ڕێکەوتنی تورکیا و ئەمریکا بە تەموومژ و گومانە

Saturday, 19/10/2019, 13:04

3285 بینراوە


پێم وابێت زووە خۆێندنەوە بۆ بابەتی ئاگربەست بکەین واقعی نابێت، چونکە زۆر بابەتی نابێت، ئەوەی لە ڕاگەیاندن باس دەکرێت کەم و زۆر پەیوەندی بە ڕێکەوتنەکەوە نییە، چونکە زۆر ھاوسەنگ و مەقوول نییە.! بێگومان ئەمڕۆ تورک لە ئاشتی دەترسێت و خۆی گیف دەکاتەوە یان شەڕ یان وەک ئەوەی دەمەوێت قسەدەکات، بۆیە دەیەوێت بەردەوامی بە شەڕ بدات، چونکی کۆتایی ھێنان بە شەڕ ڕاستەوخۆ قبووڵ کردنی ستاتۆیی سیاسی ڕۆژئاوا و دۆزی کوردە بەگشتی، بۆیە سیاسەتی دیماگۆژی بەڕێوەدەبات و دەیەوێت ھەرکەس لە ئاوازی ئەودا بخوێنێت و مل بۆ چارەسەری سیاسی نەدات، ھەموو ھەوڵێک دەدات ڕەوایی بدات بە داگیرکاریەکانی لە ژێر پەردەیی تیرۆر کە لە بنەمادا کێشەی دۆزی کورد لە خۆی دەگرێت. نایەوێت بچێتە ژێرباری داگیرکاری و تواندنەوەی ناسنامەی گەلەکەمان بە گشتی بۆیە وەک زوڵم لێکراو یان موسڵمان خۆی نیشان دەدات، چونکە کێشەی کورد لە ناوخۆی تورکیا سەرچاوەی کێشەکانە. تورک لە داھاتوو دەترسێت کە چارەسەری کێشەی ڕۆژئاوا وەک ستاتۆیەکی سیاسی دەستەبەربێت و پەل بۆ باکووریش بھاوێژن چونکە ئەو دەیەوێت لەم خاڵەدا ھەمان سیاسەتی ئێران پەیڕەو دەکات شەڕ بەرێتە دەرەوەی سنوور و کێشەکانی ناوخۆی پێ پەردەپۆش بکات. داگیرکاری و ئۆپراسێۆنەکانی تورک لە سەرەتایی شۆڕشی ڕۆژئاوا تاکوو ئەمڕۆ بۆ لەناوبردنی کیانی ڕۆژئاوایە و دەیەوێت ڕێگا بە بوونی ستاتۆی ڕۆژئاوا بگرێت و بە گشتی کێشەی کورد لە داڕشتنەوەی ھاوکێشە ھەرێمی و نێودەڵەتی لەناوبەرێت و ھەبوونێک بە ناوی کورد بوونی نەبێت.
ئەردۆغان کابرایەک لەسەر بنەمای درۆ و شەنتاژ و دەرەوەی ئەخلاق ھەڵسوکەوت دەکات، دەیەوێت خۆی فەرز بکات بۆیە ھەوڵیدا بەشەڕ داخوازییەکانی خۆی لەماوەیەکی کورتدا بەجێ بێنێ ئەویش داگیرکردنی ڕۆژئاوایە بەلام لە ئەمری واقعدا ھیچی بۆ نەکرا و بە شکستێکی گەورەی سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی لە شەڕی چەند ڕۆژدا ملکەچی ئاگربەستی ئەمریکا بوو، بەڵام لە ڕێکەوتنەکەشدا دەیەوێت یاریی بە چارەنووسی گەلەکەمان بکات بۆئەمەش بێشک ھەموو باجێک دەدات بە ئەمریکا چونکە ئەردۆغان تووشی ھەستریایی کورد بووە.
بۆیە تورکیا ھەتاکوو چوونی وەڤدی ئەمریکا بۆ تورکیا بە شێوەیەک پێداگری لەسەر بەردەوامی داگیرکاری ڕۆژئاوا دەدا و لە پرۆتۆکۆڵی سیاسی و سەربازیدا لەناوبردنی دۆزی کوردی گرتۆتە دەست لە ھەرچوار پارچە بۆیە بەردەوامە لە ھێرشەکانی، ئەردۆغان زیاتر لە داگیرکاری ڕۆژێاوا ھێنانە دیی خەونی میساقی میلی و داگیرکردنی ھەرێمەکەی بە بنەما گرتووە، کە زۆرینەی خاکی کوردستانە و بە ئاشکرا بانگەشەی بۆدەکات.
ئەردۆغان و ئاکەپە مەرجیان بۆ وەستاندی داگیرکاریەکان ئەوەیە ئەمریکاو ناتۆ بە شێوەیەکی کرداری بۆ لە ناوبردنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەشداربن و چاوی خۆیان لە ناوخۆی تورکیا بگرن بە گشتی و سەرکوتکردنی باکوور بە زەبری ھێز بە تایبەت بێ دەنگی ھەڵبژێرن و ھاوکاریان بن، لە کاتێکدا ئەمریکا بۆ چەند کیلۆمەترێک دژی ئەردۆغان بوون، ئایا ئێستا ئەمریکا دەیەوێت ڕۆژئاوای پێشکەش بکات ئایا ھیچ خوێندنەوە بۆ ڕووسیا و سوریا نەکراوە لەم ڕێکەوتنەدا.
دەبێت داخوازیەکانی تورک بۆ ڕێکنەکەوتن یان پێداگری بۆ ھەندێک بابەت کە قبووڵکراو نییە ھێزێکی وەک ڕووس و ئێران لە پشتیەوە بێت و ھەوڵ بدەن تورکیا تووشی داڕمانێکی ئابووری و سیاسی و سەربازی بکەن و بەلاوازی باوەشی بۆ بکەنەوە. چونکە چوونە دەرەوەی تورکیا بە ڕێگای ئەمریکا ڕێگە خۆشکەرە ئێرانیش لە سوریا بکەنە دەرەوە تایبەت ئەوروپا و کۆمکاری عەرەبی سەرکێشی بکەن.
کۆمکاری عەرەبی و ئەوروپا ھیچ قبووڵیان نییە ھەژموونی تورکیا و ئێران بەرفراوان بێت لە ناوچەکە.

بێگومان ئەوەی گرنگە ھەڵوێستەی لەسەر بکرێت کێشەی باکووری کوردستانە، ئایا ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ شەڕی دژیی پەکەکە دەکات و لە ھەموو بوارەکان و ئۆپراسێۆنی سەر پەکەکە چ لە ئەوروپا و باشوور و باکوور دەکات، بۆ ئەوەی تورکیا قایل بکات ئەگەر بەم شێوەیەش بێت بێگومان یەپەگە ناچێتە ڕێکەوتنێکی بەم شێوەیە بەڵکوو ڕاستەخۆ دژایەتی دەکات. بۆیە تورکیا دەیەوێت کورد پارچە بکات و ناکۆکی دروست بکات. ئەوەی تورکیا دەیەوێت بە دەستی بێنێت زەحمەتە، چونکە نەک ترامپ بەڵکوو ئەمریکا و ئەورپا و ڕووسیا و کۆمکاری عەرەبی و ئیسرائیل و ئێرانیش قبووڵی ناکەن و کوردیش ملکەچی ڕێکەوتنێکی بەم شێوەیە نابێت، چونکە ھەموو دەزانین لە چەند کاتژمێری سەرەتای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنەکە دژایەتی ئاشکرا لە ھەموو لایەکەوە کرا، بۆیە ھیچ مانا بەخش نییە ئەوەی بڵاو کراوەتەوە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە بێت، چونکە پرسیارەکە ئەوەیە لەبەرامبەر بەم ڕێکەوتنە ئەمریکا چی وەردەگرێت و تورکیا ڕۆڵی چی بۆ ئەمریکا دەگێڕێت لە ناوچەکە!؟ بۆیە گومان نییە یەپەگەش خاوەن چەندین کارتی بەھێزە کە دەتوانێت بەکاری بێنێت و ھەموو ھاوکێشەکان سەروبن بکات وەک ئەوەی بە کرداری کردی لە چەند ڕۆژی دوایی داگیرکارەیەکانی ئەردۆغان و چەتەکانیان و ناکەوێتە داو و یاریەک کە بەرژەوەندی گەل بێتە قوربانی، بۆیە ئەوەی لە میدیاکان نیشاندرا زۆر جێگای باوەڕ نییە بۆ ھەموو لایەک، ئەردۆغانیش پێدەچێت سەری سوڕما بێت بەو ڕێکەوتنە و خۆشی باوەڕی پێ نەھێنابێت بۆیە ھیچ ھەڵوێستێک بۆ ئاگربەست نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە