داگیرکاری تورکیا بۆسەر خۆرئاوای کوردستان و بەرخۆدان و کاردانەوەکان (بەشی سێیەم)

Wednesday, 13/11/2019, 2:13

5534 بینراوە


لە کاتی هێرشەکانی تورکیا و گروپە سورییە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عەفرین و هێرشەکانی ئەمجارەیان بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئەو پرسیارەی زۆر کەس دەیانکرد، ئەمە بوو: باکوری کوردستان بۆ بێدەنگە؟

لە هەردوو هێرشەکاندا شەقامی کوردی لە خۆرئاوا، باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان و رەوەندی کوردی هەندەران بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان و رێپێوان و چالاکی جیاجیای ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی تورکیا.

گەرچی لە ساڵانی پێش 2015 شەقامی باکوری کوردستان چ بۆ پرسەکانی ئەو بەشە و چ بۆ هەندێک پرسی بەشەکانی دیکە، بەردەوام لەسەرپێبوو، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا کپی و بێدەنگیەکی زۆری پێوە دیارە.

دوایین جار کە شەقامی باکور لەسەر پرسی خۆرئاوا کەوتە جوڵە لەسەروبەندی هێرشەکانی داعشدا بوو بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی 2014، کە تیایدا ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە شەهیدبوون و بەدەیانی تر برینداربوون.

کەواتە لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018 لە باکوری کوردستان چی روویداوە؟

لە مانگی تەمموزی 2015، تورکیا کۆتایی بە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد هێناوە و هاوکات، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی چڕی سەربازی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باکور و باشوری کوردستان، هەڵمەتی گرتن و دەستبەسەرکردنی ئەندام و لایەنگرانی هەدەپەشی دەستپێکرد.

شەڕی ئەمجارە تەنها شاخی نەگرتەوە و لە مانگی ئابی 2015ەوە تا کۆتایی ساڵی 2016، شار و شارۆچکەکانی وەک نسێبین، شرناخ، سوری ئامەد و جزیریشی گرتەوە کە تیایاندا سوپای تورکیا بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی یەکینەکانی پاراستنی سڤیل بووەوە و ئەو ناوچانە خاپورکران و نزیکەی نیو ملیۆن کەس ئاوارەبوون.

هەر لە ساڵی 2016دا، سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکانی هەدەپە، و ژمارەیەک لە پەلەمانتارانی ئەو حزبە دەستبەسەرکران و تا ئێستاش لە زینداندانن و سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی سەر بەهەدەپەش زۆرینەیان دوورخرانەوە و قەیوم لە شوێنیان دانرا.

لە ساڵی 2017دا، شەڕ و پێکدادان لە چیاکان و هەڵمەتی گرتن لە شارەکان بەردەوام بوو، بە پێی ئامارێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا، لەو ساڵەدا 3 هەزار و 278 کەسی سەر بە هەدەپە دەستگیرکراون و تا ئێستا وەک بەرپرسانی ئەو حزبە باسی لێدەکەن زیاتر لە 10 هەزار ئەندام و لایەنگریان راپێچی گرتووخانەکراون، ئەو هەڵمەتەش بە درێژایی ساڵی 2018 و لە کاتی هێرشەکانی سەر عەفرین بەردەوام بوو.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمجارە بۆ سەر باکوری سوریا و خۆرئاوای کوردستان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە زۆربەی ناوچەکانی باکوری کوردستان بە توندی رێگرییان لەهەر جۆرە چالاکیەکی هەدەپە کرد و لە زۆربەی ناوچەکانیش حکومەت قەدەغەی چالاکی ڕاگەیاند، دوا نمونەشی لە پارێزگای وانە کە لە رۆژی 10/11/2019 بۆ ماوەی 15 رۆژ هەموو چالاکیەکی تێدا قەدەغەدەکرێت.

هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە باکور و رەشبگیریی ئەندام و سەرکردەکانی هەدەپە دەتوانرێت وەک قۆناغی ئامادەکاری بۆ هێرشەکانی سەر خۆرئاوای کوردستان پێناسە بکرێت، بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی تورکیا ئاسانتر جێبەجێ بکرێن.

29/10/2019 ئیلهام ئه‌حمه‌د، هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكاری سووریای دیموكرات له‌ لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامه‌نوسان له‌ واشنتۆن ڕایگه‌یاند، "له‌ماوه‌ی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خۆرئاوای كوردستان (412) شه‌ڕڤانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات شه‌هیدبوون و هه‌زار و (419) شه‌ڕڤانی دیكه‌ش برینداربوون و (73)كه‌سیش له‌ ڕیزی هه‌سه‌ده ‌دا به‌دیل گیراون".

باسی له‌وه‌شكرد، (500) هاوڵاتی مه‌ده‌نیش به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ شه‌هیدبوون و (2733)هاوڵاتی دیكه‌ش برینداربوون و زیاتر له‌ (400) هه‌زار هاووڵاتیش له‌ ناو سوریادا ئاواره‌بوون".

9/10/2019 سوپای توركیا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌و وڵاته‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر خۆرئاوای كوردستان ده‌ستپێكرد، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی حه‌وت رۆژی یه‌كه‌می هێرشه‌كاندا شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) به‌رگری سه‌ختیان كرد، به‌ڵام 17و 23ی ئۆكتۆبه‌ر به‌پێی دوو ئاگربه‌ست كه‌له‌ نێوان ئه‌مریكا و توركیا و روسیاو توركیا واژۆكرا شه‌ڕڤانان كشانه‌وه‌ لە سنورەکانی تورکیا.

هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكاری سوریایی دیموكرات وتیشی: "سوپای توركیا و گروپه‌ به‌ كرێ گیراوه‌كان پابه‌ندی ئاگربه‌ست نه‌بوون و به‌رده‌وامن له‌ هێرشه‌كانیان، هه‌ر ناوچه‌یه‌كیش كه‌ ده‌چنه‌ ناوی پاكتاوی ئیتنیكی ئه‌نجامده‌ده‌ن".

29/10/2019 به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا له‌باره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، "ناكرێت گره‌و له‌سه‌ر سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ین، تره‌مپ باشترین سه‌رۆكیانه".

به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند، "باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ناوچه‌ی دابڕاوی ره‌تده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ڕه‌نگه‌ رێككاره‌كانی ببینین، ئایا ئه‌مه‌ مانای وایه‌ ئۆباما له‌ تره‌مپ باشتره‌؟".

ئه‌سه‌د له‌باره‌ی تره‌مپه‌وه‌ باسی له‌وه‌كردووه‌، "سه‌باره‌ت به‌ تره‌مپ، وه‌ڵامێكت ده‌ده‌مه‌وه‌، ره‌نگه‌ پێت سه‌یر بێت، من ده‌ڵێم تره‌مپ باشترین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه".

ئه‌سه‌د رونیشیكرده‌وه‌، "ره‌نگه‌ بڵێی بۆچی تره‌مپ باشترینه‌، به‌مه‌ له‌به‌ر باشیی سیاسه‌ته‌كانی نییه‌، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، تره‌مپ راشكاوانه‌ترینه‌، هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا، چی تاوان هه‌یه‌ كردوویانه‌. خه‌ڵاتی نۆبڵیی ئاشتیشیان پێدراوه‌، وه‌ك پارێزه‌ری مافی مرۆڤ، به‌ها مه‌زنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ و به‌ها جوانه‌كانی خۆرئاوا خۆیان پیشانداوه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌موویان گرووپێكی تاوانبار بوون و خۆیان له‌ ناوه‌وه‌ شتێكی تر بوون و ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لۆبییه‌كان و گه‌وره‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت و چه‌ك كاریان ده‌كرد".

سه‌رۆكی سوریا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "تره‌مپ به‌وان ناچێت، تره‌مپ زۆر راشكاوه‌، ده‌ڵێت ئێمه‌ نه‌وتمان ده‌وێت. ئه‌وه‌ راستیی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكایه‌، به‌لانیكه‌م له‌ دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانه‌وه‌. تره‌مپ ده‌ڵێت ده‌مانه‌وێت فڵان كه‌س له‌ناو به‌رین، ده‌ڵێت پاره‌مان ده‌وێت به‌رامبه‌ر به‌ خزمه‌ته‌كانمان. ئه‌وه‌ راسته‌قینه‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكایه‌".

وتیشی، "ئێمه‌ له‌ دوژمنێكی راشكاوانه‌ زیاتر چیمان ده‌وێت، جیاوازییه‌كه‌یان له‌ رووی رووخساره‌وه‌یه‌، ناوه‌ڕۆكیان هه‌مووی یه‌كه".

29/10/2019 بەهۆی زیادبوونی گرژییەكانی نێوان میسڕ و تورکیا، میسڕ بڕیاریدا بایكۆتی كاڵای توركی بكات.
دوای لێدوانەكەی ئەردۆغان لەبارەی مردنی (محەمەد مورسی)یەوە، گرژییەكانی نێوان توركیا و میسڕ بەتایبەت ئەردۆغان و عەبدولفەتاح سیسی ڕووی لەهەڵكشان كردو ناڕەزاییەكی زۆری میسری لێكەوتەوە.
لەلایەكی دیكە هاوپەیمانی حزبە میسرییەكان كە خۆی لە (40) حزبدا دەبینێتەوە، رەخنەیەكی تووندیان لەلێدوانەكانی ئەردۆغان گرت و دژی وەستانەوە، تا گەیشتە ئەوەی داوایان لەگەلی میسڕی كرد لەهەر كوێیەكی دنیا بن بایكۆتی كاڵای توركی بكەن و نەیكڕن و بەكاری نەهێنن.

پێگەی (مۆنیتۆری) ئەمریكی بڵاویكردەوە، لەزنجیرەی گرژییە نێوان میسر و توركیا، كە چەندین ساڵە بەردەوامە، قاهیرە پلانی ئەوەی هەیە لەڕێگای هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی لەناو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پشتیوانیكردنی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دژایەتی ئەردۆغان بكات.

لەو ماوەیەدا میسر لەرووی دیبلۆماسی و میدیاییەوە دەستی كرد بەگوشار خستنە سەر رژێمەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەویش لەڕێگای داواكردن لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەوەی پێویستە ئەردۆغان لەسەر پشتیوانیكردنی تیرۆرو داڵدەدانی تیرۆریستان لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت، جگە لە داواكردنی لە كۆمكاری عەرەبی بەوەی هێرشی توركیا بۆ سەر باكووری سوریا شەرمەزار بكەن.

ئەو هەوڵە هەمەلایەنەی میسر ئەوكاتە دەستیپێكرد كاتێك لە 25ی ئەیلوول نێردەی میسر لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵایەكی فەرمی دژ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاڕاستەی سەرۆكی كۆمەڵەی گشتی و سكرتێری گشتی دەوڵەتە یەكگرتووەكان كرد و تێیدا سیاسەتی دەرەوەی توركیای تێدا شەرمەزار كردبوو، بەئاشكرا توركیای بەپشتیوانیكردنی تیرۆر لەسوریا و گروپە توندڕەوەكان لەلیبیا تۆمەتبار كردبوو، كە ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ بەڕیوەچوونی (74)مین دانیشتنەكانی كۆمەڵی گشتی دەوڵەتە یەكگرتووەكان لەنیویۆرك.

هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 29ی ئەیلوول، كەناڵی ئاسمانی (TEN)ی میسری میوانداری (فەتحوڵڵا گولەن) بەرهەڵستكاری هەرەدیاری ئەردۆغانی كرد، كە ئێستا لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دادەنیشێت و تێیدا ئەردۆغانی بەوە تۆمەتبار كرد، كە درووشمە ئاینییەكان بۆ رەوایەتیدان بە گەندەڵییەكانی دەقۆزێتەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر (سامح شوكری) وەزیری دەرەوەی میسر پێشوازی لەشاندێكی سوریای دیموكرات كرد و جارێكی تر دەستدرێژییەكانی توركیای بۆ سەر باكووری سوریا شەرمەزار كرد و ڕایگەیاند، بەپێی ماددەی 51 بەڵگەنامەی دەوڵەتە یەكگرتووەكان ئەو بەرگرییەی هێزەكانی سوریای دیموكرات مافێكی ڕەوایە و دەچێتە چوارچێوەی بەرگری لەخۆكردنەوە.

ئامانج لەو هەوڵە نێودەوڵەتییەی میسر كۆكردنەوەی رای گشتی جیهانییە دژ بە سیاسەتەكانی ئەردۆغان لەپشتیوانیكردنی تیرۆر و رێكخراوە تیرۆریستییەكان، بەتایەت دوای هێرشی دوای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان.

گرنگی ئەو هەوڵانە لەوەدایە، ئەگەر بڕیارێكی نێودەوڵەتی لەدژی ئەردۆغان دەربچێت یان نا، ئەوەیە هۆكاریكە بۆ دابەزینی ئاستی جەماوەری ئەردۆغان و ئاشكراكردنی تاوانەكانی و دواتر داماڵینی ڕەوایەتی نێودەوڵەتی لێی، كە ئەوەش بە ئاشكرا لەهەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان لەدوای هێرشی توركیا بۆسەر خۆرئاوای كوردستان دەركەوت.

لای خۆیشییەوە (محەمد عەباس ناجی)، شارەزای تایبەتمەند لەكاروباری توركیا و ئێران لە ناوەندی (ئەهرام) بۆ لیكۆڵینەوە سیاسی و ستراتیژییەكان لە قاهیرە دەڵێت " هەوڵەكانی میسر بۆ كۆكردنەوەی ڕای گشتی جیهانی لە دژی توركیا بەردەوامیدانە بە سیاسەتی دەرەوەی میسر و هیج گۆڕانكارییەك لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەهەموو شیوازەكانی رووینەداوە، بەڵام ئەوەی گۆڕدراوە ئەوەیە كە بانگەوازەكەی میسر كاریگەری و دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبووە كە ئەوەش لە چوونییەكی بۆچوونی هێزە نێودەوڵەتییەكان لە شەرمەزاركردنی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان دەركەوت.

ڕۆژی 29/10/2019 كۆمەڵەی نیشتمانی فەڕەنسی (پەرلەمانی فەرەنسا) بە كۆی دەنگی ئەندامانی، بڕیاری ڕسواكردنی هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر باوكوری ڕۆژهەڵاتی سوریای دەركرد.

"مارێڵ دی سارنیز" ی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسی، پڕۆژە بڕیارێكی خستەڕوو -‌ كە وابەستەیی یاسایی نییە، ئەمەش‌ دوای ئەوەی سەرۆكی 8 كۆمەڵەی سیاسی واژوویان كرد و پڕۆژە بڕیارەكەش بە ڕەزامەندی 121 پەرلەمانتار پەسەند كرا.

لە بڕیارەكەدا هاتووە، كۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسی، زۆر بە توندی هێرشە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕسوا دەكات و پاڵپشتی تەواوی خۆشی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات دەردەبڕێت بە تایبەتیش كوردەكان و هاوپەیمانە عەرەبەكانیان، كە بۆ هەمیشە هاوپەیمانی ئەوانن لە جەنگی دژ بە داعش.

سارنیز لە دوای دەنگدانەكە وتی: تا ئێستا سەدەها كوژراو و 300 هەزار ئاوارە و دەربەدەر ناچاركراون ڕوو بكەن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێبێڵن، سوپاس توركیا و لایەنە پاشكۆكانیشی، پێشێلكاری قێزەونیان ئەنجامداوە.

كۆمەڵەی نیشتمانی فەڕەنسی ئەوەشی دووپات كردەوە، كە هەر دەبێت ئەو هەڵوێستەیان بكەنە كردار و كاری لێبڕاوانەی لەسەر بكەن.

هەندێك لە ئەندامانی كۆمەڵەكەش بێزاری خۆیان نیشاندا سەبارەت هەڵوێستی ئەوروپا، كە لە ئێستادا وەك تەماشاكەرێكی لێهاتووە لە هەمبەر ئەوەی‌ لە سوریا ڕوو دەدات.

هاوكات "جان ئیف لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش وتی: دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر مەترسیدارە و لەوانەشە ڕەنجی 5 ساڵەی جەنگی دژ بە داعش لە بەین بەرێت.

هەفتەی پێشووش ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بە كۆی دەنگ بڕیاری ڕسواكردنی هێرشە سەربازییەكەی توركیایان دەركرد، داواشیان كرد پێشدەستییەكی ئەوروپی یان نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ئەو هێرشە بخرێتەڕوو.

چەند ڕۆژێكیش لەمەوپێش، ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا ڕەخنەی توندی ئاراستەی پەیمانی ناتۆ كرد، بەوەی دەستەوەستانە لە هەمبەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی باكوری سوریا، ووتیشی كاتی ئەوە هاتووە ئەوروپا چی دیكە وەك هاوپەیمانێكی بچوك هەنگاو هەڵنەگرێت لەو پرسانەی پەیوەستن بە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستەوە.

