ڕۆژئاوا لە کام چاوەڕوانیی باشوردا ؟

Saturday, 09/11/2019, 11:11

5502 بینراوە


هیوادارم دوا ڕۆژ هەڵە دەربچم، ئەگینا بە ڕای من دواڕۆژێکی ڕەشتر لەم ڕەوشەی ئێستا ڕۆژئاوای پێدا تێدەپەڕێتت، چاوەڕێی دەکات. هەموو بیرمانە هەر دوا بەدوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئەردۆگان چۆن ڕەوشەکە بە خزمەتی دەوڵەتی تورک و ویستی خودی ئەردۆگان شکایەوە. دوای چەند ڕۆژێکی کەمی تریش ترەمپ پێشوازی لە ئەردۆگان دەکات. کەسایەتی ترمپ ئەوهایە کە زوو زوو دەگۆڕێت و لەسەر هەڵوێستێک بە جێگیری نامێنێتەوە. چاک بیرمانە کە چۆن بەردەوام هەڕەشە لە دەوڵەتی تورک دەکرا، بەوەی سزای ئابوری دەخرێتە سەر گەر بێت و سیستەمی موشەکیی س ٤٠٠ بکڕێت. ئەوەبوو ئەردۆگان لە چوارچێوەی کۆبونەوەی لوتکەی جی ٢٠ چاوی بە ترەمپ کەوت، ئاکام سیستەکە کڕدرا ، ئەوجا ئاویش بە ئاگری سزادانی دەوڵەتی تورکدا کرا.بەش بەحاڵی خۆم ئەو دەمە نووسینێکم لەژێر ناوی ( ڕٶژئاوا سورانەی* کڕینی سیستەمی ئێس ٤٠٠) بۆیە ئەمجارەمش خەمی گەورە ئەوەیە کە ئاخۆ بەم بینینە چ بەڵێنێکی تر لە ترەمپ وەردەگرێت لە دژی ڕۆژئاوا. من دڵنیام کە ئەردۆگان بە سەرکەوتوویی لێیتێدەرێ . ڕەنگە داوای سەرەکی لێسەندنەوەی چەکەکان بێت لە پەیەدە، وە ڕازی کردنی ترەمپ بێت تاوەکو لەڕێی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کۆمەکی مادی بۆ ئەردۆگان کۆ بکرێتەوە تا بەناوی دروست کردنی یەکەی نیشتەجێوە پرۆسەی تەعریب کردنی ڕۆژئاوا دەست پێبکات و ئەو پرۆسەیە بە پارەی دەوڵەتانی ئەوروپی بەتایبەتی ئەڵمانیا بێنێتە بەرهەم. بەواتایەکی دی دوا بەدوای ئەو دیدارەی نێوانیان، باری نەخوازراوی لەمەی ئێستا خراپتر بەڕێوە دەبێت بۆ ڕٶژئاوا.
لەو بارودۆخەی بەرۆکی ڕۆژئاوای گرتووە، گەر سەرکردایەتی کورد لە ڕۆژئاوا پەنا بۆ شەیتانیش بەرێت ،ئەوا من بەش بەحاڵی خۆم گلەییان لێناکەم، چونکە بەس ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدایە و ئەوەی کە سەرکردە و سیاسییەکانی دەوڵەتانی زلهێزی وەک ئەمەریکا و ڕوسیا دەبینێت یان نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەندی سوریا دەبینێت، تەنها ئەوانە دەزانن چ بە ئاشکراو بە نهێنی لە دەڤەرەکەدا دەگوزەرێت. لێرەوەیە هەموو کوردێکی خەمخۆر ، جا ئیتر لە چ ڕوانگەیەکەوە قسە و ڕاڤە دەکات ، پێشنیار دەخاتە ڕوو ، هەڵە و کەم وکورتی تەنانەت ڕەخنەش دەگرێت، بەشی هەرەزۆری لە خەمی ئەو چارەنووسە ڕەشەدایە کە پێدەچێت ڕۆژئاوا دووچاری ببێت.
من پێم وایە یەکێک لە و هۆکارانەی کەوای کردووە سەرکردایەتی پەیەدە تاساتەوەختی پەلاماردانە ناڕەواکەی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوا،بەسەرکەوتووی بمێنێتەوە ئەوەیە کە ئەو دەڤەرە وەک دەوڵەتی چین تەنهاوتەنها بۆ خۆی مابووەوە، بەواتایەکی دی هەروەک چۆن دەوڵەتی چین شورایەکی هەیە و تایبەتمەندێتییەکەی تایبەتی بەخۆی وەرگرتووە، لە هەموو ڕووەکانەوە، ئیتر ئاسان نییە تابزانیت چلۆن خەڵک لەو ووڵاتەدا لەڕووی کلتوری، کۆمەڵایەتی ، ئایینی و تەنانەت پیشەسازیشەوە دەژین. چییە وا لە خەڵکی چین دەکات، کە وێنەی خەڵکی ووڵاتانی تر بیر لەوە نەکەنەوە کە ووڵات بە جێبهێڵن و ڕوو لە ئەوروپا بکەن. لەم بەراوردەوە لە نێوان ڕۆژئاوا و دەوڵەتی چیندا دەردەکەوێت کە لە ڕۆژئاواش تایبەتمەندێتییەکەی تایبەت بە خۆیان درووست کردووە. بیرمان نەچێت، ڕۆژئاوا لە سەردەمی گرتنە دەستی جڵەوەی حکومڕانییەوە لەسەردەمی ئەسەدی باوک و کوڕدا دووچاری گەورەترین چەوسانەوە بوون، کە ڕەنگە بێوێنە بێت لەچاو پارچەکانی تری کوردستانی بەشکراودا. لەخەیاڵی کەم کوردزماندا بوو، ڕۆژگارێک بێت، ئاوا خەڵکی باشور بە ژن و پیاوییەوە ببنە وێنەی دلێری و قارەمانی ، ببنە مایەی سەرنجی دۆست و دوژمنانی.
بێگومان نابێت تیڕوانین و دیدی پەروەردەیی خودی عەبدوڵڵا ئوچ ئالان لە یاد بکرێت، کە هۆکاری سەرەکی دروست کردنی ئەو گیانەیە لە کوردانی ڕۆژئاوادا، هاوکات فاکتەری سەرەکییە لە هێنانە پێشەوەی کچ و ژنان بۆ نێو گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و سەربازی. ئەوە تەنها ئەو جۆرە پەروەردەیە بوو کە بووە شک بردن بە هێنانە دەرەوەی ئەو ووزە شاراوەی لەناخی خودی ئافرەتدا هەیە. کچ و ژنە شەڕڤان ئەوەیان نیشانی هەمواندا کە بەرخی نێر بۆ سەربڕین باشە ، ڕاستییەکەی ئاوەژوو کراوە. ناخی ئافرەتیش ووزەیەکی زۆر بەهێزی تێدایە، تەنها پێویستی بەوەیە کە کێ پەی بەو ووزەیە دەبات تا لەناخەوە بیهێنتە دەرەوە و بیکاتە ووزەیەکی بەرجەستە و کاریگەر. ئەوە لەدەست ئەو جۆرە پەروەردە کردنە هات. لەهەمووی سەرنج ڕاکێشتر ئەوەیە ، ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە نێوەندی خەڵکانێکەوە کە بە دینی ئیسلام و کلتوری ئیسلام گۆشکراون بووە ڕاستی. دیارە ڕوونە کە ئافرەت لە دیدی ئەو ئایینەدا ڕۆڵی چییە و ئەرک و فەرمانی لە بۆ پیاوان چییە؟

سەرکردایەتی پەیەدە پێش ئەوەی کە چاوەڕوانی هاوکاری و ڕێنیشاندان لە سەرکردایەتی باشورەوە بکات، دەتوانێت چاوێک بە سەردەمی گرتنە دەستی دەسەڵات لە دوای خەباتی شاخەوە بخشێنێت و بیخاتە بەر چاویلکەی ووردی هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەوە. لێرەدا نابێت ڕۆڵی بەشداری کردنی هێزی پێشمەرگەمان لە بەرگری کۆبانیدا بیربچێت. گەرچی بەشداری کردنێکی هێما ( ڕەمزی )یی بوو ، بە ڵام لە دیدی هاوزمانی و نەتەوەییەوە مانەیەکی تری هەبوو.
لەهەرێمی کوردستاندا لە دوای ڕاپەڕینەوە و لەدوای پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمەوە با بزانین چی بەدەست هاتووە و چی لەدەست دراوە ؟ مانای کوردبوون بە چی گەیشتووە ؟ مانای خاک و نیشتمان هیچ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە ؟ قوربانی و جەللاد پەیوەندییەکەیان لە کوێدایە ؟ مۆڕاڵ بە کوێ گەیشتووە ؟ چی بۆ زمانی دایک کراوە ؟ ئەمانە و چەند پرسیارێکی تر بەرۆکی بیر کردنەوەمان دەگرن.

- سەرەتا بە سادەترین وەڵام دەست پێدەکەین، ئەویش ئەوەیە : ئەوەی لەخاکی نیشتمان بە دەستمانەوە بوو ساتەوەختی ڕاپەڕین و تەنانەت تا ساتەوەختی پیکهێنانی پەرلەمان و حکومەت ، زۆرمان لێی لەدەست داوە. ئەوەی حکومەتی بەعس سەرباری زەبروزەنگی خۆی نەیتوانی پێی بگات لە سیاسەتی تەعریب کردن، ئەوە بە خشپەیی و بەبێ ئەرک سەرکرایەتی کورد لە باشوردا ئەو ئەرکەیان لە کۆڵ حکومەتی ناوەند کردەوە ،بەوەی ئاسان کاری تەعریب کردنی تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان کرد، ئیتر بە دەرگا کردنەوە بە ڕوویاندا، بە ڕێگەدان بەتاپۆ کردنی موڵک و ماڵ لەسەریان و هتد.... بۆیە دەبێت دوای چەند ساڵێکی کەمی تر بپرسین کە ئاخۆ سلێمانی ، نەک کەرکوک شارێکی کوردییە یان نا ، چونکە ئەوکاتە ئەو عەرەبە ئێراقییانەی هاتوونە سلێمانی پێیان دەوترێت: عەرەبە ڕەسەنەکانی سلێمانی. بێگومان ئەمە بۆ هەولێرو دهۆکیش هەر هەمان کارەساتە.
- پشتگوێ خستنی زمانی دایک . گەر گوێ لە پێشکەشکەرانی بەرنامە جیا جیاکانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بگیرێت، ئەوەندە ووشەی عەرەبیت گوێ لێدەبێت کە بەخەیاڵدا نایەن، ئەمە لەکاتێکدا کە بەسەدان ووشە بە کوردی هەیە، بەڵام بەکاری ناهێنن. وەک نموونە گوێ لە ڕەنج سەنگاوی بگیرێت، دەزانرێت کە زمانی دایکی کوردی چی بەسەردا دێت ؟ بێگومان لێرەدا بۆیە ڕەنج سەنگاوی بە نموونە دەهێنمەوە، لەبەر ئەوەی کە هۆنراوە دەنووسێت. دیارە ئەو کەسەی کە خۆی بە هەڵبەستوان دەزانێت ، پێش هەموو کەس ئەرکی پاراستن و گەشەپێدانی زمان لە ئەستۆیەتی. هەموو بیرمانە کە بەهەشتی شێرکۆ بێکەس چ داهێنانێکی ووشەی لە زمانی هۆنراوەکانیدا کرد. بێگومان دیدێکی بیانوودار هەیە کە زۆر گوێمان لێی دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە گوایە خوێندن بە زمانی عەرەبو بووە، یان سەرچاوەکان و پەڕتووکەکان زۆربەیان عەرەبی بوون. با من لێرەدا نموونەیە بهێنمەوە: لە شاری بەرلین ئێوارەکۆڕێک بۆ ڕۆژنامەوانێکی باکور سازکرا. ئەو برادەرە کە ئەو کۆڕەی پیشکەش کرد ، نزیکەی یەک دەمژمێری پێچوو. ئەوەی بۆ من جێی سەرنج بوو ئەوەبوو کە تەنها یەک ووشەی بە تورکی لەکاتی ئاخاوتنیدا بەکار نەهێنا. تەنانەت لە ساتەوەختی پرسیار و وەڵامیشدا بە هەمان شێوە ئاخافت. لێرەوە دەگەینە ئەو باوەرەی ، ئەو بیانووەی کە لە باشور دەهێنرێتەوە، جگە لە بیانوویەکی کرج و کاڵ چیتر نییە. گەر وابوایە، دەبوایە کوردی باکور زۆرترین ووشەی تورکییان بەکاربهێنانە، جونکە لای ئەوان تەنانەت نەک خوێندن بە زمانی دایکم بەڵک ئاخافتنیش لە نێو ئەندامانی خێزان و خەڵکیدا یاساخ بووە. دیارە کە کوردی ڕۆژئاواش دەئاخڤن هەمان هەست دەکرێت، کە ئەوانیش کەمترین ووشەی عەرەبی بەکار دەهێنن.
- یەکسان کردنی قوربانی و جەللاد بەیەکتری. زیاد ڕەوی نییە ، گەر بڵێین لە زۆر جێدا جەللاد پێش قوربانی خراوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە مانای شەهید شێوێنرا، بەوەی چەندەها کەس کراون بە شەهید کە گیانیان لە دژی شۆڕش و نەتەوە بۆ خزمەتی داگیرگەر داوە.
- پیادەکردنی شەڕی براکوژی و دروست بوونی گیانی ڕق لەیەک بوون و گیانی تۆڵە کردنەوە لە یەکتری.ئەمە سەرباری گیانی سوکایەتی کردن بە یەکتری. هەموو بیرمانە کە خەڵکی سلێمانی چۆن سەدان نوکتەیان لە سەر خەڵکی ئاوارەی هەولێر کە هاتبوونە سلێمانیدروست کرد. لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە هەر هەمان خەڵکی سلێمانی تاکە یەک نوکتەیان لەسەر هەموو ئەو سەدان هەزار عەرەبە دروست نەکردووە، کە داهاتوو دەریدەخات ، ئاخۆ وەک ئاوارە هاتون یان وەک داگیرکەر. من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، دژی هەموو سوکایەتی کردنێکم بە خودی مرۆڤ. بەڵام ئەوە جێی پرسیارە بۆ وەک پەندە کوردییەکە هەر بە خاڵی خۆیان فێربوون.
- گەندەڵی بووە دیاردە و دەستبەرداربوون بووەتە کارێکی مەحاڵ. خۆ بەکەم زانین وا تەشەنەی کردووە، لە لێدوان و چاوپێکەوتنەکاندا ئەوەندەی ویست و خواستی دوژمن و داگیرکەران لەبەرچاودەگیرێت، دە ئەوەندە ویست و خواستی کورد بێڕیز و بێمانا دەکرێت. لێرەدا نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت، خستنە ڕووی لەدەستدانی خاک، پشتگوێ خستن و بەکەم سەیرکردنی زمانی دایک، پیادەکردنی شەڕی براکوژی ، تەشەنە سەندنی گەندەڵی و یەکسان کردنی قوربانی و جەللاد وەک بوختان کردن نین و لە بەهای هەرێم کەم کردنەوە نین، بەڵکە بەبیرهێناوە و دەست خستنە سەر برینەکانە.کێ هەیە بتوانێت پێچەوانەی ئەوانە پشتڕاست بکاتەوە،
کەوا نەبوون و نین ؟ بێگومان دەبێت ئەوەش بڵێین کە ناکرێت ئۆباڵەکەی تەنها و تەنها بخرێت ئەستۆی دوو حیزبی دەسەڵاتدار، بەڵکە بەڕای من ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی یەک بەیەکی پارتەکانی باشور و تەواوی ڕۆشنبیران و خەڵکی سادەشدایە،چونکە هەر پارتە لە ئاست خۆیەوە و هەر تاکێک لە ئاست خۆیەوە بەشداری تەواوی ئەو شتانەیە کە روویان داوە. ئەرمەنییەکان نەوە دوای نەوە، جولەکە نەوە دوای نەوە ، تاک بەتاکیان نتوانن ئەوە لە بیر بکەن کە چی بەسەریان هاتووە لەسەر دەستی تورک و ئەڵماندا. کەچی تاکی ئێمەی کورد ئەوەی بیری نەمابێت، کیمیاباران و ئەنفال و هەموو ئەو کارەساتانەی تربوون کە بەسەر کوردی باشوردا هاتوون لەسەر دەستی عەرەب. یۆنانییەک ناتوانێت تورکی خۆش بوێت و بەچاوی لێبوردەییەوە تەماشی بکات، لەسەر ئەوەی کەلە ساتەوەختی فەرمانڕەوایی دەوڵەتی عوسمانیدا بەسەریان هاتووە، دیارە ئەمە بۆ ئەرمەنییەکیش هەر وایە، هەروەک چۆن هەر جولەکەیک بە چاوێکی تایبەتی پڕ لە گومانەوە دەروانێتە ئەڵمانێک.

جالێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ڕۆژئاوا چاوەڕوانی کام دەستگیرۆیی و هاوکارییە لە باشور؟
باشورێک، لەسایەی دانوستان و حوکمڕانیدا خاکێکی زۆری لەدەست دابێت. شەڕی براکوژی پیادە کردبێت. زمانی دایکی بێڕێزکردبێت و شێواندبێت ، کاری کردبێت بۆ بە ئینگلیزی کردنی خوێندن لە قوتابخانەکاندا. کارئاسانیی بۆ تەعریب کردنی کوردستان کردبێت. ئاخۆ بتوانێت ڕۆژئاوا فێری کام لەو کارانەیان بکات ؟
پارت و گروپێک یان چەند گروپێکی ڕۆژئاوا کە پەیەدە وەک تیرۆریست ناوزەند بکەن، ئاخۆ گەر ڕێگەیان بۆ بکرێتەوە و بتوانن بچنە ناو گۆڕەپانی ڕۆژئاوا، چی بۆ ڕۆژئاوا و پەیەدە بکەن؟ وەڵامکە ڕوونە ، شەڕی براکوژی بەر لە هەر کارێکی تر، ئەمە سەرباری هاوکاری کردنی دەوڵەتی تورک لە پێدانی زانیاری و پێگەی سەرکردەکانی پەیەدە کە ڕەنگە غافڵکوژی کردنیان ئامانجی یەکەمی دەوڵەتی تورک بێت. هاندان بۆ گەندەڵ بوون و سامان خۆشویستن.

لەلای ڕۆژئاوا یان باشتر بڵێن ئەندام و لایەنگرانی پەیەدە تا ئێستا خۆشەویستی خاک، پیرۆزی کوردستان، گیان بەرخودان و قوربانی، یەکسانی ژن و پیاو، بەرزراگرتنی زمانی دایک و گرنگی پێدانی ، بەهەند وەرنەگرتنی سەروەت و سێکس و پشت بەخۆ بەستن بنەما و خەسڵەتی تایبەتی خودی پەیەدە و بەڕێوەبەری خۆسەریین. من وای دەبینم لە باشورەوە تەواو دژ و ئاوەژووەکانیان بۆ دەچن . بۆیە دەبێت زۆر ووریا بن. دەنا پاشەڕۆژێکی وەک ئەوەی باشور دەبێتە پشکیان.سەرکردایەتی ڕۆژئاوا دەبێت ئەوەی لەبەرچاو بێت، هەروەک چۆن ئەوان خەمەی ئەوەیانە لە نووسینەوەی دەستوری سوریادا مافەکانیان پێشێل بکرێن، کوردی باشوریش لەهەمان دڵەڕاوکەدان، بەوەی لە هەموار کردنەوەی دەستوردا مافەکانیان کەم بکرێتەوە و تەنانەت سیستەمی ووڵاتەکە و هەرێمەکەش بکەوێتە بەر پرسیار.

ڕۆژئاوا پێویستە هیوا لەسەر باشور هەڵنەچنێت، چونکە دوای ڕۆژئاوا نۆرەی باشورە کە بەهەرسێ دەوڵەتانی داگیرکرەوە کار بکەن بۆ پەڕ و باڵ کردنی هەرێمەکە، چونکە ئاماژەکان وان، سیستەمی سیاسی ئێراق بگۆڕدرێت و ئەوەی کە ناوی هەرێمە بەم شێوەیەی ئێستای نەمێنێتەوە. جا یان دەبێتە پارێزگا پارێزگا یان وەک هەرێمێک بەناو دەمێنێتەوە، بە ڵام بە شان و شکۆ پارێزگا. وە دەستور هەموار دەکرێتەوە و مافی کوردی تیادا تەواو تەوا بەرتەسک دەکرێتەوە. بێگومان وەک پیشەی هەموو جارێک سەرکردیەتی کورد ڕەزامەند دەبێت لەسەری بێ سێ و دوو، چونکە لێدوانەکانیان لە ئێستاوە دیارە، داهاتووش دەریدەخات.
ڕزگار گوڵەباخ.

* سورانە : کاتی خۆی لە ساتەوەختی دەسەڵات و زۆرداریی ئاغا و دەرەبەگدا ، ئەو کەسەی تازە ژنی هێناوە، دەبوایە یەکەم شەوی بوکێنی ئاغا بچوایەتە لای بوک (لاقەی بکردایە ). بەوەش دەوترا سورانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە