ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر


ئاینداران و چەند بەهەڵەبردنێکی لۆژیکیی

Sunday, 11.10.2019, 12:01

2538 بینراوە


شوپنهاوەر: پێویستە لەسەر ئەو کەسەی دەچێتە دیبەیت و وتووێژ، بزانێت فڕوفێڵەکانی بەهەڵەبردن چین؟ چونکە گومانی تێدا نییە، ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
-----------------------
بەهەڵەبردنی لۆژیکیی (مغالطات منطقية - Logical fallacies): لە بنەڕەتدا هەڵەیەکە لە بەڵگەهێنانەوە، بەوەی هەوڵ بدەیت دەرەنجامێکی ڕاست هەڵێنجێنیت، لە چەند زانیارییەکی پێدراو کە هەر لەسەرەتاوە هەڵە بن.
لێدوان دەربارەی بەهەڵەبردنی لۆژیکیی مێژوویەکی کۆنی هەیە، هەر لە ئەفلاتون و ئەریستۆوە بگرە، تا دەگاتە فەیلەسووفانی سەدەکانی دوای ئەوانە وەک، جۆن لۆک، شوپنهاوەر و جۆن ستیوارت میل، ئەمڕۆکەشی لەگەڵدا بێت، گەلێک زانا و نووسەر و بیرمەند هەن، گرینگییەکی زۆر بەو بابەتە دەدەن.
ئەریستۆ سەرنجی ئەوەی دەدا، سەرکردەکان ڕەوایەتییان لە گوتارە هەست وروژێنەر و ئاگرینەکانیانەوە پتر وەردەگرن، لە پابەندبوونیان بە ڕێسا لۆژیکییەکان. هاوشێوەی ئەمە فەیلەسووفی فەڕەنسیی گوستاف لێبۆن گوتویەتی: " ئەو سەرکردە سیاسییەی پشت بە لۆژیک دەبەستێت، گەلدۆستیی خۆی لەدەست دەدات، بۆیە چاکترە گرینگیی بەو گوتانە بدرێ کە هەست و سۆزی گەل دەوروژێنن." هەر ئەوەش بوو وای لە گەلێک لە سیاسەتکاران کرد سوود لە کتێبەکەی (سایکۆلۆژیای جەماوەر) ببینن.
ئەفلاتونیش لە وتووێژی (جۆرجیاس)دا دەڵێت: " لە مشتومڕییەکدا دەربارەی خۆراک بەرانبەر بە جەماوەرێک لە منداڵان، خاوەنی شیرنەمەنیی زۆر بەئاسانی دەتوانێت پزیشکێک ببەزێنێت. بەرانبەر بە جەماوەرێکیش لە گەورەکان، سیاسەتکارێکی قسەزان و دواندەرێکی بەتوانا، پێی دەکرێت لە هەر ئەندازیارێک بباتەوە، هەتا ئەگەر بابەتی گفتوگۆ لەسەرکراو بواری پسپۆڕیی ئەندازیارەکەش بێت."
بۆ ئەوەی بزانین بەهەڵەبردن چییە، پێویستە ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت پێناسەیەکی لۆژیک، یان زانستی لۆژیک بکەین: لۆژیک ڕێبازێکی زانستییە لە یاسا و ڕێسا گشتییەکانی بەڵگەهێنانەوە و بیرکردنەوە و هەستی ڕاستی مرۆیی دەکۆڵێتەوە. مەبەستیش لە بایەخدان بە لۆژیک ئەوەیە، زانراوە کە زۆربەی زانستەکان بەرهەمی بیرکردنەوەی مرۆڤن، ئەوەش ئاشکرایە کاتێک مرۆڤ بیر دەکاتەوە، لەوانەیە بگاتە دەرەنجامە ڕاست و پەسندەکان، یانیش بەرەو چەند دەرنجامێکی چەوت و نەگونجاو بڕوات، کەواتە مرۆڤ لە سروشتی خۆیدا دەشی ڕاست، یان هەڵە بکات. بەڵام بۆ ئەوەی هەر بیرکردنەوەیەک دروست بێ و دەرەنجامێکی ڕاست دەستەبەر ببێت، مرۆڤ پێویستی بە چەند یاسا و ڕێسایەکی گشتیی دەبێ کە وای لێ بکات ببێتە خاوەن بیرکردنەوەیەکی ڕاست، ئەگەر بەتەواوی پابەندی ئەو یاسایانە بێت. تێگەیشتنمان لە بنەماکانی لۆژیک و بەڵگەهێنانەوەیەکی ڕاست، بەرەو ئەوەمان دەبات بتوانین ڕەخنە لە بیروبۆچوونەکان و گریمانە و تیۆرە زانستییەکان بگرین و هۆکاری چەوتبوونیان دەستنیشان بکەین، دواجار لە بەهەڵەبردنە لۆژیکیەکان، زانیاریی ساختە، شێوازەکانی فڕوفێڵی بەهەڵەبەرەکان تێبگەین، بەمەش بکارین زانستی ڕاستەقینە لە گەندە زانست جیا بکەینەوە.
لەم سەردەمەی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیادا، ڕۆژانە ژمارەیەکی لە ئەندازەبەدەر زانیاریی دەخرێنە بەردەستمان، ئەگەرچی سوودێکی گەلێک مەزنیشیان لێ دەبینین، بەڵام وای کردووە نەتوانین لەم زۆریی و بۆرییەدا، بژارەیەکی زانستیی و لۆژیکیی بۆ زانیارییەکان بکەین، ئەمەش پاشان ببێتە هۆکاری ئەوەی بە بێئاگایی، هزر و هۆشمان پڕ ببێت لە بیروبۆچوونی چەوت و ناڕاست. لە زۆربەی بیرگۆڕکێ و گفتوگۆکاندا خەڵکانێکی یەکجار زۆر لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شوێنە گشتییەکان، بۆ سەلماندنی ڕاستیەتیی بیروڕاکانیان، کۆمەڵێک نموونەی نازانستیی جۆراوجۆر دەهێننەوە تێیاندا پەنا دەبەنە بەر بەهەڵەبردنە لۆژییکییەکان، جا چی لە نەزانینیانەوە بێت، یانیش بە مەبەستێکەوە بیکەن.
ئاینەکان سەرچاوەی سەرەکیی بەهەلەبردنە لۆژیکییەکانن، بۆیەش بەشێکی بنەڕەتیی پێک دەهێنن لە بیروبۆچوونی ئاینداران، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئاین هەمیشە بەڵگەی ڕاستبوونی لە خودی خۆیەوە وەردەگرێت، چونکە هەموو ئاینێک تەنیا خوای خۆی بە خوای ڕاستەقینە دەزانێت، ئاینەکەشی تاکە ئاینی ڕاستە. دواندەرانی ئاینیی لەبری هێنانەوەی بەڵگەی چەسپاو و سەلمێندراو، لە پێناو چەواشەکردن پەنا دەبەنە بەر بەهەڵەبردن. بانگخواز لەبەرئەوەی زۆربەی جار سەرچاوەی زانیارییەکانی متمانەدار نین و بەڵگەکانی بێهێزن، پەنا دەباتە بەر چەندان جۆرە ڕەفتار و گوتەی نالۆژیکیی. بۆیە ئەو گشت کاتێک دەنگی بەرزە و هاوار دەکات، سووکایەتیی و گاڵتە دەکات بە بیروباوەڕی جیاواز، هەڕەشە دەکا لەڕێی ترس و تۆقاندنەوە، هێرش دەکاتە سەر کەسایەتی بەرانبەرەکەی، وتەی بریقەدار بەکار دەهێنێت بۆ وروژاندنی هەستی جەماوەر، بێگومان سەرلەبەری ئەمانەش بە بەهەڵەبردنی لۆژیکیی دەژمێردرێن. پێویستە ئەوەش بزانین، گرینگیی بەڵگە لە وتووێژ و گفتوگۆکاندا دۆزینەوە و چەسپاندنی ڕاستییەکانە، نەک سەرکەوتن بەسەر بەرانبەرەکەت، چونکە سەرکەوتنیش هەموو دەمێک بەڵگەی ڕاستییەتیی نییە.
وەک گوتمان کە بەهەڵەبردنەکان لای گشتمان و لە سەرجەم بوارەکاندا دەبیندرێن، بەڵام لەبەرئەوەی پتر لەلای ئاینداران لە مزگەوت و بەرنامە ئاینییەکانی دەزگەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڕچاو دەکەون، بۆیە تەواوی نموونەکان لە ئاین و گفتوگۆ و مشتومڕیی نێوان بێئاین و ئاینداران سەرچاوە دەگرێت. ئەوەی جێی سەرنجە هەندێک لە بەهەڵەبردنەکان دەستنیشان کردنیان ئاسانە، کەچی هی وایان هەیە، دۆزینەوەیان کارێکی گەلێک سەخت و دژوارە. بێگومان بەهەڵەبردنە لۆژیکییەکان ژمارەیان گەلێک زۆرە، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند دانەیەکی باو و ناسراویان بخەینەڕوو، بە هێنانەوەی چەندین نموونەی گونجاو

