سادیزم نەخۆشیە نەک خوو

Sunday, 27/10/2019, 10:55

19064 بینراوە


ساده یان سادی لای ئێمە ووشەیەکە بۆ گوزارشت لە خەسڵەتی ئەو مەردومانەی ژیان و دڵێکی پاک و بێگەرد و ساکاریان هەیە و ئارەزوی ئازاری خەڵکیان نیە و بە بینینی ئازار و خەمی خەڵکی دەرو وبەریان ئازار دەچێژن و دەبنە هاوخەمیان و دەسەڵاتیان هەبێت ئەو پەڕی توانا بەکار دەهێنن بۆ ڕەوانەوەی ئازارو خەمەکانی کەسە نزیک دەستەکانیان ، لەبەرانبەرشدا خەڵکانێکی دڵ ڕەق و بێ بەزەیی هەیە چێژ لە ئازار و خەمی خەڵکی وەردەگرن و ئارەزوو دەکەن زیاتر لە قوڕ بچەقن و دەرچونیان نەبێت ، ئەم جۆرە مەیل و ئارەزوەش بە زمانی زانستیەکەی هەر بە سادی یان سادیزم ناسراوە و وەک نەخۆشیەکی دەرونی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت .
هەندێ لەو بڕوایەن ، سادی خەسڵەتێکە کە هەندێ مەردوم وەری دەگرن و خوی پێوە دەگرن و لەسەری دەڕۆن تەنها لە خۆشەویستیان بۆ پارە و دەسەڵات و کاریگەری دانان لەسەر خەڵکی لەسەر ئەم خووە ڕاهاتون ، بەڵام ئەمە وا نیە ، نە خووە و نە شێواز بە تەنها ، بەڵکو شێوازێکی ژیانە لەسەری ڕادێن تا لێیان دەبێتە نەخۆشی ، ئەم شێوازەی ژیان لەگەڵ دەورو بەرەکەی لەگەڵ خوێنی تێکەڵ دەبێت و ژیانی لەسەر دەڕوات و بێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بکات ، دڵ ڕەقی و بێ بەزەییەکانی دەبێتە بەشێک لە ئارامی و خۆشیەکانی .
ناپلیۆن پۆناپرت ،سەرکردەی هێرشی فەرەنسا بۆ سەر مسر بە بەناو بانگترین تووشبوانی ئەم نەخۆشیە دەرونیە ترسناکە ئەژما دەکرێت .
دکتۆر محمود عبدالرحیم غەلاب مامۆستای دەرونزانی لە زانکۆی قاهرە بەوە پێناسەی ئەم نەخۆشیەی کردوە کە " شێوەیە ژیانی ئەو کەسانەیە کەبە دڵڕەق وبێبەزەییەکەیان جیا دەکرێنەوە،بەزەیی وڕەحم لە دڵیان نیە و خۆشیەکانی خۆیان لە خەم و ناخۆشی خەڵکیا دەبیننەوە"
ئەمانە هەمیشە ئارەزووی ئازاردانی بەرانبەرەکانیان دەکەن و لەزەتی لئ وەردەگرن و و ئازار و پەژارەیی ئەوان مایەی خۆشیەکانی دڵی ئەمانە .
غەلاب لەسەری بەردەوام دەبێت و دەڵێت " سادیزم نەخۆشیەکی ڕاستەقینەی دەرونیە ، هەرکاتێ توشی کەسێک دەبێت وای لێ دەکات ژانی خەلک ببێتە ئامانجی ، مەرج نیە ئەو ئازار و ژانە لە دەرئەنجامی ئەزیەتدانی لەشەوە بێت بەڵکو بۆ کەسانی توشبو بە نەخۆشی سادیزم کە ببینێ خەڵکانی تر ئازاری دەرونی و کۆمەڵایەتی دەچێژن ، بۆئەمەش هەموو ئامراز و شێوەیەک پێی بکرێ ، دەخوڵقێنێ تا خەڵکانی تر ڕەزیل بن و هەست بە ئازار بکەن . خۆشی و پێکەنینەکانی کەسانی دەوروبەریان مایەی پەستی و ئازاردانی کەسی نەخۆشی سادیزمن ، هەر بۆیە هەموو ڕێگایەکی گەمارۆدانیان دەگرێتە بەر و هەناسەیان لەبەردەبڕێ ، ئەمەنە ژیانیان لێ تاڵ دەکات تا ئەو ئەندازەیەی وایان لێ بکات کە هەست بە بێ سودی خۆیان بکەن لە ژیاندا و وابیڕبکەنەوە هیچیان پێ نیە و لەلاشەیەکی بێ هۆش و بێ ئەقڵ زیاتر هیچی تر نین ، لەبەرانبەریشدا کەسە نەخۆشەکە ئەمەنە خۆی بەسەرکەوتوو دێتە پێش چاو تا ئەو ڕادەیەی زۆر لەخۆی ڕازی بێت و وا خۆی نیشان بدات کە هەر خۆی هەموو شتێکە و ئەوانەی دەور و بەری هیچ نین جگە لە کەسانێک لە دوای ئەقڵ و زیرەکیەکانی ئەوەوە لۆقە دەکەن ، هەوای هەڵدان بەشان و باڵیان دچێتە لوتیان و هەمیشە وەک پاڵەوانی براوە و خاوەن ئەقڵ و پیلان و تاکتیک نیشان دەدەن و خۆیان بە چاکترین و سەرکەوتوترین ئەکتەر لەقەڵەم دەدەن و هەمیشەش جێگەیەک ناهێڵنەوە بۆ ڕۆڵی خەڵکانی تر ، یان ڕۆڵی کەسە سەرەکیەکانی ناو چیرۆکەکە .
دکتۆر غەلاب ئاماژە بەوە دەدات کە نەخۆشەکە لەم هەستەیاندا جیاوازی لە نێوان کەسدا ناکەن و ئارەزوی بینینی خەم و پەژارەی نزیک ترین کەسی خۆیان دەکەن چ هاوڕێی نزیکی خۆی بێت یان سەربە خێزانی خۆی یاخود کەسێ خۆشی بوێ یان ڕقی لێی بێت ، تەنانەت دایک و باوکیشی بێت" ، ئەوەنە هەیە هەنێ جار بۆ هەنێ کەس دەسی شل دەکات و شێوازەکانی ئازاردانی لەسەر هەڵدەگرێ یان کەمی دەکاتەوە ، چ لەبەر ئەوەی جارێ ئیشی پێیەتی و مەبەستیەتی بیکاتە بەردەبازی گەیشتن بە تەماحە دارایی و دەسەڵاتیەکانی ، یاخود لەبەر ئەوەی زۆر نزیکیەتی و نایەوێ ئەوخەڵکانەی پەیدا بونە بەهۆی نەخۆشیەکەی خۆیەوە ئارەزوو بکەن کەئەوش ئازار بکێشێ .

دکتۆر مەحمود غەلاب جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەستی ئەم کەسە نەخۆشانە لە چێژوەرگرتنیان دوای ئازاردانی قوربانیەکەیان و دەرکەوتنی ئازارەکەیان بەڕەنگ و ڕوویانەوە بەڕوونی دیار بێت ،وایان لێ دەکات ئەمە هەموی لە ئەنجامی هونەرەکەیانە لە سادیەتدا ، خۆشیان ئەم ڕێبازەیان هەڵبژاردوە و لە قۆناغەکانی پەرەسەندنی نەخۆشیەکەیان ، دەگەنە ئەو قۆناخەی هیچ ویژدانێکی مرۆڤایەتیان نەمێنێ و لەم نێوەشدا خۆیان خۆیان بە هەڵە نەزانن و هەر بۆیە ئەمانە لە کەسە خوێن ڕێژ و دڵ ڕەق و بێ بەزەییەکانن .
غەلاب جەخت دەکاتەوە لەوەی تاقی کردنەوەکانی حاڵەتەکانی نەخۆشی سادیزم دەریان خستوە کە هۆکارەکانی توشبون بەم گرێ نەخۆشیە زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ژیانیان کاتێ توشی ئەزمەی مرۆڤایەتی دەبن و یان ئەزمەی تێکەڵاو بونیان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی ، یاخود بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن خەڵکەوە بەشێوەیەکی کتوپڕانە کاریگەری گەورەی دەرونیان لەسەر بەجێ دەهێڵێ تا ئەو ڕادەیەی دڵ خۆش نابێت ئەگەر نەبینێت خەڵکی ئازار دەچێژن . ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و خێزان عبدالرحمن القراش پێی وایە لەگەڵ دروست بونی ئەم جۆرەکەسانە هەر لە مناڵیانەوە دیاردەکانی سادیەتیان تیا دەردەکەوێ بەڵام لە قۆناغی بالق بونیان بە یەکجاری دیاردەکانی سادیەت تیایاندا چەکەرە دەکەن و دەر دەکەون .
٭ دیاردەکانی سادیەت :

چارەسەر بۆ ئەم جۆرەکەسانەی توشی نەخۆشی سادیزم بونە نیە ، چونکە چارەسەر لە داننان بە نەخۆشی و هەڵەکانیانە ، ئەمانش یەکێک لە خەسڵەتەکانیان ئەوەیە هەمیشە خۆیان بەلەسەر هەق و ڕاست دەزانن ، کەواتە چارەسەر نابێت ، ئەمما بۆ ئەوەی خەڵکی خۆیانی لێ بپارێزن پێویست دەکات خۆیان تێکەڵی شەڕەکانیان نەکەن ...
--------------------
بۆ ئەم ووتارە سودم لە وتارێکی مروە محمود ئەلیاس بینیوە . سایتی :
www.youm7.com

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە