‌‌‌‌‌‌ڕۆژئاوا، لەجەنگی سەربازییەوە بۆ جەنگی سیاسەت..!

Thursday, 31/10/2019, 11:59

5744 بینراوە


ئەوەی لەم چەند رۆژ و هەفتەی ڕابردوودا لەەپەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕوویداوە، ئەمە دەسلمێنن، کە سیاسەتمەدارانی کورد لەم بەشەی کوردستاندا، بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی شەڕی ناوخۆ لە سووریا نەک تەنیا لەسەر ئاستی سەربازیی، لێهاتوویی بێوێنەیان نیشانداوە، بەڵکو لەسەر ئاستی سیاسییش، بەهەمان شێوە خاوەن پلان و پرۆژەی ستراتیژیک بوون. کە دەتوانین لەچەند خاڵدا ڕوونی کەینەوە:
١- بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە، لەگەڵ ئەوەدا کە کوردو هاوپەیمانە نێوخۆییەکانی لەسووریا پشتیوانیەکی گەلێک فراوانیان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا وەرگرتووە، بەڵام هیچکات پشتێنی بێخەمیان لێ نەکردۆتەوە و سەرەڕای خۆ بەهێزکردن لەسەر هەموو ئاستەکانی سەربازی، سیاسی، ڕیکخستنی، ئابووری، فەرهەنگی… پەیوەندییە سیاسییەکانی خۆشیان لەگەڵ دەرەوە، تەنیا بە ئەمەریکا و وڵاتانی خۆرئاوا سنووردار نەکردووە و هەمیشەش لەگەڵ تەواوی ئەو دەوڵەت و هێزولایانانەی تر کە کارییگەریان لەسەر کێشەی سووریا و کورد هەبووە، لەسەرووی هەموویانەوە، روسیا دامەزراندووە و گەرچی بە قۆناغی هەورازو نشێودا تێپەڕیوە، بەڵام لەخراپترین قۆناغەکانیشدا، ئەم پەیوەندییە هەر بەردەوام بووە و، بەهەمان شێوە لەگەڵ رژێمی سووریاش. و گەرچی ڕوبەڕووی ڕەخنەی زۆری لایەنە نێوخۆییە کلاسیکیەکانی کورد و دەرەوەی کورد، لە ناسیۆنالیست، و مەزهەبی، و نەریتییەکان بوونەوە، چەندان ناوناتۆرەی دژبەیەکی وەک: بەکرێگیراو، تێرۆریست، سەرلێشێواویان… درایە پاڵ، بەڵام هیچکات هەڕەمەکیانە، لەشێوازی پارتەکانی باشووری کوردستان کاریان نەکردوو، هەمیشە بەبەرچاوڕوونیەوە، لەسەربنەمای نەخشە و پلانی تۆکمە زانیویانە چی دەکەن.
٢- هیچکات بەتەمای ئەوە نەبوون وڵاتان لەسەر بنەمای ئەخلاق، یان بەزەیی هاتنەوە بەکورد، یان لایەنگیریی کورد بۆ وڵاتێک یان دووان، یارمەتی و پشتیوانی وەربگرن، و هەمیشە ئەو حسابە ستراتیژیکییە کراوە، کە دەبێ مەودایەک بە بەرژەوەندی وڵاتان و هێزە جۆربەجۆرەکان ببەخشن، تا لەبەرانبەردا، ئەوانیش بەەرژەوەندی کورد لەبەرچاوبگرن. هەمیشە ئەو ڕاستییەیان زانیوە و بە ئاشکرا رایانگەیاندووە کە هیچ یارمەتیەک بەخۆڕایی و خێر کە دەستکەوتێکی سیاسیی بەدواوە نەبێت، کەسێک ئامادەی بەخشینی نییە. و سیاسەت بریتییە لە بەرژەوەندی هاوبەش. لەم چوارچێوەیەدا سیاسەتێکیان پەیڕەو کرد، کە نەبەهەڵوێستێکی خراپی لایەک توڕەو بێهیوابن، و نەبە پشتیوانی و لایەنگیریی لایەکی تریش لەخۆ بایی بن. و پۆتین رێگای بە تورکیادا عەفرین داگیربکات، و ترامپیش بەپاشەکشەی هێزەکانی کوردی بەگورگ سپارد. بەڵام ئەمانە تووشی هەڵەی نەکردن. و بەجۆرێک سیاسەتیان پەیڕەو کرد، کە چۆن کورد پێویستی بە پشتیوانی ئەوانە، ئەوانیش پێویستیان بە کورد هەبێت. و پلانی لەناوبردنی ئەبوبەکری بەغدادی و رۆڵی کورد لە ئاشکراکردنی شوێنەکەی نموونەیەکی ئەم سیاسەتەیە.
٣- لەهەموو قۆناغەکانی ئەم چەند ساڵەی شەڕی ناوخۆی سوریادا، لەرۆژئاوای کوردستان، سیاسەتێک پەیڕەوکرا کە هیچکات نەکەوتەبەر گۆرانکارییە سیاسیی و سەربازیی و دیپلۆماتیکیەکان. ئەمەش وەک:
یەکەم: کارکردن و بەستنی هاوپەیمانێتییەکی ستراتیژیک و راستگۆیانە لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی باکورو خۆرهەڵاتی سووریا. و هیچکات خۆیان لەو هەڵە گەورەیە نەدا کە چەند شاروگوند بەناوی کوردستانەوە جیاکەنەوە و بەمە خۆیان گۆشەگیر و دوورەپەرێز و تەنیا بکەن و ئەوان هێز و توانای کورد و جیۆگرافیا پەرش و بڵاوەکەی خۆیان باش دیراسەکرد و ناسی و زانیان کورد بەتاقی تەنیا هیچی پێناکرێت و ئاکامەکەی هەر ڕەنج بەخەساری دەبێت. ئەمەش نەک هەر هێزی پێ بەخشین بەڵکو ئەو پەیامەشی بە هەموو لایەکدا، کە ئەوان سەرچاوەی ترس نین بۆ هیچ لایەک و مایەی ئاسایش و ئارامی ئایندەشن. ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی ئەو مۆرکی تێرۆرەی تورکیا بە هەموو هێزیەوە دەیخواست بە کوردو بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەیە بلکێنێ نەک هەر شکەستی هێنا بەڵکو وەرگەڕایە سەر ریسووابوونی خۆی. و ئەمڕۆ بۆ هەموو جیهان ئاشکرابووە، کە ئەوەی تێرۆری دەوڵەت پەیڕەو دەکات و پشتگیریی لە تێرۆر و تێرۆریستان لە جیهاندا دەکات تورکیایە و لەڕێگای بزووتنەوە ئیخوانییەکەیەوە سەرچاوەی مەترسیە بۆ سەر جیهان نەک کورد، ئەمەش کە جارێ ماویەتی بەئاشکرا بگوترێت. و ئەو پرۆژەیاساییەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆسزادانی تورکیا کاری لەسەردەکات، یەکێکە لەو هەنگاوانەی لەئایندەدا پتری دەبینین.
دووەم: بەشداریی ژن لە هەموو گۆرەپانەکانی ژیان. هەر لەگۆڕەپانی شەڕەوە تا دەگاتە گۆڕەپانی سیاسەت و پلەکانی هەرەباڵای بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگا. ئەمەش نموونەیەکی هێندە جوانی لەوان نیشاندا، کە نەتورکیا و نە رژێمی سووریا و نە هیچکەس نەیتوانی بیشارێتەوە و بیشێوێنێت. و دەستکەوتەکەش هەر ئەمە نەبوو تا ڕووی خۆیان لەدەرەوە بە شێوازە جوانەکەی نیشانبدەن، بەڵکو تا لەناوەوەش بەخەڵکی بسەلمێنن، کە ئەوان بەشێکن لەخەڵک و ئەو بەڕێوەبەرایەتییە سیاسییە هی تەواوی کۆمەڵگایە بەژن و پیاوەوە.
سێیەم: دەستپاکی و لەناوبردنی گەندەڵی؛ ئەمەش بەشێوازێکی وەها شەفاف پەیڕەوکرا، کە پارەو سامان نەگەیشتە دەستە ناپاکەکان و ئەوانەش کە پاک بوون لەژێری چاوەدێری و لێپرسینەوەی بەردەوامی ئەو دامودەزگایانەی خەڵک بەڕێوەیاندەبرد دابوون. لەهەرشوێنێک برسیبوون هەبوو، هەمووان پێکەوە و لەپێشەوە بەرپرسەکان برسی بوون، و لەهەر شوێنێکیش تێری، هەمووان پێکەوە و دوای هەمووان بەرپرسەکان تێربوون. شەهیدبوون و ماڵوێرانی تەنیا بەنسیبی هەژاران و نەداران نەبوو، و بەرپرسەکان و کوڕان و کچانی ئەەوان لەڕیزەکانی هەرەپێشەوەی شەڕدا دەجەنگان و شەهید دەبوون.
٤- کورد و هاوپەیمانە نێوخۆییەکانی، بەدرێژایی ئەو چەند ساڵە، هەمیشە خاوەنی بڕیاری سیاسی خۆیان بوون. و نەلەڕاگەیاندنی کانتۆنەکان، و نەلەشێوازی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و نەلە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانیدا، و نەلەپەیڕەوکردنی بیرو باوەڕەکانی ئۆجالاندا… هیچکات پرسیان بەکەس نەکردووە و تەنیا خواست و بەرژەوەندیی و هێزوتواناکانی خۆیان سەرچاوەی هەر بڕیارێک بوون.
ئەم رۆژانەش، کە هێرشەکانی تورکیا بەشێواێکی کاتیش بێت، سست کراوە، و بەگەرمی لەسەر چەندان ئاستی جۆربەجۆر، باس لە چارەسەریی سیاسیی دەکرێت. کورد و هاوپەیمانە نێوخۆییەکانی وئیدارە خۆجێیەکەی، بەپێچەوانەی گشت ئەو لێکدانەوەو شڕۆڤە هەڵانەی کە گوایە ڕۆڵی کورد لەسوریا بەرەو کۆتایییهاتن دەچێت و شۆڕش و بزووتنەوە ئازادییخوازییەکەی دەبێ بنەوبارگەیان بپێچنەوە و هەرکەس بچێتەوە ماڵی خۆی. بەدڵنیاییەوە ئەگەر پارتەکانی باشوور لەجێگای بەڕێوەبەرایەتییەکەی ڕۆژئاوا بووایە، ئەم شتە ڕوویدەدا و دیسان ئاشبەتاڵ و کارەسات بەسەر کوردا دەهاتەوە. بەڵام بەدرێژایی ئەم چەند ساڵەی شۆڕشی رۆژئاوا سەلماندیان، چۆن کارەسات وەردەگێڕنە سەرکەوتن. و چۆن لەشەڕێکی نابەرابەردا چۆک بە داگیرکەر و تێرۆریستاندادەدەن. و هەرچەندە هێشتا زۆر ڕوون نییە کەئایا تورکیا دەتوانێ دان بەخۆیدا بگرێت و دەست لە پرۆژە فراوانخوازییەکەی هەڵگرێت. و ئایا ئەردۆغان هێندەی عەقڵ لەسەردایە کە جیهان بەگژ خۆیدا نەکات. بەڵام ئەمەیان زۆر ڕوونە، کە ئەستێرەی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی، نەک هەر ئاوا نابێت، بەڵکو لە داهاتوودا چەندان هێندە هەروا گەشتر دەبێت. کورد کە تا چەند ساڵ پێش لەسووریا خاوەنی هیچ مافێکی دەستووری خۆیان نەبوون، ئەمڕۆ وەک پێکهاتەیەکی دانپێدانراو هەر کەس حسابی وردیان بۆ دەکات. جاران خەباتگێڕان دەبووایە بەنهێنی لە ناوخۆ ودەرەوە کارو چالاکی بنوێنن و بەردەوام لەژێر مۆرکی تێرۆردا گیان و ماڵیان لەمەترسی دابوو. ئەمڕۆ خەباتگێڕێکی وەک مەزلووم عەبدی بێ پەروا وەک نوێنەری خەڵک و شۆڕش، لەگەڵ سەرۆکی گەورەترین وڵاتی جیهاندا بەتەلەفۆن دانوستاندن دەکات. جاران هیچکەس بەرژەوەندی لەگەڵ کوردا یەکی نەدەگرتەوە و هەر لەبەرئەمە کەس ئامادە نەبوو ببێتە دۆستی کورد. ئەمڕۆ کورد هەم بەشەڕ و هەم بە سیاسەت توانی وەها خۆی بسەلمێنێت، کە ئیتر جیهان حسابی لەسەر بکات.
ئەمڕۆ کورد لەم بەشەی کوردستاندا، گەیشتۆتە ئاستێک کە سیاسەت و بەرنامەکەی لەگەڵ ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیان و لەناوبردنی تێرۆردا یەکدەگرێتەوە و سەنگەری هەرە پێشەوەشە لە بەردەم پرۆژە فراوانخوازیەکەی ئەردۆغاندا، و هەموو ئەم ڕاستیە دەزانن ئەگەر کورد بەم شێوە قارەمانانەیە بەرەنگاری هێڕشی داگیرکاریی ئەردۆغان و سوپاکەی نەبووبایەوە، ئێستا نەک تەنیا باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا، بەڵکو باشووری کوردستانیش ڕاستەو ڕاست لەژێر هەڕەشەی هەرە جدی دا دەبوو. کە هێشتاش ئەم هەڕەشەیە هەرماوە. ئەمەش تەنیا بۆسەر کورد و کوردستان مەترسی نییە. بەڵکو بۆسەر ئاشتی جیهانیش لە سەر ئاستی ستراتیژیک. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئەوروپا و ئەمەریکا، نیگەرانن و لەڕێگای بەرگریکردن و پشتیوانیکردنی کوردەوە پێش لەم پرۆژە ئیسلامییە دەگرن کە ئەردۆغان دەخوازێت پیادەی بکات.
کورد، ئەمڕۆ گەلێک کارتی سیاسی گرنگی بەدەستەوەیەو بەکۆتاییهاتنی شەر، قۆناغێکی دیکە دەستپێدەکات، ولەم ناوەدا دەتوانێت، ببێتە خاوەنی گەلێک دۆست. و نەک هەر لەسوریا بەڵکو لە ناوچەکەش ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت. و ئەردۆغانیش تا دێت بژاردە و کارتەکانی دەستی کەمتر دەبنەوە و ئەگەر بەیەکجاریی شەڕ ڕابگرێت، سەرەڕای ئەوەی ناوخۆی تورکیا لەدەست دەدات، کوردیش لەکۆڵ بەڵاو کارەساتی شەڕ دەبێتەوە، و هەموو توانای خۆی بۆ سیاسەت و قۆناغەکانی ئایندە تەرخان دەکات. ئەگەریش بەردەوام بێت، دەبێ چاوەڕوانی هەرچی زۆرتری گۆشەگیریی و سزاو قەیرانی ئابووری و ئابڕووچوون… بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە