بایکۆت لە ناوبەری سیاسەتی سەپێندراوە

Sunday, 27/10/2019, 11:59

4562 بینراوە


ژمارەی دانیشتوانی تورکیا زیاتر لە (87) ملیۆنە، بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2014 ژمارەی دانیشتوانی وڵاتی یۆنان ( 11,128,404) ملیۆن کەسە. قەبارەی ئاڵۆگۆڕ و بازرگانی نێوان ئەم دوو ووڵاتە ساڵانە (2) ملیارد دۆلارە.
بەڵام ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی باشوری کوردستان نزیکەی (6) ملیۆن کەسە، واتە ژمارەی دانیشتوانی یۆنان (2) بەرامبەری دانیشتوانی باشوری کوردستانە. کەچی قەبارەی بازرگانی نێوان باشوری کوردستان و تورکیا ساڵانە زیاتر لە (10) ملیارد دۆلارە و قەبارەی بازرگانی یۆنان و تورکیا (2) ملیارد دۆلارە. واتە قەبارەی بازرگانی نێوان باشوری کوردستان و تورکیا، (5) بەرامبەری قەبارەی بازرگانی نێوان یۆنان و تورکیایە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ئەم باشورە بە درێژایی (28) ساڵ کاریانکردوە لە سەر نەهێشتن و برەو پێنەدانی بەرهەمهێنان لە ڕووی کشتوکاڵی و تەندروستی و پیشەسازی و بیناسازی....هتد، تەنها بۆ خزمەتی کۆمەڵێک سیاسی - بازرگان، بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەشیان چینی جووتیار و کارزان و بەهرەمەند و دەستی کاریان کردووە بە چەکداری حیزبی.

هەندێک دەڵێن: گەر بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین ئەوە زیانی گەورە دەگەیەنین بە کوردی باکوری کوردستان، چونکە بەشێکی کارگە و مۆڵ و کارخانەکان هی خاوەن سەرمایە و بازرگانە کوردەکانە، ئەوە ئەوانیش زیانی گەورە دەکەن بە هۆی ئەم بایکۆتە. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئەو مۆڵ و کارخانە و پڕۆژە بەرهەمهێنەکانی باکوری کوردستان یان هی تورکە یان هی کوردێکی جاش و بەکرێگیراوە چونکە ئەو خاوەن سەرمایانە لە چوارچێوەی سیاسەتی تورکاندندا و نکۆڵیان لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان کردووە. لە ڕاستیدا ئەوەی کوردی وڵاتپارێز بێت لە باکوری کوردستان مافی موڵکداری نییە و پێی دەوترێت تێرۆرست و گوندی.

هەندێکی دیکە دەڵێن گەر ئێمە بایکۆت بکەین ئەوە بەشێکی گەورەی بازرگانەکانی باشوری کوردستان زیان دەکەن، چونکە پێش داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان کاڵا و کەرەستەیەکی زۆری تورکیان هێناوە، گەر بایکۆتی کاڵای تورکی بکەین ئەوە بازرگانەکان ناتوانن ئەو کاڵایانە بفرۆشن، زیانی گەورە دەکەن، لەبەرئەوە دەبێت ڕەچاوی بارودۆخی بازرگانەکانی باشور بکەین. بەڵام لە ڕاستیدا نابێت بە هیچ جۆرێک خەڵکی ڕەچاوی بارودۆخی ئەو بازرگانانە بکات، چونکە ساڵانی پێشوو، پێش ئەم داگیرکارییەش ئەم بازرگانانە کاڵای بەسەرچو و کواڵێت خراپیان دەهێنا و بە چەند قات لە مایەکەی بەو خەڵکەیان ساغدەکردەوە و بێ ئەوەی ڕەچاوی بارودۆخی ئابوری و تەندروستی و بەرهەمی ناوخۆیی خەڵکی بکەین، ئامانجی یەکەم و کۆتاییان کۆکردنەوەی سەرمایە بوو، لەبەرئەوە دەبێت ئەم بایکۆتە دژی سیاسەتی ئابوری تورکیا و ئەو جۆرە بازرگانە کوردەکانەش بێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بە هۆی کاریگەرییەکانی بایکۆتەوە تورکیا ناچار بووە لە ئاستی جیاواز پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بکات و داوای كردووە ئەو بایكۆتە كۆتایی پێبهێندرێت.

حكومەتی هەرێم لە وەڵامی ئەو وەفدانەدا وتویەتی: " ئێمەش نیگەرانین لەو هەڵمەتە بەڵام دەسەڵاتمان نیە لەبەرامبەری". توركیا بۆ ئەو مەبەستە وەفدێكی ناردووە كە پەیوەندیان بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت كردووە، ئەوە جگە لەوەی وەفدێكیشی نارد بۆ ژوورە بازرگانیەكانی هەرێم.

لەڕاستیدا ئەم بایکۆتە باشترین دەرفەتە هەم بۆ حکومەت و هەموو بۆ خاوەن سەرمایە و بەرهەمهێنەرەکان. لەلایەک ئەگەر پێشتر حکومەت نەیدەتوانی بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ ڕێگە لە هاوردەکردنی ئەو هەموو کاڵا کوالێت خراپەی تورکیا بگرێت، یان باج و گومرگی زۆر لە سەر دانێت، بەڵام ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە، چونکە ئەم بایکۆتە هاوڵاتی پێی هەڵساوە و تەشەنەی سەندووە و بۆتە پشتیوانییەکی باش بۆ حکومەت تا لە ئێستا دا لە ژێر هەیمەنەی تورکیا دەرچێت لە ڕووی ئابورییەوە، کە دواجار کاریگەری گەورەشی لەسەر بڕیار و هەڵوێستە سیاسییەکانی حکومەتی هەرێم دەبێت و پەیامێکیشە هەم بۆ تورکیا هەم بۆ ئێران لە داهاتوودا کە لە ڕووی ئابورییەوە ناتوانن جینۆسایدمان بکەن. لەلایەکی دیکەوە دەرفەتێکی گونجاوە بۆ خاوەن سەرمایە و بەرهەمهێنەران تاکو چەندین کارگە و کارخانەی گەورە لە بوارە جیاجیاکاندا دابمەزرێنن، کە دەبێتە هۆ بوژاندنەوە و بەرەوپێشچوونی بەرهەمی ناوخۆیی هەم لە ڕووی کوالێت و هەم لە ڕووی نرخ و تەندروستییەوە، هەم کەمبوونەوەی بێ کاری و بەتاڵە، کە لە چەند ساڵێکی نزیک دا کاریگەرییە باشەکانی دەردەکەوێت و ئەم بەرەو پێشچوونە ئابورییە فاکتەرێکی گەورە دەبێت لەسەر بڕیارە سیاسییە چارەنووس سازەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە