ئه‌وه‌ی به‌ شه‌ر نه‌یانتوانی به‌ ناوی ئاشتیه‌وه‌ نه‌یدزن

Saturday, 10.19.2019, 14:42

677 بینراوە


ئه‌و به‌رگریه‌ ئازایانه‌ی یه‌په‌گه‌ شایانی رێزێكی گه‌وره‌یه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ لایه‌ن كورد به‌خۆی به‌ته‌نها به‌ڵكو لایه‌ن سه‌رجه‌م جیهانه‌وه‌. به‌ڵی قوربانی به‌ گیان و ماڵ درا و خه‌ڵكی سڤیل بوونه‌ شه‌هید بوون ده‌ربه‌ده‌ركران، به‌ڵام به‌ راستی شه‌ڕڤانان و كوردی كوردستانی رۆژئاوا شكۆی كوردیان پاراست و له‌به‌رده‌م جیهان ده‌ریانخست ئه‌وه‌ی خاوه‌نی مافه‌ ئه‌گه‌ر توانایشی كه‌م بێت ده‌توانێت به‌رگری له‌ خۆی بكات و سته‌مكار بشكێنێت.

ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی به‌ شه‌ڕ به‌ده‌ستهات ده‌بێت وریابین به‌ ئاشتی نه‌یدۆرێنین. بێگومان ئه‌وه‌ی ده‌ریده‌خات كه‌ خاڵه‌كانی رێكه‌وتنی ئه‌مریكا و توركیا بۆ راگرتنی شه‌ره‌كه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ كورد به‌قازانج ده‌شكێته‌وه‌، كه‌ ناهێلێت بۆ ماوه‌یه‌كیش بێت خوێن برێژرێت، به‌ڵام ده‌بێت وریایی له‌ كاتی راگرتنی شه‌ر له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ره‌كه‌ زیاتر بێت و ئه‌مه‌ش بۆ سیاسه‌تمه‌دارانی كوردستانی رۆژئاوا جێگه‌ی گومان نابێت، به‌ڵام:

* ئه‌و جیاوازیه‌ی نێوان ترامپ و كۆنگرێس و سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مریكای ئه‌مڕۆ له‌به‌رچاو بگیرێت و ئه‌م رێكه‌وتنه‌ كه‌ له‌ قازانجی سه‌رۆكی ئه‌مریكایه‌ به‌ تایبه‌تی وانه‌كات ده‌رگا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌كورد پشتوێنی لێبكاته‌وه‌ وا دانریت كه‌  فرتوفێڵێ توركیا كۆتاییهاتووه و، بیر له‌وه‌ بكرێته‌وه‌كه‌ چۆن ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ ئه‌مریكا ده‌ستبه‌ری روونه‌دانی پاشقوله‌كانی توركیا بكات.

* جارێك به‌ ئاگربه‌ست یه‌كێك له‌ قسه‌كانی ئه‌ردۆگان شكێنرا، كه‌ مكوڕبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تا به‌دێهێنانی ئامانجه‌كه‌ی شه‌ڕناوه‌ستێنێت، به‌ڵام مه‌رجه‌كانی نێو رێككه‌وتنه‌كه‌ جێگه‌ی گومانه‌، به‌تایبه‌تی ورده‌كاریه‌كانی هه‌ر دوو خاڵی 11 و 12‌ كه‌ باس له‌ كشانه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ به‌و درێژاییه‌ و راده‌ستكردنی چه‌كه‌ قورسه‌كان ده‌كات، كه‌ فرتوفێڵی شه‌یتانی تێدا به‌دیده‌كڕێت، ئه‌گینا خاڵه‌كاتی تر هه‌مووی شتی ئاسایی و به‌ڵگه‌نه‌ویستن.

* هه‌وڵی ساردكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نێوخۆیی ئه‌مریكای تێدا به‌دیده‌كرێت كه‌ ده‌شێت توركیا به‌ ساردبونه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌ هه‌له‌كه‌ بقۆزێته‌وه‌ و واقعێك فه‌رز بكات كه‌ نه‌یتوانی له‌ شه‌ردا فه‌رزی بكات و له‌وێدا كه‌س لۆمه‌ی ناكات و ترامپیش له‌ سه‌لبیاته‌كانی خۆی قوتار بكات كه‌ هه‌ر رووداوێك و پێشهاتێك به‌ بێ ده‌نگی تێپه‌رێنرێت.

* ده‌بێت ئێستا له‌م پیگه‌ و هه‌ڵوێسته‌ به‌هێزه‌ی یه‌په‌گه‌ له‌رۆژئاوا وتویژ له‌گه‌ڵ روسیا و رژێمی سوریا زیاتر بكرێت و رێككه‌وتنه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موان ده‌ركه‌وت كه‌ ترامپ جێگه‌ی متمانه‌ نیه‌ و له‌هه‌ل ده‌گه‌رێت و ئه‌م هه‌نگاوه‌یشی بۆ رێكه‌وتن له‌م كاته‌دا له‌ ژێر فشاری نێوخۆی ئه‌مریكاوه‌ هات.

*جگه‌ له‌ ئاگربه‌ست، یان وه‌ك توركیا له‌ شه‌رمه‌زاری خۆیدا پێی ده‌ڵێت مۆڵه‌تدان، به‌ڵێ جگه‌ له‌شه‌ر وه‌ستان هیچ مه‌رجێكی له‌سه‌ر توركیا تێیدا نیه‌ كه‌ هێزه‌كانیان كه‌ی و چۆن ده‌كشێننه‌وه‌ و چۆن زامنی شه‌رنه‌فرۆشتنی توركیا به‌ به‌هانه‌ی‌ ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌ لایه‌ن توركه‌وه‌ بواری خافڵگیری له‌ ئارادایه‌ و، هه‌مووان ده‌زانن ئه‌وان له‌و لایه‌نه‌وه‌ مێژوویه‌كی ڕه‌شیان هه‌یه‌.

* فشاری جه‌ماوه‌ری و خۆپیشاندان و هاوكاری سه‌رجه‌م پارچه‌كانی كوردستان له‌م كاته‌دا پێویستره‌، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س پشتی لێنه‌كاته‌وه‌ و به‌رده‌وامی وریایی خه‌ڵك وا له‌ توركیا بكات كه‌ بیر له‌ ئاشتی بكاته‌وه‌ زیاتر له‌ شه‌ڕ، به‌ تایبه‌تی ئه‌وان له‌ یه‌كگرتوویی كورد زه‌نده‌قیان ده‌چێت.

* هه‌وڵی ریكه‌وتنی سیاسی و به‌ گره‌نتی له‌گه‌ڵ روسیا زیاتر بدرێت له‌وه‌ی تائێستا به‌ ته‌واوی پشت به‌ ئه‌مریكا به‌ستراوه‌ و هه‌وڵ بدرێت به‌ نزیكبونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رز هێزی روسیا له‌ سنوره‌كان و له‌نیوان توركیا و كورد بونی هه‌بێت بڵاوبكرێته‌وه‌، بۆ زیاتر دڵنیایی فه‌راهه‌م بێت و، هه‌روه‌ها له‌ پێناو نه‌هێشتنی هه‌ر گومانێك له‌ جموجوڵه‌كانی توركیا ده‌كرێت.

* شه‌رمه‌زاری ئۆردوگان له‌ ئیمزاكردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ی و ناچاربونی واده‌كات بۆ پاراستنی رووسوری خۆی چه‌ند جموجوڵێك بكات وه‌كو شه‌رێكی لێره‌ و جوڵه‌یه‌ك له‌وێ ، ، بۆ ئه‌وه‌ی وا پیشان بدات كه‌ ئاگربه‌ستی شه‌ره‌كه‌ به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ وریایی و ئاگاداریی كوردی پێویسته‌.

بۆیه‌ تائه‌م كاته‌، ناچاربونی تورك بۆ ئاگربه‌ست وه‌كو خۆیان ده‌لێن له‌گه‌ڵ كورد دا كاتیه‌، واته‌  له‌ نێوان هێزێكی گه‌وره‌ی ناتۆی وه‌كو توركیا كه‌ خۆی به‌ كه‌ڵه‌گای رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌زانێت له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن گه‌لێكی سته‌ملێكراو،  به‌ڵام خاوه‌ن هێزی ماف و ئامانجی گه‌لی زوڵملێكراو سه‌ركه‌وتنێكی مێژوییه‌، به‌ڵام ده‌بێت چاوه‌رێی  پێشهاته‌كان وه‌كو خۆی بكرێت و له‌مه‌ودوا ترامپ و ئه‌ردۆگان و وه‌زعه‌كه‌ جوانتر بخوێنڕێته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر دۆخی نێوخۆیی ئه‌مریكا ئاسایی بێته‌وه‌، چاوه‌ڕێی هه‌موو شتیك له‌ ترامپ بكه‌ن و ده‌بێت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه‌ هه‌مه‌جۆره‌كان و ناوه‌نده‌ بریاربه‌ده‌سته‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام بێت. به‌ڵێ ئه‌وه‌ی به‌شه‌ر به‌ده‌ستهات با به‌ ئاشتی نه‌یدۆڕێنین.  ‌‌





(دەنگدراوە: 1)