ماكرۆن لە دوای لوتكەی ئەنجومەنی ئەوروپی لە بڕۆكسل بە ڕۆژنامەنووسانیشی ڕاگەیاند كە ئەوەی لەم دوایانەدا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوویداوه،‌ هەڵەیەكی زەبەلاحی ڕۆژئاواییەكان و پەیمانی ناتۆیە، ووتیشی ئەمە لاوازمان دەكات لەوەی هاوبەشێك لەسەر زەوی بۆ خۆمان پەیدا بكەین و باوەڕیان بەوە هەبێت كە ئێمە بۆ مەودایەكی زۆر دەیانپارێزین، ئەمەش‌ پرسیار لەسەر شێواز میتۆدی كاری پەیمانی ناتۆ دروست دەكات.

ماكرۆن هەروەها وتی: ئێمەی ئەوروپی‌ لەو پرسەدا وەك هاوپەیمانێكی بچوك دەركەوتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش‌ كاتێك بوو كە ئەوروپییەكان لە ڕێگەی تویتەرەوە گوێبیستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بوون لە سوریا، بەمەش ناچار بووین ئێمەش هێزەكانمان بكێشینەوە.

29/10/2019 وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگه‌یاند، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی گشتیی و ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا دەکەن لە دژی ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سه‌ر خۆرئاوا كوردستان ده‌ریكرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگه‌یاندووه‌، "ئیدانەی ئەو بڕیارەی فەرەنسا ده‌كه‌ین كه‌ لەدژی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی پەسەندی کردووە، زۆر بە روونی ئاشکرایە کە ئەم بریارەی فەڕەنسا پاش بێ ھیواییان دەرچووە لە درووستکردنی دەوڵەتێک لە باکووری سووریا".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیادا ھاتووە، "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی گشتیی و ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا دەکەین لە دژی ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی و رەتی دەکەینەوە. زۆر بە روونی ئاشکرایە کە ئەم بریارەی فەرەنسا پاش بێ ھیواییان دەرچووە لە درووستکردنی دەوڵەتێکی تیرۆریستی لە باکووری سووریا".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "حکوومەت و پەرلەمانی فەڕەنسا بەم ھەنگاوەیان لایەنگری (پەیەدە/یەپەگە)یان کرد کە باڵی سوریای (پەکەکە)یە، ھەروەھا سەرسوڕمانی لە بڕیارەکەی نیشان ده‌ده‌ین، چونکە ئەگەر پەرلەمانی وڵاتێک لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لە سەردەستەکانی تیرۆر بکات، ئەو ھەڵوێستەیان ھیچ سەرسوڕھێنەر نییە بۆ تورکیا".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تورکیا سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی ھاوپەیمانەکانی لە ھاوبەشی و ھاوکاریی کردنی پەیەدە و یەپەگە، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا فەڕەنسا لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی داعش یارمەتی و پشتگیری پەیەدە/یەپەگەی دەکرد.

ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەگەر كارەكە پێویست بكات ئەوە ئەوان ناوچەی ئارام لەسوریا فراوانتر دەكەن.

ئەرۆدغان لە ئەنقەرە و لەكاتی قسەكردنی بەرانبەر بە پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان وتی: "بەتوندترین شێوە ووڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە، كە لەدەرەوەی ناوچەی ئارامەوە دەكرێنە سەرمان، ئەگەر پێویستی كرد ئەوە ناوچەكە فراوانتریش دەكەین".

سەرۆكی توركیا ڕاشیگەیاند، مافی ئەوەمان بۆ خۆمان دەهێڵینەوە بتوانین پرۆسە سەربازییەكان بۆخۆمان ئەنجامیان بدەین ئەگەر بۆمان دەركەوت تیرۆریستەكان بۆ دەرەوەی قووڵایی 30 كیلۆمەتر لەناو سوریا دوور نەخراونەتەوە، یان ئەگەر هات و لەهەر جێگایەكەوە هێرشمان كرایە سەر.

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی ئەردۆغان وتی: 558 ناوچەی نیشتەجێبوون و رووبەری 4219 كیلۆمەتر چوارگۆشەمان دەستبەسەرداگرتووە و زیاتر لە 900 شەڕڤانی كوردیشمان لەناوبردووە. ئەمە پڕوپاگەندەیەکی بێ بنەمایە چونکە ئیلهام ئەحمەد وتی 412 شەڕڤان ەهید بوون.

لەبارەى داواکارى ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپا بۆ کشانەوەى سوپاى تورکیا لە سوریا رونیکردەوە، کەى هێزە بیانییەکان لە سوریا کشانەوەو وازیان لە سوریا هێنا ئەوکات سوپاى وڵاتەکەى لە سوریا دەکشێینەوە.

30/10/2019 وەزارەتی بەرگری کەنەدا خەڵاتی ساڵانەی "شەڕڤانی پاک"ی بەخشییە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- هەسەدە.

ئەمە لە کاتیکدایە ساڵانە وەزارەتی بەرگری کەنەدا خەڵاتی "شەڕڤانی پاک" دەبەخشێتە ئەو کەسەی هەموو تەمەنی خۆی لە شەڕدا بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان کردووە، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی بەرگری کەنەدا، بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بانگهێشنامەیەکی بۆ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، ناردووە.

30/10/2019 پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی دانیمارک ڕێککەوتن بۆ ئەوەی چەک بە تورکیا نەفرۆشن. فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی چەپی سۆسیالیستی دانیمارک، پڕۆژەکەیان بۆ پەرلەمان نارد و داوای کۆتاییهاتنی فڕۆشتنی چەکی بە تورکیا کردبوو، پارتەکانی ناو پەرلەمان کۆنکن لەسەر پرۆژەکە.
"جیپ کۆفۆد" وەزیری دەرەوەی دانیمارک، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی شەرمەزارکردبوو، ڕایگەیاند: ساڵێک و شەش مانگە ئەوان چەک بە تورکیا نافرۆشن و پێویست بەوە ناکات بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنی فڕۆشتنی چەک بە تورکیا بدرێت.

دوای هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هەریەک لە سوید، نەرویج، فینلەندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، کەنەدا و ئیسپانیا و نەمسا بڕیاریان ، کە چیتر چەک بە تورکیا نەفرۆشن.

ڕۆژ چوار شەممە 30/10/2019 دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بەزۆرینەی دەنگ، بریاری سزادانی تورکیا لەدەرئەنجامی داگیرکاریەکەی بۆسەر خۆرئاوای کوردستان و بریاری بەناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکانی دەرکرد، لەمبارەوە تورکیا شۆک بووە و بۆ ئەومەبەستە وەزارەتی دەروەی تورکیا بەفەرمی باڵوێزی ئەمریکای باگهێشت کردووە لەوڵاتە.

لەلایەکی تریش مەولود چاوش ئۆغلۆ لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بڕیارەکانی کۆنگرێس لەبارەی سزادانی تورکیا و بەناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان بریاری پوچن، ئەمریکا لەئێستادا کەوتوەتە دۆخی کاردانەوە، چونکە ئێمە لەرێی ئۆپەراسیۆنەکەمان بۆ سەر باکور و خۆرهەڵاتی سوریا یارییە گەورەکەمان لێ تێکدان، ئەوانەی پرۆژەکانیان شکستی هێناوە، خۆیان هەڵواسیوە بە پرۆژەی کۆنەوە و وادەزانن لەم ڕێگەیەوە دەتوانن تۆڵەمان لێ بکەنەوە، بەڵام بەهەڵەدا ڕۆیشتوون".

30/10/2019‌ سەرۆكایەتى پەرلەمانى توركیا یاداشتنامەى سەركۆنەكردنى بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریكاى پەسەندكرد.

به‌پێی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ-ی توركی، سورەییا سەعدى بیلگیچ، جێگرى سەرۆكى پەرلەمانى توركیا یاداشتنامە ئیمزاكراوەكەى سەرۆكى پەرلەمانى توركیا، موستەفا شەنتۆپى خوێندەوە و پاشان خستییە دەنگدانەوە.

لە یاداشتنامە فەرمییەکەی پەرلەمانی تورکیادا ھاتووە، "خاوەندارێتیکردن لە تێزگەلی ژمارەیەک ناوەندی پەیوەست بەناو جینۆسایدی ئەرمەنی کە ئەنجوومەنی نوێنەران کردوویەتییە رۆژەڤ و سەرەڕای ناڕەزایەتیی ئەندامانی خاوەن عەقڵ و ویژدانی ئەنجوومەنەکە، کراوەتە بڕیار، وەک پەرلەمان بە داخەوە سەرکۆنەی دەکەین و رەتی دەکەینەوە".

لە یاداشتنامەكەدا باس لە هەوڵەكانى ساڵانى رابردووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئەمریكا كراوە بەڵام دەنگدانەكانى پێشووتر بەم شێوە دوژمنانەیه‌ى ئێستا رەنگى نەداوەتەوە.

یاداشتنامەكەى پەرلەمانى توركیا، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە لەم ماوەیەدا بەڵگە مێژووییەكان نەگۆڕاوە بەڵكو ئەو هزرە سیاسییانە گۆڕاون كە لەناو بەرژەوەندیى تەسكدا خنكاون و ئەو بڕیارەى بە لەكەداركردنى مێژوو ناوبرد.

تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ 20 وڵاتی ئه‌ورووپی له‌ په‌رله‌مانی خۆیان كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نه‌كانیان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌جینۆساید ناساندووه‌ و دواهەمین وڵاتیش ئه‌ڵمانیا بوو.

30/10/2019‌ یەکەم کۆبوونەوەى کۆمیتەى نوسینەوەى دەستورى نوێی سوریا لە جنێڤ بە ئامادەبوونى نێردەى تایبەتى دەوڵەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا بەرێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا چەند وتارێک خوێنرایەوەو سەرجەمیان جەختیان لەسەر پاراستنى یەکپارچەیی خاکى سوریاو چارەسەرکردنى کیشەکانى ئەو وڵاتە کردەوە.

هەروەها نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان هەموو لایەنەکان بەیەکەوە دەستورێکى نوێ بۆ سوریا دابڕێژن کە رەنگدانەوەى سەرجەم پێکهاتەکانى ئەو وڵاتە بێت.

وەزارەتی دەرەوەى هەر یەک لە وڵاتانی فەرەنسا ئەڵمانیا، ئەمریکا، میسر، ئوردون، سعودیە، پێشوازی و پیرۆزباییان لە دەستپێکرنی نوسینەوەى دەستوری نوێی سوریا کرد.

ئەو وڵاتانە ئەم هەنگاوەیان بە ئەرێنى وەسفکردووە بە ئاراستەى جێبەجێکردنی بڕیاری (2254)ی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سیستمی داهاتووی سوریا و بەشداری چین و توێژە جیاجیاکانى گەلی سوری لە حکومڕانی ئەو وڵاتەدا.

لیژنەى نوسینەوەى دەستوری سوریا پێکهاتووە لە سێ بەش کە هەر بەشی 50 پشپۆڕ ئەندامن تێیدا و پێکهاتوون لە نوێنەرانی حکومەتى سوری و ئۆپۆزسیۆن و لە ئێستادا لە شاری جنێڤ لە سویسرا کارەکانیان ئەنجامدەدەن.
کورد لەو کۆمیتەیە چوار نوێنەرى هەیە کە سەر بە ئەنجومەنى نیشتیمانى سوریا (ئەنەکەسە) ن، بەڵام نوێنەرى ئیدارەى خۆسەرى تێدا نییە.

30/10/2019‌ رژێمى سووریا داوای لە هێزەکانى هەسەدە و هێزەکانى دیکەى خۆرئاوای کوردستان کرد بچنە ڕیزی هێزەکانی سوپا و دژى تورکیا بوەستنەوە.

بەپێى هەوڵێکى ئاژانسى "سانا"ی سوری ڕۆژی چوار شەممە وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاندوە، هێزەکانیان ناوچەیەکی فراوانی (جزیرێ)یان كۆنترۆڵ كردووه‌ و داواش لە هەسەدە دەکات، بچێتە نێو سوپای سووریاوە، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بوەستنەوە.

وەزارەتی بەرگری سوریا جەختیکردوەتەوە، ئەوان ئامادەن هێزەکانیان لەگەڵ هەسەدە تێکەڵى یەکتر ببن و بەرگرى لە خاکى سوریا بکەن.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی سووریاش لە بەیاننامەکدا ئامادەیی خۆی بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی خۆرئاوای کوردستان بۆ ریزی هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەربڕیوە و دووپاتیشی کردووەتەوە، ئەوان بۆ پێشکەشکردنی هەر خزمەتگوزارییەك بۆ خەڵکی جزیرێ ئامادەن.

30/10/2019‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، بانگهێشتكردنی شه‌ڕڤانانیان بۆ ناو سوپای سوریا قبوڵناكه‌ن وره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.

وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگریی و ناوخۆی سوریا بانگهێشتی هێزه‌كانی سوپای سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و هێزه‌كانی ئاسایشی خۆرئاوای کوردستان ده‌كەن بچنه‌ نێو ریزی سوپا و پۆلیسی سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشه‌كانی توركیا.

مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر له‌باره‌ی ئه‌و داوایه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، "پێشوازیی لە داواکەی سوپای سوریا بۆ تێکەڵبوونەوەی تاکەکەسی ناکەین و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌ . پارێزگاریی لە تایبەتمەندی هەسەدە بکرێت و هەسەدە بەشێک بێت لە دامەزراوەی بەرگریی".

هاوكات فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، "هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازیی خاوه‌ن دیسپلین و تۆكمه‌ی سه‌ربازیین و له‌بری سووریا و هه‌موو جیهان به‌رگریكردووه‌ و دژی داعش جه‌نگاوه‌ و خەلافه‌تیان تێكشكاندووه‌".

هه‌سه‌ده‌ ره‌خنه‌ی توند له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی سووریا ده‌گرێت و ده‌ڵێت: "ده‌بوو بانگهێشتی فه‌رمانده‌یی گشتیی بكردایه‌ نەوە‌ك شه‌ڕڤانانی و باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ بانگه‌شه‌كه‌یان وه‌ك ئه‌وه‌ بێت بڕیاری لێبووردن بۆ تاوانباران و تیرۆریستان ده‌رده‌كه‌ن".

31/10/2019 ئاڵدار خەلیل ئەندامى دەستەی بەڕێوەبەری تەڤدەم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار ڕایگەیاند: "هەروەک چۆن لە عەفرین و جەرابلوس و ناوچە داگیرکراوەکانی تری تورکیا ئامانجی داگیرکاری و گۆڕینی دیموگرافی بوو، ئاواش بۆ خۆرئاوا دەڕوانێت و تا ئێستاش لەسەر ئەو داگیرکارییە بەردەوامە.
دەبێت حکومەتی سوریاش دۆخەکە بەباشی ببینێت و ڕۆڵى هەسەدە لەبەرچاوبگرێت، لەگەڵ ئەوەش دەبێت حکومەتی سوریا پڕۆژەى چارەسەری پێشکەش بکات کە لەگەڵ دۆخەکەدا گونجاوبێت. لە ئێستادا نابێت ڕێگەبدەین ئەردۆغان بگاتە ئامانجەکەی کە خەونى داگیرکردن و لەناوبردنی ئەزموونی خۆرئاوای کوردستانە لەڕووى دیموکراسییەوە.

ڕۆژی پێنج شەممە 31/10/2019 روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، كاروانێكی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، گه‌یشته‌ نزیك گوندی شه‌لومێ له‌ باشووری خۆرهه‌ڵاتی ترپه‌سپی له‌ سه‌ر سنووری توركیا.

ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەى کاروانەکەى ئەمریکا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلى سەوربازین و لە تەلتەمرەوە چوون بۆ کۆبانى. پیشتر هێزەکانى ئەمریکا لە بنکەی سەربازی "سرین"ی لەباشوری کۆبانی. بوون، جارێکى دیکە ئەو هێزانە لە حەسەکەوە بەرەو تەلتەمرو لەوێشەوە بۆ کۆبانى چوون.

ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مریكا و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی خۆرئاوای كوردستان سێ بنكه‌ی سه‌ربازیی دروستده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجی كۆنتڕۆڵی بیره‌ نه‌وتییه‌كانی باكور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه‌.

هاوكات ڕوانگه‌ی سوری ده‌ڵێت، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌دروستكردنی ئه‌و سێ بنكه‌ سه‌ربازییه‌، ڕێگریبكات له‌ ڕوودانی هه‌ر پێكدادانێك له‌داهاتوودا له‌نێوان هه‌سه‌ده‌ و هێزه‌كانی دیكه‌ی سوریا.

ئومید ناسح جیهانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە