کۆنگرەی نەتەوەیی لەنێوان خەون و واقیعدا..!

Monday, 04/11/2019, 12:53

5279 بینراوە


پتر لە ٢٠ ساڵە پارتی کرێکارانی کوردستان دروشمی پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەرز کردۆتەوە، و زۆر بەهەندەوە خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئەم دروشمە دەکات. گەرچی ئێستا دەزگایەک بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ئارادایە. بەڵام ئەمە ئەو دەزگایە نییە کە خواستی سەرەکی پەکەکەیە و لەواقیعیشدا ئەو دەزگایە نییە کە هیواکانی لەسەر بنیات بنرێت. چونکە کۆنگرەی نەتەوەیی کاتێک کارا و خاوەن کارییگەریی دەبێت کە هەموو، یان لانیکەم پارت و هێزە سەرکییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەوێدا جێگای خۆیان بگرن. کە تا ئێستا ئەم کارە پێکنەهاتووە. کۆسپ و تەگەرەی هەرە سەرەکیش لەباشووری کوردستانەوەیە.
مەبەست لە پێکهێنانی وەها دامەزراوەیەک بریتییە لە: چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، لەڕێگای دیالۆگ و بەچاودێری هەموو لایەنەکان. ڕاوێژکردن سەبارەت پرسە چارەنووسسازەکان. ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان لەڕێگای نەخشە و پلانی هاوبەشەوە. و پێکهێنانی لۆبیەک بۆکورد کەلەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خاوەن ڕۆڵ و کارییگەریی بێت… و چەندان پرس و بابەتی تر. بەڵام زۆر بەسادەیی دیارە کە وەها کۆنگرەیەک لەم قۆناغەدا و تائایدەیەکی نزیکیش نە پێکدێت و نەئەمانەی پێ بەدەست دەخرێت. لەبەر ئەوەی پارتە سەرەکیەکانی باشوور لەسەووی هەموویانەوە، پارتی و یەکیەتی سەرەڕای ئەوەی خاوەن بڕیاری خۆیان نین، دەشخوازن وەها دەزگایەک لەژێر فەرمانی ئەواندابێت، و لەئاکامدا بۆ سوودی پارتایەتی تەرخانی بکەن. ئەوەی پەیوەندی بەیەکیەتییەوە بێت، نە هیچکات دژی کۆنگرەی نەتەوەیی بووە و نەلەگەڵیشی بووە. هەرکات باس هاتبێتە گۆڕێ بە زمانێک گووتوویەتی: ئێمەش لەگەڵین، ناومان بنووسن. بەڵام لەدڵەوە گاڵتە نەبێ پێیان نەهاتووە. وبینیمان چۆن لەسەر داوای ئەردۆغان تەنیا بۆ ئەوەی هێڵی فڕۆکەوانی تورکیا گەشتەکانی کە دوای ریفراندۆم ڕاگیرابوون بگێڕێتەوە سلێمانی قەدەغەیان خستە سەر تەڤگەری ئازادی. پارتیش خاوەن پێناسەی خۆیەتی بۆ چەمکی نەتەوەی کورد کە بریتییە لەکۆمەڵە مرۆڤێک یان دەبێ هەموو لەژێر فەرمانی ئەودابن و تەنیا بۆ سوود و بەرژەوەندی یەک تاکە بنەماڵە کاربکەن، یان سەرتاپا چاویان دەرێت.
ساڵی ٢٠١٣ هەندێ دەرفەت لەئارادابوون، هەموو لایەک بێ جیاوازی هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کاتی ئەوەیە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت. و ئەمجارەیان پارتی زۆر بەگەرمی هاتە پێشێ و مەسعود بارزانی دەیخواست ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بگێڕێت. بەڵام ئەمە کەسی نیگەران نەکرد. و بەهیواو دڵخۆشیەوە هەموو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کاریان دەکرد. بەڵام پارتە وردیلەکانی ڕۆژهەڵات بە هەردوو لەتەکەی حزبی دیموکراتیشەوە و بەهاندانی پارتی کەوتنە پەڵپ و بەهانەگرتن، کە لەبەرئەوەی پەژاک هەر پەکەکەیە نابێ ببێتە ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی. و بەمەش نەوەستان و لەچەندان لێدواندا رایانگەیاند کە پەژاک نەک هەر لەکۆنگرەی نەتەوەیی بەڵکو هەر وەک حزبێک پێویست بەهەبوونی نییە. و خالید عەزیزی سکرتێری یەکێک لە لەتەکانی حزبی دیموکرات ڕایگەیاند کە: حزبی دیموکرات لە چ شتێک کورتی هێناوە، تا پێویست بەهەبوونی حزبێکی تری وەک پەژاک بکات؟ هەرچەندە نە پەکەکە و نە پەژاک گشت ئەمانەیان نەکردە گرفت و بەسنگفراوانیەوە قبولیان کرد کە پەژاک لەکۆنگرەدا نەبێت. کەچی بۆخۆیان هەرچی لاتولوتی ئەنەکەسە بوو کە لەژێر چاوەدێری و بەفەرمانی میتی تورک دێن و دەچن هێنابوویان و دەیانخواست بیانکەنە دەمڕاست و دەستڕۆیشووتی کۆنگرەی نەتەوەیی. لەمەشیاندا کەسێک هیچی نەگووت. هەرچی پارتی و مەسعود بارزانی خواستیان پەسەندکرا. ئەمجاریش کۆنگرەی نەتەوەیی هەر بەدینەهات. چونکە لە ئەردۆغانەوە پەیامێکیان پێگەیشت، کە هەرچی زووە بنەو بارگەی کۆنگرەی نەتەوەیی بپێچنەوە و ئاشبەتاڵی لێبکەن. و دەستبەجێش فەرمانی ئەردۆغان جێبەجێ کراو کۆنگرە بەتاڵ کرا.
ئەم ڕۆژانە ، و دوابەداوی هێرش و پەلاماری داگیرکارانەی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، کە باشووری کوردستانیش بەدوور لەمەترسی نییە، دیسان لە زاری ڕێبەرانی پەکەکە و کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وە، چەندان پەیام ڕەوانەی پارتەکانی باشوور بەتایبەتی پارتی و یەکیەتی کران، کە کوردستان لەژێر مەترسی داگیرکاری هەرە مەزندایە و پێویستە بەرگری لە خاک و ئابڕوومەندی و ئایندەی نەوەکانمان بخەینە سەرووی هەموو خواست و بەرژەوەندییەکانی تر، بەڵام کەسێک وەڵامیشی نەدانەوە.
لێرەدا ڕوو لە هەڤاڵانی پەکەکە و کەجەکە دەکەم و دەڵێم: بەڕێزان باوەڕم بەدڵسۆزیی و قارەمانێتی و لێهاتوویی ئێوە هەیە و دڵنیام هەر ئێوەن کە بە خەباتی پڕ لە شکۆتان، ئازادی و سەرفرازی بۆ کورد دەکەنە دیاریی. بەڵام راشکاوانە پێتان دەڵێم: واز لەکۆنگرەی نەتەوەیی بهێنن! کۆنگرەی نەتەوەیی یان هەر لەبناغەوە پێک نایەت و پارتەکانی باشوور تێکی دەدەن. یان ئەگەر پێکیش بێت، لەبری ئەوەی ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنێت کە لەبەرژەوەندی نەتەوەی کوردە، گەجەر و گوجەرتان لەدەورە خڕدەکەنەوە و سەنگەرەکانتان نیشانی دوژمن دەدەن. نهێنیەکانتان ئاشکرا دەکەن، و هەوڵدەدەن ئەندامەکانتان بەپارە بکڕن و فێری گەورەکردنی ورگ و ڕەشکردنەوەی سمێڵ و داوێنپیسیتان دەکەن. و چۆن بۆ ئافەرینێکی ئەردۆغان دیار غەریبیان بەشەهیدکردندا دانەدانەی هەر خەباتگێڕێک بەهەمان چارەنووس دەگەیەنن.
ئاخر کۆنگرەی نەتەوەیی لە گەڵ پارتێک پێک دێت، کە خاکەکەی لەباشووری کوردستان لە لایەن سوپای دەوڵەتی تورکیاوە داگیر کرابێت کەچی لەجیاتی پێش پێگرتنی، و یانیش هیچ نەبێ پێی بڵی بۆدەرەوە، ئەو بێت و ڕایبگەیەنێت، کە ئەم داگیرکارییە خەتای پەکەکەیە.؟! یان دوای ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکەی سوپای تورکیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، مەسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ناویان لێنا پەیامێکی زۆر گرنگ! لەو پەیامەدا ڕایدەگەیەنێت کە ناخوازێت یان جارێ کاتی ئەوە نییە کە بگوترێت خەتای کێیە بەڵام دەبێ شەڕ ڕابگیرێت!. خوا هەڵناگرێ وەزیری دەرەوەی سۆمالیش کەوڵاتەکەی زۆر دۆستی ئەردۆغانە، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەروەی کۆمکاری عەرەبی هەر لێدوانێکی لەو جۆرەی دا. هەموو جیهان جگە لەقەتەر و چەند دانە ڕێکخراوی تێرۆریستی وەک بزووتنەوەی حەماس کەسێک دەستخۆشی لە ئەردۆغان نەکرد، بەڵکو تورکیایان بەخەتاکار زانی و ریسوایان کرد. کەچی هێشتا مەسعود بارزانی ناخوازێ ئەم ڕازە گەورەیە ئاشکرا بکات کە خەتای کێیە! دڵنیام ئەگەر ئاشکراشی بکات، ئەوە هەروەک هەمیشە خەتاکە دەخاتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان. مەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی لەگەڵ ئەمانەدا دەبێت؟
نەخێر هەڤاڵان ئێوە لە جیهانێکدان و ئەوان لە جیهانێکی تر. ئێوە خەباتکارانی ڕاستەقینەو گیانلەسەردەستانی قارەمان، ئەوان مافیا و بازرگانی سیاسیی و تەزویرچی. ئێوە دڵسۆزی گەل و نیشتمان هەر هەڵەیەکیش بکەن بەپاکی و وەفاداریتان بۆ ئەم خاک و نەتەوەیە ڕاستی دەکەنەوە. ئەوان چەقاوەسو نەلە کڕنۆش باکیان هەیە و نەلە ترسنۆکی شەرم. ئێوە خاوەن ئابڕوومەندین و ئەوان لێی بێبەریی. ئێوە خاوەنی داهاتوون و ئەوان بێ ئایندە. باڵای بەرزی ئێوە لەکوێ و شانی داتەپیوەی ئەوان لەکوێ؟
وازبێنن لە کۆنگرەی نەتەوەیی! خەباتی شکۆمەندانەی خۆتان بەردەوام بکەن و تادەتوانن لەسیستەمی حوکمڕانی و پارتایەتی باشوور دوورکەونەوە. زۆر دڵنیام رۆژگارێک دێت، کە هێندە دوور نییە. ئەم گەلە دەگەیەننە ترۆپکی ئازادی. ئەو کات پەیکەری شەهیدەکانتان کەشەهیدی هەموومانن، دەروازەی شارو گوندەکان، کوچەوکۆڵانەکانی هەموو کوردستان دەڕازێننەوە. ئەوانیش نەزیندووەکانیان و نەمردووەکانیان لەهیچ شوێنێکی مێژوودا جێگایان نابێتەوە مەگەر لاپەڕە ڕەشەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە