"چارەسەرێکی مێژوویی"، ئێستا پلانەکە بەمشێوەیە

Tuesday, 22/10/2019, 21:57

7381 بینراوە


بەپێی ئەو چاوپێکەوتنەی کە لینزی گراهام لەگەڵ تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز کردویەتی گۆڕانکاریی زۆر بەڕێوەن بەڵام پرسیار ئەوەیە داخۆ قسەو پلانەکان عەمەلین یان نا. بەهەرحاڵ با قسەکان‌و پلانەکانی ترەمپ لەسەر زاری لینزی بخەمەڕوو ئینجا دوو قسەش لەسەر پلان‌و قسەکان دەکەین.
لینزی دەڵێت دوێنێ شەو لەگەڵ ترەمپ قسەمکردوە ئێستا پلانەکە بەمشێوەیە:
یەکەم، دروستکردنی ناوچەیەکی خاڵی لە هێزی سەربازی (demilitarized zone) لەنێوان کورد و تورک.
دووەم، ناوچە خاڵییەکە لە هێزی سەربازی لەلایەن هێزێکی نێودەوڵەتی دەپارێزرێت کە ئەمریکا لە ڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە دەیپارێزێت.
سێیەم، ناوچە پارێزراوەکە دەبێت زەمانەتی پاراستنی تورکیا بکات لە هەندێک کەس‌و لایەن کە تورکیا بە تیرۆریست ناویان دەبات لەگەڵ پاراستنی کوردەکان لە تورکیا.
چوارەم، ترەمپ ڕێزو پێزانی بۆ هەوڵەکانی کوردەکان هەیە، بۆیە بەیەکەو هەوڵدەدەین بۆ نەگەڕانەوەی داعش‌و پاراستنی زیندانە داعشییەکان ئەویش بەیارمەتیدانی کوردەکان‌و هێزەکانی هەسەدە بەبوونی چەند سەربازێکی ئەمریکی‌و هێزی‌ ئاسمانی ئەمریکا.
پێنجەم، پاراستنی ئەو بیرە نەوتانەی کە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکان دان لەلایەن کوردەکان بەهاوکاری ئەمریکا تاوەکو نە ڕژێمی سوریا نە ئێران کەڵک لە داهاتی نەوتی سوریا وەرنەگرن‌و ببێتە سەرچاوەی داهاتی ئەو هێزانەی کە ئەمریکا دابینیان دەکات بۆ پارستنی چاڵە نەوتەکان‌و ئەو هێزە ئاسمانییەی کە ئەمریکا دابینی دەکات بۆ پاراستنی ناوچە خاڵییەکە لە هێزی سەربازی.
ئەمە ئەو پلانەیە کە گوایە ترەمپ هەیەتی‌و لینزی گراهام وەک چارەسەرێکی مێژوویی ناوزەدی کرد.
ئێستا بابزانین خاڵە پۆزەتیڤ‌و نێگەتیڤەکانی ئەم پلانە چییە:
یەکەم، پێناچێت ئەم پلانە بە ئاشکرا لەگەڵ هیچ لایەنێک قسەی لەسەر کرابێت بەڵام ترەمپ پلان‌و کردارەکانی هەمووی لە پشت پەردەوەن. دەکرێت ترەمپ لەگەڵ تورکیاو ڕوسیا قسەی کردبێت بەڵام تا چوونی ئەردۆگان بۆ مۆسکۆو دیداری لەگەڵ پۆتین ئەو پێکهاتەی پشت پەردە ڕون نابێتەوە.
دووەم، لینزی باس لە هێزێکی نێودەوڵەتی دەکات کە ناوچە خاڵییەکە لە هێزی سەربازی بپارێزێت، وەک ئەوەی کە لەنێوان کوریای باکورو کۆریای باشور یان ئەوەی نێوان قوبرسی باکورو قوبرسی باشور هەیە. دابینکردنی ئەم هێزە پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت بۆ ئەمەش ئەگەر ڕوسیا ڕازی نەبێت ئەوە جێبەجێکردنی ئەستەمە.
سێیەم، وەک پێکهاتنەکەی تورکیاو ئەمریکا ئەو ناوچانەی کە ناوچە خاڵییەکە لە هێزی سەربازی دەیانگرێتەوە لە قسەکانی لینزی دەرنەکەوت. لەبەر بوونی هەندێک شارو شارۆچکەی گەورە لەو ناوچانە دیسان دامەزراندن‌و جێبەجێکردنی ئەم پلانە سەختە، مەگەر وەک ترەمپ لە تویتێکدا ئاماژەی پێکردوە کە کوردەکان بگوازرێنەوە بۆ شوینی دیکە، ئەمەش ئەرکێکی ئێجگار گەورەو قورسە.
چوارەم، کۆنتڕڵکردنی نەوت لەلایەن ئەمریکاو کورد ئەویش میکانیزمەکانی دیارنین، دیارە ئەگەر ئەمریکا ئەوە بکات ئەوە دەبێت هەر بە کەڵەگایی ئەو پلانە جێبەجێ بکات‌و بەسەر سوریاو ڕوسیاو عێراقیشی بسەپێنێت. بۆیە دەڵێم عێراق چونکە ئەگەر سوریا ڕێگە بە دەرچوونی نەوتەکە نەدات بە بازاڕەکانی دنیا ئەوە تاکە دەروازە بۆ هەناردەکردنی نەوت لە سوریاوە عێراقە. ئەمەش هەر ئەرک‌و پلانێکی سەختە، بەس موستەحیل نیە.
پێنجەم، ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا دەیەوێت ئەزمونی ئیدارەی خۆسەری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی‌ سوریا وەک خۆی بمێنێتەوە بەڵام ئەمریکا لەکاتێکدا ئەم قسەیە دەکات کە هێزەکانی سوریاو ڕوسیا هەر ئێستا لەو ناوچانە بوونیان هەیە.
شەشەم، ئەم پلانە، ئەمریکا لە ڕووی سەربازیشەوە نەبێت لە ڕووی سیاسییەوە بەهێز دەهێنێتەوە نێو گەمەکانی سوریا. داخۆ ترەمپ دەیەوێت ئەوە بکات دیسان مەعلوم نیە بەڵام مادام چاوی لە نەوتەکەیەو باس لە هێشتنەوەی نەوت دەکات ڕێیتێدەچێت، کە ئەمەش دیسان ئاماژەیەکی نوێیە بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا.
بەگشتیی پلانەکە خاڵی لاوازی ئێجگار زۆرە چونکە هەمئاهەنگییەکی گەورەی نێودەوڵەتی دەوێت کە پێناچێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو ئامادەییەی هەبێت، بەهەرحاڵ، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردو ئەوەی تا ئێستا موستەحیل دەهاتە بەرچاو ڕوویداوە ئەوەش دەکرێت یەکێک لەو موستەحیلە بەدیهاتوانە بێت.
شێرکۆ کرمانج

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە