هێمای بەرخۆدان

Thursday, 31/10/2019, 12:16

4139 بینراوە


دەتپارێزم وەک بیلبیلەی هەر دوو چاوم،وڵاتەکەم
لە گۆڕ دەنێم خەون و خولیای ناحەزانت،هۆ خاکەکەم
تا ڕۆڵەی ئازا و بەجەرگی شەڕڤان و پێشمەرگەت،یار بێ
ئاڵای شەکاوەت نانەوێ،هەرگیز هەرگیز،عەفرینەکەم
هەر دارێکی سەوزی ژینت گەر بسووتێ،دڵنیا بە
بە ڕۆندکی خوێنینی خۆم دەیژێنمەوە،نیشتمانە شیرینەکەم!
تاسەر ئێسقان گیانفیداتم،دەنگ هەڵبڕە،هیچ سڵ مەکە
دەنگت لە عالەم بڵندە،هێلانە و مەکۆی ژینەکەم
باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵاتم، هەموو بە یەک دەنگ ئەڵێن:
عەفرین،تۆ هێمای ئاشتیی و بەرخۆدانی،باوانەکەم.
15ی ڕێبەندانی 2717
***
پەیڤێک: مخابن،ڕۆژانێکە هۆن هۆن فرمێسکی خوێن لە چاوی نیشتمانەکەم دەبارێت و من لێرەوە،بۆکڕووزێ بەر بۆتە گیانم و ئەوە تەنێ هەر مەلی شیعرە پەلم دەگرێت و هەر بە خەیاڵ دەمباتەوە نێو ئەو ئاخەی ئێستێ هەر خەمی لێ بارە. دەردت کەوێ لە گیانەکەم،سەرێ کانێ، چلۆن نها گیرۆدەی دەست جەللادانی!
ئەم شیعرەم پێشتر بۆ "عەفرین"نووسیوە کەچی هەنووکە گرێ سپی،سەرێ کانی،دێرک،قامیشلۆ و سەرپاک ڕۆژئاڤا لە نێو شەڕی دەستکردی خوێنمژانی دیرۆکدا دووکەڵبارانە و جیهانی کەڕ و کاسیش،تەنێ دەوری تەماشاکەر دەبینێت.
24ی ڕەزبەری 2719(1398ی هەتاوی)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە