باشوور لە پرسەی کۆنە جاشدا، ڕۆژئاواش لە بەردبارانی زریپۆشدا

Tuesday, 22/10/2019, 15:21

13726 بینراوە


هەر ساتێک کە بێ موڕاڵیەک، بێ عورزەی هەڵوێستێکی سیاسی، بێڕەوشتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ مێژوو و خەیانەتکاران، فڕۆشتنی نەوت و خاک، دەغەڵی سەرانی پارتەکانی باشوور دەمڕوخێنێت، ئەوا بەرامبەر ئەوە دەنگی پڕ لە ئازار و هەڵوێستێکی پڕ لە شۆڕشگێری، مۆڕاڵی ڕەشوڕووتان و زۆرینەی سادەی شەقامی ڕۆژئاوا هەڵمدەستێنێتەوە!
سەرانی باشوور لە سلێمانی و هەولێر، بۆ مانەوەی خۆیان هیچ سەڕشۆڕیەک نەما نەیکەن، ئەوەندە بچووک بوونەتەوە هاڤڕکێیانە لەسەر ئەوەی کێ زیاتر ڕێز لە کۆنە جاش، کۆنە بەعسی، جەلاد و خوێنڕێژ و فایلدار بگرێت! لەو دەڤەرەدا ڕۆژانە سەدان هەزار جار سەرشۆڕیەک، بێڕەوشتیەک تۆمار دەکرێت، کە دەتگەینێتە خاڵێک قێز لە کورد بوونی خۆت دەکەیتەوە، تف لەو ڕابردووە دەکەیت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنیا بۆ چرکەیەک ئەوانەت وەک سەڕۆک و دڵسۆزی پرسی کورد دیوە و هەژمارت بۆ کردوون.

لە ڕۆژئاوای وڵات، بە فسفۆر دەیان هەزار کەس شەهید و بریندار بوون، بە دەیان شەڕەڤان لە بەرەکانی جەنگی لەشکرکێشی ئەردوغانی کەچەی بێ ئابروو شەهید بوون، بەڵام سەرانی باشوور بەرامبەر بە ئەردوغانی تۆڕانی متەقە لە دەمیان دەرنەهات، سەرەخۆشیان ئاراستەی کەس نەکرد، هاوکات لە قامیشلو، خەڵکی ڕەشوڕووتی بریندار، دەنگی ئازاد و زوڵالی یاخی، بەبێ چەک بەرامبەر زریپۆشیان گرت، پەیامی پڕ لە شەرمەزاریی بۆ سوپای ئەمریکا و سەڕۆکە دەغەڵەکەی (ترامپ) دەنێرن، بەردباران و جونبارانیان دەکەن، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویدەکەنەوە، تا جیهان لەم هەڵوێستە پڕ شەرمەزاریەی ترامپ و ئەردوغان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی لە چوارمشقی دنیادا نەفرت و نەعلەت لە هەردووکیان بکەن.

کوردستانی گەورە لە کوێ؟ بۆ هەڵناستی؟ بۆ ڕۆژئاوا بەتەنیایە؟ ٤٠میلیۆن تاکە کەسی کورد دەبوایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست بهەژێنن، یەخە دادڕن قەڵغانی مڕۆی بەرامبەر زریپۆشی ئەتاتورک دروست بکەن، لە هەموو شوێنێک دەست بۆ بەرژەوەندییەکانی زلهێزە ناوچەیەکان و دنیا ببەن!
پەروەردەی ڕاست، هەڵویستی بەرز و بەرخوردانی نێر ومێی ڕۆژئاوایەکان دەبێت بخرێتە بواری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، شیکارێکی تەندروستی پڕ بەقەد و باڵای خەبات و خۆڕاگریان بۆ بکرێت ، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک کە چۆن سەڕۆک و پارتە کوردیەکان و عەقڵی بەرێوەبەرانی شۆڕشی ئەو دەڤەرە توانیان ئەو میللەتە لە چەند ساڵێکدا بەو جۆرە پەروەردە بکەن، کە ببن بە نمونەیەکی زیندووی سەربەرزی ڕووسپی بۆ میللەتی کورد کە هەموو دنیا بەرامبەر بە خۆڕاگریان توشی سەرسورمان بن و سۆزیان بۆیان هەبێت و ببن بە پێشەنگی سەرانی پارتەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ترامپی دەغەڵ، بەبێ شەرمی ڕایگەیاند کە ئەوان هەندێک هێز لەسەر چەند بیرەنەوتێکی ڕۆژئاوا بەجێدەهێڵن، بەڵام باکیان نییە کە ژن و منداڵ و خەڵکی ئەو دەڤەرە ئەردوغان بە فسفۆر بیانسوتێنێت. ئەوەی لە ڕۆژئاوادا ڕوودەدا تاوانێکە دژی مڕۆڤایەتی، دەستدرێژیە بۆ سەر شەرەف و کەرامەتی هەموو مڕۆڤێکی سەر ئەو سەرزەمینە، بۆیە هەمیشە دەبێت بگوترێت ڕۆژئاوا دیسان ڕۆژئاڤا!

سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە كوڕانی ئەنوەربەگی بێتواتە كرد
هەولێر-KDP.info-  ڕۆژی چوار شەممە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩، سەرۆك بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە نەوزاد ئەنوەربەگ كرد و بەبۆنەی كۆچی دوایی كاك سەرداری براگەورەیانەوە پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی كاك نەوزاد و براكانی و سەرجەم خانەوادەكەیان كرد.
ھەر ئەمڕۆ بەڕێز سیداد بارزانی بە نوێنەرایەتیی سەرۆك بارزانی، لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشدارییان لە مەراسیمی ھێنانەوە و ناشتنی تەرمی خوالێخۆشبوو سەردار ئەنوەربەگی بێتواتە كرد و پرسە و سەرەخۆشییان ئاراستەی خانەوادەكەیان كرد.
----------------------------
مەسرور بارزانی پرسەنامەیەک ئاراستەی بنەماڵەی ئەنوەر بەگی بێتواتە دەکات
 K24 – هه‌ولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی سەردار ئەنوەر بەگی بێتواتە پرسەنامەیەکی بڵاوکردەوە.
لە پرسەنامەکەی سەرۆکی حکوومەت هاتووە: "بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی  کۆچی دوایی کاک سەردار ئەنوەر بەگی بێتواتە کەسایەتی ناسراوی دەڤەری خۆشناوەتیم بیست".
مەسرور بارزانی هاوخەمی خۆی دەربڕیوە و نووسیویەتی: "پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆم لە کەسوکار و بنەماڵەکەی دەکەم و ئومێدەوارم خوای مەزن بە بەهەشتی شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە خانەوادە و خزم و دۆستانی ببەخشێت".
--------------------------------


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە