هیچ وڵاتێک ناتوانێت سوپای تورکی بۆردومان بکات

Friday, 01/11/2019, 23:27

8802 بینراوە


ئەگەریش وەک بڕیارە، پانزە هەزار سەربازی ئەوروپی بەسەرپەرشتی ئەڵمانیا بچنە نێوان تورکیا و رۆژاڤا، ئەوا ناتوانن ڕێگری لە هێرشی تورکیا بکەن، لەبەر ئەوەی ئۆردوگان هەمو پاپۆڕەکانی لە پشتی خۆیەوە سوتاندوە و ناتوانێت بگەڕێنەوە دواوە، مەگەر بکەونە پێکادادانەوە لەگەڵ تورکیادا، کەسیش ئەو هەڵەیە ناکات، لەبەر ئەوەی هەر هیزێک بۆردومانی تورکیا بکات بە قازانجی روسیا دەشکێتەوە، خۆ ئەگەر روسیاش کاری وا بکات، ئەوا بە پێچەوانەوە. ئۆردوگانیش ئەو ڕاستییە دەزانێت بۆیە بەردەوامە لە هێرشکردن، بەڵام تورکیا هەتا کوێ دەتوانێت بڕوات؟ ... هەتا بیرە نەوتەکانی ئەمەریکا ؟ نەخێر چونکە پێش ئەوەی بگاتە بیرە نەوتەکان پلانی باشوری کوردستانی هەیە، ئەوەش بە هاوکاری بنەماڵەی مەسعود، کەسیش گوێ بەو داگیرکارییە نادات لەبەر ئەوەی کە ئەوان لەلایەن جاشە کوردەکانەوە پێشوازیان لێدەکرێت. بنەماڵەی مەسعود هەر لە زووەوە بیریان لە پاراستنی خۆیان کردۆتەوە و کوردستان بۆ ئەوان سەلکە تورێک ناهێنێت. خۆ ئەگەر دوای ئۆردوگانیش تورکیایەکی لاواز بمێنێتەوە، ئەوا تورکیا هەر پێویستی بە بنەماڵەی جاشەکانە و جاشەکانیش بە هەمان شێوە. لە کۆتایشدا ئەوان بۆ خۆپارستن لەژیانی خۆیان دەبنە بەشێک لە تورکیا و کەسیش ناتوانێت لەسەر حوکم لایان ببات، چونکە سوپای تورکیایان لە پشتە! کێ دەتواێت تورکیا ناچار لە باشور بکات بکشێتەوە؟

ئۆردوگان هەتاوەکو ئێستاکە باشترین یاری کردوە، شەڕ بە هەموو جیهان دەفرۆشێت بەڵام ئەوان خۆیانی لێ لائەدەن، لە شەرمەزاریدا وڵاتانی ئەوروپا و جیهان نازانن چی بەرامبەر بە کورد بکەن! ، هەریەکەیان خەڵاتێک بە ژەنەراڵە بێ ئەستێرەکە دەبخشێت. ئەبێت ئێمە دان بەوەدا بنێین، کە ئەگەر خەونی کورد بەتایبەتی ڕۆژاڤا بەربەستێکی گەورەی کەوتە بەردەم ئەویش لەدەستدانی ئەو ناوچانە بە قوڵایی سی کیلۆمەتر و نیشتەجێکردنی عەرەب، کە ئۆردەگان زۆر شانازیی بەم دەستکەوتەوەوە دەکات، دەڵێت کە ئەو خەونی ڕۆژاڤای لەبار بردوە، ئەمەش دەبێتە جۆرێک لە گیروگرفت بۆ ڕۆژاڤا کە لە داهاتودا زۆر لە ناوچە دابڕاوەکان و کەرکوک ئاڵۆزتر دەبێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ئەمەریکا بیرە نەوتەکانی بە شێوەیەکی یاسایی داوە بە ڕۆژاڤا، ئەمەش دەبێتە کۆڵەکەیەکی گەورە بۆ پرۆژەی ڕۆژاڤا لەبەر ئەوەی کۆلەکەی ئایدیۆلۆژی و سوپا کە پتەوە لای ڕۆژاڤا تەنها ئابوری کەم بوو، ئەویشیان بەدەست هێنا، بە پێدانی بیرەنەوتەکان لەلایەن ئەمەریکاوە، دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە، ئەوەی و باشووری کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئەمڕۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دەزانن کە تورکیا چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، بە تاوانباری جەنگ ناوی دەبەن، دەزانن هەموو پیاونی داعش پێش سوپای ئۆردوگان کەوتون. تورکیا بۆتە دەوڵەتێکی ئیسلامی تێرۆریست، کە جێگەی دەوڵەتە ئیسلامیەکەی ئەبوبەکر بەغدادی گرتۆتەوە، بەڵام هێشتا کاردانەوەیەکی وەهایان نەکردوە، تا تورکیا لە هێرشانکانی بوەستێنن. ئەمە هەر وەک پیش شەڕی جیهانی دووەم، ئەو کاتەی وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی فەرەنسا و ئینگلتەرا، دەیان زانی کە ئەڵمانیا خەریکی چییە و نیازی چییە، یاریەکەیان زۆر لە لا روون بوو، بەڵام هەر نەیان دەویست بڕوای پێبکەن و خۆیانیان لێ گێل دەکرد، هەتا کار گەیشتە ئەوەی ئیتر چاریان نەماو دەبوایە ڕوو بە ڕووی ببەنەوە. ئێستاش بۆ ئەمەی تورکیا نازانین کەی دەگاتە ئەوساتەی ئیتر دەبێت بە هیز بەرامبەری بوەستنەوە، جگە لەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا گیروگرفتی ناوخۆیان هەیە و تەنها بەکوردەوە خەریک نیین، بۆیە دەبێت ببێتە بەربەستێکی زۆر لەوە گەورەتر، هەتا دێت بارەکە بەرەو خراپتر دەڕوات،. خۆ ئەگەر روو بە ڕووی تورکیاش ببەنەوە هەرگیز نابێت وەهای ببینین کە تورکیا بۆمباران بکەن، وەک چۆن ئەڵمانیای نازیان لەشەڕی دووەمی جیهانیدا وێران کرد، نەخێر ئەوان تەنها ئەتوانن لاوازی بکەن، کە چیدی نەتوانێت لەوە زیاتر پەل بهاوێت. لاواز کردنی تورکیا کاتی زۆر دەوێت، هەتا ئەو کاتەش تورکیا زۆر لە ئامانجەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت ئەویش دروستکردنی زۆرترین بەربەست لەبەردەم ڕۆژاڤادا.

پێدەچێت دوای ئۆردوگان شەڕی ناوخۆیی لە تورکیا سەرهەڵبدات، ئەوسا وەک جاری جاران سوپا دەست دەگرێتەوە بەسەر دەسەڵاتدا و جارێکی تر تورکیا دروست دەبێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ناچار دەبن تورکیایەک پێک بهێنن، کە مافەکانی کوردی تیادا جێگیر بێت، لەبەر ئەوەی چاری تریان نابێت، لە چاوەڕوانیدا ئەو کەسەی چەندەها کوڕ و کچی چاونەترس و بەتوانای بەرهەم هێنا و کیانێکی راستەقینەی کوردی دروستکرد، هەر لە بەندیخانەدا کۆچی دوایی دەکات. هیوادارم کە بۆچوونەکانم هەڵەبن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە