‌‌‌‌‌‌ڕێکەوتنی پوتین و ئەردۆغان لەتەرازووی هەڵسەنگاندندا..!

Sunday, 10.27.2019, 11:55

1112 بینراوە


ڕێکەتنی نێوان پۆتین و ئەردۆغان، و پێشتریش نێوان مایک پێنس و ئەردۆغان، گۆڕانکاری گەورە ودیفاکتۆی چاوەڕواننەکراویان بەدوای خۆیاندا هێنا، کەبەشێک لەمانە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردبوون، و لەپێگە باڵادەستیەکەی لەو ناوچانەدا هێنایە خوارە. بەڵام لەهەمان کاتدا تورکیاش بەهەموو خواستەکانی خۆی نەگەیشتوو دەتوانین بەدڵنیاییەوە بڵێین پڕۆژەی ئەردۆغان ئەمەنەبوو کە ئێستا بەدەستی خستووە، بەڵکو پرۆژەکەی پاکتاوی نەژادی و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە و لەناوبردنی کورد نەک هەر لەڕووی نیزامیەوە، بەڵکو لەڕووی سیاسیشەوە بوو کە بەدەستی نەخست و ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەدەستکەوتێک بۆ کورد دەژمێردرێت. بەگشتی ئەگەر سەرتاپای پرۆسەکە لەسەر بنەمای سوود و قازانج هەڵسەنگێنین، دەتوانین بەمجۆرەی خوارەوە بیخەینە ڕوو:
تورکیا چی دەستکەوت:
١- ئەردۆغان توانی داخوازی هەرەسەرەکی خۆی بەدەستبهێنێ، کە بریتیە لە پاشەکشەی شەرڤانانی هەسەدە، تا قوڵای ٣٠ کیلومەتر لەسنوورەوە بەرەو ناوەوەی سووریا. و ئەمەش تا ئاستێک کاریگەریی سیاسی خراپی لێدەکەوێتە و هەڵوێست و پێگەی کورد لە دانووستاندنەکانی داهاتوویدا لەگەڵ رژێمی سوریا لاواز دەکات.
٢- لەو ڕێکەوتنەدا هیچ باسێکی عەفرین نەکراو، بارودۆخی دوو ناوچەی سەرێ کانی و گرێ سپیش هەروەک خۆی، واتا بەداگیرکراوی تا کاتێکی نادیار دەمێننەوە. بەمەش بەدەستی پڕترەوە لەجاران، دەچێتە سوچی، و کاریگەری پتری لەسەر ئایندەی سوریا دەبێت.
٣- ئەردۆغان، کەلەم چەندڕۆژەی دواییەدا رووبەڕووی رەخنەی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووبۆوە، توانی وەک ئاشتیخوازێک لەگەمەکە بێتە دەرێ و سەرەڕای دەستکەوتەکانی ئەم شەڕەی، پەیوەندەکانی خۆشی هەم لەگەڵ کۆشکی سپی و هەمیش لەگەڵ کرێملین باشتر کرد و بەڵێنی هەرچی بەرەوپێشبردنی ئەم پەیوەندیانەشی پێدراوە.
٤- ئەردۆغان لەرێگای ئەم شەڕەوە، کوردی ناچارکرد، پەیوەندییەکانی بەپەلەپروزێ لەگەڵ رژێمی سوریا دامەزرێنێتەوە، ئەمەش لەکات و ساتێکدا کە بۆخۆی هەڵی نەبژاردووە، هەروا پاشەکشەکردنی لەڕووبەرێکی فراواندا، رەنگە ببنە هۆی لەدەستدانی هەندێ لەوکارتانەی کەلەگفتوگۆکانی لەگەڵ رژێم، و یانیش داهاتووی سوریادابەکاری بهێنایە.

کوردچی دەستکەوت:
١- دەستکەوتی هەرەگەورەی کورد، لەم رێکەوتنەدا، راگرتنی هەرچی زووتری ئەو شەڕە بوو. کە پێشی لە ڕشتنی خوێنی شەڕڤانان و خەڵکی سڤیل لە پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە بەکوردیشەوە و ماڵوێرانی و دەربەدەری زۆرتر گرت.
٢- راستە یەکێک لە ئامانجە راگەیەنراوەکانی ئەردۆغان پاشکشەپێکردنی شەوڕڤانانی هەسەدە بوو بەقوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر و ئەمەی بەدەستخست، بەڵام ئامانجە شاراوە سەرەکییەکەی دەرکردنی کورد لەو ناوچانەو جێگرتنەوەیان بە خێزان و کەسوکاری چەکدارە توندڕەوەکانی هاوپەیمانی خۆی، و گۆڕینی دیمۆگرافیای سەرتاپای ناوچە کورد نشینەکان بوو، کەبەپێی ئەم رێکەوتنە، هیچ کوردێکی سڤیل لەماڵوحاڵی خۆی دەرناکرێت و پاشکشەکردن تەنیا چەکدارەکان دەگرێتەوە و لەشوێنی ئەوان پاسەوانی سنووری سوری و پۆلیسی سەربازی روسیا شوێنیان دەگرنەوە نەک سەربازی تورک و هاوپەیمانەکانی.
٣- ئەو ئاوارانەی کە بەپێی ئەم ڕیککەوتنە لەتورکیاوە دەگەڕێنەوە ئەم ناوچانە، خەڵکی خودی ئەم ناوچانەدەبن کەپێشتر لێی ژیاون، نەک خەلکی شوێنەکانی تر کە ئەردۆغان دەیخواست ئەنجامی بدات، لەمەشیاندا دیسان پێش لەنەخشەی ئەردۆگان لەگۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە دەگیرێت.
٣- ئەو نەخشە جیوگرافیایەی ئەردۆغان دەیخواست کۆنتڕۆڵی بکات زۆر لەمە زۆرتربوو کە ئێستا لەبەردەستیدایە، و ئامانجی ئەو پیادەکردنی پرۆژەیەکی تۆکمەی شەیتانی بوو، کەسەرتاپای رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا بوو.
٤- خاڵێکی زۆر گرنگ کەکەمتر باس و شڕۆڤەی لێکراوە، ئەمەیە کە هێزوتوانای کورد لەرۆژئاوای کوردستان تەنیا بەهێزی سەربازی و شەڕکەر سنووردارنابێت. بەڵکو کورد لەم بەشەدا خاوەن هێزی سیاسیی و ڕێکخستنی و تۆڕێکی بەهێز لەهاوپەیمانێتی لەگەڵ پێکهاتەو هێزی سیاسی جۆربرجۆر لەسوریایە. و ئایندەش لەگرەوی ئەم هێزە سیاسییەدایە نەک هێزە سەربازییەکەی و کورد دەبێ لەئێستاوە خۆی بۆ سووریای داهاتوو ئامادەکات و میکانیزمەکانی مانەوەو بەهێزبوونی سیاسی فەراهەم بکات.
لەئاکامدا کورد هەندێ شتی لەدەستدا و هەندێ شتیشی بەدەست خست. و سیاسەتیش گەمەی دانوستاندنە. و زۆربەدەگمەن ڕێدەکەوێت، لایەنێک سەرکەوتنی ڕەها بەدەست بخات و بەهەمووخواستەکانی بگات. و هەرکەس و لایەنێک لەسەر بنەمای یان هەموو شتێک یان هیچ کاربکات، ئاکامەکەی هەر هیچی بەنسیب دەبێت.



(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 3.5/5)