بەڵگەهێنانەوەی بازنەیی Circular reasoning
لەمەدا ئاینداران دێن زانیارییە پێدراوەکان لەگەڵ دەرەنجامەکەیدا بە دوو ئارستەدا یەک بەدوای یەکدا دەهێنن، بەشێوەیەک دراو دەبێتە سەلمێنەری دەرەنجام، هاوکات دەرنجام هەڵدەگێڕنەوە و دەیکەنە بەڵگەی زانیارییە پێدراوەکان. ئەمەش هیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نادات، بگرە تەنیا خۆدزینەوەیە لە پرسیارەکان.
١- خوا هەیە چونکە قورئانی ناردووە، قورئانیش ڕاستە چونکە خوا ناردوویەتی.
موسڵمانان دەڵێن، قورئان لە خواوە هاتووە و پڕیەتی لە زانست و زانیاریی وا کە مرۆڤ هەرگیز نەیتوانیووە پێیان بگات. لێرەدا بەڵگەی بوونی خوا قورئانە کە نووسینی لە لایەن مرۆڤەوە ئەستەمە، بەڵگەی ڕاستییەتی قورئانیش ئەوەیە لە لایەن خواوە هاتووە، بۆیە دەبێ ناوازە بێ و پڕ لە زانست بێت.
٢- دارا: قورئان هەمیشە پارێزاو بووە لە گۆڕانکاریی و دەستکاریکردن.
ئازاد: بەڵگەت چییە؟
دارا: لە قورئاندا هاتووە کە خوا خۆی قورئان دەپارێزێت لە گۆڕان و دەستکاریکردن.

سوورەماسی Red herring
سوورەماسی شێوازێکە لە کاتی گفتوگۆکردندا کەسێک پەنای بۆ دەبات، بەوەی چەند بابەتێکی سەرنجڕاکێش، یان کێشەدار دەخاتە ڕوو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە پرسی گفتوگۆ لەسەرکراو نییە، مەبەستیش تەنیا لەبیرکردنی بابەتی سەرەکییە.
ناونانەکەشی لەوەوە هاتووە دەڵێن، فێڵێک بووە تاوانکارانی ڕاکردوو، ئەو ماسییانەیان لەگەڵ خۆیان هەڵ دەگرت و پاشان لە شوێنێک فڕێیان دەدان، بۆ بەلاڕێبردنی سەگە پاسەوانەکانی کە بەدواوەیانن، بەمەش لەبەر بوونی ئەو بۆنە تیژەی ئەو ماسییانە، سەگەکان نەیان دەتوانی بۆنی کەسەکان بناسنەوە و شوێنیان ئاشکرا بکەن.
١- کەسێکی کورد کاتێک هەڵەکانی ئیسلام دەخاتە ڕوو، یان ڕەخنە لە قورئان دەگرێت، یەکێک دێ یەکسەر باسی کێشەی کورد و حیزبایەتیی و گرفتە سیاسییەکان دەکات، بێگومان ئەمەشی لە خەمی کورددا نییە، بگرە تەنیا لەبەرئەوەیە کە پێی ناخۆشە ڕەخنە لە ئیسلام دەگیرێت.
٢- دارا: ئایە کۆمپانیاکەتان هیچ کاتێک یارمەتی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داوە؟
ئازاد: لە ڕاستییدا کۆمپانیاکەمان گەلێک جار یارمەتییەکی زۆری بۆ مناڵە هەژارەکانی چەندین وڵاتانی ئیسلامیی ناردووە.

پەنابردنە بەر پرسیار Begging the question
گەلێک جار وەک پرسیار بەکار دەهێندرێ، تێیدا بەهەڵەبەر پێدراوێک دەخاتە ڕوو وەڵامەکەی، یاخۆ داواکراوەکە لەخودی پرسیارەکەدا شاردراوەتەوە. ئەمەیان هاوشێوەی بەڵگەهێنانەوەی بازنەییە، لای ژمارەیەکی یەکجار زۆری خەڵکی، بەتایبەتیش ئاینداران دەبیندرێت. 
١- ئایندار پرسیار لە بێئاین دەکات: کێ گەردوونی دروست کردووە؟
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم پرسیارە دەبینین کە دوو گریمانە دەگرێتەخۆ؛ یەکەمیان: گەردوون دروست کراوە (کرداری دروستکردن)، دووەمیان: دروستکەرەکە کەسێکی بەتوانا و ژیرە (کێ)، چونکە پرسیارەکە ناڵێت: گەردوون چۆن هاتووەتە بوون؟ یان گەردوون لەچییەوە پەیدابووە؟ لێرەدا ئەوەی پرسیارەکە دەکات، خۆی لەسەرەتاوە بڕیاری داوە بەوەی گەردوون دروستکراوە و دروستکەرەکەشی هۆشمەند و ژیرە، ئەمانەش ئەو دوو پرسەن کە لە زانیارییە پێدراوەکاندا هاتوون و داواکراون بۆ سەلماندن.
٢- پاش مردنمان بۆ کوێ دەچین؟
پرسیارەکە خۆی باوەڕهێنانە بە زیندووبوونەوە و بوونی شوێنێک کە بۆی بچین (بەهەشت، یان دۆزەخ). بێگومان هەموومان دەتوانین پرسیار بکەین، بەڵام کەسمان بۆی نییە، دەرەنجام لە پێشەکیی دابنێت.

پەنابردنە بەر نەزانین Appeal to ignorance
گریمانەیەک نەتواندرێت بەهەڵە بخرێتەوە کەواتە ڕاستە، بەپێچەوانەوەش، هەموو بیرۆکەیەک هەڵەیە ئەگەر ڕاستیەتیی نەسەلمێندرابێ. ئەم بەهەڵەبردنە هیچ بوارێک بەجێ ناهێڵێت بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بۆ سەلماندنی بیروڕا و بۆچوونەکان لە دواڕۆژدا، هەروەها ناهێڵێت بیر لە وەڵامی نەزاندراو و شاراوە بکەینەوە. گەلێک لەوانەی گفتوگۆ دەکەن دووچاری ئەم بەهەڵەبردنە دەبن، بۆ ڕاکردن لە ئەرکی هێنانەوەی بەڵگە بۆ ڕاستیی و چەوتیی گریمانەکانیان.
١- دارا: پێغەمبەرەکان چەند کار و کردەوەیەکی دەرئاسایان (موعجیزە) هەبووە.
ئازاد: بەڵگەت چییە بۆ بوونیان؟
دارا: تا ئێستە کەس نەی توانیووە بسەلمێنێت کە ناشێ موعجیزە ڕوو بدات.
٢- لەبەرئەوەی مرۆڤ تا ئێستە بەتەواوی نەی توانیووە ژیان لە هیچەوە، یان لە ماددەی نازیندووەوە دروست بکات، ئایندار دەڵێ، کەواتە خوا هەیە. ئەمەش بە بەهەڵەبردنی لۆژیکیی دادەندرێت، چونکە ڕاستە مرۆڤ نەگەیشتووەتە ئەوەی بکارێت لە نەژیانەوە ژیان بەبەرهەم بهێنێت، بەڵام هەرگیز بەڵگەی ئەوە بەدەستەوە نادات کە هیچ شێوازێک نەبێ بۆ ئەمە، هاوکات ئەوە ناگەینێت، ناشێ ڕۆژێک دابێت و مرۆڤ ئەو کارەی پێ بکرێ، بگرە تەنیا بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئێمە ئەمڕۆکە هەموو زانیارییەکی پێویستمان بۆ ئەنجامدانی ئەوە لەبەردەستدا نییە.

پێشنیازی دوولانە False dilemma
گریمانەیەکی ساختەی دوولانەیە کە بەهەڵەبەر پەنای بۆ دەبات، بەوەی بابەتیک تەنیا لە دوو ئەگەری ڕاست، یان هەڵەدا خۆی دەبینێتەوە، کەچی لە ڕاستییدا ئەگەرەکان لە دوو دانە پترن. ئەمە تەنیا ئەو کاتە ڕاستە ئەگەر هەڵبژاردنێک بێت لە نێوان دوو چەمکی دژ بەیەک، چونکە دەشێ هەردوو ئەگەرەکە ڕاست بن، یان هەردووکیان هەڵە بن. بەهەڵەبردنەکە سەلماندنێکی دوولانەیە وا لە بەرانبەرەکە دەکات، یەکێک لەو دوو ئەگەرە هەڵ ببژێریت کە هیچیان لەبەرژەوەندی ئەودا نین.
١- ئەو ئاوە دەبینن کە دەیخۆنەوە، ئایە ئێوە داتان بەزاندووە، یان ئێمە؟ (قورئان: واقیعە ٦٨ و ٦٩)
لەبەرئەوەی ئێمەی مرۆڤ ئەو ئاوەمان دانەبەزاندووە، کەواتە خوا دایبەزاندووە. ئەم دێڕە بەهەڵەبردنێکی زەقە، چونکە دابەزاندنی باران تەنیا خوا و مرۆڤ ناگرێتەوە، بگرە لایەنی سێیەمی هەیە کە هێزی سروشتە، وای کردووە گەردوون و زەوی و دیاردەکانی بەم شێوەیە بن.
٢- تۆ دژی باڵاپۆشیی ژنانیت، چونکە دەتەوێت ژنان ڕووت ببنەوە.
لێرەدا تەنیا دوو هەڵبژاردە نییە، لەبەرئەوەی لەنێوان ڕووتیی و ئەو پۆشاکە ئیسلامییە، بەهەزاران جۆر لە جلوبەرگ هەن، وەک ئەوەی پێشان لە کوردەواریی خۆماندا کچان و ژنانمان بەو شێوە ئیسلامییە باڵاپۆش نەبوون، بەڵام کەسیشیان بەڕووتیی نەدەگەڕان.

بەهەڵەبردنی پوش پیاو Straw man fallacy
ئەوەی ئەم بەهەڵەبردنە بەکار دەهێنێت، پیاوێک لە پوش دروست دەکات (داهۆڵ)، پاشان کۆمەڵێک پێناسەی پێ دەدات کە گوتەی تۆ نین و بەهیچ شێوەیەک ئاماژەت پێ نەداوە، دواجار دەیکاتە بیانوو و ڕەخنەت لێ دەگرێت، بۆ سەلماندنی هەڵەیی گوتەکانت.
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا سەربازە ئەوروپییەکان لە کاتی مەشقکردنیان لەسەر شمشێر و ڕمبازیی، هێرشیان دەکردە سەر پوش پیاوێکی دەستکرد. ئەم بەهەڵەبردنەش لەمەوە هاتووە، چونکە بەهەڵەبەر دەیەوێ شەڕەشمشێر لەگەڵ یەکێکی ساختە بکات، لەبری کەسێکی ڕاستەقینە.
١- هەرگیز ناشێت گەردوون بەرێکەوت و پێکدادانی گەردیلەکان بەیەکدییەوە پەیدا ببێت، بۆیە بێخوایی، یان بێئاینیی هەڵەیەکی مەزنە.
هیچ بێخوا و بێئاینێک نییە، پێی وا بێت گەردوون بەڕێکەوت پەیدا بووبێ، بگرە دەڵێن، گەردوون دەرنجامی چەندین هۆکار و ڕووداوی سروشتییە.
هاوشێوەی نموونەیەکی پێشووتر؛
٢- دارا: پێویستە کۆمەڵگەکەمان هەوڵێکی زۆر بدات بۆ یەکسانیی، ئازادکردنی ژنان و نەهێشتنی باڵاپۆشیی.
ئازاد: کەواتە دەتەوێت ژنان و خوشک و دایکانمان بەڕووتی هاتوچۆ بکەن.
لێرەشدا دارا بەهیچ شێوەیەک داوای ڕووتبوونەوەی ژنانی نەکردووە. 

لێکچوون و پێوانەی هەڵە False analogy 
ئەم بەهەڵەبردنە لێکچوونی دوو شت، یان دوو چەمک لە ڕووێکەوە دەکاتە بەڵگەی لێکچوون لە لایەنێکی دیکەی جیاواز کە لەڕاستییدا لەیەک ناچن.
١- هیچ تۆپێک ناتوانێت ئاو بۆخۆی بەکێش بکات، بەڵام زەوی دەتوانێت، کەواتە زەوی گۆیی نییە!
تۆپ و زەوی هەردووکیان خڕ و گۆیین، کەواتە دەبێت لە لایەنەکانی دیکەش وەکیەک بن. زۆربەی ئەوانەی لایەنگری زەوی تەختن، پەنا بۆ ئەم پێوانە هەڵەیە دەبەن، بەوەی چەند نموونەیەک دەهێننەوە لە ژیانی ڕۆژانەماندا، وەک پێوانەیەک بۆ شتگەلێکی دیکەی ڕاستەقینە. بەڵام ئاشکرایە هاوشێوەیی و لێکچوون لە نێوان پێوانە و شتە ڕاستەقینەکان، نابێتە بەڵگە بۆ هاوشێوەییان لە گشت لایەنێکی دیکەیانەوە.
٢- ئەگەر کاتژمێرێک وردوخاش بکەین بیخەینە بەر کاریگەرییە سروشتییەکان، ئایە پاش ملیۆنان ساڵی دیکە، دەشێ کاری خۆی بکات و ببێتەوە بە کاتژمێر؟
ویلیەم پێلی (١٧٤٣ - ١٨٠٥)، شارەزا لە بواری خواناسی دەڵێت: "ئەگەر یەکێک لە کێڵگەیەکدا کاتژمێرێکی دۆزییەوە، شتێکی بەڵگەنەویستە کە دەبێ لە کەسێک کەوتبێت، چونکە ئەم کاتژمێرە دەستکردی سروشت نییە!" پێلی وای بۆ دەچێ ژیان دروستکراو بێت، بۆیە دەی گوت: کاتژمێر و ژیان وەک یەکن و دوو شتی ئاڵۆزن، لەبەرئەوەی کاتژمێر دروستکەرێکی ژیری هەیە، کەواتە ژیانیش دەبێ دروستکەر و داهێنەرێکی ژیری لە دواوە بێت.
لێرەدا بەراوردکردنی ژیان و کاتژمێر پێوانەیەکی هەڵەیە، چونکە لێکچوونیان لە ڕووی ئالۆزییەوە هەرگیز نابێتە بەڵگەی هاتنیان لە یەک سەرچاوەوە، کاتژمێر و ژیان لە گەلێک لایەن و تایبەتمەندییدا لێک جیان. بەڵام دەشێ بپرسین بۆ کاتژمێر وەک ژیان ناتوانێت خۆی بژیێنێتەوە؟ کاتژمێر نە دەتوانێت زاوزێ بکات، نە دەشتوانێت زۆر ببێت بە دابەشبوون و خۆلەبەرگرتنەوە، هەروەها هیچ بازدانێکی جینەکیی لێی ڕوونادات، کاتژمێر ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هەڵبژاردنی سروشتیی، ئەو بەشانەی کاتژمێر لێی پێکهاتووە، ناتوانن کار و فەرمانەکانی کاربۆهیدرات و پڕۆتین و ئەوانەی دیکەی ناو خانە ئەنجام بدەن، بۆیە هاوبەشبوونی کاتژمێر و ژیان لە ئاڵۆزییدا، ئەو واتایە بەدەستەوە نادات، بۆ هاوشێوەییان لە تایبەتمەندییەکانی دیکەیان.

پەنابرنە بەر دەسەڵاتداریەتیی Appeal to authority
ئەناتۆل فرانس نووسەر و ڕەخنەگری ناودار و دەڵێت: ئەگەر پەنجا ملیۆن کەسیش گوتەیەکی بێمانا بڵێنەوە، ئەوا هەر بە بێمانایی دەمینێتەوە.
هەندێ جار مرۆڤ تووشی ئەم بەهەلەبردنە دەبێتەوە، کاتێک بیرۆکەیەکی بێ بەڵگە بە ڕاست دادەنێ، تەنیا لەبەرئەوەی بیروڕای کەسێکی ناسراو و خاوەن دەسەڵاتە. هەرچەندە دەشێ ڕایەکە ڕاست بێت، بەلام بەهەڵەبردنەکە لەوەیە کە دەسەڵاتداریەتیی لەبری بەڵگە وەربگیرێت.
٢- تیۆری پەرەسەندنی داروین ڕاست نییە، چونکە زانایەکی ناودار بەهەڵەی دادەنێت.
لێرەدا خۆ ئەگەر ئەو زانایە لە بواری زیندەوەرزانیشدا پسپۆڕ بێت، دیسانەوە دەبێت زۆر چاک لێی بکۆڵدریتەوە بۆزانینی هۆکار و چییەتی ئەو خاڵانەی کە جێی ڕەخنەن لەلایدا. هەروەها گرینگە بزانین، پەنابردنە بەر دەسەڵاتداریەتیی نابێت پشتی پێ ببەسترێت، ئەگەر بابەتێک بەتەواوی یەلکلایی نەبووبێتەوە و جێی مشتومڕیی بێت، یان کەسی پسپۆڕ بێلایەن نەبێت، یاخۆ پسپۆڕی بوارێکی جیاواز بێت.
لێرەدا دەکارین بپرسین، ئەی پەنا ببەینە بەر کێ بۆ زانینی ڕاستییەتی ئەو جۆرە بابەتانە؟ بۆ بڕیاردان لەسەر ڕاستییەتی و چەسپانی هەر تیۆرێک، دەبێت بنۆڕینە نێوەندە زانستییەکان. بۆ نموونە، کۆمەڵەی زانایانی ئەمریکا بۆ پێشکەوتنی زانستەکان (AAAS)، بە گەورەترین و گرینگترین دامەزراوەی زانستی دادەنرێت لە سەرتاسەری جیهاندا، ٢٧٥ دامەزراوەی زانستیی وڵاتانی جیهان لەخۆ دەگرێت، زانا و لێتۆژە زانستییەکانی تێدا ئەندامن، ژمارەیان خۆی لە یەک ملیۆن دەدات. دەربارەی پەرەسەندن دەڵێت: "هیچ مشتومڕییەک لەسەر ڕاستییەتی تیۆری پەرەسەندن، لە نێوەندە زانستییەکاندا نییە، ئەو کێشە و گرفتەی هەشە، لە دەرەوەی ڕێکخراوە زانستییەکانە و بابەتگەلێکی ئەکادیمییانە نین، چونکە کۆمەڵگەی زانستیی کۆک و هاوڕان لەسەر ڕاستبوونی پەرەسەندن."
٢- زەوی جێگیرە و خۆریش بە دەوریدا دەخوولێتەوە، ئەمەش هیچ گومانی تێدا نییە، چونکە لە قورئاندا ئاماژەی پێکراوە.
باوەڕداریی و بە ئاینەکەمان نابێتە بەڵگە، بۆ بەدرۆخستنەوەی تیۆرێک، یان ڕێسایەکی زانستیی کە زۆر لەمێژە یەکلایی بووەتەوە.

پەنابردنە بەر زۆرینە Appeal to people 
پەنابردنە بەر کۆمەڵگەشی پێ دەڵێن، ئەم بەهەڵەبردنە وا دەکات بیروڕاکان بە ڕاست بزانیت، تەنیا لەبەرئەوەی خەڵکێکی زۆر پێیان ڕاستە و باوەڕیان پێی هەیە.
١- ملیاران کەس ئاینداران، بۆیە ناشێ ئاین هەڵە بێت.
بەهەڵەبوونەکەشی لەوەوە دەبیندرێت بۆ نموونە، کاتی خۆی هەموو جیهان دژی گالیلێیۆ بوون لەسەر وەستان و جێگیریی زەوی، کەچی ئەم ڕاست بوو، گشت مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەش هەڵە بوون.
ئەم بەهەڵەبردنە بەزەقیی لە زۆربەی هەرە زۆری دابونەریتی و بیرورای پێشینانمان دەبیندرێت، ئەوەی ساڵانێکی دورودرێژە لە سەریان ڕاهاتووین، گەلێک سەختە بیر لە هەڵەبوونیان بکەینەوە. هەروەها ژمارەیەکی یەکجار زۆر گوتەی بیرمەند و ناوداران و پەندی پێشینانی گەلێک ناسراو هەن، ڕۆژانە بەکاریان دەهێنین کەچی هەڵەی زۆر ئاشکران.
٢- پەندێکی عەرەبی هەیە دەڵێت: داکۆکی لە براکەت بکە جا چی ستەمکار بێ، یان ستەملێکراو.
کەچی بەپێچەوانەوە نابێ بەهیچ شێوەیەک لایەنگری ستەمکاران و تاوانباران بین، هەتا ئەگەر ئەو کەسە برا و باوکیشمان بێت. ئەمە گەلێک جار دەبیندرێن لەو کاتانەی کە سەرکردە موسڵمانەکان و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کۆمەڵکوژیی دەکەن، موسڵمانان دەنگیان لێوە دەرنایەت، بەڵام ئەگەر کەسێکی ناموسڵمان تاوانێک دژی موسڵمانێک ئەنجام بدات، خەڵکانێکی زۆر ئامادەن هەرا بنێنەوە و زۆر بەتووندیی داکۆکی لە موسڵمانەکە بکەن.

ئەو سکۆتلەندییەکی ڕاستەقینە نییە No true Scotsman
بەهەڵەبردنێکە بۆ بەرگریکردن لە گشتگیریی لەڕێی گۆڕانی پێناسەکان، بۆ بەلاوەنانی نموونە ڕاست و بەڵگەدارەکانی بەرانبەرەکەی. کاتێک بیروڕای کەسێک بە بەڵگەی ئاشکراوە بەهەڵە دەخرێتەوە، کەسێکە دێت لەبری ئەوەی دان بە هەڵەبوونی خۆی بنێت، چەند بیانویێکی بێبنەما دەهێنێتەوە بۆ سەلماندنی هەڵەی بەرانبەرەکەی.
١- لە کتێبێکیدا فەیلەسووف ئەنتۆنی فلۆ ئاماژەی بەم نموونەیە داوە؛ کاتێک کەسێکی سکۆتلەندیی هەواڵێک لە ڕۆژنامەیەکدا لەسەر ڕووداوێکی ناخۆش دەخوێنێتەوە دەڵێت: ئەم جۆرە کردەوە ناشیرینانە هیچ کەسێکی سکۆتلەندی نایکات. پاش چەند ڕۆژێک هەمان ڕۆژنامە ناوی تاوانبار ئەنگوس ماکسپۆران بڵاو دەکاتەوە کە پیاوێکی سکۆتلەندیی ناسراوە، لێرەدا کەسەکە دەبێژێت: گومان هەیە لەوەی ئەنگوس سکۆتلەندییەکی ڕاستەقینە بێت.
٢- دارا: موسڵمانان ئاشتیخوازن و دوورن لە شەڕ و کوشتن.
ئازاد: ئەی سەدام و ئەردۆگان موسڵمان نین.
دارا: نەخێر ئەمانە بەموسڵمان ناژمێردرێن.
مێژووی ئیسلام هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە تا دەگاتە داعش، پڕە لە کوشتن و بڕین و کارەسات، کەچی موسڵمانان هەمیشە دەڵێن، ئەمانەی خەڵکیان کوشتووە بە موسڵمانی ڕاستەقینە داناندرێن.

پێچەوانەکیی Ad hominem tu quoque
بەهەڵەبردنی (هەروەها تۆش)ی پێ دەگوترێت، واتە داوای نەکردنی شتێک مەکە کە خۆت دەیکەیت. بەڵام لە ڕاستییدا هەڵە هەر هەڵەیە من، یان هەر کەسێکی دیکە بیکات، بەپێچەوانەوەش گوتەی ڕاست پێوەندی بە ڕەفتاری کەسەکانەوە نییە.
١- داوای نەهێشتنی تووندوتیژیی دەکەیت بەرانبەر بە ژنان، کەچی بەخۆشت لە ژنی خۆت داوە.
کەسەکە لە ژنی خۆی داوە هەڵەیە، بەڵام داواکردن بۆ نەهێشتنی تووندوتیژیی کارێکی ڕاستە.
شێوازیکی دیکەی ئەم بەهەڵەبردنە ئەوەیە، کاتێک بێئاینێک هەڵەی باوەڕ و ئاینی ئایندارێک دیار دەکات، دێت و نموونەی هاوشێوەت بۆ دەهێنێتەوە، بۆ داپۆشینی هەڵەکانی ئاینەکەی.
٢- دارا: لە مێژووی ئیسلامدا چەندین جار کۆمەڵکوژیی ئەنجام دراوە.
ئازاد: ئەی بۆ باسی هیتلەر و ستالین ناکەی کە بە ملیۆنان کەسیان کوشتووە؟
هەرچەندە هیتلەر و ستالین لەپێناو بێئاینیی ئەو تاوانانەیان نەکردووە، بەڵام ئەگەر بە ملیاریشیان کوشتبێت، دیسانەوە مافی ئەوە نادات، موسڵمانان تاکە یەک کەسیش بکوژن.

دانەپاڵەکیی Association fallacy
بەهەڵەبەر لەبەر گوتەکانت دەتخاتە پاڵ کۆمەڵێک، یان گرۆپێکی خاوەن ڕەفتار و بۆچوونی نەخوازراو، بۆ ئەوەی بسەلمێنێت کە بیروڕاکانت هەڵەن.
١- ئەو کەسە هیندۆسییە مانگا پەرستە دەڵێت، زەوی تەختە، لەبەرئەوەی هیندۆسیی ئاینێکە پڕە لە بیروڕای پڕوپووچ و ئەفسانەیی، کەواتە زەوی تەخت نییە.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین، لەم نموونەیەدا هەرچەندە دەرەنجامەکەی ڕاستە، بەڵام دیسانەوە بەهەڵەبردن دەژمێردرێت، چونکە زەوی بە ئەزموونی سەلمێندراو تەخت نییە، نەک لەبەر بەکەسایەتیکردنەکە.
٢- داروین کەسێکی جوولەکەی پیلانگێڕە و سەربە زایۆنیزمی جیهانییە، بۆیە تیۆری پەرەسەندن هەڵەیە.

بەتاککردنی هۆکار Fallacy of the single cause
لەمەیاندا تاکە یەک هۆ بۆ ئەو پرسانە دەستنیشان دەکرێت کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆرن لە هۆکاری جۆراوجۆر. ئەم بەهەڵەبردنە بە شێوازێکی دیکەش بەکار دەهێندرێت پێی دەگوترێت، بەهەڵەبردنی کورتکردنەوەکیی (Reductionism).
١- بێئاینیی هۆکاری خۆکوژییە، بۆیە خۆکوژیی گەلێک بڵاوە لەو وڵاتانەی ڕێژەیەکی زۆر بێئاینیان تێدایە.
لێرەدا بەهەڵەبەر هەوڵ دەدات هۆی دیاردەیەک (بۆ نموونە: پتربوونی ڕێژەی خۆکوژیی لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیی)، کورت بکاتەوە لە یەک هۆکاردا، کەچی ئاشکرایە کێشەیەکی مەزنی لەم شێوەیە، چەندین هۆکاری جیاجیای هەیە کە کاریگەرن لەسەر بارودۆخی کەسە خۆکوژەکەدا وەک، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، دەروونی و چەندانی دیکە.
٢- هۆکاری ئەو گەشەکردنە ئابوورییە و پێشکەوتنە مەزنەی وڵاتی مالیزیا، پابەندبوونیانە بە ئاینی ئیسلام.
هاوشێوەی نموونەی یەکەم، لێرەشدا پێشکەوتنی هەر وڵاتێک بەندە بە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە هۆکاری هەمەجۆر.

بەتایبەتیکردن Special pleading
لەم بەهەڵەبردنەدا، کەسێک یاسا و ڕێسایەکی گشتیی دادەڕێژێت، کەچی ئەو کەسەی، یان شتەی کە خۆی بییەوێت لێی دەردەکێشێت، بەبێ پێدانی هیچ هۆکارێک.
ئەمە کتومت وەک ئەو بابەتەیە پێی دەگوترێت، بانێک و دوو هەوا، زۆر جار لای پارێزەرانەوە بەکار دەهێندرێ بۆ داکۆکی کردن لە تاوانباران و گومانلێکراوان (دەشێ زاراوە ئینگلیزییەکەش لەوەوە وەرگیرابێ).
١- ئاینداران دەڵێن، هیچ دیاردە و ڕووداوێک لەخۆوە و بەبێ هۆ بوونیان نابێت، بۆیە هەبوونی گەردوون پێویستی بە هۆکارێکە کە خوایە. بەڵام کاتێک پرسیاریان لێ دەکرێت لەسەر هۆی بوونی خواکەیان، وەڵامت بەوە دەدەنەوە کە ئەمە لەسەر خوا پێڕەو ناکرێت، چونکە بوونی خوا پێویستی بە هۆکار نییە.
دەبێ بزانین کە هۆیەتیی چەمکێکی ڕێژەیییە، مرۆڤ خۆی بەسەر دیاردەکاندا دەی سەپێنێت، چونکە لە ژیانیدا وا ڕاهاتووە، شتەکان لە هۆکار و دەرەنجامەکاندا ببینێت. خۆ ئەگەر بشکرێتە یاسایەکی نەگۆڕ و ڕەها کە هەموو شتەکان بگرێتەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ دژایەتییەکی لۆژیکیی پەیدا دەکات، لەبەرئەوەی ئەو کاتەی ئێمە خوا بە دروستکەری گەردوونی دابنێین، بە هەمان بنەما و یاسا دەبێ ئەویش دروستکەرێکی هەبێ، ئەگەر نا ئەوا ئەو یاسایەمان شکاند کە خۆمان بۆ ئەو مەبەستە پەنامان بۆی برد.
٢- دارا: ئیسلام داوامان لێ دەکات گشت کاتێک هەڵسوکەوتێکی چاک و مرۆییانە بەکار بهێنین لەگەڵ دیلەکاندا.
ئازاد: بەڵام دیلە جووەکانی بەنی قورەیزە لەبەرچاوی موحەمد سەر بڕان.
دارا: ئەمە لەبەرئەوە بوو ناپاکییان لەگەڵ موسڵمانەکان کرد.

لێک هەڵوەشاندنەوە Fallacy of division
بەگوێرەی ئەم بەهەڵەبردنە، هەر تایبەتمەندییەک لە کۆمەڵەیەکدا هەبێت، ئەوا هەموو بەشەکانی کە ئەو کۆمەڵەیە پێک دەهێنن، هەمان تایبەتمەندییان هەیە. کەچی لە ڕاستییدا مەرج نییە بەو شێوەیە بێت.
١- دارا: ئەستەمە مێشک بیربکاتەوە و هۆشمەند بێت.
ئازاد: بۆ؟
دارا: چونکە مێشک لە ماددە پێکهاتووە، ماددەش ناتوانێت بیر بکاتەوە.
دارا دەیەوێت بابەتێک لێک هەڵبوەشێنێتەوە کە تەنیا بە ئاوێتەبوون پێناسەی هەیە، ڕاستە ماددە ئەو دەمەی گەردیلە، یان یەکەیەکی نازیندووە ناتوانێت بیر بکاتەوە، بەڵام کاتێک ئاوێتەیەکی یەکگرتووی ئاڵۆز پێک دەهێنێت، ئەوا دەشێت تایبەتمەندیی نوێ بگرێتەخۆ.
٢- مەسیحییەکان ناپاکن و دەستکاریی کتێبی پیرۆزیان کردووە، ئەمەیان مەسیحییە، بۆیە گوتەکانی درۆن و جێی باوەرپێکردن نین.
نە مەسیحییەکان هەموویان ناپاک و درۆزنن، نە گوتەی مەسیحییەکیش بەندە بە ڕەفتاری مەسیحییەکان بەگشتیی. 

پێکەوەنان Fallacy of composition
ئەمەیان پێچەوانەی بەهەڵەبردنی پێشووە، هەر تایبەتمەندییەک لەو بەشانەدا هەبێ کە کۆمەڵەیەک پێک دەهێنن، ئەوا کۆمەڵەکەش هەمان تایبەتمەندیی تێدا هەیە. کەچی لە ڕاستییدا مەرج نییە بەو شێوەیە بێت.
١- توخمە کیمیاییەکان بە شتگەلێکی زیندوو داناندرێن، لەبەرئەوی خانەش لەمانە پێک دێت، بۆیە خانە بە شتێکی زیندوو ناژمێردرێت (بوونەوەرەکان بەو گیانەی کە خوا پێیانی داوە دەبن بە زیندەوەر).
٢- گشت ئەو گۆڕانانەی لەڕێی بازدانەکانەوە بەسەر جینەکاندا دێن، بە ڕێکەوت و هەڕەمەکیی ڕوو دەدەن، کەواتە پەرەسەندنیش کردارێکی هەڕەمەکییە، بەڵام ئەو پێکهاتە یەکجار ئاڵۆزانەی لە لەشی زیندەوەراندا هەن، ناشێ لە خۆوە و بە ڕێکەوت پەیدا ببن.
هەموو جۆرەکانی زیندەوەران لە ژیان و گوزەرانیاندا پشت دەبەستن بەو تایبەتمەندییانەی کە لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریاندا دەگونجێن، بەمەش هەڵبژاردنی سروشتی ئاکارە پەسندکراوەکان دەهێڵێتەوە، ئەوانەشی بۆ ئەو ژینگەیە نەسازاون لایان دەبات. بێگومان ئەمەش کردارێکی هەڕەمەکی نییە، چونکە هەڵبژاردنی سروشتی تەنیا تایبەتمەندییە چاکەکان هەڵدەبژێرێ، ئاشکرایە ئەگەر هەڕەمەکی بێت، دەبووایە جیاوازی نەکردبایە لە نێوان تایبەتمەندی چاک و خەراپ.

بەکەسایەتیکردن Ad hominem
بەهەڵەبەر لەبری ئەوەی هەڵەیەتیی بۆچوونی بەرانبەرەکەی بخاتە ڕوو، پەنا دەباتە بەر گاڵتەپێکردن، بێڕێزیی، جنێودان و هێرشکردنە سەر کاسایەتییەکەی، یانیش هەوڵ دەدات خاڵی بێهێز لە هەڵسوکەوتی ئەو کەسە دەستنیشان بکات.
بۆ نموونە لە بابەتی پەرەسەندندا، ئەوانەی نەکارن بە بەڵگەی زانستی ئەو تیۆرە بەلاوە بنێن، هەوڵ دەدەن ڕەوشت و کەسایەتی داروین لەکەدار بکەن، بە هیوای ئەوەی بتوانن پایەی تیۆری پەرەسەندن لەق بکەن، بێگومان ئەمەش بەهەڵەبردنێکی لۆژیکییە، لەبەرئەوەی گریمان داروین مرۆڤێکی ڕەگەزپەرست و بەدڕەوشتە، ئایە ئەمە تیۆری پەرەسەندن دەڕوخێنێت؟ نەخێر! چونکە ئێمە دەبێ لە بەڵگەکان بکۆڵینەوە، نەک لە کەسایەتی خاوەنەکەی. هاوشێوەی ئەمە هەندێک کەس دەبێژن: نیوتنی ڕابەری زانستی فیزیا، مرۆڤێکی بەفیز و خۆپەرست و دڵڕەق بووە، ئایە دەکرێ بڵێین، فیزیازانی زانستێکی هەڵەیە و بەرەو خۆپەرستی و دڵڕەقیمان دەبات؟
بەکەسایەتیکردن بە چەندین شێوازی جیاجیا دەکرێت لەوانە؛
بێڕێزیکردن و سووکایەتیی Ad hominem abusive
لەم بەکەسایەتیکردنە هێرش دەکرێتە سەر ڕەفتارێکی خەراپی، یان هەڵبەستراوی ئەو کەسەی گفتوگۆی لەگەڵدا دەکرێت.
- ئەمە کەسێکی بێڕەوشتە و هەمیشە وێڵە بەدوای دامرکاندنەوەی ئارەزووەکانی، بۆیە ڕەخنەکانی بۆ قورئان جێی باوەڕپێکردن نین.
بارودۆخی ژیان Ad hominem circumstantial
لەمەدا بەهەڵەبەر هەلومەرج و بارودۆخی ژیانی کەسەکە، دەکاتە هۆکار بۆ بوونی بیروڕا و بۆچوونەکانی ئەو کەسە.
- ئەمەیان لە ئەوروپا دەژیێت، بۆیە داکۆکی لە بیروڕا و ڕەفتاری ئەوروپاییەکان دەکات و هەوڵ دەدات بەدڕەوشتیی بڵاو بکاتەوە.
پەنابردنە بەر سۆزداریی Appeal to emotion
دەتوانین بڵێین ئەم بەهەلەبردنە لە گشت ئەوانەی دیکە ناسراوترە، پتر لای دوانداران و بانگخوازان بەدی دەکرێت. چونکە ئەمانە هەمیشە پەنا دەبەنە بەر یاریکردن بە هەست و سۆزی خەڵک، بۆ باوەڕهێنان بە بیروڕاکانیان لەبری لۆژیک و بەڵگەی سەلمێندراو.
ئەمەشیان گەلێک شێوازی جۆراوجۆری هەیە وەک:
پەنابردنە بەر ترس Appeal to fear
ئەم بەهەڵەبرنە لە زۆربەی ئاینەکاندا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت، بەوەی بەهەڵەبەر داکۆکیی لە بیرواڕاکانی دەکات و دەیەوێت لەڕێی ترسەوە وات لێ بکات باوەڕ بهێنیت بە بۆچوونەکانی، نەک بە ڕاستییەتیی گوتە و بەڵگەکان. لەم پرسەدا هیچمان لە هەڵبژاردنەکانماندا ئازاد نین، چونکە ئەوەی دەخرێتە بەردەستمان ناچارین باوەڕی پێبهێنین، ئەگەر نا ئەوا دووچاری سزا دەبینەوە.
- ئەگەر باوەڕ بە بوونی خوا نەکەیت، ئەوا چارەنووست دۆزەخی هەتاهەتایی دەبێت.
بەهەڵەبردنێکی دیکەی هاوشێوەی ئەمەیان هەیە پێی دەگوترێت، پەنابردنە بەر هێز، لێرەشدا یان ئەوەتا دان بە ڕاستییەتیی باوەڕەکان دەهێنیت، یان دووچاری چەندان مەترسیی دەبیتەوە. وەک ئەوەی هەندێک لە موسڵمانان بەزەبری هێز و دارکاریکردن منداڵەکانیان فێرە قورئان و نوێژکردن دەکەن.
پەنابردنە بەر دەرەنجام Appeal to consequences
هەرچەندە پەنابردنە بەر دەرەنجام لەژیانی ڕۆۆژانەدا کارێکی باش و خوازراوە، چونکە کەسێ ژیر بێت دەبێ سوود لە ئامۆژگاریی و ئەزموونی کەسانی دیکە وەربگرێ، بەڵام کاتێک دەرەنجام پەیوەندی بە بیرکردنەوە و پرسە هزرییەکانەوە هەبێت دەربارەی ڕاستیی و چەوتیی بیروڕاکان، ئەوا نابێتە سەلمێنەری ڕاستییەتیی.
- فەیلەسووفی پراگماتیی ویلیام جێمس دەی گوت: " باوەرهێنان بە خوا دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی دەروونیی." پێی وابوو ئەمەش بەڵگەیە بۆ بوونی خوا.
پەنابردنە بەر درەنجام ئەگەر بەتەنیا بێ وەک ئەم نموونەیە ئەوا بە بەهەڵەبردن دەژمێردرێت، چونکە بوونی خوا بابەتێکی سەربەخۆیە، شێوازی ژیان و بیرکردنەوەی مرۆڤ هیچ کاتێک نابێتە بەڵگە بۆ بوونی خوا، بەڵام پراگماتیەتیی هەمیشە کاری ئەوەیە ڕاستییەکان بە دەرەنجامەکان ببەستێتەوە.
پەنابردنە بەر پێداهەڵگوتن Appeal to flattery
بەهەڵەبر دەیەوێت ڕاستیی بیروڕاکانی بچەسپێنێت، لەڕێی پێداهەڵگوتن بە جەماوەر، یان ئامادەبووان.
- بەڕێزان ئێوە هەمووتان مرۆڤدۆستن و ئاستی ڕۆشنبیریتان زۆر بەرزە، بۆیە لاتان ڕوونە کە ئیسلام ئاینی ئاشتیخوازیی و مرۆڤدۆستییە.
پەنابردنە بەر بەزەیی Appeal to pity
بەهەڵەبر هەستی بەزییت دەبزوێنێت، بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکات.
- چۆن شەڕناکەن لەپێناو خوا و پیاوان و ژنان و منداڵانی چەوساوە، ئەوانەی دەڵێن: خوایە ئێمەیان بە زوڵم و زۆرداری شاربەدەر کرد (قورئان: ئەلنیسا ٧٥).
پەنابردنە بەر ڕکوکینە Appeal to spite
بەهەڵەبر هەوڵ دەدات لەڕێی ڕکوکینەوە هەستت بوروژێنێت.
- بیروڕا و ڕەفتاری ئەوروپاییەکانی دوژمنانی خوا و ئاینەکەمان، کۆمەڵگەکەمان بەرەو بەرەڵایی و داڕوخان دەبات، ئەمانەش هەرگیز لای ئێمە جێیان نابێتەوە.
بیرکردنەوە هیواخوزەکان Wishful thinking
کەسێک دێت و بیرۆکەیەکی ڕێکوپێک و جوان دادەڕێژێت، بە پاڵپشتیی کۆمەڵێک بیروڕای ئەندێشەیی کە لەسەر خۆشباوەڕیی و هیوایەک دامەزرابێ، لەبری بەڵگەی ڕاست و متمانەدار.
- ئیسلام ئاینێکی ڕاستە و هەر دەبێ سەرکەوێت.
سەرکەوتن پێویستی بە هۆکار و هەلومەرجی تایبەتیی خۆی هەیە، نەک بە ئەندێشە و هیواخوازیی.
................................................
ئەمەی سەرەوە بەشێکی دیکەیە لە بابەتێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینیی)

سەرچاوەکان:




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4/5)