بۆ بەڕێز مەزڵوم کۆبانى

Monday, 28/10/2019, 20:26

16036 بینراوە


تێبینی کوردستانپۆست: ئێمەش وەکو ئەو نووسەرە بەڕیزە  راو وبۆچوون و سەرنجی خۆمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام ئەو بار و دۆخەی کە ئەمڕۆ رۆژئاوا پێیدا دەڕوات، رێگای پێنەدان قسە بکەین، دڵنیاشین زۆر کەسی دیکە وەکو ئێمە هەمان سەرنجی هەیە و دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور و بنەماڵەی بارزانی دەناسن و دەزانن شایانی سوپاس و هیچ رێزێک نیین، بۆیە ئەوانیش وەکو ئێمە بێدەنگیان هەڵبژارد، هەرچەندە مەزڵوم کۆبانى ئەو کەسەیە، کەعەرشی تورکیا و ئۆدوغانی راتەکاندووە، کوردانی رۆژئاوا شۆڕشێکیان هەڵگیرساندووە، بۆتە جێگای شانازی سەری هەموو کوردیان پێ بەرزکردۆتەوە.
----------------------------------------
بەڕێزم :
• تۆ سوپاسى بارزانى ئەکەیت، ئەو پیاوەی پێم شەرمە کە بە پیاویش ناوى ئەهێنم، لە ڕووى سیاسیەوە گەرمایی لەجەستەى بۆگەنیدا نەماوە و لەڕووى ئیدارەدانى هەرێمەوە هەرێمێکى لوشدا بۆ خۆى و خێزان و بنەماڵەکەى، ئەوەندە شلۆق بوو بە یەک تەلەفون کورسیەکەى ژێریان ڕاکێشا و لنگەو قوچ کەوتە سەرزەوى، ئێستا چاوەرێین بۆ مردنى فیزیکى، چونکە ئەوەندە غیرەتى نەبوو،  پاش ئەو هەموو نەهامەتى و چەرمەسەریەى کە بەسەر کورد و ئەم هەرێمەیدا هێنا، خۆى بکوژێت.. بەڵێ بەڕێزم تۆ سوپاسى مردویەک ئەکەیت!
• تۆ سوپاسى کەسێک ئەکەیت کە بۆ یەکەمجار و لە ساڵى (1966)‌ـەوە فاشیستى تورکى بەناوى هێزى ئاشتى پەلکێشى کوردستان کرد! تۆ قەت ئاشتیت لە تورک بینیوە ؟.
• تۆ سوپاسى دڕندەیەک ئەکەیت، ئابڵوقەى ئابورى و سیاسیى خستە سەر ڕۆژئاوا و خەندەقى دژى ئێوە لێدا، کە هەتا ئێستا دوژمنە سەر سەختەکانى ئێوە نەگەیشتونەتە قۆناخى خەندەق لێدان.
• تۆ سوپاسى خۆفرۆشێک ئەکەیت، بە هاوکارى میتى تورکى چەندەها دەستە و تاقمى چەکدارى بەجۆرەها ناوى بریقەدار دروستکردووە، ئێستا شانبەشانى سوپاکەى محەمەدى تورک کوردستان داگیر و کورد ئەتک ئەکەن، ئەو پیاوەی کە(پیاو) نییە، ئەگەر کەمترن ئەخلاقى سیاسی هەبێت، نەک شتى وەها ناکات بەرامبەر بەمیللەتەکەى بەڵکو سەخت و ستەمە شتێکى وەها هەر بەخەیاڵیدا گوزەر بکات، ئەگەر تۆ ئەنەکەسەت بیر چوبێتەوە ئەوە لە بیرەوەرى ئێمەدا لەبیرچونەوەى نییە.
• پاش ئەوەى میتى تورک ڕیفراندۆمێکێ ڕەشیان بە مەسعود کرد و بەر ئەنجامەکەى لایەک لە کوردستانى بۆ حکومەتى ناوەند کرد بەدیارى، ئەردۆغان چى سوکایەتى هەبوو لە فەرهەنگى تورک و عوسمانیدا بە مەسعودی کرد، مەسعودیش کلکى خستەوە ناوگەڵى ورتەى لە خۆی بڕى.
 بەڕێز مەزڵوم کۆبانێ، ئایا بە راستتی لە دڵەوە ئەوە دەڵێیت و سوپاسى مەخلوقێکى ئاوەها دەکەیت؟


• تۆ پیاوێکى سەربازیت و لە ناو دەنگى بۆمبا و زنجیرەى دەبابە و دوکەڵى شەڕ و بۆسوى ماڵ و سوتماک و قڕکردنى میللەتێک و بەرەنگارى فاشیزمى ئیسلامى و ئەردۆغانى، هەروەها شەهیدبوونى هەزارەها کوڕ و کچى کوردستانەوە، سەرت هەڵداوە، چۆن ئاوا بە ئاسانى سوپاسى کەسێک ئەکەیت کە دڵۆپ دڵۆپ خیانەتى لێئەتکێت و مێژوەکەى بێجگە لەخیانەت و ملشۆڕى بۆ داگیرکەران هیچ بەرهەمێکی ترى لێ سەوز نەبووە؟.
• تۆ بەرەنگارى تورکى داگیرکەر بویتەتەوە و ئەوەى سوپاسى ئەکەیت داگیرکەر دێنێتە کوردستان، سوپاى تورکیا بە چاوساغى دەزگاى پاراستنەکەى و کەسى مەسعود لە هەرشوێنێکى هەولێر و دهۆک بیەوێت بنەو سەربازگە دا ئەنێت و سفرەیان بۆ ئەڕازێنێتەوە .
• ئەو کەمپى مەخمورەى بەرێزتان، کە (8) ساڵى تەمەنتانى تێدا بەجێماوە ئەوا بۆ (3) مانگە ئەو مەسعودەى کە ئێوە سوپاسى ئەکەن ئابڵوقەیەکى تۆکمەى هەمەلایەنەى خستۆتە سەر لەچەشنى ئەو ئابلوقانەى نازیەکان کە چۆن خستبویانە سەر جووەکان، ئیتر لە پای چیدا سوپاسى ئەکەن؟
• تۆ تەمەنێکى بەرچاوت لە شارى سلێمانى بەسەر بردووە، ئەپرسم هیچ لە کەلتورى دژە بنەماڵەیی ئەم شارە فێر نەبویت، ئاوا بەبێ هۆ سوپاسى سەرى تۆپیوى بنەماڵەیەک ئەکەیت!؟
• بەڕیزتان ئەزانن مەسرەفى ئەو شەڕە کوردکوژیەی ئەردۆغان هەڵیگرساندووە لەو نەوتەوەیە، کە مەسعود بۆ (50) ساڵ بۆ تورک هەڕاج فرۆشی کردووە، لەو غازەوەیە کە بەتاڵان ئەبرێت. لە بازاڕ و زەوى کۆمپانیایانەوەیە، کە بۆ تورک تاڵانفرۆشکراوە و دەرگاى هەموو تالانى و ساغکردنەوەى دەرمان و خواردەمەنى و کەرەستە و شمەکى گوماناوى یە، ئەم سوپاسەى بەڕێزتان چ مانایەکى هەیە؟
• تۆ سوپاسى کەسێک ئەکەیت پەڕلەمانی کردوە بە تەویلە و حکومەتى کردوە بە ئاخوڕ لەسەر داهات و سامانى گشتى دەلەوەڕێن و میللەتێک بەر جوتە ئەدەن.
• کاکە شەرمەزارییە سوپاسى زیندەوەرێکى وەها بکەیت، کە بەم هەموو چەتە و چەکدار و زیرەڤانى و دارەڤانى و پاراستن بە دوو مەفرزەى داعش هەولێریان چۆڵکرد لەکاتێکدا ئێوە چەتەوڵى زەبەلاحى داعشتان تەفر و تونا کرد، داستانێکى نەبەردیتان بۆ هەموو جیهان نووسییەوە .

ئازیزەکەم :
• خەلکى کوردستان بێئومێد مەکە، تۆ سەرکردەیەکى سەربازییت، سیاسەت بۆ سیاسەتمەداران بە جێبهێڵە، ئەوانەی، کە بە میت و مەسعود و ئەردۆغان و ئیخوان و فاشیزمى ئیسلامى ئاشنان .
بەرێز مەزڵوم :
• ناشێت بیر چوبێت دە ساڵێک بەر لە ئێستا مەسعود بە تۆپەڵە جامانەکەى سەر کەللەى پوتی شار بەشار و کوچە بەکوچە لە کوردستانى تورکیا دەنگى بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە کۆئەکردەوە دژ بە هەدەپەی حیزبى کوردان و ڕکابەرى سوڵتان، پاش ئەوەى ڕیکلامێکى بێمەسرەفیان پێکرد دەستێکى تەڕییان پیداهێنا.
ئەردۆغان تەشقەڵەى بە جامانەکەى ئەکرد بەبێ ئەوەى مەسعود بتوانێت سەرى شۆڕى ببزوێنێت. شوانپەروەرى گۆرانیبێژ، کە مەسعود بەرزانى یاوەرى بوو ئەڵێت:
دە ساڵ پێش ئێستا خۆم فرۆشت بە ئاکەپە و ئەردۆغان وەک ئاژەڵێکى پیس .


دوا پرسیارم ئەوەیە:
کامە کەلتورە، کە رێگای پێداویت و بوارى بۆ ڕەخساندویت، تا سوپاسى ئاژەڵێکى پیس بکەیت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە