بۆ ھاوڕێم شاعیر ژەنەڕاڵی پایز؛ محمەد عومەر عوسمان

Wednesday, 23/10/2019, 21:23

5579 بینراوە


ھەڵۆ بەرزنجەیی٢٢/١٠/٢٠١٩
——————————————————————
ھاوڕێ بەڕێز و ناسک و خۆشەویستەکەم چاکم لە بیرە، لەگەرمەی ئاڵۆزییەکاندا، وتت:
کاکە ھەڵۆ، من لە خەمی دڵۆپێ خوێنی پەپوولەکانی کوردستانیشدام.
ھاوڕێی ژەنەڕاڵ، لەم پایزەدا٢٠١٩ چیت کرد!؟....
ھەڵوەرینی گەڵای درەختەکان بەرەو ئەم کارە ھانیان دایت !؟ یان خۆت گفتت دابوو، ھەروا زوو مەرگ یەخەت بگرێ!؟...
ئاخر باشت دەزانی !، خەمەکان ھێندە باڵایان کورت نەبوو، تا تۆ بچیتە سەر شانیان!؟...
خەمەکان ژانیان کەم نەبوو، تا تۆش ببیتە ژمارەیەکی نوێ!؟...
تۆچت کرد!؟ بەرگەی دوا پەردەی شانۆکەت نەگرت!؟. خۆ تۆ لەمێژە لە سەنگەری بەرەنگاریدایت!.
تۆ خۆت دەکوژیت و ، دڵی ئێمە داخ دەکەیت!.
ڕۆحمان دەتەزێنی...
بۆ بەم سەرەتای پایزە زێڕینە، بیرت لە مەرگ کردەوە!؟..
ھێشتا مابووت،لە دارستانی پایز، سەربازەکان بگەیەنیتە پلەی ژەنەڕاڵ!دەی زوو بوو، پەردەی شانۆی ژیان بەسەر خۆتدا داخەیت!؟
تۆ خەمێکی قووڵی دەچیتە سەر خەرمانی خەمە گرانەکان.
تۆ ئازار و مەینەتێکی بە سانایی لە پانتایی ژیانماندا نابڕێیتەوە!؟..
چتکرد!؟ ھاوڕێ بۆ واتکرد!؟...
بۆ زوو بەجێتھێشتین، بۆ خۆت کوشت!؟..
خۆت لە شیعری »خۆکوشتن» دا دەفەرمووی:

کە نیوە شەوان.. ھانا بۆ مەرک .. مەرگی خۆم ئەبەم
ڕوخسارێکی کاڵ.. لەدوورەوە دێ.. کاڵ ھەر وەکو تەم
ھەتا دێ تۆخ و تۆختریش ئەبێ...
لە پڕا ئەڵێم... ئای ... خۆ ھاتووە!
سەری ناوەتە سەر پەنجەرەکەم
زەردە ئەیگرێ و
زۆر بە خامۆشیی .. لە سیمای مردووم... ورد ئەبێتەوە...
منیش چەقۆکە ئەشارمەوە...
نەفرەت لە بیری خۆکوشتن ئەکەم.
@@@@@@@@
دیوانی « لە غوربەتا»
نموونەیەک لە شیعریی
خۆکوشتن
محەمەد عومەر عوسمان

« ئای ... کەی بێ چەقۆی ژێر سەرینەکەت..
لە قوڵپی خوێنتا گەرم بێتەوە؟
یان مردن بمرێ و لە ژوورەکەتا...
ھەوری خۆکوشتن بڕەوێتەوە؟»
*
- کە نیوە شەوان.. ھانا بۆ مەرگ.. مەرگی خۆم ئەبەم
- ڕوخسارێکی کاڵ.. لەدوورەوە دێ.. کاڵ ھەر وەکو تەم
- ھەتا دێ تۆخ و تۆختریش ئەبێ..
- لەپڕا ئەڵێم.. ئای .. خۆ ھاتووە!
- سەری ناوەتە سەر پەنجەرەکەم
- زەردە ئەیگرێ و
- زۆر بە خامۆشیی .. لە سیمای مردووم.. ورد ئەبێتەوە..
- منیش چەقۆکە ئەشارمەوە..
- نەفرەت لە بیری خۆکوشتن ئەکەم
- پێی دەڵێم.. گیانە..ئاگر لە گیانی تەزیوم بەردە..
- با دڵو سینەیپڕ لە ئازار م لەتوپەت نەکەم
- زەردە ئەیگرێ و
- کە ھەنگاوێکیش بەرەو ڕووی دەنێم..
- بەجێم ئەھێڵێ ..
- سیمای کاڵ.. کاڵتر.. کاڵ دەبێتەوە
- دیسان ژوورەکەم کەیل ئەبێتەوە لە زایەڵەی گۆڕ..
- ھەزاران تابووت.. لەناو چاوانما .. ئەخولێتەوە
- لە تەم و مژا.. پەل دەھاوم و
- جارێکی تریش ھانابۆ چەقۆ ڕەشەکە ئەبەم..
- چەند ساتێک نابا.. بەر لە مردنم.. دەگەڕێتەوە
- سیمای تۆخ.. تۆختر.. تۆخ ئەبێتەوە
- سەرلەنوێ دەستم سارد ئەکاتەوە
- کوشتنی خۆمم بیر دەباتەوە
- $$$$
- لەدیوانی « لە غوربەتا»دا ل ١٥-١٦

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە