بایکۆت دیوێکی شاراوەی کەرامەتی مرۆڤە

Saturday, 02/11/2019, 0:22

6416 بینراوە


هەر لەم بارو دۆخەدا کە کوردستانی پێدا دەڕوات، بەتایبەتی سەبارەت بایکۆتکردنی شتومەکی تورکیی لە باشووری نیشتیمان، کە بەهۆی دەسەڵاتی خائینی کوردییەوە، بازاڕی ئازاد کۆنتڕۆڵکراوە و ئازادیی لە تاک بەتاکمان سەندراوەتەوە، وایان لەو خەڵکە کردووە نەتوانین کاڵوپەل و پێداویستییەکانیشمان بە دڵی خۆمان هەڵبژێرین، لێ هەر کەسە لە شوێنی خۆیەوە دەتوانێت کەمێک ئازادیی بە بوونی خۆی بدات، ئەویش لە بڕیاردان لە ناو خودی خۆتدا، بەبێ ئەوەی پێویست بکات بچیتە سەر شەقام، کە لەو کاتەدا ئامانجێک بوونی نییە، بەڵکو ئامانج گەڕانەوەی کەرامەتە، کە کۆمەڵێک بازرگان و بەرپرس زەمینەیان بۆ خۆشکردوە.تۆ کە بڕیارت داوە بایکۆت بکەیت، وەک ئەو مرۆڤە دیندارە وایت، کە خۆی دەرناخات و لە شوێنی خۆی و لەماڵی خۆیدا فەریزەکانی باوەڕبوون جێبەجێ دەکات، بە بێ چوونە مزگەوت، یان کەنیسە یان تەمپلێک، گوایا لە ماڵی خوا بەو نیازە دەچێتە تا نزاکانی خێراتر بگات، کە لە پشتی ئەمەوە ڕووبارێک لە ناپاکی لێدەڕژێت.
بایکۆت لەو دڵۆپە بارانە دەچێت بێ ئەوەی ڕقی لە دار و درەخت و گیا و مرۆڤە بەدەکان بێت، تینوێتی زەوی دەشکێنێت، تۆ کە بایکۆت دەکەیت دەبیتە دڵۆپێک لە باران، شکۆفەی گوڵێکی، شنەی شەماڵێکی، بە بێ پاداش و ستایشکردن کاری خۆت دەکەیت، لەوکاتەدا دیاردەیەک دێتە ئاراوە ئەویش هەڵوێستە، تۆ ڕەنگە نەتوانی لە شەڕدا بەشداربیت! بەڵام دەکەویتە سەنگەرێکەوە کە کەرامەت دەچنیتەوە، دەزانی چنینەوەی کەرامەت مانای جوانی ژیان پێدەدات! تۆ دەبیتە هاوخەم و هاوئازاری جەستەی مرۆڤەکان، کە هاو نیشتمانتن، لە سەنگەردا شەڕ دەکەن.ژیان کاتێک بەهای هەیە، کە مرۆڤ تێیدا شتێک بکات، هەڵوێست ماناکەی لە خودی خۆیدایە، یان لەو کاتەدا مانایەکی جوان دەدات، لەوێدا تۆ پێویستت بە ئەفراندنی مانایەک نییە بۆ هەڵوێست وەرگرتنێک لە رێگایەکی دیکەوە.
ئاخر زۆر سادە، ماشێنێک مرۆڤەکان لە قیمەدەدات، ئەو ماشێنە بە پارە هەڵدەسوڕێت من و تۆ دێین پارە لە ماشێنەکە دەکەین تا لە سوڕان نەکەوێت و مرۆڤەکان قیمەکات، تا دەگاتە سەر تاک بەتاکمان، گەر پارە نەکەینە ناو ماشێنەکەوە لەکار دەکەوێت، چەندین ساڵە لەم سەکۆیەوە هاوار دەکەین تکایە هەر هیچت پێناکرێت، ماستی تورکی مەکڕن، درامای تورکی سەیرمەکەن.ئێستاش درەنگ نییە، لە کوێوە دەست پێبکەیت دەگەیتە ئەو ڕاستە ڕێگایە.

پارتییەکی سەر بە میتی تورک بزانە چی دەڵێت


هێڤیدار ئەحمەد (میتێک و پارتییەکی خۆفرۆش) دەڵێت:
ئەگەر جلی تورکی بایکۆت بکەین، ڕووت دەبین، ئەگەر خواردنی تورکی نەخۆین، چی بخۆین؟ ئەگەر حەمام و تەوالێتی تورکی بایکۆت بکەین چۆن خۆمان بشۆین؟ ئەگەر قەنەفەی تورکی بایکۆت بکەین، لەسەر حەسیر دادەنیشین!  ئەگەر ئاوێنەی تورکی نەبێت، چۆن بزانین جوان و کەشخەین ؟ کوردایەتی بایکۆتکردن نییە!  ئەوەیە خیانەت نەکەیت!
-----------------------
بۆچی دەسەڵاتداران لە ڕێگەی چەند پەرلەماتتار و نووسەرێکەوە، دەیانەوێت بایکۆت هەڵوەشێننەوە؟
وەڵامەکەی زۆر سادەیە، چونکە سبەی لە ڕێگەی ئەم کەسە پوچانەوە، کە خۆیان خستۆتە رێزی بایکۆتەوە، ئیتر دەڵێن ئیتر تەواو بایکۆت بشکێنن، چونکە ئێمە دەبێت، گوندەکان ئاوەدان بکەینەوە، گەشتی کشتوکاڵی ببوژێنینەوە، هەلی کار بڕەخسێنین، دەمرین لە برسا، دەیان بیانووی تر، کەسیش پرسیاریان لێناکات: ئەی ٢٨ساڵە بۆ گوندەکانتان ئاوەدان نەکردۆتەوە، برەوتان بەبەکشتوکاڵ نەداوە ؟ بۆیە بایکۆتکردن هیچ پێویستی کۆبوونەوە و بەڕێخراوبوون نییە، بایکۆت ڕەوشتە، ڕەوشت بەو مانایەی، کە چمکێکە لە بەرپرسیارێتی، ئێمە تا ئێستا نەمان توانیوە لە خەستەخانەی بێ هیواوە وانەیەک فێربین، کە ڕۆژانە ٦ تا ٧ لاشە دەگەڕێنێتەوە کە بەخۆراکی تورکی و ئێرانی ژەهرخوارد کراون، واتە تۆ لە مێژە مردوویت، هیچ بیانویەک نییە بۆ ئەوەی کەسێکی پوچ لە کەناڵێکی درۆزنەوە ڕێنمایت بکات.
مرۆڤی بەهەڵوێست هیچ پێویستی بەزیرەکی و خوێندەواری نییە، هەرچی شتێک تورکی بوو مەیکڕە مەیپۆشە سەیری ئەو کەناڵانە مەکە، کە درامای تورکیت دەرخوارد دەدەن، مەچۆرە هۆڵی ئەستەمبوڵ و تاتلەس و هەموو ئەو جێگایانەی کە کاڵای تورکیان هەیە، تا شتیان بکڕیت، بیهێنە پێش چاوی خۆت هاوزمانەکەت دەکوژرێت، تۆش ئەو ماستە دەخۆیت کە لولەی تۆپەکانی پێچەور دەکرێت بۆ سوتماکی نیشتمانەکەت.
دواجار بایکۆت جۆرێک لەگەورەی ی بەمرۆڤ دەبەخشێت، بایکۆت لوتکەی وشیاریی تاکی کوردە، ئەو دڵۆپە بارانەیە کە سەر ئەنجام ڕووبار و دەریاکان دروست دەکات، نمونە زۆرە لەجیهاندا کە دواجار بایکۆت بووە بە شۆڕش و گەلێکی گەورەی وەک هندی لە ئیمپریالیزمی بەریتانی ڕزگارکرد.ڕاستە ئێمە خاوەنی گاندییەک نین، بەڵام بۆچی تاکی کورد هەر دوای لاسایی کردنەوە بکەوێت! کاتێک تۆ شەقێک لەماستی تورکی دەدەیت، مانای وایە سەنگەرت لە داگیرکەری تورک گرتووە، گەر ئەم بایکۆتە بە ئەنجام گەیشت و گەلی ئێمە لەم ئەزمونەدا سەرکەوتوو بوو بەسەرفرازی گەیشت، ئەوا سبەی ئاسانە داوای ملشکاندنی سەربازگاکانیش بکەین و بڵێن بۆیان نییە لە نیشتمانی ئێمەدا سوپای داگیرکەر هەبێت.
هەر ئەوەی کە تۆ بایکۆتی کاڵای تورکی دەکەیت، مانای وایە زۆر شەریفتری لەو هەموو ئەو سیاسیە پوچ و وەزیر و گزیرو پەرلەمانتارانەی گاڵتە بەهەڵوێستت دەکەن، یان بێدەنگن.
بۆئەوەی بەزیندوویی بمێنێتەوە خاوەنی خۆت بە، بایکۆت بکە، گوێ بە دەورو بەری خۆت و قسەی پوچی ئەو مرۆڤە تێکشکاوانە مەگرە، کە ناوێرن هەنگاوێکی جوامێری هەڵگرن لەهەموو سەردەمێکدا هەر خۆیان دەگونجێنن و دەست بەکڵاوی بێسەریانەوە دەگرن کە با نەیبات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە