سوتانی محمد بە چەکی کیمیایی شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

Tuesday, 22/10/2019, 10:41

5416 بینراوە


بینی ئەو وێنەیەی سەرەوە ھی جەنگی یەکەمی و دووەمی جیھانی نیە. ئەوە وێنەی محمد حمید محمدە لە ڕۆژئاوای کوردستان. کە بە چەکی قەدەغکراوی فسفۆر کە لەلایەن ئەردۆغانەوە بەکارھاتووە دژی میلەتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان! ئەو منداڵە بێتاوانە کە لەتاو ئازاری خۆی پڕ بە دڵ ھاوار دەکات: ئەو ئازارەم بوەستێنن! ئەوە ھاواری منداڵێکە کە بێتاوان بووەتە قوربانی چەکی کیمیایی. ئەوچەکەی کە لەلایەن دەوڵەتە بەناو دیموکرات و پێشکەوتووەکانەوە دراوەتە تورکیا. ئەویش بێباکانە و بێسڵەمینەوە دژی ھاوڵاتیانی سڤیل بەکاری ھێناوە.
ئەو کاتەی کە ترەمپ سەرۆکە شێت و خەڵەفاوەکەی ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا ھەڵکرد. ئەوکات دڵنیابووم کە تورکیا ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ پاکتاوکردنی ڕەگەزی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئەوە چەندەمین جارە ئەو موئامەرە نێودەوڵەتیە دژی کورد بەکاردەھێنرێت. ئەمریکای مشەخۆر و ئەوروپای بێدەنگ لە ئاست ئەو کۆمەڵکوژیە دەرەنجامی ئەو کاولکاریەی لێکەوتۆتەوە.

باشترین چارەسەر لە ئێستادا:
1- ئەوەیە کە فشار دروستبکرێت، لە ڕێگەی ڕاگرتنی نەوتی کوردستان کە بەبۆرێ بۆ بەندەری جیھانی دەڕوات بۆ تورکیا. ئەو ھەنگاوەش بەدڵنیایەوە یەکێتی و پارتی نایکەن بەڵکو دەبێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە باشوور خەڵک ھۆشیار بکەنەوە و ھانی خەڵکی مەدەنی بدەن بۆ ئەوەی ئەو نەوتە ڕابگیرێت. ئەوکات گورزێکی کوشندە بەر ئابووری تورکیا دەکەوێت.
ھەرچەندە ھیچ گومانم نیە کە پارتی ھیچ کات ئامادەی ئەو ھەڵوێستە نابێت. ئەو ڕێکەوتنە پەنجا ساڵەیەی کە لەگەڵ تورکیا لە بواری وزەدا کردوویەتی ئامادە نیە دەستبەرداری بێت. حکومەتی ھەرێم تەنھا ئیدانەیەکی شەرمنانەی تورکیای کرد کاتێک چەند ھاوڵاتی سڤیلی کردنە ئامانج لە قەندیل.
2- بایکۆتکردنی ھەمووئەو کاڵا تورکیانەی کە لە تورکیاوە دێن، بەم ھەنگاوەش فشارێکی ئابووری لەسەر تورکیا دروستدەبێت. ڕاگەیاندن لەم بوارەدا ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لەگرنگی دان بەو بابەتە. کە لە ئێستادا ئەو حەملەیە ڕاگەێنراوە. کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەیە بۆ سەر ئابووری تورکیا.
3- دەرکردنی ھەرچی بارەگای میت و سەربازی تورکی ھەیە لە باشووری کوردستان، ھەرچەندە بە ھیچ شێوەیەک پارتی ئامادەی ئەو ھەنگاوە نابێت. بەڵام ئەگەر تۆزقاڵێک ڕەگی کوردایەتیان تێدا ھەبێت، کە من گومانم لەکوردبوونیان ھەیە. دەتوانن لەڕێگەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغداد ئەو ھەنگاوەبنێن. چونکە ئەوە پاراستنی سەروەری خاکی عێراقە. تورکیا بەناچاری دەبێت پابەندی بێت. دەستدرێژی نەکاتە سەر سەروەری وڵاتێکی تر.

ئەمریکا دۆستایەتی ھەرکەسێک بکات لەسەر بنەمای بەرژەوە ندی دەیکات. ھیچ کاتێک دۆستی کورد نەبووە و نابێت بە تایبەت ئێستا کەلەلایەن ترەمپێکی شێتو ھیچنەزان، کە ھیچ شتێک لە سیاسەت نازانێت، تەنھا بسنزمانێکی درۆزنەو ھیچیترنیە، چونکە چەندین جار ئیفلاسی بە بازرگانیەکەی خۆی ھێناوە لە پێناو نەدانی باج بە حکوومەتی ئەمریکا! تەنھا لە ڕێگەی دروستکردنی چەندین ئەکاونت بەپارە بۆڕێکلامکردن بۆخۆی بۆ ئەوەی دەرچێت لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا. کەسێک وەفای بۆ وڵاتەکەی خۆی نەبێت چۆن وەفای بۆ کوردێکی بێ کەس و بێ دەوڵەت دەبێت؟
ئەو جەنگەی کە لە ڕۆژئاوایە دژ بە شەڕڤانان نیە بەڵکو دژبە میلەتی کوردە. ھەبوونی شەڕڤانان تەنھا بیانوێکە بۆ تورکیا بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان و دەست بەسەرداگرتنی نەوتەکەیەتی.
ئەو ھێرشەی تورکیا کۆتا ھێرش نابێت. بەڵکو ئامانجی گەورەتری لە پشتە. ئەو ئامانجەش دوای دەست بەسەرداگرتنی ڕۆژئاوا دێت. کە لە قۆناغی داھاتوودا داگیرکردنی کوردستانی باشووری لێدەکەوێتەوە، بە بیانووی ھەبوونی پەکەکە لە چیاکانی قەندیل و ناوچەکانی تردا باشترین بیانووە بۆ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەکو تورکیا، دواتریش ھەنگاونانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەوتی کەرکوک.
ئەو شەڕە نەگریسە کە بەرۆکی میلەتی کوردی گرتووە کۆتا شەڕ نابێت. کێشەکان بەرەو ئاڵۆزیەکی زیاتر دەڕۆن و چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگە بەرامبەرئەو پاکتاویە ڕەگەزیەی دژی میلەتەکەمان دەکرێت.
لەکۆتایدا، ئەگەر بێتوو کورد یەکگرتوو نەبێت بەرامبەر بەو داگیرکاریە ئەوا کارەساتی گەورەتری لێدەکەوێتەوە. چونکە ھیچ وڵاتێک بەکرداری لەگەڵ ھەبوون و مانەوەی کوردا نیە! دەبێت خۆمان ناوماڵی کورد یەکبخەین. بۆئەوەی کارەساتی گەورەتر نەکەوێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە