ ھەمیشە لەسەر ڕاستەقینەی پشت بەخۆبەستن و بڕوابەخۆبوون وەستاویت، نەکەی ھیچکات بڕوابەخۆبوون لەدەست 
 بدەیت، بڕوابەخۆبوون سەرەتای ھەر بڕوایەکیترە.

٢. جیھان و دەوروبەر و تەنانەت ھاوڕێ و  کۆنەقوتابییەکانێشت، بەتایبەتی ئەوانەی شیعر دەنووسن، لە ناخی ناخەوە بە سەرکەوتن و سومعە و شادییەکانی تۆ ناڕەحەتن و لە مەتەرێزەوە سیرەیان بڕیوەتە ھەرشتێکت، کە کلیلی تێکشکاندنی خۆتیان دەداتێ.

٣. پاساو بۆ ئەو سرووشت کەمتیارانە مەھێنەوە کە خۆیان زاتی ڕاوکردنیان نییە، وەلێ کاتێک بە داوەوە دەبیت، یەکەم دڕندەن دێنە سەر لاشەت و شیتاڵ شیتاڵت دەکەن. تۆ لەو کاتەدا کە دەتخۆن تەماشایان بکە دەزانیت ئەو قەپاڵانەی لێتدەگرن ھی برسێتی نین، بەڵکو بەرەنجامی ڕقێکی دێرینەن کە بۆیان ھەڵگرتوویت.

٤. ئەوەی بۆ دۆخی تاکەکەسیی گوتم بۆ دۆخی نەتەوەییش ڕاستە: ھەر کوردێک لەھەر شوێنێک باجی کوردبوونەکەی دەدات. بۆیە کاتێک تەسلیمی ئەو گوتارەی دووژمن دەبێت کە خۆشی بگاتە ئەو بڕوایەی باوەڕ بکات کوردبوونەکەی سەرچاوەی بەڵاکانییەتی، وەک ئەو کەسەی لێدێت کە بڕوا دەکات خودبوونەکەی سەرچاوەی کێشەکانێتی!

٥. نە کوردبوون و نە تاکەکەسبوون سەرچاوەی شەرم و بەڵا نین، سەرجاوەی کەرامەت و سەربەرزین. ھیچکات دنیای دەرەوەو ئەوانیتر  ناتوانن سەربەرزیی و کەرامەتت لێبستێننەوە مەگەر بۆخۆت تەسلیمیان بکەیت.

٦. ھەر مرۆڤێک لە سەنگەری پێشەوەی ژیانی خۆیدایە، ژیانیش ھیچ نییە لە مانەوە لەم شەڕەدا. تۆ ھەمیشە پێشمەرگەیت، چ لە مەیدانی بەرگریی نەتەوایەتیدا دژی فاشیستە تورکەکان، چ لە ماڵەکەی خۆتدا دژی فاشیزمی کولتووریی ھاوزمانەکانت!

٧. لە ھەموو شوێنئک مرۆڤ وەک دڕندە لە چاوەڕوانتیدایە بەداوەوە ببیت بۆ ئەوەی پەلامارت بدات.. ژمارەیەکی کەم نەبێت کە خۆیان لە فاشیزم ڕزگارکردووە و پێش تۆ لەبەرەکانی پێشەوە  بەرگرییت لێدەکەن! لەوێدایە تۆ سەرسام دەبیت کە ئەم مرۆڤە چ حەقیقەتێکی مەزنی ھەیە..

٨. ئەو حەقیقەتە ڕۆحی بەرگرییت پتەو دەکات و بەردەوامی دەکاتە چارەنووست بۆ ئەوەی ڕۆژگارێک ڕیسوایی ئەوانە ببینیت کە لە ئێستادا پشتیان تێکردیت.

٩. سوپاس ھاوسەرە خۆشەویستەکەم، کە ھەمیشە لە پێش منەوە سەنگەرت گرتووە. سوپاس ھاوڕێ دانسقەکان، کە ھەمیشە پڕن ، ڕاستەقینەی مرۆڤبوون.

کلیکی وێنەکە بکە بۆ خوێندنەوەی هەمان پاکانە کە لە فەیسبوکی خۆی دایناوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە