لەڕاستیدا ئەم بایکۆتە باشترین دەرفەتە هەم بۆ حکومەت و هەموو بۆ خاوەن سەرمایە و بەرهەمهێنەرەکان. لەلایەک ئەگەر پێشتر حکومەت نەیدەتوانی بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ ڕێگە لە هاوردەکردنی ئەو هەموو کاڵا کوالێت خراپەی تورکیا بگرێت، یان باج و گومرگی زۆر لە سەر دانێت، بەڵام ئێستا دەرفەتێک هاتۆتە پێشەوە، چونکە ئەم بایکۆتە هاوڵاتی پێی هەڵساوە و تەشەنەی سەندووە و بۆتە پشتیوانییەکی باش بۆ حکومەت تا لە ئێستا دا لە ژێر هەیمەنەی تورکیا دەرچێت لە ڕووی ئابورییەوە، کە دواجار کاریگەری گەورەشی لەسەر بڕیار و هەڵوێستە سیاسییەکانی حکومەتی هەرێم دەبێت و پەیامێکیشە هەم بۆ تورکیا هەم بۆ ئێران لە داهاتوودا کە لە ڕووی ئابورییەوە ناتوانن جینۆسایدمان بکەن. لەلایەکی دیکەوە دەرفەتێکی گونجاوە بۆ خاوەن سەرمایە و بەرهەمهێنەران تاکو چەندین کارگە و کارخانەی گەورە لە بوارە جیاجیاکاندا دابمەزرێنن، کە دەبێتە هۆ بوژاندنەوە و بەرەوپێشچوونی بەرهەمی ناوخۆیی هەم لە ڕووی کوالێت و هەم لە ڕووی نرخ و تەندروستییەوە، هەم کەمبوونەوەی بێ کاری و بەتاڵە، کە لە چەند ساڵێکی نزیک دا کاریگەرییە باشەکانی دەردەکەوێت و ئەم بەرەو پێشچوونە ئابورییە فاکتەرێکی گەورە دەبێت لەسەر بڕیارە سیاسییە چارەنووس سازەکان.
جگە لە بایکۆتکردن، شەقامەکانی باشوری کوردستان و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و ناوەندە سیاسییەکان بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین و چالاکی و پەیوەندی دبلۆماسی. هەروەها چەندین کەمپینی هاوکاری کۆکردنەوە لەلایەن جەماوەر و تەلەفیزیۆنەکان و چالاکوانانەوە لە شار و شارۆچکەکانی باشور دەستی پێکرد و بەهەزاران تەن خۆراک و کاڵا و جل و بەرگ بۆ ئاوارەکانی خۆرئاوا کۆکرایەوە و ڕەوانەی خۆرئاواکرا.
هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاند بە بەردەوامی داگیرکاری و جینۆسایدی تورکیا و بەرخۆدانی شەرڤانان و پەیوەندییە دبلۆماسییەکان و بارودۆخی ئاوارە و بۆمبارانکردنەکەی تورکیایان بۆ جیهان بەخشکرد، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەڵوێست و کاردانەوەی ناوەندەکانی بڕیاری دونیا هەبوو.
لەلایەکی دیکەوە چەندین هەزار ئاوارە گەیشتنە باشور و لە کەمپەکانی شارەکاندا بە هەستێکی نەتەوەیی هاوکاریکران. لەڕاستیدا ئەمە یەکمجار بوو لە مێژووی کورد دا، ئەوەندە یەکگرتو و خاوەن یەک بڕیار بن لە زۆربەی ناوەندە سیاسی و جەماوەری و میدیایەکانەوە، گەرچی هێشتا هێڵی خیانەت لە پیلانگێڕی بەردەوام بوون.
لە ئەنجامی داگیرکاری و جینۆسایدی تورکیاوە دژی خۆرئاوای کوردستان تا ئێستا (300)هەزار کەس ئاوارە بوون لە سەر زێد و ماڵ و ژیانی خۆیان. چەندین شاری وەکو "گرێ سپی و سەرێکانی ، عەین عیسا و تەلترمر" وێران بوون و ژێرخانی ئابورییان کاول بوو بەهۆی تاڵانی و هێرشە ئاسمانییەکانەوە بەکارهێنانی چەک قەدەغەکراوەوە وکو چەکی فسفۆڕی سپی، جگە لە کانتۆنی عەفرین هەر دوو شاری سەرێکانی و گرێ سپی داگیرکراون. زیاتر لە (200) شەڕڤانی هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە شەهید بوون و بە سەدانیش بریندار بوو، بە هەزارا هاوڵاتی مەدەنیش بریندار و کەم ئەندامبوون، زیاتر لە (350) هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون بە هۆی هێرشی ئاسمانی و بەکارهێنانی چەکی فسفۆڕەوە کە دیارترینیان منداڵێک بوو بە ناوی (محمد) کە بە چەکی فسفۆڕ تەواوی جەستەیی سوتا و دواتر بووە ڕەمزی بەرخۆدانەکانی خۆرئاوا لە دژی سوپایی (محمد)ی تورکیا. لەلایەکی دیکەوە ژینگه بەشێکی زۆری ناوچەکە بەهۆی جەنگەکە و بەکارهێنانی چەکە قەدەغەکراوەکانەوە پیس و ژیانکردن تێیاندا قورس بوو. ئەو چەند شار و گوندەش داگیرکرا لەلایەن مورتەزەقەکان و سوپای تورکیاوە تاڵان و فەرهود کران.