مەسعود بارزانی زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەی سڕکرد


داگیرکاری تورکیا بۆسەر خۆرئاوای کوردستان و بەرخۆدان و کارانەوەکان لە ماوەی "10" ڕۆژدا(بەشی یەکەم)

Tuesday, 10.22.2019, 9:42

1204 بینراوە


٭ ڕۆژی 9/10/2019 سوپایی تورکیا بە هاوپەیمانی گروپە تیرۆرستییە عارەبییە سونییەکان و ئیخوان موسلیمنی سوری دەستی کرد بە داگیرکاری خۆرئاوای کوردستان بە ناوی ئۆپەڕاسیۆنی "کانی ئاشتی". ئامانج لەو داگیرکارییە لەلایەک داگیرکردنی خۆرئاوای کوردستان و لە ناوبردنی خۆبەڕێوەبەری و فیدڕاڵیەتی خۆرئاوا بوو، لە لایەکی دیکەوە گۆڕینی دیمۆگرافیایی خۆرئاوا بوو، هەر وەکو "ئەردۆغان" چەندین جار ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی (30کم) دروست بکات و هەموو ئەو ئاوارە عارەبە سوریانەی لە تورکیان کە نزیکە "3" ملیۆن کەسن لە خۆرئاوای کوردستان لە سەر ماڵ و زێدی کورد نیشتەجێ بکات و کورد لە سەر خاکی خۆی دەرپەڕێنێت و ئاوارەیان بکات بە ناوی ئۆپەڕاسیۆنی "کانی ئاشتی". ئەمە لە کاتێکدا هەسەدە لەگەڵ تورکیا بە ناوبژیوانی ئەمریکا ڕێکەوتن بە قوڵایی 10کم بکشێنەوە بەبێ شەڕ بەو مەرجەی تورکیا هیچ دەستدرێژییەک نەکات. تورکیا لە کاتی داگیرکارییەکەیدا سورەتی "فتح"ی بەکارهێنا و موفتی تورکیاش جیهادی ڕاگەیاند و لە "90000" هەزار مزگەوتی تورکیاوە سورەتی فتح خوێندرایەوە دژی خۆرئاوای کوردستان.

٭ لەڕاستیدا ئامانجی تورکیا لەو داگیرکارییە لە ناوبردنی خۆبەڕێوەبەری خۆرئاوا و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردە لەو پارچەیەی کوردستان. تورکیا بە هەڕەشەی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا ئەوروپای تەنگەتاوکردووە کە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەیان نەبێت لەو داگیرکارییە. تورکیا دەڵێت سێ ملیۆن ئاوارەی سوریم هەیە، یان دەبێت ئەوروپا وەریبگرێت، یان دەبێت لە خۆرئاوای کوردستان ناوچەیەکی ئارام دروستبکەم بۆ ئەوە ئاوارانە. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی ئەو سێ ملیۆن ئاوارەیە نەگاتە ئەوروپا، ئەوروپییەکان لە ئاست داگیرکاری تورکیا هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان نییە. ئەمە لە لایەک لە لایەکی دیکەوە تورکیا دەیەوێت پاکتاوی ڕەگەزی کورد بکات، چونکە مەبەستەکە تەنیا ئەو ئاوارانە نییە، تورکیا دەتوانێت ئەو ئاوارانە لەو ناوچانەدا نیشتەجێ بکات کە لە سوریا داگیری کردووە وەکو شارەکانی "باب، جەڕابلوس" و چەند شارێکی دیکە. بەڵام مەبەستەکە تەنیا ناوچەی ئارام نییە، مەبەستی سەرەکی تورکیا سڕینەوەی ناسنامەی کوردە لە خۆرئاوای کوردستان.

٭ پێش ئەوەی توركیا وتاری خۆی لە كۆبونەوەكانی دەوڵەتە یەگرتووەكان پێشكەش بكات، "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و فلادیمێر پۆتین" و "ئەردۆگان و دۆناڵد ترەمپ" دوو كۆبونەوەی نهێنیان ئەنجامدا بوو.

كۆبونەوەكانیش بەم شێوەیە بوون
یەكەم. كۆبونەوەی پۆتین و ئەردۆگان
توركیا ئەم كارانی كردبوو:
١-سیستمی ئێس چوارسەدی كڕی.
٢-قازانجی دارایی سوریای ژێردەستی توركیا بۆ ڕوسا دەبێت.
٣-توركیا تۆڵەی زۆرشتی گرنگ وەك خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ڕووسیا لە لایەن تورکیاوە لە ساڵی (2016) بۆ ڕووسیا دەكاتەوە.
٤-قازانجی گاز و نەوتی شل بۆ ڕووسیا زیاتر دەبێت.
٥-توركیا خەرجی زیاترلە ڕووسیا دەكات.

لەبەرامبەردا پۆتین گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرکاری ئەردۆغان کرد.

ڕێككەوتنی ئەمریكا و توركیا.
١-توركیا چارەسەری كێشەی (3 ملیۆن) پەنابەری سوریا دەكات.
٢سیتمی پاتریۆت لە ئەمریكا دەكڕێ.
٣-پارەی خەرجی سنور دەدات كە مانگانە "3 ملیۆن" دۆلارە.
٤- هەموو دیلە داعشەکان دەگرێتە خۆی وبەخێویان دەكات، کە ژمارەیان نزیکەی حەفتا هەزار چەکدار و ژن و منداڵی داعشن و لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریایی دیموکرات دا بوون.
٥-هیچ بەربەستێک بۆ ئەمریكا دروستنەكات.
لەبەرامبەردا ترەمپ ڕەزامەندی داوە كە توركیا
"30 کم"، بەقوڵای خۆرئاوا داگیر بکات.
٢- بەربەریانە و هۆڤیانە كارنەكات، قەتڵوعام ئەنجامنەدات.
٣-لەو سنورەی بۆی دیاریکراوە زیاتر نەچێتە پێشەوە.

بەمجۆرەش ئەردۆگان توانی هەردوو جهمسەرەکەی دوونیا ئەمریکا و ڕووسیا ڕازی بكات.

لەبەرامبەردا توركیا چی دەسدەكەوێت
١-ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی زیندوو دەکاتەوە و ئاواتەكەی ئەتاتورك و ئەردۆگان بە دیدێنێت.
٢- دەبێتە خاوەن ئابوریەكی گەورە، و نەوت و خاک و کشتوکاڵی خەیاڵی دەستدەکەوێت.
٣-توركیزم وەك فاشیزم لە ناوچەكەدا دەبێتە قوتابخانە.

٭ ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دەقی گفتوگۆیەکی نێوان مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و " ویلیەم ڕیۆبوک" جێگری فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی داعش بڵاوکردوە کە ڕۆژێک دوای پەلامارەکەی تورکیا بووە، کە تێیدا مەزڵوم کۆبانێ هێرشی تووند دەکاتە سەر ئەمریکییەکان.

دەقی بەشێک لە قسەکانی مەزڵووم کۆبانی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا: "ئێوە دەستبەرداری ئێمەبوون. ئێوە ئێمەتان جێهێشت بۆ ئەوەی بمانکوژن. چیتر خۆتان ناتانەوێت خەڵک بپارێزن و ناشتانەوێت هێزێکی دیکە بێت و بمانپارێزێت. ئێمەتان فرۆشت. ئەمە کارێکی زۆر نا ئەخلاقییە. دەمەوێت بزانم ئایا دەتوانن خەڵکەکەم بپارێزن، دەتوانن ئەو بۆمبانە ڕابگرن کە بەسەرماندا دەبارێت؟ چوونکە ئەگەر نەتوانن، پێویستە ئێستا ڕێککەوتنێک بکەم لەگەڵ ڕووسیا و ڕژێمدا و بانگهێشتی فڕۆکەکانیان بکەم تا هەرێمەکە بپارێزن. دوو ڕۆژە خۆم گرتووە تا نەچمە سەر تەلەفزیۆن و بڵێم ئەمەریکا ئێمەی جێهێشت و دەمەوێت ئێوە لە ناوچەکەی ئێمە بچنە دەرەوە تا بتوانم بانگهێشتی فڕۆکەکانی ڕووسیا و ڕژێم بکەم و ئەوان کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێرە بکەن، یان ئەم بۆمبانە کە دەبارێن بەسەر خەڵکەکەماندا بوەستێنن و یان بچنە ئەولاوە تا ئێمە بتوانین ڕووسییەکان بانگ بکەن."

لە وەڵامدا فەرماندە ئەمەریکییەکە بە مەزڵووم کۆبانێی وتووە:

"بڕیاری بەپەلە مەدەن. من پەیامی سەرکردە کوردەکان دەگەیەنم بە وەزارەتی دەرەوە. لە ئێستادا ئەمەریکا لە هەوڵدایە بۆ وەستاندنی هێرشەکەی تورکیا و ڕاگەیاندنی ئاگربەست."

٭ لە سەرەتایی داگیرکارییەکەی تورکیادا، دۆناڵد تڕەمپ لە تویتەرەوە لێدوانی سەیری دژی کورد دەدا و شەڕی دەروونی لەگەڵ کورد دەکر، دوای پشتێکردن و خیانەتکردن لە هێزەکانی "هەدەسە" کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوون لە تێکشکاندنی داعش دا. تڕەمپ لە تویتێکدا ووتی: "ئێمە پۆلیسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نین تا ژیانی بەنرخمانی لە پێناودا ببەخشین". دواتر لە تویتێکی دیکەدا ووتی: "کورد لە جەنگی جیهانی دووەم و لە شەڕی نۆرماندیدا هاوکاری ئەمریکای نەکردووە". لە تویتێکی دیکەدا وتی: "کورد لە شەڕی داعش دا هاوکاری کردوین، ئێمەش پارە و چەکمان پێداون". لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی وەڵامی دایەوە و وتی: "خوێن کورد لە چەک و پارە بەنرخترە". هەروەها لە تویتێکی دیکەدا وتی: "کورد و تورک سەد ساڵە شەڕ دەکەن، با کورد خۆی شەڕی خۆی بکات". دوای گەرم بوونی جەنگەکە، کە تورکیا کەمپی زیندانی داعشەکانی بۆردوماندەکرد بە ئامانجی ڕزگارکردنی داعش، تا زیندوویان بکاتەوە دژی کورد، تڕامپ ووتی: "لەوانەیە کوردەکان هەندێک لە داعشەکان ئازاد کەن بۆ ئەوەی ئێمە لەو جەنگەوە تێوەبگلێنن".

٭ دوای ئەوە سوپای تورکیا و گروپە تیرۆرستییەکان بە پیادە و هێزی ئاسمانی هەوڵی داگیرکاری "سەرێکانی و گرێ سپی"یان دەدا و کوشتارێکی گەورەیان نایەوە و بە هەزاران خەڵکی ئاوارە بوو، بە سەدان خەڵکی سڤیلیش شەهید بوون، و هێزەکانی "هەسەدە" جوامێرانە خەباتیان دەکرد و دروشمی "بەرخۆدان ژیانە"یان بەرزکردبۆیەوە و نەیاندەهێشت ئەو سوپا کاولکارە پێشڕەوی بکات، هەموو ئەو تونێلانەی کە دروستیان کردبوو لە قوڵایی زەوی دا بە درێژایی 90کم کردبووینە مەیدانی خەبات و بەرخۆدانی بێ وێنە و ئەفسانەیی دژی سوپا و گروپە تیرۆرستییەکان و فڕۆکەی تورکیا. ئەمە بووە هۆی ئەوە هەڵوێستی ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کۆمکاری عارەبی بگۆڕێت. کۆمکاری عارەبی بە تەواوەتی داگیرکارییەکەی تورکیای ئیدانە کرد و دژی تورکیا بوو بە تایبەتی ووڵاتی میسڕ. ووڵاتانی (بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، ئیسپانیا، سوید، هۆڵەندا" فرۆشتنی چەکیان بە تورکیا ڕاگرت، کە پێشتر تورکیا بازاڕی ساغکردنەوەی کەرەستەیی سەربازی ئەو ووڵاتانە بوو دژی کورد لە باکور و خۆرئاوای کوردستان. بەڵام ووڵاتی "قەتەر و فەلەستین و ئیخوان موسلمین" بە تەواوەتی پشتگیری داگیرکارییەکەی ئەردۆغانیان کرد.

لەڕاستیدا "ئیمانوێل ماکڕۆن" سەرۆکی فەڕەنسا هەر لە سەرەتایی داگیرکارییەکەی تورکیاوە هەڵوێستی ئەرێنی بووە و داوای ڕاگرتنی هێرشەکە و هەڵوێستی نێودەوڵەتی کرد، دژی تورکیا. هەروەها "ئەنجێلا مێرکڵ"ی ڕاوێژکاری ئەڵمانییە داگیرکارییەکەی تورکیایی ئیدانەکرد و داوای ڕاگرتنی دەکرد. "بنیامین ناتانیاهۆ" سەرۆکی ئیسڕائیل داوای ڕاگرتنی هێرشەکەیی کرد و داگیرکارییەکەشی ئیدانە کرد، هەروەها ئامادەیی ووڵاتەکەشی نیشاندا کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئاوارەکان دەکات. سەرۆکی ڕێکخراوی ناتۆش لەسەردانێکیدا بۆ ئەنقەرە داوای ڕاگرتنی هێرشەکەی کرد و داوای لە تورکیا کرد دان بە خۆیدا بگرێت و لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بەوەی یەپەگە تیرۆرستە یان نا؟ سەرۆکی ناتۆ نەیگوت یەپەگە تیرۆرستە بەڵکو بە شێوەیەکی دبلۆماسی گووتی: "بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەو هێزە هەیە". تورکیا هەمیشە هەڕەشەی ئەوەی لە ئەوروپا دەکرد کە دژایەتی داگیرکارییەکەی بکەن ئەوە بەر بە شاڵاوی کۆچبەرانی سوریا بەردەدات بەرەو ئەوروپا، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر ئەوروپا و تورکیا ڕێکەوتنێکیان کرد بوو کە تورکیا ڕێگە بە کۆچبەران نە نەدات بگەنە ئەوروپا.

٭ ڕۆژی 9/10/2019 دۆناڵد تڕەمپ نامەیەکی بۆ ئەردۆگان نارد.
دەقی نامەكەی ترامپ بۆ ئەردۆغان

رەجەب تەیب ئەردۆگان
سەرۆک کۆماری تورکیا
ئەنقەرە

بەرێز سەرۆک،
با رێکەوتنێکی باش بکەین. تۆ ناتەوێت بەرپرسیار بیت لە کوشتاری هەزاران کەس، و منیش نامەوێت بەرپرسیار بم لە وێران کردنی ئابوری تورکیا-بەڵام دەیکەم. پێشتر من نموونەیەکم پێدان پەیوەست بە قەشە برانسن.

من زۆر کارم کردووە هەندێ لە کێشەکانی ئێوە چارەسەر بکەم. جیهان نائومێد مەکە - دەتوانی رێکەوتنێکی زۆر باش بکەین. ژەنراڵ مەزڵوم ئامادەیە دانوستاندنت لەگەڵ بکات، هەروەها ئامادەیە سازشگەلێک بکات کە لە رابردوودا هەرگیز نەیکردووە. من بە تایبەت نامەکەی هاوپێچ دەکەم کە هەر ئێستا پێمگەیشت.

مێژوو بە باش سەیرت دەکات ئەگەر ئەمە بە دروستی و مرۆڤانە بکەین. هەمیشە وەکو شەیتان سەیرت دەکات ئەگەر شتی باش روو نەدات. خۆت سور مەکەرەوە. گەمژە مەبە.

دواتر تەلەفونت بۆ دەکەم.
لەگەڵ رێزدا
دۆناڵد ترەمپ

٭ هێزەكانی خۆرئاوا "هەسەدە" بۆ جاری دووهەمیانە جوامێرانە و بەرگریكارانە رووبەرووی شەڕی هێزی فاشیزم بوونەوە. لە پێشتردا هێزە دینییە توندوتیژەكەی _داعش_یان تێك شكاند. لە شەڕێكی نابەرامبەردا ڕووبەڕووی گەورەترین هێزی ناتۆ بوونەوە و توانیان بەری پێبگرن و كاتی پێبكوژن تا جوڵەی دیكە بكەن. چونكە لەگەڵ سوپایەكی گەورەی پڕچەكدا ڕووبەڕوو بووبوونەوە، كە ئەو سوپایە روبكاتە هەرشوێنێك بە ئاسانی داگیری دەكات. ئەمریكاش وەك مشەخۆرێك لەو نێوانەدا دەیەویست لەرێگەی میدیاوە سەرقاڵی فریودانبێت و جینۆسایدێكی نوێ‌ رووبدات. بەڵام "هەسەدە" بەباشی لەم جەنگە تێگەیشتن، سەركردە (مەزڵووم كۆبانێ‌) ووتی: " دەبوو لەنێوان جینۆساید و سازشكردندا یەكیان هەڵبژێرین، ئێمە میللەتەكەی خۆمان هەڵبژارد 12/10/2019 هێزەکانی سوریایی دیموکرات بە ناوبژیوانی ڕووسیا ڕێکەوتن کە سوپاس سوریا لە خۆرئاوای کوردستان بچێتە ناوچە سنورییەکان و ڕێکەوتنەکەش لە بواری سەربازی دا بوو نەک بواری بەڕێوەبردنی و ئابوری. ئەم رێككەوتنە لەم قۆناغەدا ژیرانەبوو. رێككەوتنەكە بەرگریكردن بوو لە رزگاركردنی میللەتێك نەخشەی جینۆسایدی بۆ كێشرابوو. توركیا پڕۆژەی هەبوو ئەوەی دەیكوژێت بیكوژێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە لەشوێنی خۆی دەریبكات و عەرەبی هاوردە بخاتە شوێنی و كۆتایی بەو نەخشەیە بێنێت كوردی تێدا نیشتەجێیە. ئەو رێككەوتنەی كراوە:
یەكەم. رزگاركردنی كوردە لەو شەڕە نابەرامبەرە كە چاوەڕێی سڕینەوەی لێدەكرا و چاوەڕێدەكرا گەر نەكوژرێت دەربكرێت.
دووهەم. لە رێككەوتنەكەدا هاتووە، هێزە كوردییەكان كرانە فەیلەقێك بۆ پاراستنی ناوچەكەی خۆیان.
سێهەم. گفتوگۆی نێوان ناوەند و كوردەكان دەست پێدەكات و لە پاش شەڕەكە و لە داهاتوو دا ئەم گفتوگۆیە ئامانجی خۆی دەبێت.

٭ 13/10/2019 لە وتارێکی میدیاییدا، ئەردۆغان بە دوورو درێژی قسەی لەسەر لەشکرکێشییەکەی بۆ داگیرکردنی خۆرئاوا کرد. بەروونی باسی لەوەکرد کە ئەم پلانە ھی شەوو رۆژێک نییە، و ماوەیەکی درێژە کاری لەسەر دەکەن. تەنانەت نەخشەی ئەو شارو شارۆچکانەش ئامادەکراوە کە تورکیا بە نیازە لە خۆرئاوا عەرەبە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بکاو بەتەواوەتی سیمای کوردانەی بسڕێتەوە. ئەردۆغان جەختیشی کردەوە کە قسەو رەخنەکانی دەوڵەتان‌و رایگشتی جیھانیان بەلاوە گرنگ نییە و سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. ئاشکرایشی کرد کە سوپای داگیرکەری تورکیا بەدرێژایی سنووری سووریا تا قوڵایی 30 - 35 کیلۆمەتر خاکی خۆرئاوا داگیر دەکات.

وتارەکە نووسرابوو، ئەردۆغان دەیخوێندەوە، بەڵام ناوبەناو دەقە نووسراوەکەی جێدەھێشت‌و راستەوخۆ قسەی دەکرد.

ئەوەی لە وتەکانی "سوڵتانی خوێن مژی کورد"دا جێگەی سەرنج بوو، ئاماژەیەک بوو بۆ "عێراق". ئەردۆغان پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی دەقەکە وتی: "ئەگەر سووریا لە ھەقیان بھاتایە (مەبەست پەیەدەو ئیدارەی کوردییە)، ئیشەکەمان ئاسان بوو، بەڵام بەداخەوە، سووریا لە دۆخێکی وادا نیە…. با ئەوەشتان پێ بڵێم لە عێراقیشدا ھەمان شتە. لەعێراقیشدا دۆخەکە وێرانە. کە لەگەڵ عێراقدا قسە دەکەین، ڕووبەڕوو شتێکمان پێ دەڵێن، بەڵام بەداخەوە لە پاشملە لێدوانی جیاواز دەدەن. ئێستا ئەوەتا لێدوانی جیاوازی ئەم چەند رۆژە ببینن. نەمدەویست ناو بێنم… کاتێک ئەوان دەکەونە تەنگانەوە… ئێمە لایەنی ئەوان دەگرین…. کەچی دەبینین ئەوان لایەنی تیرۆریستەکان دەگرن. بۆچی؟ چونکە کوردن"

٭ هەروەها دوای هەشت ڕۆژ لە داگیرکارییەکەی تورکیا کە هێزەکانی هەسەدە، یەپەگە و یەپەژە هێزی سەرکی ناویانە خۆراگرانە بەرگریان کرد و ڕێگەیەن بەو داگیرکاری و جینۆسایدە نەدا، ڕۆژی 16/10/2019 ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکەپە لە پەڕلەمانی تورکیا ووتارێکی دا و ووتی: "لە باکوری سوریا تونێڵەکان هەن کە کۆمپانیایی لاڤارچی فەڕەنی چمەنتۆی بۆ دابینکردون و هەسەدە شەڕی تێدا دەکات".

دوای فشاری کۆنگرێسمان و بەرپرسە گەورەکانی ئەمریکا لەسەر تڕەمپ کە لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە لە پشت کردن لە کورد و کشانەوە لە خۆرئاوای کوردستان، ڕۆژی 15/10/2019 دوناڵد تڕەمپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ڕەزامەندى نیشاندا بە سەپاندنى سزا بەسەر تورکیادا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سزا بەسەر بەرپرسانی تورکیا و ئەوانەشدا دەسەپێنم کە لە ھێرشەکانی تورکیادا بەشداربوون. ووتیشی، بە تەواوی ئامادەم بۆ "وێرانکردنی ئابووریی" تورکیا ئەگەر بەرپرسانی تورک لەسەر ئەم ڕێگە مەترسیدار و وێرانکەرە بەردەوام بن.

هەروەها تڕامپ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەنجامداو لەکاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە مەزڵوم کۆبانی وتبوو: "کەسانێک ئێستا لە تەنیشتم وەستاون تۆیان لە نیشتیمانەکەیان زیاتر خۆش دەوێت".

ڕۆژی سێ شەممە 15/10/2019 ئەمریکا تورکیاى توشى شۆک کرد بەوەى سزاى بەسەر سێ وەزارەتى حکومەتەکەیدا سەپاند، لەوانە" ناوخۆ، وزە، بەرگرى"، ئەمە لەگەڵ ئەوەى لەسەر هەندێک کاڵاى تورکى لەسەدا پەنجا گومرگى بەرز کردەوە.

ڕۆژی 17/10/2019 "جان ئێف لۆردیان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سەردانی عێراقی کرد و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی "محمد حەکیم" بەست و ووتی: "هێرشەکەی تورکیا مەترسی نوێی لە ناوچەکەدا دروستکردووە. مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی زیادکردووە. ژمارەی چەکدارە داعشە بیانییەکان لە سوریا یەکجار زۆرن، و ئێمە ئامادەین بۆ وەرگرتنەوە و دادگایکردنی داعشە فەڕەنسییەکان".

ئێوارەی هەمان ڕۆژ 17/10/2019، "ژان لۆدریان"، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی ھەرێم کۆبوەوەو دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ڕێکخست.

لە کۆنگرەکەدا نێچیرڤان بارزانی وتی: "پێویستە لەم کاتەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستوەردان بکات لە ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکە".

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە سەقامگیری سیاسی وڵات و دوایین پێشھاتی ناوچەکەو سوریا کردووە، بەتایبەت کە ئێستا رۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی لەشکرکێشی بووەتەوە".

ھەروەک وتیشی، مەترسی جدی لە سەرھەڵدانەوەی داعش باس کراوەو بە پێویست زانراوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەنگاوی جدی بنێت بۆ ئەو مەبەستە".

لە کۆتاییشدا سوپاسی سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و حکومەتی فەرەنسای کرد، کە لەرۆژە سەختەکاندا بە فریای ھەرێم کەوتون و رۆلێکی گەورەیان لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی نێوان ھەرێم و بەغدا بینیوە.

لای خۆیەوە، ژان لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتی: "ھاتنی بۆ ھەرێم بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی سەرۆکی فەرەنسایە بۆ ھەرێم، تەئکیدی لەوەشکردەوە، ھێرشەکەی تورکیا نائارامی لە ناوچەکە بەرپا دەکاتەوە".

لۆردیان تەئکیدی لەوەشکردەوە، ھێشتا داعش شکستی پێ نەھێنراوە و پێویستە لەسەر وڵاتانی ھاوپەیمانی شەڕی دژ بە داعش، کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجام بدات".

باسی لەوەشکرد، بیریان لەوە کردووەتەوە کە بەشێک لە ئاوارەکانی رۆژئاوا بێنە ھەرێم و لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی فەرەنسا بڕی "10" ملیۆن یۆرۆی بۆ ھاوکاریی ئەو ئاوارانە تەرخان دەکات".

ڕۆژی پێنج شەممە 17/10/2019 یەکێتی ئەوروپا کۆبونەوە لەسەر چەند پرسێکی ئەوروپی و کێشەی کۆچبەران، هەروەها یەکێک لە کێشەکانی دیکە هێرشی داگیرکاری تورکیا بوو بۆ سەر خۆرئاوی کوردستان. لە کۆبوونەوەکە تایبەت بە دۆخی خۆرئاوای کوردستان سەرۆکی پەڕلەمانی ئەوروپا داوای ڕاگرتنی گفتوگۆکانی سەبارەت بە ئەندامبونی تورکیا لە یەکتێی ئەوروپا کرد. هەروەها داوای کرد یەکێتی ئەوروپا سزای توندی ئابوری بە سەر تورکیا بسەپێندرێت و سزاکانیش هەر زوو جێبەجێ بکرێت".

"مایک پێنس" جێگری "دۆناڵد تڕامپ" سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی 17/10/2019 لەگەڵ وەفدێک دا سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولو چاوشئۆغلۆ بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر کۆبونەوە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا مایک پێنسی لەگەڵ مایک پۆمپەیۆ، وتی: "ئەنقەرە و واشنتن ڕێکەوتن لە سەر ئاگربەست. جەنگ ڕادەگیرێت تا چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخی سوریا دەدۆزرێتەوە. هەروەها مایک پێنس، ووتی پەیوەندیمان بە هەسەدەوە کردووە کە دڵنیایی بدات و بۆ قوڵایی 20 میل بکشێنەوە، لەبەرامبەردا سزاکان لەسەر تورکیا هەڵدەوەشێنینەوە بە ڕاوەستاندنی شەڕ، و کار بۆ ئەوە دەکەین کە کوردەکان بە قوڵایی 30کم بکشێنەوە. هاوپەیممانییەک لەگەڵ کورد دروست دەکەین بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام. سوپاسی کوردەکان دەکەین کە هاوپەیمانمان بوون بۆ لە ناوبردنی داعش. هەسەدە لە ماوەی 5 ڕۆژدا لە سنورەکان دەکشێنەوە، لەماوەی ئاگربستدا سزا بەسەر تورکیادا ناسەپێنین، ئەگەر تورکیا ئاگربەست نەکات سزای توندی بە سەردا دەسەپێنین. تاکە سەربازێکی ئەمریکی لە باکوری سوریا نامێنێت".

"مایک پۆمپەیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ووتی : "کاری جدیمان کرد بۆ ئەوەی بگەینە ئەم ڕێکەوتنە. دەبێت پێکهاتە ئاینییەکان لە عێراق و سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پارێزراوبن".

لەبەرامبەدا هەمان شەو "مەولود چاوشئۆغڵۆ" وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوەنیدا ووتی: "لەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتین ئۆپەڕاسیۆن ڕابگرین. و "یەپەگە"ش لە ماوەی 120 کاتژمێردا لە سنورەکان بکشێنەوە. ئەوەی کردوومانە ئاگربەست نییە، چونکە ئاگربەست لە نێوان دوو لایەنی فەرمیدا دەکرێت. پانتایی ناوچەی ئارام 432کم دەبێت و لە ژێر چاودێری تورکیا و ئەمریکادا دەبێت و تەواوی چەکە قورسەکان لە هەسەدە دەسەندرێتەوە".

ئەمەش دەقی خاڵەکانی ڕێکەوتنەکەیە:

1. ئەمەریکا و تورکیا جەخت دەکەنەوە سەر پەیوەندیـیەکانی نێوانیان وەک دوو ئەندامی ناتۆ. ئەمەریکا لە نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە ڕەواکانی تورکیا سەبارەت بە سنوورەکانی باشوری تورکیا تێدەگات.

2. تورکیا و ئەمەریکا کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە لەسەر زەوی بە تایبەتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا وەهایە هاوکاری نزیکتر هەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیـیە هاوبەشەکان.

3. تورکیا و ئەمەریکا بەردەوامن لەسەر پاراستنی خاک و هاوڵاتیانی وڵاتە ئەندامەکانی ناتۆ لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا. لەگەڵ تێگەیشتنێکی تەواو بۆ (یەک لە پـێناو هەموومان و هەموو لە پـێناو یەک). دەسەتەواژەیەکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆیە.

4. ئەم دوو وڵاتە بەڵێنیان دووپاتدەکەنەوە بۆ ڕێزگرتن لە ژیانی مرۆڤەکان، مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەمایەتیـیە ئاینی و نەژادیـیەکان.

5. تورکیا و ئەمەریکا پابەندن بە نەهێشتنی چالاکیـیەکانی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەمە بریتی دەبێت لە هەماهەنگیکردن بەپـێی پـێویست لە بارەی بەندیخانەکانی دەستگیرکراوە داعشەکانی تێدایە و هەروەها لە بارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچانە ئاوارەبوون کە جاران لە ژێر دەستی داعشدا بوون.

6. تورکیا و ئەمەریکا ڕێکەوتوون کە شەڕی دژە تێرۆر دەبێت تەنها تێرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان و چەک و کەلوپەلەکانیان بکاتە ئامانج.

7. لایەنی تورکی پابەندی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی مسۆگەربکرێت هەموو دانیشتووانی ناوچەی ئارام بپارێزرێن کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە کۆنترۆڵ دەکرێن، وە جەختی کردووەتەوە کە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو خەڵکی سیڤیل و ژێرخانی سیڤیلی ناوچەکە بپـارێزێن.

8. هەردوو وڵات جارێکی دیکە بەڵێنی خۆیان دایەوە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سوریا و بەڕێوەچوونی پـرۆسەی سیاسی بە ڕێبەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئامانج لێی کۆتایی‌هێنان بە شەڕی سوریا بەپـێی بڕیاری SCR2254 ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

9. هەردوو لایەن ڕازیبوون لەسەر گرنگی و کاریگەری ناوچەیەکی ئارام بۆ نەهێشتنی نیگەرانیـیە ئاسایشیـیە نشتیمانیـیەکانی تورکیا، لەوانە گواستنەوەی چەکە قورسەکانی یەپەگە و تێکدانی سەنگەر و بنکەکانیان.

10. ناوچەی ئارام بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیاوە، وە هەردوولا پەرە بە هاوکاریـیان دەدەن لە هەموو بوارەکاندا تاوەکو ئەمە جێبەجێی بکرێت.

11. لایەنی تورکی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" ڕادەگرێت تاوەکو ڕێگە بە هێزەکانی یەپەگە بدات لە ماوەی 120 کاتژمێر لە ناوچەی ئارام بکێشنەوە. لە پاش تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" دێت.

12. هەر کات ئۆپەراسیۆنی " کانی ئاشتی" ڕاگیرا، ئەمەریکا ڕازی دەبێت سزای زیاتر بەسەر تورکیا نەسەپـێنرێت بەپـێی فەرمانی سەرۆکایەتی کە 14/10/2019 دەرچووە. بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا لەگەڵ کۆنگرێس کاردەکات بۆ تاووتوێکردنی هەنگاوە ئەرێنیـیەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش لە سوریا بەپێی بڕیاری ژمارە SCR2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کاتێک ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" کۆتایی پـێهات وەک ئەوەی لە خاڵی ژمارە "11"دا هاتووە، سزا سەپـێندراوەکانی سەر تورکیا هەڵدەگیرێن.

هەردوولایەن بەڵێنیان داوە پـێکەوە کاربکەن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئامانجەکان کە لەم ڕاگەیاندنەدا هاتوون.

هەر هەمان شەو "دۆناڵد تڕەمپ" لە تەکساسەوە ووتی: " ئەمە ڕۆژێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا و تورکیا و کوردەکان. چیدیکە شەڕ ڕونادات و ئێمە نامانەوێت بەشداری ئەو شەڕە بکەین. چیدیکە سزاکان بۆ سەر تورکیا پێویست نیین. من ئامادەم هەمیشە بۆ کاری باش، ئەم ڕێکەوتنەش کارێکی زۆر باشە، خەڵکی هەموو خۆشحاڵە. ئێستا کورد و تورک تێگەیشتن دەبێت چی بکەن. هاوپەیمانە کوردەکانمان ڕزگار کرد، و ئەو ڕێکەوتننامەیەیی کردمانە دەرئەنجامەکەی بۆ تورکیا و کورد باشە، ئێستا پێویست ناکات ملیۆنان مرۆڤ بکوژرێت، گەر ڕێکەوتن نەکرایە ڕەنگە جەنگی جیهانی هەڵبگیرسایە".

هەر هەمان شەو "ئاڵدار خەلیل" ئەندامی دەستەی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگای دیموکرات "تەڤدەم" ووتی: "ئەردۆغان دەیەوێت بە قوڵایی 32کم لەشکرکێشی بکات، ئێمە پێشتریش ئەو مەرجانەمان ڕەتکردۆتەوە".

هەر هەمان شەو حکومەتی سوریا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی تورکیا و ئەمریکا تەمومژاوییە و ئەو ناوچە ئارامەی لەسەری ڕێکەوتوون ناچەی داگیرکارییە، و مەرج نییە سوریا و ڕووسیا بەو ڕێکەوتننامەیە ڕازی ببن.

دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئاماژەنەکردن بە قوڵایی و شوێنی ناوچە ئارامەکە خاڵێکی پۆزەتیڤی ئاگربەستەکەی تورکیا ئەمریکایە. بەگشتیی دوو لێکدانەو بۆ ئاگربەستەکە دەرکەوتن.
یەکەم. لێکدانەوەی تورکی کە گوایە ناوچە ئارامەکە بە قوڵایی 30 کم و پانی نزیکەی 450 کم دەبێت، کە لە کۆبانێ‌ دەستپێدەکات تا سەر سنوری باشوری کوردستان.
لەبەرابەردا، لێکدانەوەی کوردی بۆ ڕێکەوتنەکە ئەوەیە کە ناوچە ئارامەکە تەنیا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە ئێستا شەڕی تێدا هەڵگیرساوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پانی ئەو ناوچەی کە شەڕی تێدا ڕادەوەستێت لە سەرێ کانی تا گرێ سپیە نەک لە کۆبانێ تا سەر سنوری باشور.
ئاگربەستەکە لەسەر مەسافەی نێوان سەرێ کانی و سەرێ سپی کرابێت کە 100 کیلۆمەترە، واتە ئەو ناوچانەی کە شەڕ لێیاندا هەڵگیرساوە و ئێستا بەشێکی بە قوڵایی نزیک لە 30 کم لەلایەن ھێزەکانی تورکیا داگیرکراوە. ئەگەر وابێت، کاریگەریی ناوچە ئارامەکە زۆر کەم دەبێت لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم. ناوچەی ئارام 550 کم نابێت وەک ئەوەی کە تورکیا خەونی پێوەدەدی، بەڵکو تەنیا ئەو 100کم دەبێت، کە دەکەوێتە نێوان سەرێ کانی‌و گرێ سپی.
دووەم. لەبەرئەوەی بەگشتیی ئەم ناوچانە ناوچەی عەرەبنشین لەبەرئەوە ئەگەر تورکیا ئاوارەکانیشی تێدا نیشتەجێ بکات دیموگرافی ناوچەکە بەزەرەری کورد ناگۆڕ ناشکێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی عەرەب لە خۆرئاوا، چونکە ئەگەری زۆر کەمە کە تورکیا ئەم ناوچانە چۆڵبکات.

سیناتۆر "لێنزی گراهام" ڕۆژی 17/10/2019 پڕۆژە یاسای سزاندانی تورکیای دایە کۆنگرێسی ئەمریکا.
هەر هەمان ڕۆژ "نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە تڕامپ گرتوو ووتی: " ڕووسیا دەیەوێت پێگەی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بکات و تڕامپیش هاوکاریکردووە". ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش بە زۆرینەی دەنگی 354 دەنگ بەرامبەر بە 60 دەنگ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لە خۆرئاوای کوردستان ڕەتکردەوە.

"ئیلیۆت ئەنیجڵ" کۆنگرێسمانی ئەمریکا ووتی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دیارییەکە بۆ تورکیا و ڕووسیا و داعش و بەشار ئەسەد".

هەر هەمان ڕۆژە بەشار ئەسەد ووتی: "بە هەموو تونایەکمانەوە ڕووبەڕووی هێرشی تورکیا دەبینە".

هەر لە هەمان ڕۆژەدا هێزەکانی هەسەدە خۆڕاگرانە بەرگریان دژی گروپە تیرۆرستییەکان و هێزە زەبەلاحە کەی تورکیا کرد، کە دووەم هێزی ناتۆ بوو، لە هێرشێکی پێچەوانەدا حەوت گوندی "عەین عیسا"ی ئازد کردەوە.

یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند: ئەوەی ناونراوە ڕێکەوتن بە دەستەوەدانی کوردە. دەبێت سزای توند بەسەر تورکیادا بسەپێندرێت.

نوسین و ئامادەکردنی: ئومید ناسح جیهانی.



(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 4.5/5)