ئیخوان موسلیمین و پڕۆژە شکەستخواردووەکەی

Friday, 15/11/2019, 0:21

6190 بینراوە


لەگەڵ ئەوەدا کە بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمین دیرۆکێکی نزیک بەسەدەیەکی هەیە، بەڵام بۆئێمەی کورد هیچکات هێندەی ئێستا، گرنگ و بەهەند وشیاوی لێدوان و لێکۆڵینەوە نەبووە. ئەمەش لەبەر چەند هۆکار، لەمانە وبەر لەهەرشت، ئیخوان گەورەترین بزووتنەوەیەکی سیاسییە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی کە ژمارەی ئەندام و لایەنگرانی بەدەیان ملیۆن مەزەندە دەکرێت، بەتایبەتیش بەم ساڵانەی دوایی تائاستێکی زۆر لەشێوازی پارت و بزووتنەوەی جۆراوجۆردا پەرەی سەندووە. و تاوای لێهاتووە لەناو خۆشماندا و بەتایبەتیی لەباشوی کوردستان، پارتی سیاسیی هەڵگری بیرو باوەڕی ئیخوان، درووستبوون و بەشێکن لەپرۆسەی سیاسی. لەمەش گرنگتر ئەمڕۆ پارتێکی ئیخوانی لەبەرگی (ئاکەپە)دا لەوڵاتێکی وەک تورکیا حوکمڕانی دەکات، کە لە ناخەوە کارییگەریی لەسەر بزووتنەوەی کورد لەسەر ئاستیی گشتی داناوە. بەتایبەتیش کە ئەم پارت و دەسەڵاتدارێتییە خۆی وەک نەیارو دوژمنی ستراتیژیکی کورد پێناسەدەکات.
ئیخوان موسلیمین، بزووتنەوەیەکی سیاسیی مەزهەبگەرای، سەرتاسەرییە ساڵی ١٩٢٨ لەشاری ئیسماعیلیەی میسر لەسەردەستی حەسەن بەننا (١٩٠٦-١٩٤٩) دامەزرا. و ساڵی ١٩٣٨ دەستی بە نواندنی چالاکی سیاسیی کرد. بەڵام چەکەرەی درووستبوونی ئیخوان دەگەڕێتەوە بۆ چەندان ساڵی پێشتر و چەند هۆکاری سەرەکی لەپشت مۆتیڤی دامەزراندن و بەردەوامی و پەرەسەندنی ئەم بزووتنەوەیە بوون. لەمانە:
١- لەناوچوونی ئیمپراتپریای عوسمانی: ئیمپراتۆریای عوسمانی کە هەڵگری ئاڵای خەلافەتی ئیسلامی بوو. لەناوچوونەکەی وەک رووداوێکی گەورەی دیرۆکیی، بۆشاییەکی مەزنی لەناو موسوڵماناندا هێنایە ئاراوە. چونکە ئیتر لەوەبەدوا ئیسلام پێگەی دەوڵەتیی خۆی کە لەخەلافەتدا بەرجەستە دەبوو لەدەستدا، و موسوڵمانان بێ مەرجەع و ئۆتۆریتەیەکی فەرمی گشتیی مانەوە. سەرەڕای ئەمە هەستی نائومێدیی و خەم وئازاری لەدەستچوونی خەلافەت، سەرگەردانییەکی ئاشکرا و لەتوپەتبوونی فکریشی لەناو موسوڵمانانی جیهاندا بەدیهێنا. و گەلێک بیرمەندی ئیسلامی چ پێش، یانیش دوابەدوای روخانی ئیمپراتۆریاکە بەپرۆژە و بیروباوەڕی جۆربەجۆر هاتنە گۆڕەپانەکە. لەوانە: جەمالەدین ئەفغانی (١٨٣٨-١٨٩٧)، محەمەد عەبدە (١٨٤٩-١٩٠٥)، محەمەد رەشید رەزا (١٨٦٥-١٩٣٥)، ئەمیر شەکیب ئەرسەلان (١٨٦٩- ١٩٤٦)... کە خوازیاری بەدیهێنانی ریفۆرم و نوێخوازیی و یەکخستنی مەزهەب و گروپە ئیسلامییە جۆربەجۆرەکان بوون. و حەسەن بەنناش لەژێر کاریگەریی بیروباوەڕی ئەو کەسایەتیانەدا، و بەمەبەستی زیندووکردنەوەی خەلافەت و یانیش هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی دەوڵەتیی ئیسلامیی بەهێز کە نوێنەرایەتی گشت موسوڵمانانی جیهان بکات. هەوڵیکی زۆریی فکریی و رێکخراوەیی دا، تا لە ئەنجامدا لەشێوەی بزووتنەوەیەکی وەک ئیخوان موسلیمیندا بەرجەستەبوو.
٢- سەرهەڵدانی مۆدێرنیتەی ئەوروپا و پەیڕەوکردنی سکولاریزم: رەواجی سکولاریزم و بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕەکانی لە خۆرهەڵات و بەتایبەتیش میسر کە بنەما هەرەسەرەکیەکەی بریتییە لە جیاکردنەوەی ئایین لەدەوڵەت. تەواوی رەوت و بزووتنەوە ئیسلامییەکانی تۆقاند، لەوەی بەرەبەرە ئایین و خواپەرستی لەناودەچێت. کاتێکیش زانییان کە ئۆتۆریتەی فەرمیی و نەریتیی ئەو سەردەمە گەندەڵ و سواو وکۆن بووە، و لەمڕووەوە هیچی لەدەست نایەت، وەک هەوڵدانێک بۆ نوێکردنەوە و ئەنجامدانی ریفۆرم، پەنایان بۆ دامەزراندنی وەها بزووتنەوەیەکی وەک ئیخوان موسلیمین برد. جگە لەمەش سکولاریزمی خۆرئاوا، کاریگەرییەکی وای لەسەر خۆرهەڵات دانا، کە بەشێکی زۆر لەبیرمەندو نووسەرو رۆشنبیرانی ناسراو وەها هیوایان لەسەر سکولاریزم و سیستەمی حوکمڕانی لیبرالیستیی هەڵچنی کە گوایە بەهەشتە بزربووەکەی خۆیانیان لەوێدا دیتۆتەوە و بەجۆرێک کەوتنە سووکایەتیکردن بەفەرهەنگ و دیرۆک و زمان و تەنانەت جلوبەرگی خودی... کە لەبری ئەوەی ببێتە هۆکارو پاڵنەری چاوکردنەوەی خەڵکی بەرەو پێشکەوتن، ئاکامی پێچەوانەی دابەدەستەوە. لەمیسر لەوسەروبەندەدا رەوتێکی فراوانی فکری نوێخواز، پەیدابوو کە کەسایەتی ناوداری وەک: تەها حوسێن، سەلامە موسا، ئەحمەد لوتفی... لەخۆدەگرت، کە رەواجیان بەبیروباوەڕی خۆرئاوایی دەدا، بیروباوەڕی رۆژهەڵاتیان، بەهەموو رەنگەکانییەوە بەدواکەوتوو، وکۆنەپەرست و خورافاتی لەقەڵەمدەدا، سەلامە موسا دەنووسێت: (ئێمە ئەمڕۆ لەنێوان خۆرهەڵات وخۆرئاوادا دوودڵی دەنوێنین، حکومەتێکمان هەیە بەشێوازی ئەوروپایی. کەچی لەناو ئەو حکومەتەدا هەندێ دەزگای خۆرهەڵاتی وەک وەزارەتی ئەوقاف و دادگا شەرعیەکان دەبینینەوە کە پێشکەوتنی وڵات بەدوادەخەن. زانستگایەکمان هەیە فەرهەنگی جیهانی شارستانی بڵاودەکاتەوە، کەچی لەتەک ئەودا ئەزهەر هەیە کەپەرە بە فەرهەنگی سەدەکانی ناوەڕاست دەدات، ئەفەندی فەرەنگیمان هەیە خاوەن ماڵ وحاڵی خاوێنن و پەرتوکی باش دەخوێننەوە، کەچی لەتەک ئەواندا پیرمێردی واهەیە هێشتا عەباو جبەیان لەبەردایەو قیبتی و جولەکە بەکافر ناودەبەن هەربەوجۆرەی عومەری کوری خەتاب پێش ١٣٠٠ ساڵ دەیکرد.)١ جگە لەمە بڵاوبوونەوەی جلوبەرگی خۆرئاوایی، مەترسی تێکچوونی بنەما ئەخلاقیە نەریتییەکانی هێنایە ئاراوە. هەرلەبەرئەمەیە کە ساڵی (١٩٣٨) شێخی ئەزهەر پێشنیاز دەکات کە ئەفسەرە میسریەکانی لە جیاتی بێری و شەپقەو کڵاوی خۆرئاوایی، عەمامە لەسەر بکەن و حەسەن بەناش لایەنگیریی دەکات٢ لەرووی زانستیشەوە دەرکەوتنی تیۆریی داروین، کە ئەوکات زۆر زووبوو تا کۆمەڵگەی ئیسلامیی لەخۆرهەڵات، وەها تیۆرییەکی پێ قبوڵ و هەرس بکرێت و لەلایەن موسوڵمانانەوە وەک سوکایەتیەک بە قورئان و پرسی پەیدابوونی مرۆڤ و ژیان بەگشتی هەڵسەنگێنرا. ئەمڕۆش کەئەو مەودا زەمانیە درێژە بەسەر ئەو دیرۆکەدا تێپەڕیوە دەبینین (ئاکەپە) و ئەردۆگانی رێبەری لە رووی فکرییەوە هێشتا لەو رابردووەدا دەژین، و خوێندنی ئەم تیۆریە جارێکی تر لەتورکیا قەدەغە دەکرێت.
٣- کۆلۆنیالیزم و لاوازیی حوکڕانان لەوڵاتە ئیسلامییەکاندا: خۆرئاوا، بەتایبەتیی، دوو وڵاتی کۆلۆنیالیستیی، ئینگلیز وفەرانسە سوودیان لەلاوازبوون و پاشانیش روخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی وەرگرت و چاویان بڕیە پاشماوەو میراتی ئەو ئیمپراتۆرییە. و لەچەند شێوازو بەرگی جۆراوجۆردا داگیرکاریی و تاڵان و بڕۆیەکی بێ ئەمانیان دەستپێکرد و بەسنووری دەستکرد وڵاتانیان پارچەپارچەکرد، و تۆوی دووبەرەکیان لەناو نەتەوەکاندا چاند و تەنانەت کاتێک، پاشەکشەشیان کرد، تەنیا حوکڕانانی لاوازو گەندەڵ و ملکەچ شوێنی کۆلۆنیالیستەکانی گرتەوە. ئەمەش ناڕازیبوونێکی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی لێکەوتەوەو هەست و غروری نیشتمانپەروەریی و مەزهەبیی لەیەک کاتدا رووشاند و گەلێک پارت وبزووتنەوە و رێکخراوی جۆراوجۆر وەک کاردانەوەیەکی بەرهەڵستکارانە هاتنە کایەوە و بزووتنەوەی ئیخوانیش وەک یەکێک لەو هێزانە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی بێگانان خۆی سەپاند.
٤- پەیمانی بلفۆڕ و درووستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل: ساڵی ١٩١٧ ئارتور جیمس بلفۆر، کە ئەوکاتە وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو، پێشتر سەرۆکی وەزیرانی ئەم وڵاتە بوو، نامەیەکی بۆ لۆرد والتەر روچیلد نووسی و لەوێدا لایەنگیریی دەوڵەتی بەریتانیا لەدامەزراندنی قەوارەیەک بۆ جولەکان رادەگەیەنێت. و پاشان ئەم نامەیە وەک سەرەتای هەوڵدان بۆ درووستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵسەنگێنرا. بەتایبەتیش کەدوای مانگێک لە نووسینی ئەم نامەیە بەریتانیا فەلەستینی داگیرکرد. و ساڵانی دواتریش هەوڵێکی زۆر خرایەگەڕ تا لەئاکامدا ساڵی ١٩٤٨ دەوڵەتی ئیسرائیل بەفەرمی دامەزرا. و ئەم رووداوانە موسوڵمانانی ترساندو کاردانەوەیەکی هێجگار گەورەی لەلایەن عەرەب و موسوڵمانانی جیهانەوە بەدوای خۆیدا هێنا و چەندان شەڕو کێشەی گەورەی لێکەوتەوە، کە هێشتاش هەر بەردەوامە. و یەکێک لە فاکتەرەکانی درووستبوونی بزووتنەوەی ئیخوان و پەرەسەندنەکەی ئەمەبوو کە بێدەسەڵاتی و پەرش وبڵاوی موسوڵمانان لەبەرانبەر هێزو هەژموونگەرایی بزووتنەوەی زایۆنیزم و دەوڵەتەکەی وایان لە موسوڵمانان کرد کە بیر لە چارەسەری و رێگاوشوێنی بەرپەرچدانەوە بکەنەوە، کە بزووتنەوەی ئیخوان وەک یەکێک لەئاکامەکانی ئەم هەوڵانە خۆی سەپاند. و بەتایبەتیش لەبەرانبەر شکەستی سیاسەتی فەرمیدا، ئیخوان رەنگێکی خواوەندی بەبزووتنەوەکە بەخشی و وەک تاکە ئەڵتەرناتیڤێکی مسۆگەر خۆی ناساند. کەپاشانیش دەرکەوت نەک هیچی پێنەکرا، بەڵکو بۆخۆشی بووە بەشێک لەهۆکارەکانی شکەست و ناکۆکیەکان.
٥- رەواجی کۆمۆنیزم، لەسەرەتادا هیچ پەیوەندییەک لەنێوان درووستبوونی ئیخوان و کۆمۆنیزمدا نەبوو، بەڵام بەبڵاوبوونەوەی ئەو بیروباوەڕەو درووستبوونی پارتەکۆمۆنیستەکان لەوڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی و درووستبوونی بەرەی چەپ بەگشتیی، ئیخوان بەرەبەرە لە ترسی رەواجی کۆمۆنیزم کە وەک سیمبۆلی کوفرو بێدینی و خوانەناسیی دەناسرا، خۆرئاوای داگیرکارو کۆلۆنیالیزمی بیرچۆوە و دژایەتی کۆمۆنیزم، لەلایەن بزووتنەوە مەزهەبیەکان و ئۆتۆریتەی ئاینیی بەگشتی و لەهەمووشیان پتر ئیخوان بوو بە ئامانجی هەرەگەورەو پیرۆزو هێزو تواناو مۆتیڤی مانەوەو پەرەسەندنی خۆیان لە دژایەتی کۆمۆنیزمدا دەدیتەوە. کە بێگومان لێرەدا رۆڵی خۆرئاوا بەگشتیی و ئیسرائیل بەتایبەتی، بریتی بوو لە قوڵکردنەوەی ئەم ململانێیەو خۆشکردنی ئاگرەکەی تا بەڵکە دوو دوژمن بە گژ یەکتردا بکەن و خۆشیان بەرهەمەکەی بچننەوە.

چۆن ئیخوان پێناسە بکەین؟
بزووتنەوەی ئیخوان کە لەژێر کارییگەریی ئەو هۆکارانەی سەرەوەدا، بەدیهات، لەقۆناغ و سەردەمێکدا بوو، کە زۆر زوو پەرەی سەند و بۆشاییەکی گەورەی وەهای پڕکردەوە کە بە بزووتنەوە سیاسییەکانی تر پڕنەکرابۆوە. ئیتر ئەم بزووتنەوەیە، بەمیسر دەستی هەڵنەگرت و سنووری وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی یەک لەدوای یەک دەربازکرد. ئەمەش وەنەبێ هەروا لەخۆڕا بەدیهاتبێ بەڵکو لەئاکامی نەخشەو پرۆژەیەک بوو، کە رێبەری ئەم بزووتنەوەیە، واتا حەسەن بەننا، دایڕشتبوو. و پێناسەی ئیخوان بەلای حەسەن بەنناوە لەو گۆشە نیگایەوە دەبینرێت کە ئیسلامی پێ پێناسەدەکات و دەڵێت: (ئیسلام بریتییە لەبیروباوەڕو عیبادەت، نیشتمان و ڕەگەز، ئایین و دەوڵەت، ڕۆحانیەت و کردار ، قورئان وشمشێر. و هیچ کام لەم جووتانە لەیەکتر جیانابنەوە.)٣ ئیتر دوای ئەوەی بزووتنەوەکەی خۆی گرت و فراوان بوو، ساڵی ١٩٤٧ نامەیەکی بۆ زۆربەی سەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی نارد بە ناونیشانی: (نحو النور)، واتا: بەرەو رووناکیی، کە لە پەنجا خاڵدا، رێنوێنیان دەکات سەبارەت چۆنییەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و شێوازی حوکمڕانیی و زیندووکردنەوەی نەریتە ئیسلامییەکان و چۆنیەتی رووبەرووبوونەوەی مەترسییە دەرەکیەکان. هەروا نوێنەرانی خۆی بەمەبەستیی بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕە نوێکەی بۆ ناو خەڵکی ئەو وڵاتانە نارد و هەرزوو لەوڵاتانی سوریا، لوبنان، فەلەستین، ئوردون... باڵی ئیخوان دامەزران و پاشانیش بەرەبەرە بە تەواوی وڵاتە ئیسلامییەکاندا، چ بەشێوازی ئاشکرا و یاسایی، یان بەنهێنی و نایاسایی، لەژێر ناوی جۆربەجۆردا بڵاوبۆوە. وهەرچەندە ئیخوان سەرەتا خۆی وەک چوارچێوەیەکی گشتیی فکریی، نەک پارت و رێکخراوی سیاسیی خستە روو، لەهەندێ قۆناغدا توانی ئەم رۆڵەی واتا وەک چوارچێوەیەکی گشتیی ببینێت، بەڵام پتری بزووتنەوە ئیخوانییەکان لەئاکامدا هەر بوونەوە بە پارتی سیاسیی.
بزووتنەوەی ئیخوان وەک هەر بزووتنەوە و رەوتێکی فکریی سیاسیی یان مەزهەبیی، پارچەبوون و جیاوازیی بیرو بۆچوون و ناکۆکی سەبارەت شێوازی کارکردنی سیاسیی و مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تردا تێکەوت و بەسەر جۆرەکانی وەک ئیخوانی توندڕەو، و ئیخوانی میانەڕەو... دابەشبوون. و ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیخوان لە وڵاتی تورکیا لەژێر ناوی ئاکەپەدا خاوەن گەورەترین پێگەی دەسەڵاتە، و لەوڵاتانی مەغریب، تونس، لیبیا، ئوردون... لەناو پرۆسەی سیاسییداون و خاوەن نوێنەرایەتیی پەرلەمانیین. و ئەگەر بخوازین بەشێوازێکی راست ودروست پێناسەی ئیخوان و شرۆڤەی بیروباوەڕ و دیرۆکە پڕ لەهەورازو نشێوەکەی بکەین پێویستمان بە دوو شێوازی پێناسەکردنە یەکەمیان بەوجۆرەی ئیخوان خۆی پێناسەی خۆی دەکات کە لێرەدا ناچارین زۆر بەکورتی لەمیانی ئەو ئامانجانەوە کە ئیخوان بۆخۆی بانگەشەی راپەڕاندن و بەدەستهێنانی دەکات، بەدەستی بخەین، کە بەمجۆرەیە:
١- تەفسیرکردنی قورئان بەشوێوازێکی راست ودروست، کە بکرێت لەبەرانبەر تەفسیرە هەڵەکاندا بەکاربێت.
٢- بانگهێشتنی میسرو وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەوەی لەسەر بنەماو ئەحکامی قورئان وشەریعەتی ئیسلام حوکمڕانی پەیڕەو بکەن.
٣- لەرووی ئابوورییەوە، پارێزگارییکردن لەسامانی نەتەوەیی، پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵک و پەیڕەوکردنی عەدالەت.
٤- کارکردن لەپێناو دژایەتیکردنی جەهل و نەخۆشی و هەژاریی.
٥- ئازادکردنی میسر، وەک هەنگاوی یەکەم، و پاشانیش تەواوی وڵاتانی عەرەبی. دواتریش بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسلامی لەجیهاندا.
٦- لایەنگیریی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتیی جیهانی، لەسەر بنەمای شارستانیەتی مرۆڤایەتیی و بنەما نوێیەکانی مادی و مەعنەوی ئیسلام، و ئیخوان موسلمین.
بەڵام لە پشت ئەم واژەو دەستەواژنەدا کە هەندێکیان زۆر جوان و شایستە خۆ دەنوێنن، واتاو چەمکی تر شاردراونەوە، کە لە وردەکارییەکاندا بەدیاردەکەون. بۆنموونە چەمکی (جەهل)، لای ئیخوان وەک شێوازە ستانداراد و باوەکەی بەواتای نەخوێندەواریی، دواکەوتوویی، بێئاگایی، ناهۆشیاریی... نایەت. بەڵکو یەک واتای هەیە ئەویش، بێباوەڕەییە. بێباوەڕیش بەواتای ئەوەی کەسێک کە هێشتا موسوڵمان نەبووە. موسوڵمانیش لای ئەوان، ئەوکەسە نییە نوێژورۆژو ئەرکەکانی تر پەیڕەودەکات بەڵکو پێوەریی تایبەتی هەیە، کە لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەکی تۆکمەدا بنەماکانی داڕێژراون. ئەمە دەربارەی تەواوی چەمکەکانی تری وەک عەدالەت، ئازادیی، شەڕو ئاشتیش... هەربەوجۆرەیە و واتاو لێکدانەوەی ئیخوانییەکان بۆئەم چەمکانە جیاوازن لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانی پێناسەیان بۆدەکرێت و بۆنموونە، ئازادیی لەبیری ئیخوانیدا هیچ پەیوەندییەکی بەئازادیی سیاسیی، و بیروبۆچوون و داهێنان و شێوازی ژیانەوە نییە. بەڵکو بەلای ئیخوانەکانەوە ئازادیی تەنیا ئازادیی ئیسلامییە (ئازادیی ئیسلامیش بریتییە لەوەی دەوڵەتەکەی لەژێردەستی غەیری خۆیدا نەبێت)٤ ئەمەش ئەم واتایە دەگەیەنێت کە دەوڵەتی ئیسلامی خۆی بەواتای ئازادییە و ئیتر هیچ کەس مافی ئەوەی نییە باس لەئازادییەکی تر بکات.
بێگومان ئیخوان، خاوەنی ناکۆکیی و پارادۆکسێکی فراوانە لە نێوان تیۆریی و پراکتیکدا، و هەروا لەنێوان باڵەجۆربەجۆرەکان و دوودڵی و ڕاڕاییش سەبارەت هەندێ لە بنەماکانی لەئارادایە و لەبەر ئەوەی ئیخوان خاوەن یەک ڕەنگ و یەک فۆڕم نییە، ناکرێ هەموو ئەمانە بخەینە ناو قاڵبێکەوە. بەڵام تەواوی بزووتنەوە ئیخوانییەکان لانیکەم لەپەیڕەویکردن و باوەڕهێنان بە بیروباوەڕی دامەزرێنەرو ڕێبەرەکەیان حەسەن بەننا کۆکن. ئێمەش بیروباوەڕەکانی بەننا دەکەینە پێوەرو بنەما بۆ ئەم ناساندنە، کەدەکرێ لەچەند خاڵی سەرەکیدا بیخەینە روو:
١- سەلەفیەت (کۆنەپەرەستیی): ئیخوان وەک خۆیان هەمیشە هەر لەسەرەتای درووستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ و لەسەر ئاستی گشت ڕەوت و باڵە جۆربەجۆرەکانی جەختیان لەسەر کردۆتەوە، پابەندبوونیانە بەسەلەفیەتەوە. واتای ئەمەش ئەوەیە کە یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی ئیخوان گێڕانەوەی کۆمەڵگای ئیسلامی و بگرە تەواوی مرۆڤایەتی بۆ سەردەمی ١٤سەدەپێش واتا سەردەمی پەیدابوونی ئایینی ئیسلامە. و بەپێی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی ئەوان بۆ ئەو هەموو گرفتانەی بەرۆکی ئیسلامیان گرتووە، دوورکەوتنەوەی موسوڵمانانە لەبنەماکانی ئەو سەردەمە. جا هەرکات توانرا کۆمەڵگە جارێکی تر بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوکاتە، تەواوی گرفتەکانی موسوڵمانان و مرۆڤایەتی چارەسەر دەبن. کەدیارە ئەمەش بەکەمێک شیکردنەوە بەواتای کۆنەپەرستییەکی ڕەهادێت. چونکە کۆنەپەرەستیی خەسڵەت و تایبەتمەندیی هەر کەس و لایەنێکە کەدژی هەر جۆرە گۆڕانکاری لەپەیوەندیی و بنەما ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێستا بێت و خوازیاریی گێڕانەوەی گشت ئەو پەیوەندیی و بنەمایانە بۆ ڕابردوو بێت. کاتێکیش بە کەس و لایەن و دەسەڵاتێک دەگوترێت کۆنەپەرەست کە توندڕەوانە دژی هەر نوێکاریی و خولیای گێڕانەوەی کۆنیان هەبێت. لەبەرانبەردا پێشکەوتنخوازیی بریتییە لەباوەڕهێنان بە گۆڕانکاریی و تۆکمەترکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی. پێشکەوتنخواز، هەمیشە خەبات بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ و لابردنی کۆسپە سیاسییەکان و بەدیهێنانی سیستەمی حوکمڕانی باشترو عادلانەتر دەدات. لێرەدا پێویست بە ئاماژەو جەخت لەسەرکردنەوەیە کە نواندنی توندڕەوی لە پێشکەوتنخوازیدا بەرابەرە بە توندڕەوی لە نەریتخوازیدا. چونکە ڕەتکردنەوەی هەر شتێکی ڕابردوو ئاکامی خراپ و پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە. ئیتر نە گشت بایەخەکانی ڕابردوو لەنەریتی کۆمەڵگادا هەموو خراپن و دەبێ وەلایان بنێین، نەهەموو ئەم شتانەش کە بەرهەمی مۆدێرنیزمن دەچنە خانەی پێشکەوتنخوازییەوە. لەبەر ئەمە نەهەموو ئاوڕدانەوەیەک بۆ رابردوو کۆنەپەرستییە. و نەڕەتکردنەوەی هەمووشیان پێکەوتنخوازییە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئیخوان توندڕەویەکی بێسنوور لە پەرستنی رابردوو، و رەتکردنەوەی هەر نوێخوازیی و گۆڕانکاریەکی نوێش پەیڕەودەکات دەچێتە خانەی کۆنەپەرستییەکی تۆخەوە و بەکارهێنانی چەمکەکانی وەک ریفۆرم و چاکسازیی و نوێکردنەوە ... لە لایەن ئیخوانەکانەوە هیچ واتایەکیان نییە چونکە واتای گشت ئەمانە لای ئیخوان دیسان هەر گەڕانەوەیە بۆ پشتەوە و نوێبوونەوە دیسان بەواتای زیندووکردنەوەی رابردوو دێت. جێگای ئاماژەیە کە ئیخوان تاکە بزووتنەوەی سەلەفی نییەو بزووتنەوەی تری وەک وەهابیی، وسنوسیی، مەهدەوی... هەرچەند لەگەڵ ئیخواندا ناکۆکن، بەڵام سەبارەت پرسی سەلەفیەت، هاوشێوەن.
٢- تەکفیر: پرسی کوفرو ئیمان بەشێوازیی جۆراوجۆرو لەچەندان بۆنەی جیاوازدا هەم لەلایەن حەسەن بەنناو هەمیش رێبەرە یەک لەدوای یەکەکانی ئیخوان باسی لێوەکراوە، حەسەن بەننا بنەمایەکی ڕەها بۆ کێشانەوەی سنووری نێوان ئیماندارو بێ ئیمان لە دەوڵەتان و کۆمەڵگەکان دەکێشێتەوە و دەڵێت: (ئیسلام شەریعەتێکی خواوەندییە، رێنوینی مرۆڤایەتی حوکمی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆی هێناوە، کەپاراستن و بڵاوکردنەوەو چاودێری جێبەجێکردنی و گەیاندنی بەوانەی تا ئێستا باوەڕیان نەهێناوە بەدەوڵەت بسپێرێت. هەردەوڵەتێک ئەمانەی پشتگوێ خست ئیتر ئیسلامی نییە، هەر کۆمەڵ و نەتەوەیەکیش بەوەها دەوڵەتێک رازی بێت ئیتر موسوڵمان نییە.)٥
بەگشتیی لەناو ئیخواندا باس لەدوو باڵی سەرەکیی سەبارەت پرسی تەکفیر دەکرێت کە یەکێکیان هەمان باڵی حەسەن بەنناو ئەوی تریشیان باڵی سەید قوتبە و جیاوازیی نێوان ئەم دووانەش توندڕەووی و میانەڕەویەو لەم ناوەدا باڵی سەید قوتب بە توندڕەوەکە دادەنرێت. کەبەبڕوای من هیچ جیاوازییەکیان نییەو هەردوو لەیەک ئاستی توندڕەویدان. فەرید عەبدولخالق ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئیخوان لە نوسراوێکیدا بەناوی (ئیخوان موسلمین لە تەرازووی حەقدا) دەڵێت: (بیروباوەڕی تەکفیر لە ناو گەنجانی ئیخوانیدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا وشەستەکان لە زیندانی قەناتر. لەژێر کاریگەریی بیروباوەڕو ناسینەکانی سەید قوتب. دەربارەی ئەوەی کە کۆمەڵگە لەسەردەمی جاهیلیدایە. و قوتب ئەو دەسەڵاتدارانە بەکافر لەقەڵەم دەدات کە لەحوکمەکانی خواوەند لایانداوە و ئەوانەش کە بەم دەسەڵاتدارانە رازین.)٦ دەبینین ئەم قسەیەی سەید قوتب لەگەڵ ئەو نموونەی پێشتری حەسەن بەننادا یەک واتایان هەیە وبریتییە لەوەی هەرکەس موسڵمان نەبێت کافرە، و کافریش شایستەی لەناوبردنە!
لەشەستەکانی سەدەی رابردوو، و لەژێر کارییگەریی بیروباوەڕی ئیخوان و بەتایبەتیش سەید قوتب، گروپێکی تەکفیری توندڕەو لەمیسر بەناوی (جماعة التکفیر والهجرة)، لە میسر درووست بوو. کە باوەڕیان وابوو، جگە لەخۆیان تەواوی مرۆڤایەتی کافرن. و بەڵکو لەسەدەی چوارەمی کۆچی بەملاوە، تەواوی سەدەکانی تر، بەسەدەی کوفر ناودەبەن. و تەواوی دەوڵەتان کافرن چونکە لەسەر بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام ناڕۆن و تەواوی کۆمەڵگەکانیش کافرن چونکە لەبەرانبەر ئەم دەوڵەتانەدا یاخی نابن. و تەواوی زانایانی ئیسلامیش هەر بەمجۆرە و هەرکەسێکیش ببێتە ئەندامی ئەم گروپەو پاشان دەست هەڵگرێت ئەویش کافرەو خوێنی حەڵاڵە. چەمکی (هیجرە) ش لەمەوە هاتووە کە ئەوان باوەڕیان وایە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخ، جاهیلە و بتپەرستە دەبێ موسوڵمانانی راستەقیبە ئەم کۆمەڵگەیە بەجێبێڵن و لەدوورەپەرێزیدا جیهادی خۆیان بکەن.
کارییگەریی بیروبۆچوونەکانی حەسەن بەننا و سەید قوتب بەتایبەتی لەم چاند ساڵانەی دواییەدا بەئاشکرا بەسەر گروپە تێرۆریستیەکانی وەک ئەلقاعیدە وداعش و لەوانەش پتر بەسەر بەرەی نووسرەوە دیار بووە و لەوشوێنانەی ئەم گروپانە دەسەڵاتداربوون گوفتارەکانی سەید قوتبیان وەک دروشم بەسەر دیوارەکانەوە هەڵدەواسیی. (ئەمیری بەرەی نوسرە، ئەبو محەمەد جولانی ساڵی ٢٠١٥ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا، دان بەمەدا دەنێت کەپەرتووکەکانی ئیخوان موسلمین دەخوێنن و وانەکانی فێری لەیەنگرانیان دەکەن، بەتایبەتیش بیروباوەرەکانی سەید قوتب دەربارەی جیهاد و کوشتنی کافران.)٧
لەجیهانی ئەمڕۆدا، وڵاتان، تەنانەت رێکخراوە ئیسلامییەکانیش زمانی دیپلۆماتیک بەکاردەهێنن، چ لەگەڵ دۆست یانیش دوژمنەکانیان. و هیچ وڵاتێک، یان رێکخراوێکی ئیسلامی، تەنانەت عەرەبستانی سعودی و ئێرانیش لەپەیوەندی خۆیان بەدەرەوە باسی کوفرو ئیمان ناکەن، بەڵام بزووتنەوە تێرۆریستییەکان، بەئیخوان و پاڵپشتەکانیانەوە ئەم کارە دەکەن. رۆژی ٢٤-٨-٢٠١٨ تونس باڵیۆزی تورکیای بانگهێشت کرد تا یاداشتێکی ناڕەزایی بداتە وڵاتەکەی لەسەر ئەوەی بانگخوازی ئیخوانی میسری، وەجدی غونەیم، کە لەتورکیا پارێزراوە، بە سەرۆکی ئەوکاتی تونس، ئەلباجی قائد سبسی گووتبوو کافرە. پێشتریش رێبەری فکریی هەرەگەورەی ئیخوان یوسف قەرەزاوی سەدام حوسێنی ناردبوو بۆ بەهەشت چونکە بەر لەسێدارەدانی شەهادەی هێنابوو. بەڵام بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی بەکافر دانابوو، چونکە لەپێناو بەدەستخستنی مافە زەوتکراوەکانی خۆیدا و لەپێناو پاراستنی ئابڕوومەندیی نەتەوەکەی سەری خۆی بۆ ئەردۆغان ناچەمێنێتەوە.
تێرۆریزم: بزووتنەوە ئیخوانیەکان بەحوکمی ئەوەی سەلەفی جیهادیی، و شمشێر بەدەستن.. ئەو باوەڕو بنەمایانەی دامەزرێنەر و رێبەرەکەیان کە ئەگەر نەڵێین هەموو، ئەوە زۆربەی هەرەزۆری بزووتنەوە ئیخوانییەکان قبوڵیانە و پەیڕەوی دەکەن، بۆی داڕشتوون، زۆر بەئاسانیی ئەو مەشروعیەتەیان دەداتێ هەر کات بۆیان هەڵکەوێت و توانای راپەڕاندنیان هەبێت، وەک یەکەمین بژاردەیەک پەنا بۆ تێرۆر ببەن.
بزووتنەوەی ئیخوان بەپێی بنەماسەرەکیەکانی کە حەسەن بەننا دایڕشتووە، ئەرکی هەرەسەرەکی بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامیی. ئەو دەوڵەتە ئیسلامییەش کە پێناسەی دەکات، خاوەن چەند تایبەتمەندییە، لەسەرووی هەموویانەوە (جیهانییبوون) یەتی. بەم واتایەی ئەرکی ئیخوان دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامییە کەسەرتاسەری جیهان و مرۆڤایەتی لەژێر دەسەڵات و لەناو قەڵەمڕەیدا و ملکەچ و فەرمانڕەوای بن. بۆ بەدیهێنانی ئەم دەوڵەتەش دوو ئەرکی بنەڕەتی و حاشاهەڵنەگر دەستنیشاندەکات کە بریتین لە (دعوة) و (جیهاد)، مەبەستیش لەدەعوە، ئاگادارکردنەوە و بانگهێشتی تەواوی کۆمەڵگەو دەوڵەتان و گشت خەڵکی جیهانە بۆ ئەوەی ببن بە موسوڵمان. ئەو بانگهێشتنەش بۆئەوەی بەباشی و بەوجۆرەی پێویستە بەڕێوەبچێت دەبێت لەسایەی جیهاد دابێت. جیهادیش وەک پاشان بۆمان دەردەکەوێت بێ پێچ و پەنا مەبەستەکەی بریتییە لەجەنگ. حەسەن بەننا ساڵی ١٩٤٨ لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری (الشهاب)، بڵاودەکرێتەوە ئەو هەلومەرجانە دیارییدەکات کە جیهاد لەوێدا دەبێتە ئەرکێکی شەرعی کە بریتین لە:
١- پارێزگارییکردنی بانگهێشت (دەعوە)، چونکە دەبێ ئاینی ئیسلام بەهەموو مرۆڤایەتی رابگەیەنرێت، و هەر کۆسپێک بێتە سەر ئەم رێگایە دەبێ لاببرێت و دەبێ دوای ئەم دەعوەیە هەڵوێستی هەر کەس ولایەنێکیش کە دەعوەی پێ راگەیەنراوە، بزانرێت.
٢- فریاکەوتنی مەزڵومانی خاوەن باوەڕ لەهەر شوێنێکی جیهاندا بن و سەرخستنیان بەسەر زاڵماندا.
٣- بەسزاگەیاندنی ئەوانەی پەیمان دەشکێنن وئەو تاقمانەی بەسەر خاوەن باوەڕانەوە خۆیان دەسەپێنن وسەرکوتیان دەکەن، و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خواوەند یاخی دەبن، وئەوانەی فەرمانی عەدل و ئیسلاح رەتدەکەنەوە.٨
پاشان لەوتارێکی تردا بە ناونیشانی (فی سبیل الکرامة) واتا: لە پێناوی ئابڕوومەندیدا، باس لە مەرجێکی تر دەکات بۆ جیهاد و دەڵێت: بڵاوکردنەوەی عەدالەت لە ناو خەڵکدا، تا هیچ کافرێک لەسەر رووی زەوی نەمێنێت کە ببێتە فیتنە و بۆئەوەی ئایین هەمووی بۆ خوابێت.)٩
ئەمجار دەڵێت: بێجگە لەم حاڵەتانە ئیسلام رێگا بەجەنگ نادات!! ئێمەش دەپرسین: مەگەر شتێک دەمێنێتەوە؟ هەموو مرۆڤایەتی بە زەبری شمشێر و زۆرەملێیانە دەبێ ببن بە موسوڵمان و هەتا یەک تاکە کەسێک لەجیهاندا بمێنێتەوە کە موسوڵمان نەبووبێت، ئەوە جەنگ بەردەوام دەبێت. مەگەر رێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش و بۆکۆحەرام و شەباب موجاهیدین... شتێکی لەمە زۆرتریان گووتووە؟ مەگەر گێچەڵ و شەڕفرۆشتن بەمرۆڤایەتی دەکرێ رەنگێکی لەمە خراپتر و ئاشکراتری هەبێت. ئیتر کاتێک ئەمە دەبینین، ئەمجار بۆمان دەردەکەوێت بۆچی و چۆن ئاکەپە و ئەردۆگانی ریبەری یارمەتی تێرۆریزمی جیهانی دەدەن و خۆیان بە بەشێک لەوان دەزانن.!!
ئیخوان بەو بیروباوەڕە توندڕەوە شەڕخوازانەیەوە، نەک تەنیا بۆ ئەندام و لایەنگرو پەیڕەوانی خۆی، بەڵکو بۆ هەر موسوڵمانێکی سادە، وەک قوتابخانەیەکی بنەڕەتی وایە بۆ فێرکردنی تێرۆر. هەربۆیە دەبینین ئوسامە بن لادن لەژێر دەستی رێبەرێکی تری ئیخوانی بەناوی عەبدوڵا عەزام کە ئیمامی موجاهیدە عەرەبەکانی ئەفغانستان بوو، پەروەردە دەبێت و ئەو مرۆڤەی لێدەردەچێت کە هەمووان دەیناسن. و لەسەردەمی هاتنەسەرکاری تالیبانیش لەئەفغانستان بزووتنەوە ئیخوانییەکان پشتیوانی ئاشکراو راشکاویان بۆ ئەو حکومەتە راگەیاند. هەروا یوسف قەرەزاویش بەئاشکرا رایگەیاند کە ئەبوبەکری بەغدادی سەرەتا ئیخوانی بووە و لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا پەروەردە بووە. ئەمەش شاراوە نییە کە ئەیمەن زەواهیری رێبەری ئێستای ئەلقاعیدە لەتەمەنی پانزەساڵیەوە ئەندامی بزووتنەوەی ئیخوان بووە لە میسر.
مەرگپەرستیی: تەواوی ئایدۆلۆژیاکانی جیهان بەباش و خراپیانەوە، هەرئامانجێکی پیرۆز یان چەپەڵیان هەبێت، لەئاکامدا لەپێناوی ژیان و شتێک کە لەژیاندا مرۆڤ بەدەستی دەهێنێت، پاساوی بوونی خۆی رادەگەیەنێت. ئیتر لەجۆرە باشەکانیدا باس لەئازادیی و ماف و بڕومەندیی و عەدالەت و بەگشتیی بەختەوەریی مرۆڤە، لەجۆرە خراپەکانیشیدا باسی دەسەڵات و پارەو سامان و نەژادپەرستیی وهەژموونگەرایی و چەمکەکانی هاوشێوەیانە. تەنانەت لەفاشیزمدا، کە خراپترین ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، دیسانیش ئامانجێک هەیە کەبریتییە لە نەتەوە، یانیش دەوڵەت. و هەمیشەش لەدیرۆکی کۆن و نوێدا مرۆڤ لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواکانیدا قوربانی دەدات و گیانی خۆی فیدا دەکات. واتا، خۆفیداکردن لەپێناوی شتێکدا کە ژیان پێویستییەتی. بەڵام لەبیروباوەڕی ئیخواندا بە پێچەوانەی هەموو ئایدیۆلۆژیاکان، ئەوەی هەیە لەپێناوی مەرگدایە و مرۆڤ دەبێ تەنیا لەپێناوی مەرگدا بژیت و بمرێت. حەسەن بەننا دەڵێت: (مەرگ هونەرە، هونەرێکی جوانە لە پاڵ تاڵیەکەیدا، بەڵکو جوانترین هونەرێکە ئەگەر بەدەستی هونەرمەندێکی لێهاتوو بەرهەم هاتبێت، قورئانیش ئەمەی خستۆتە روو کە خەڵک چەندە ژیانیان خۆشدەوێت خاوەن باوەڕان مەرگ)١٠ لێرەدا حەسەن بەننا کە پەیڕەوانی هانی مەرگ دەدات، پێشتر وەک هەر بیروباوەڕو مەزهەبێکی تر باسی هەموو چەمکەکان و خواستەکانی مرۆڤ دەکات بەڵام پرسیار ئەمەیە ئایا کاتێک مرۆڤ فەلسەفەی ژیانی تەنیا بریتی بێت لەوەی ئەوینداری مەرگ بێت ئیتر ئایا باسکردنی ئەو چەمکانە واتایەکیان تێدا دەمێنێتەوە؟
مرۆڤ چ لەسەر بنەمای غەریزەکانی، یانیش لۆژیک و عەقڵ و هەستەکانی بێت، ژیانی خۆشدەوێت. و ئەمە شێوازی ئاساییە و هەرشتێک پێچەوانەی ئەمەبێت، نامۆ، و نائاسایی، ودژی بایەخە ئەخلاقیەکانیشە ئەوانەش کە گیانی خۆیان فیدای ئامانجێک دەکەن، هەرگیز لەبەرئەوە نییە کە مەرگیان خۆشدەوێت، بەڵکو لەبەر بایەخدانانیانە بۆ ژیان و کاتێکیش ژیانێک کەشایستە بێت لەئارادا نییە خۆی دەکاتە قوربانی تا خەڵکانی تر بەوژیانە شایستەیە بگەن، ئیتر بوونی مەرگ بە ئامانجی پیرۆزو کۆتایی تەنیا لەفەرهەنگیی تێرۆریستاندا دەبینرێتەوە کە بەراستی دژی ژیان و مەرگپەرستن!
نەژادپەرستیی: یەکێک لەشانازییەکانی تری ئیخوان ئەمەیە کە گوایە لەسەرووی نەژادو تایەفەو گروپەوەن و خاوەن باوەڕان هەموو لەسەرئاستی باوەڕو خواپەرستیان لەبەرانبەر خواوەندا بەپێی حەدیسی پەیامبەر(لافرق بین عربی و عجمی الا بالتقوی)، بەرابەرن. بەڵام وەک پاشان لەگوفتارو رەفتاردا دەردەکەوێت، ئەوان تەنیا دژی تایەفەگەریی و نەتەوەپەرستیی و نەژادپەرستین ئەگەر نەتەوە غەیرە عەرەبەکان بیکەن. بەواتایەکی تریش هەموو نەتەوەکان بۆئەوەی تایەفەگەریی و نەتەوەگەرایی نەمێنێت هەموو لە عەرەبدا بتوێنەوە. هیچکەس نابێ باس لەنەتەوەی خۆی بکات بەڵام ئەوان دەتوانن بیکەن. حەسن بەننا ساڵی ١٩٤٠ لەگۆڤاری (التعارف)دا دەنووسێت: (دەوڵەت و میللیگەرایی وزانست لەبەنەما سەرەکییەکانی ئیسلامن)١١، بەمەندەش راناوەستێت و گوناهی هەرچی شکەستی ئیسلام هەیە بەئەستۆی نەتەوەکانی تری وەک تورک و فارس و مەمالیکدا دەدات و هۆکاری ئەو شکەستانە لەوەدا دەبینێت کە چونکە دەسەڵاتی رێبەرایەتی لەدەست عەرەب هاتۆتە دەرێ و کەوتۆتە دەست غەیرە عەرەب.
محەمەد عەبدە کە روناکبیرترین و نوێخوازترین رێبەرێکی ئیخوانییە دەڵێت: (ئیسلام کراوە بە عەجەمی و دەوڵەت کەوتۆتە ناو مشتیان. ئەوان نە ئەو عەقلەیان هەیە کەئیسلام رایهێنابێت و نەئەو دڵەش کەئایین پاکیکردبێتەوە. بەڵکو بەتوندوتیژیی جەهلەوە هاتنە ناو ئیسلام...)١٢، حەسەن بەنناش بەهەمان شێوزی عەبدە، هۆکاری شکەستی ئیسلام دەگێڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنی دەسەڵاتدارانی غەیرە عەرەب لەناوەرۆکی قورئان و حەدیس و حوکمە شەرعییەکان و دەڵێت: (ئەوانەی تامی ئیسلامی راستەقینەیان نەچەشتووەو دڵیان بە تیشکی قورئان رووناک نەبۆتەوە چونکە لەواتاکەی نەگەیشتوون، لەگەڵ ئەوەدا کەبیشی خوێننەوە).١٣ ئەمە لەفۆرمە تورکیەکەی ئیخوانی ئاکەپەییدا بەهەمان شێوازەو تورکچیەتی و پانتورکیزم و نەژادپەرستیی تورکی جێگای عروبەی ئیخوانی عەرەبی گرتۆتەوەو ئامادەن لەپێناو مرۆڤێکی بەڕەچەلەک تورک لەهەر شوێنێکی جیهاندا جەنگ بەرپاکەن، کەچی وای بەحاڵی کەسکی تر کە باسی مافێکی سروشتیی فەرهەنگی و نەتەوەیی خۆی بکات. ئەمە، نیشانەی ئەوەیە کەبیروباوەڕی ئیخوانی لەهەرشوێنێک بێت بەرگی ناسیونالیزمی ئەوشوێنە لەبەردەکات و لەم خاڵەشدا لەگەڵ ناسیونالیزمی غەیرە مەزهەبی یەکدەگرنەوەو هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکتردا نامێنێت. کاتی خۆشی سەدام و حزبەکەی بە هەمان شێواز سیاسەتیان پەیڕەودەکرد، عەرەب و عروبە ئەو دووچەمکە بوون کەلەپیرۆزیدا لەدوای خواوە دەهاتن کەچی دەیانگوت تایەفەگەریی، و میللیگەرایی قەدەغەیە! هەرلەبەر ئەم یەکگرتنەوەیەش بوو کەئیخوانەکان هیچکات، چ لەشەڕی دژی ئێران، و داگیرکردنی کوێت وچ شەڕی دژ بەکورد پشتی سەدامیان بەرنەدا.
سەیر ئەوەیە ئەوان نەتەوە غەیرە عەرەبەکان بەمە گوناهباردەکەن کە لەبەرئەوەی زمانی عەرەبی نازانن لەقورئان ناگەن. کەچی رێگاش نادەن قورئان تەرجەمەبکرێت بۆ زمانەکانی تر، و لەحەسەن بەننا دەگێڕنەوە کە هەرکات وەها پێشنیازێکیان بۆ کردبێت رەتی کردۆتەوە. دکتۆر ئیبراهیم بەیونی غانم کە نووسەرێکی ئیخواننیە لە پەرتوکێکی خۆیدا بەناوی: الفکر السیاسی للأمام حسن البنا دەڵێت (هەمیشە گومانی دەردەبڕی سەبارەت خواستی وەرگێڕانی قورئان بۆ زمانەکانی تر.)١٤ ئەمە مرۆڤ تەنیا یەک واتای لێ هەڵدێنجێ کە بریتییە لە: (ئەی میللەتانی جیهان لەبەر ئەوەی ئێوە لەقورئان ناگەن شایستەی هیچ جۆرە رێبەرایەتییەکی ئیسلام نین و ئەم کارە بۆ ئێمە هەڵگرن و چیتان پێدەڵێین بەقسەمان بکەن!!) . بەننا لەزۆر بۆنەو شوێنی تردا بەتوندی دژی وەرگێڕانی قورئان دەوەستێتەوە بۆ زمانەکانی تر و هەوڵدەدات پاساوی ئەم باوەڕەی خۆی بەمەوە ببەستێتەوە کە پەیوەندی گەلانی موسڵمانی غەیرە عەرەب بە ئاینی ئیسلامەوە تەنیا زمانی عەرەبییە و ئەگەر قورئان بۆ زمانەکانی ئەوان تەرجەمە بکرێت ئیتر ئەو پەیوەندییە نامێنێت و بیروباوەڕیی نەتەوەیی بەسەر ئیسلامیدا زاڵ دەبێت و دەڵێت ( کۆڵۆنیالیستەکان دەخوازن بە هەرشێوازێک بێت پەیوەندی گەلانی ئیسلامی ژێردەستە لەگەڵ زمانی عەرەبیدا کە هەڵگری فەرهەنگی ئیسلامیە بپچڕێنن. و ئەگەر قورئان تەرجەمە بکرێت، کاری کۆلۆنیالیستەکان ئاسانتردەکات، بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان... )١٥ بەڵام حەسەن بەننا کە ئەم هەموو گرنگییە بە بانگهێشتنی گەلانی جیهان دەدات بۆ ئەوەی موسوڵمان بن، پێمان ناڵێت، ئەگەر ئەو گەلانە بەزمانی خۆیان قورئان نەخوێننەوە، ئیتر چۆنی تێبگەن، و چۆن باوەڕ بەبانگخوازەکان بکەن لەوەی دەیڵێن و بانگەشەی بۆدەکەن؟ بەڵام ئەگەر بۆ بنەما فاشیستیەکانی بیروباوەڕی ئیخوان بگەڕێینەوە ئیتر سەرمان سوڕنامێنێت. و هەرئەمەشە کە ئیخوانی تورکی لەبەرگی ئاکەپەدا، لەشێوازی ئیخوانی عەرەبیدا، بەهەمان پاساو هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردی دەدات و دەڵێن کە زمانی تورکی بناغەی یەکپارچەیی گەلی تورکیایەو ئەگەر هەر پێکهاتەیەک زمانی خۆی بەکار بهێنێت ئیتر ئەو یەکپارچەییە لەناودەچێت و تورکیاش لەتوپەت دەبێت!!. بەڵام کارەکە دروست بە پێچەوانەوەیە. و وەک چۆن تێنەگەیشتنی موسوڵمانانی جیهان لەقورئان لەبری یەکیەتی پارچەپارچەی کردون. دژایەتی زمانی کوردیش لەلایەن فاشیزمی تورکیەوە کوردی شێلگیرتر کردووە، بۆ پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگ و زمانەکەی و رەتکردنەوەی هەردەسەڵاتێکی خۆسەپێنەری فاشستی و خەباتکردن بۆ خۆسەری و خۆبەڕێوەبردن.
پیاوسالاریی: ئەگەر هەر بزووتنەوەیەکی مەزهەبی پیاوسالاربێت، هەرگیز نامۆ نییەو بەگشتی هەموو بیروباوەڕە مەزهەبییەکان، کەم یان زۆر هەر بەم جۆرەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێجار کەسایەتی مەزهەبی وا پەیدادەبن، کە بەدیدێکی پێشکەوتنخوازانەوە سەبارەت پرسەکانی ژن و ئازادیی و مافەکانی دەردەکەون. کاتێکیش بزووتنەوەی ئیخوان درووست بوو، و هەتا ئەمڕۆش خەرمانەیەکی لەشانازیی و خۆهەڵنانەوە بەدەوری خۆیدا کێشاوە و بانگەشەی ئەمەدەکات کە لەپێشکەوتنخوازیدا سەبارەت مافەکانی ژن بۆڕی هەموو بیروباوەڕە مەزهەبی و سکولارەکانی داوە و بەڵگەی ئەم شانازییەشیان درووستکردنی باڵێکی ژنان بەناوی (اخوات المسلمات)ە، بەڵام کاتێک بە سەر ئەرشیفی نووسین و وتارەکانی حەسەن بەننادا دەچینەوە، سەرمان لەم هەموو بیروباوەڕە دواکەوتووانانە سووڕدەمێنێت.
ساڵی ١٩٣٩ شێخی ئەزهەرو قازی شەرعی میسر محەمەد مستەفا مەراغی، وتارێک لە گۆڤاری روزلیوسفی میسریدا بڵاودەکاتەوە، لەو وتارەدا لایەنگری خۆی بۆ مافەکانی ژن رادەگەیەنێت و دەڵێت کە ژن ماف و توانای وەئەستۆگرتنی هەرجۆرە کارو پلەوپایەیەکی هەیە جگە لەدووان، یەکەم: دادوەریی باڵا، دووەمیش پێگەی خەلیفە. بەڵام حسەن بەننا زۆر بەتوندی وەڵامی دەداتەوە ودەڵێت: (ژن بۆی نییە بەهیچ شوەیەک ببێتە وەزیر یان ئەندامی پەرلەمان چونکە ئەم کارانە ناچاری دەکەن بەتەنیا لەگەڵ پیاوانی نامەحرەمدا بێت. وهەرکات ژن کارەگشتیەکان وەئەستۆبگرێت ناچاردەبێت لەگەڵ پیاواندا بەتەنیا بێت. بۆنموونە ئەگەر سەرۆکی وەزیران یان سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ وەزیرێکی ژن یان ئەندامێکی پەرلەمانی ژندا کۆبێتەوە تا دەربارەی کارێکی تایبەت راوێژ بکەن. و لەوەبەولاوەتریش ئەو وەزیرە ژنە چۆن دەتوانێت لەگەڵ باڵوێزی وڵاتێکی بێگانە کۆبێتەوە؟ ئایا واز لەو دیدارە دەهێنێت یان کەسێکی مەحرەمی خۆی لەگەڵ خۆیدا دەبات)١٦
حەسەن بەننا بەوەندە راناوەستێت و لەدەیان نووسین و وتاری تردا، بیرو باوەڕی ئیخوانی بەجۆرێک سەبارەت ژن رووندەکاتەوە، کە ژن، لەوەی کاری ناوماڵ بکات هیچ شایستەیی و توانایەکی نییەو جگەلەوەش وەک هەر بیروباوەڕێک کە بەدووربێت لەلۆژیک و توانای قەناعت پێکردن، بیروباوەڕەکانی خۆی بەمە پشتڕاستدەکاتەوە کە خواوەند وەهای داناوە و دەڵێت: (ئیسلام کارکردنی ژنی لەدەرەوەی ماڵی خۆی حەرامکردووە)١٧ دیسان نەک هەر ئەوەی بۆی نییە کارە دەوڵەتیەکان وەئەستۆ بگرێت، تەنانەت مافی دەنگدانیشی پێ رەوا نابینێت: (نەهەڵبژێرێت و نەهەڵیبژێرن)١٨ هەروا بەباوەڕی بەننا، ژن نەپێویستی بە زانستەو نەبەفێربوونی زمانی بێگانە و بەشێوازێکی پێچ وپەنادار دەخوازێت بڵێت ژن پێویستی بە خوێندن نییەو دەڵێت: (ئەو زانستانەی ژن پێویستی پێیان نییە بێ سوودو بێهودەن، وباشترە بۆ ئەو خۆی بەشتێکی بەسودەوە خەریک بکات. هەروا ژن پێویستی بەوەنییە فێری زمانی جۆربەجۆر بێت، یان یاساو مافەکان بخوێنێت....)١٩

پەیوەندییەکانی ئیخوان بە جیهانی دەرەوەی خۆی:
پەیوەندییەکانی ئیخوان، بەجیهانی دەرەوەی خۆی خاوەنی دوو رەهەند بووە، یەکەم بەجیهانی ئیسلام، و دووەمیش بەجیهانی دەرەوەی ئیسلام، کەلەسەر هەردوو ئاستەکە هەمیشە پڕ لەگرفت وکێشە بووە. ئەمەش ئاکامێکی سروشتی سیاسەت و بیروباوەڕەکانی ئیخوانە. چونکە کاتێک ئیخوان خاوەن بیروباوەڕی سەلەفی، تەکفیری، جیهادیی بێت، هەر غەیرە موسوڵمانێک لێی دەسڵەمێتەوە. بەتایبەتی دەقی رۆشەن و ئاشکرا لەئارادایە کە رێبەرە ئیخوانییەکان بەزمانیێکی زبری نکوڵیکارانە دژی غەیرە موسوڵمانان دەریان بریوە. بۆنموونە قیبتییەکانی میسر کە دانیشتوانی رەسەنی میسرن و بەر لەعەرەب لەم وڵاتەدا ژیاون، کەچی وەک داگیرکارو بێگانەو کافر لەلایەن رێبەرە مەزهەبیەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵداکراوە ساڵی ١٩١١ شێخ عەبدولعەزیز چاویش وتارێک دژی قیبتیەکان دەنووسێت؛ لەژێرناوی (ئەمجار کاتی ئەوە هاتووە لێتان بپرسینەوە، سەردەمی موجامەلە بەسەرچوو..)٢٠ کە هەر لەناونیشانەکەیەوە دەردەکەوێت نووسەرەکەی چی دەخوازێت بڵێت. وئیتر لەم وتارەو دەیان وسەدان وتاری تردا نەک هەر قیبتیەکان، بەڵکو فەرهەنگی قیبتی، و دیرۆکی فیرعەونی وتەواوی سیمبۆل و پاشماوە دیرۆکیەکانی فیرعەونیەکانیش کەوتنە بە پەلاماری هێرشی کوێرانە، و تەنانەت باس لەوەدەکرا کە قیبتیەکان لەبەرئەوەی لەوڵاتی موسوڵمانادان و ژیانیان پارێزراوە دەبێ باج (جزیە) بدەن. حەسەن بەننا دەڵێت: (دەربارەی ئەهلی کیتاب، ئیسلام کاروباری ئەوانەی یەکلاکردۆتەوە، کەدەبێ جزیە بدەن. و هەرکات ئەم کارەیان کرد شمشێریان لەسەر هەڵدەگیرێت، ئەمە گشت مەجوس، و سابیئەو موشریکانی غەیرە عەرەب و بتپەرستانیش دەگرێتەوە)٢١
بێگومان ئیخوان لەلایەن دەوڵەتانی غەیرە موسڵمانیش هەمیشە بەچاوی ترس وگومان مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار وەک تاکتیک و پاراستنی بەرژەوەندی، ئەم کێشانە بۆ ئایندەی نزیک یان دوور دواخراون، و ئیخوان وەک کارتی سیاسیی بەکارهێنراوە. بەتایبەتی وڵاتی ئینگلستان هەمیشە مۆڵگەی سەرەکی ئیخوان بووە لەدەرەوەی وڵاتانی ئیسلامیی بەتایبەتیش ئیخوانی میسری. و بۆتە پرسێکی دیپلوماتیکی نێوان، میسرو ئینگلستان. بەڵام دوای لەناوچوونی یەکیەتی سۆڤیەت و سەرهەڵدانی بزووتنەوە تیرؤرستەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش، و ئاشکرابوونی پەیوەندی گەلێک لەبزووتنەوەکانی ئیخوان بە تێرۆریستانەوەو بەتایبەتئش پەیوەندیی ئایدیۆلۆژیکی نێوانیان، وڵاتانی خۆرئاوای وەئاگا هێنایەوە کە ئیتر پێویستییەک بەئیخوان وەک کارتی سیاسیی نەماوەو لەبەرئەوەی بۆخۆیان سەرچاوەی مەترسی گەورەن پێویستە جۆرێکی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. و ئەمڕۆ پرسی قەدەغەکردنی ئیخوان، و ناساندنی وەک بزوتنەوەیەکی تێرۆریستی مژاری گفتوگۆی گەرمی لایەنە پەیوەندارەکانە لە خۆرئاوا. لەمڕووەوە چەند پرسیاریان لەبەردەمدایە کە دەبێ وەڵامەکانی بۆ ببیننەوە. لەمانە: ئایا بزووتنەوە ئیخوانییەکان هەموو وەک یەک بزووتنەوەی لەیەک جیانەکراوە دەبێ هەڵسەنگێنرێت و هەرمامەڵەیەک دەبێ هەموویان بگرێتەوە؟ ئەگەر نا! کامانەن ئەوانەی دەبێ سزابدرێن و قەدەغەبکرێن و بخرێنە ناو لیستی تێرۆرەوە و لەسەر کام بنەماو پێوەرێک دەبێ ئەم کارە ئەنجام بدرێت؟ چ مامەمەڵەیەک لە گەڵ ئەو بزووتنەوە ئیخوانیانە بکرێت کەلەسەر دەسەڵاتن و پشتیوانیان بۆ تێرۆریزمی جیهانی سەلماوە؟
بەڵام، رەهەندیی دووهەم، واتا پەیوەندییەکانی ئیخوان بەجیهانی ئیسلامەوە، قەیراناوی ترو پڕ لەکێشە ترە. چونکە ئیخوان خۆی وەک چارەسەریی و ئەلتەرناتیڤی هەرەکۆتایی پێناسەدەکات و هەبوونی خۆی لەنەمانی ئەوانی تردا دەبینێتەوە. هەروا ئەمڕۆ لەجیهانی ئیسلامدا، دوو قوتبی سەرەکی هەن یەکێکیان ئێرانە کە نوێنەرایەتی شیعەدەکات، ئەوی تریان عەرەبستانی سعودیە کە نوێنەرایەتی سوننەدەکات. ئیخوانیش گەرچی خواست و ئامانجەکانی لەهی ئەم دووانە فرەتر دەڕوات، نەک هەر شیعەو سوننە بەڵکو دەخوازێت ببێتە تاکە قوتبی فەرمانڕەوای جیهان. بەڵام لەبەرئەوەی هیچکات نەیتوانیوە بەشێوازی ئێران و عەرەبستان ببێتە خاوەن دەسەڵاتێکی دەوڵەتیی سەقامگیرو درێژخایەن، ئەم خواستەی هەر لەبواری تیۆریدا ماوەتەوە و تازە وردە وردە تورکیا خۆی بۆ وەرگرتنی ئەم رۆڵە ئامادەدەکات. بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی گشتیی سیاسەتێکی ناشیانە پەیڕەودەکات، خۆی وەها لە ناو کۆمەڵە کێشەیەکی ناوخۆ و دەرەوەی گەورەدا نوقم کردووە کە نایپەرژێتە سەر بەدیهێنانی ئەم خەونەی، و تادێت پتر لەبایەخ و قورساییەکەی کەمتر دەبێتەوە. لەبەر ئەمە پەیوەندیی ئیخوان بە جیهانی دەرەوەی خۆی لەئاستی هەرەخراپی خۆیدایەتی، بەڵام هەندێک پارادۆکسیشی تێدایە! ئیخوان هەرلەسەرەتای درووستبوونیانەوە، تائەمڕۆ، پەیوەندییەکی تا ئاستێک باشیان لەگەڵ شیعەدا وبەتایبەتیش شیعەکانی ئێراندا هەبووە. و ساڵی ١٩٤٦ لەئێران گروپێکی توندڕەوی جیهادی بەناوی فیداییانی ئیسلام لەسەر دەستی مەلایەکی گەنج بەناوی موجتەبا نەواب سەوفەوی دامەزرا، و خوازیاریی هێنانەسەرکاری حکومەتێکی ئیسلامی بوو، یەکێک لە چالاکیەکانی ئەم گروپە تێرۆرکردنی نووسەری ناوداری ئیسلامی ئەحمەد کوسرەوی بوو، کە بەچەقۆ تێرۆرکرا. هەروا دو سەرۆک وەزیریش (عەبدولحوسێن هەژیر، و حاجی عەلی رەزمارا) هەر بەدەستی ئەم گروپە تێرۆر کران. لەئاکامدا نەواب سەفەوی و بەشێک لەلایەنگرانی دەستگیرکران و بە ئیعدام مەحکوم کران. ئەوکات ئیخوان موسلمینی میسر بەپەلە وەڤدێکی خۆی ناردە ئێران تا نەواب سەفەوی و هاوڕێکانی ئیعدام نەکرێن. هەرچەندە ئەوان لەئاکامدا هەر ئیعدام کران بەڵام ئەم هەڵوسێتەی ئیخوان لەسەر ئاستی دیرۆکی بوو بە بەردی بناغەی داڕشتنی پەیوەندیی بە شیعەوە. و دەبینین ساڵی ١٩٧٩ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئیخوانی میسر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئەم شۆڕشە وەک نموونەو سەرمەشق بۆ میسر پێناسەداکات و لەگشت موسوڵمانانی جیهان دەخوازێت، لەو شۆڕشە پەیڕەوی بکەن. هەروا پەرتوکێکیان بە ناونیشانی (خومەینی ئەلتەرناتیڤی ئیسلام)، کە لەلایەن فەتحی عەبدولعەزیزەوە نووسرابوو، بڵاوکردەوە. لەوێدا هاتووە: (شۆڕشی ئیمام خومەینی، شۆڕشی گروپێکی ئیسلامی دژی گروپێکی تر نییە، بەڵکو چەقی قورسایی هەموو ئەو بایەخ و باوەڕە هاوبەشانەیە کە هەموو موسوڵمانان بەرەو یەکیەتی کۆدەکاتەوە)٢٢
هەروا لەسەردەمی رێبەرایەتی ئیخوان لەلایەن محەمەد مەهدی عاکیفەوە پەیوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە بەرەو باشتربوون چوو بەتایبەتی کە ئیخوانەکانی میسر لایەنگیریی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانیان کرد. و لەمەبەولاوەتریش رۆیشتن و بەمافی ئێرانیان زانی کە چەکی ئەتۆمیش درووست بکات. بەڵام ئەم پەیوەندییە لەهەموو قۆناغ و ئاستەکاندا هەروا باش نەبووەو لەسەردەمی جەنگی نێوان ئێران و عێراق، ئیخوانەکان بەگشتی لایەنگری سەدام حوسێنیان دەکرد. دوای درووستبوونی شەڕی ناوخۆی سوریاش ئیخوانەکان، بەهاندان و دەست لەپشتدانی تورکیا بوونە بەشک لە ئۆپۆزسیۆنی چەکدارو درووشمی رووخاندنی ئەسەدیان کردە ئامانجی هەرسەرەکیان و ئەمەبووە هۆی ئەوەی جۆرێک لەساردی بکەوێتە ناو پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوە ئیخوانیەکان و ئێران، بەتایبەتیش بزووتنەوەی حەماس، بەڵام هیچکات ئەم ساردییە نەگەیشتە لوتکەو لەبەر ئەوەی هەردوولا پێویستییان بەیەکترە وا جارێکی تر پەیوەندییەکان پەرەدەستێننەوە. یەکێک لە خاڵی هاوبەش کە پتر لەیەکتر نزیکیان دەکاتەوە، دژایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردە. ودوای ئەویش کێشەی هەردوو لایانە لەگەڵ عەرەبستانی سعودی. دیارە کە پەیوەندی ئاڵۆزو پڕ لەکێشەی نێوان ئێران و عەرەبستان، لەدەرەوەی ئەم باسەیە، پەیوەندییەکانی ئیخوانیش بەم وڵاتەوە چەندێک هەورازو نشێوی تێدایە.
(ساڵی ١٩٤٦ حەسەن بەننا دەچێتە حەج و وەک هەوڵدانێک بۆ کردنەوەو دامەزراندی ئیخوان لەو وڵاتە لەوێ چاوی بەنوێنەرانی ئیخوان لەوڵاتانی فەلەستین، سوریا، مەغرب، سودان، هیند... دەکەوێت و گوتاریان بۆ دەدات. بەڵام دامەزراندنی ئیخوان لەعەرەبستان هیچکات سەرکەوتوو نەبوو. چونکە لە عەرەبستان درووستکردنی هەر ریکخراو، کۆمەڵ، و پارتێک قەدەغەو ریگا پێنەدراوە)٢٣. بەڵام گرفتی هەرەسەرەکی نێوان ئیخوان و عەرەبستان، پرسی رێبەرایەتیکردنی جیهانی ئیسلامە، عەرەبستان، بەحوکمی ئەوەی پێگەی یەکەمی سەرهەڵدانی ئیسلام و زێدی پەیامبەرو کەعبە کەلەو وڵاتەیە خۆی وەک میراتگری خەلافەت و مەرجەعی هەرەگەورە دەبینێت. لەکاتێکدا ئیخوان دەسەڵاتدارانی عەرەبستان وەک تایەفەیەکی دەسەڵاتدار دەبینن. لەبەرابەردا ولە بەر تیشکی بیروباوەڕەکانی حەسەن بەنادا خۆیان بەخاوەن پرۆژەیەکی تۆکمەو تەواو، و شایستەی ئەم رۆڵە دەزانن. وبەگشتیی ئیخوان کەسی قبوڵ نییە. و لەگشت پەیوەندییەکانیدا هەوڵ دەدات لە پێگەی براگەورەیی و هەژموونگەراییەوە مامەڵە لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا بکات، و بێگومان دەرەوەش بەچاوی گومانەوە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بزووتنەوە ئیخوانیاکاندا هەڵدەسەنگێنێت.. لەگەڵ ئەوەشدا لەقۆناغی جۆراوجۆردا گەرموگوڕیش هەبووە لەپەیوەندیی نێوان ئەم دووانەدا. و ئەوەی کە دواجار پەیوەندی نێوان ئەم دووانەی تێکدا، لایەنگری ئیخوان بوو بۆ داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەدام حوسێنەوەو ئیخوانەکان بەردەوام لەبەرەی سەدامدا بوون. ئەوکات عەرەبستان تەواوی ئەو رێبەرە ئیخوانیانەی دەرکرد کە لەو وڵاتە بوون و تەواوی کۆمەکە داراییەکانیشی راگرت. لەوەبەدوا ئیخوان لەو ئاستەدا نەبووە کە مەترسی بۆ سەر عەرەبستان درووست بکات، تائەوەی ساڵی ٢٠١٢ لەهەڵبژاردنەکانی میسر ئیخوان سەرکەوتنی بەدەستهێناو دەسەڵاتی گرتە دەست. و ئەم رووداوە سیاسییە عەرەبستانی بەجۆرێک ترساند کەهەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ تا شکەستیان پێ بهێنێت. و کاتێکیش بەسەرکردایەتی عەبدولفەتاح سیسی لەسەرکارلابران، عەرەبستان تەواوی قورسایی خۆی خستەگەڕ بۆ پاڵپشتی سیسی و هەرچی زۆرتر لاوازکردنی ئیخوان، و ئیتر لەساڵی ٢٠١٤وە ئیخوان لەناو لیستی تێرۆری عەرەبستانی سعودی دایە، و ئەوەش کەپتر بەردەوامیی بەدژایەتیکردنی ئیخوان لەلایەن عەرەبستانی سعودیەوە بەخشی، پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان عەرەبستان و قەتەر بوو، کە قەتەر وەک گەورەترین پاڵپشتی ئیخوان لەرووی ماڵی و سیاسییەوە دەناسرێت و عەرەبستان ئەو پاڵپشتیەی بە دوژمنایەتیەکی ئاشکرا بۆسەر خۆی لەقەڵەمدا.
بەمجۆرە ئەمڕۆ بزووتنەوەی ئیخوان، بە هەردوو وڵاتی تورکیاو قەتەریشەوە لەجیهاندا ناشیرین و ناخۆشەویستن. و لەراستیدا جگە لەخۆیان هیچ دۆست و پاڵپشتێکی راسەقینەیان نییە و ئەوەی هەیە لە پەیوەندی روکەشانەی سیاسیی و تاکتیکی کە چاوەڕوان دەکرێت هەر لەحزە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.



ئیخوان لەکوردستان:
دیرۆکی درووستبوونی ئیخوان دەگەڕێتەوە ساڵانی پەنجاو شەستەکانی سەدەی رابردوو لە باشووری کوردستان، سەرەتا لەبواری ئاینییدا پتر چالاکی دەنواند تائەوەی لەهەشتاکانی سەدەی رابردوودا بزووتنەوەی ئیخوان لەژێر ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستانی عێراق بەرێبەرایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، و بەپاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێران، راگەیەنرا و پەرەی بەکارو چالاکی مەزهەبیی، سیاسیی، چەککداریی خۆی دا. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە هیچ کات سەقامگیریی ناوخۆیی بەخۆیەوە نەدیتووەو بەردەوام لە پارچەبووندا بووە. لەبەرئەمە دەتوانین بڵێین تەواوی پارت و رێکخراوە ئیسلامییەکانی ئەمڕۆی باشووری کوردستان ریشەیەکی ئیخوانیان هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی ئەمڕۆ وەک ئیخوان موسلمین لەباشووری کوردستان دەناسرێت، یەکگرتووی ئیسلامییە، وتەواوی ئەم بزووتنەوانە جگە لە یەکگرتوو، بە قۆناغی چەکداریدا تێپەڕیون و بەئاستی جۆراوجۆر، توندوتیژیی و تێرۆریان پەیڕەوکردووە. بەڵام یەکگرتوو هەر لەسەرەتاوە هەوڵی داوە ئاوێتە بوونێک لە نێوان بنەما سەرەکییەکانی ئیخوان و پراگماتیزم درووست بکات. و لێرەدا دەتوانین ئاماژە بەخاڵێکی سەرەکی لەمڕووەوە بکەین کەلەهەمان کاتدا خاڵی جیاوازییەتی لەگەڵ بزووتنەوەکانی تری ئیخواندا، ئەویش بریتییە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دوو چەمکی تەکفیرو جیهاد لە بەرنامەی سیاسیی خۆیدا، و باوەڕهێنان بەوەی بڵاوکردنەوەو پاراستنی ئایینی ئیسلام مەرج نییە لەرێگای تەکفیر و جیهادێکەوە بێت کەبەجەنگ وتوندوتیژیی کۆتایی بێت. بەڵکو دەکرێت بەشێوازی ئاشتیانە و دوور لەتوندوتیژیش بەئاکام بگات. و خاڵێکی تریش کە یەکگرتوو وەک شانازییەک توانیویەتی بەنسیبی خۆی بکات، ئەمەیە کە هیچکات نەچۆتە ژێر باری ئەوەی بەهاندانی وڵاتانی هەرێمی و بەتایبەتیش تورکیا، دژایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لەباشوور یان لەپارچەکانی تری کوردستاندا بکات و لەمڕووە نەک هەر یەکگرتووی ئیسلامیی بەڵکو بەم ساڵانەی دوایی، تەواوی بزووتنەوە ئیسلامییەکانی تر، هەڵوێستیان لەپارتی دیموکراتی کوردستان باشربووە، کەبەردەوام سەرەنێزەی پلان و پرۆژەی دەوڵەتی تورک بووە. و تەنانەت دوای ئەم شکەستە گەورەیەی دوابەدوای پرۆسەی ریفراندۆم بەسەر کوردستاندا هات و لادانی پەردە لە سەر هەڵوێستی دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورک سەبارەت باشووری کوردستان و خودی پارتی دیموکراتی کوردستانیش، کەچی هێشتا پارتی هیواکانی خۆی هەر لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بە تورکیای ئاکەپەوە هەڵدەچنێت.
دەەربارەی هەبوونی ئیخوان لەپارچەکانی تری کوردستاندا، بێگومان دەبێ ئاماژە بەباکوری کوردستان بکەین کە بریتییە لەهەبوونی ئیخوان لە بەرگی ئاکەپەدا. کە وەک بەهێزترین پێگەیەکی ئیخوانی دەژمێردرێت لەسەرتاسەری کوردستاندا. ئەمەش دووهۆکاری هەیە: یەکەم: بوونی ئاکەپە لەسەردەسەڵاتدا ئەو بارودۆخەی دروستکردووە کە بەشێوازی یاسایی و نایاسایی، پەرە بەخۆی بدات، و ئاسانکاریی مادیی ومەعنەوی و یاسایی وای درووستکردووە کە بتوانێت فراوان بێت و پەرەبستێنێت. دووەم: هەڵخەڵاتانی خەڵک لەوانەی سوننەی مەزهەبین بە ئاکەپە کە گوایە نوێنەرایەتی ئیسلام دەکات. ئیتر یان لەپێناوی بەرژەوەندیی مادیی، ویانیش هەڵخەڵەتان. ئاکەپە توانیویەتی پێگەیەکی تائاستێک بەهێز بۆخۆی درووست بکات. بەڵام گومانێک لەمەدا نییە، کە ئەم دۆخە کاتییەو هەرگۆڕانکارییەک لە لوتکەی دەسەڵاتدا لەتورکیا، دەبێتە هۆی درووستبوونی گۆڕانکاریی لەکوردستانیشدا ولەمەش گرنگتر وکارییگەرتر پەرسەندنی هەرچی زۆرتری خەباتی ئازادیخوازیانەی کورد و رێبەرایەتییە سیاسییەکەیەتی کە لەئاکامدا شکەست بەئاکەپە دەهێنێت و پەردەی درۆی ئیخوانی کوردی و تورکی لەبەرگی ئاکەپەدا هەڵدەداتەوە.
جگە لەم دووبەشەی کوردستان ئیخوان بوونێکی ئاشکراو یاسایی لە دووبەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستاندا نییە. لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەروی یاساییەوە هەربزووتنەوەو پارتێک لەدەرەوەی سیستەم قەدەغەیە و جگە لەوەش هیچ پرد و پەیوەندییەکی فکریی و فەرهەنگیی لەنێوان کوردی ئەم بەشەو ئیخواندا نییە تابەیەکەوە خڕیان بکاتەوە. ئەگەر هەشبێت، بەرتەسکە و بەئاستی تاک سنووردارە.
بەڵام لەرۆژئاوای کوردستان، کە بزووتنەوەی ئازادییخوازی کورد خاوەن باڵادەستییە، ئیخوان جێگای نابێتەوە و ئەگەر هەندێ تاک لێرو لەوێ هەشبن لەوەی بریتی بن لە کاسەلێسانی ئاکەپە شتێکی ترنین.

ئاکەپە فۆرمی هەرەخراپی ئیخوان:
لەگەڵ ئەوەدا کە هەموو رێکخراو وبزووتنەوە ئیخوانییەکان پەیڕەوی لەیەک بنەما دەکەن، بەڵام بەوپێیەی سیاسەت هونەری سوودوەرگرتن لەتواناکانە و بەسوودوەرگرتن لەئەزمون و واقیعگەرایی، فێربوون چۆن خۆیان لەگەڵ سەردەم و قۆناغە نوێکاندا بگونجێنن. وهەرچەندە ئیخوان بۆخۆی وەک بنەمایەکی سەرەکیی، دژە دیموکراسیی و سیستەمی پارتایەتیی و هەرجۆرە بەرهەڵستکارێکە، بەڵام هەندێ نموونەی ئیخوان، بەسەرپێچی واقیعی یان رواڵەتی لەوبنەمایانە، چ وەک ناچاریی و تاکتیکێکی سیاسیی، یانیش لەرووی باوەڕەوە، بوون بە بەشێک لە پرۆسەی سیاسیی و شێوازی هێمنانەی سیاسییان هەڵبژاردووە.
ساڵی ٢٠١١ بزووتنەوەی نەهزە لەتونس کە سەر بە ئیخوانە لەیەکەمین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی دوای رووخانی رژێمەکەی زەینوالعابدین بن عەلی زۆرینەی بەدەستهێناو لەگەڵ دووپارتی سکولاردا کوالیسیۆنی پێکهێنا. و ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی زۆرینەی پەرلەمانی بوو بەڵام هیچ کەسێکی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەت دەستنیشاننەکرد ، و ئەمساڵیش (٢٠١٩) نەهزە جارێکی تر لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوەو گەرچی تا نووسینی ئەم چەند دێڕە هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە، بەڵام نەهزە ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە لەگەڵ زۆربەی پارتەکان بە چەپ و سکولارەکانیشەوە هاوپەیمانی پێکبهێنێت. لەمە بەولاوەتریش ئامادەیە کەسێک لەدەرەوەی نەهزە قبوڵ بکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیران. بەگشتیی ئیخوانەکانی تونس تا ئێستا نموونەیەکی باشیان لەخۆیان نیشانداوە. هەروا لە وڵاتی مەغریبیش پارتی دادوگەشەپێدان کە دیسان بزووتنەوەیەکی ئیخوانییە ساڵی ٢٠١٢ لەهەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و حکومەتێکی نوێی بەسەرۆکایەتی عەبدولئیلا بنکیران پێکهێناو، ئەوەی کە جێگای ئاماژەیە دوای لەسەرکارلابردنی محەممەد مرسی لە میسر و دەستبەکاربوونی عەبدولفەتاح سیسیی، بەپێچەوانەی بزووتنەوەو رێکخراوە ئیسلامیەکانی تر، ئەم پارتە خۆی لەکاروباری میسر هەڵنەقورتاندو بەڵکو وەزیری دەرەوەی مەغریب کە سەر بەئیخوانە بروسکەی پیرۆزبایی بۆ سیسی لێدا. هەروا لەئوردونیش بزوونەوەی ئیخوان وەک پارتێک بەشێوازی یاسایی لەناو پرۆسەی سیاسییدایە. لەپاڵ ئەم نموونە میانڕەوانەدا، چەندان نموونەی توندرەویش لەئارادان وەک لیبیا، سوریا، میسر... بەڵام لەهەموو ئەم نموونانە خراپتر ئیخوانی تورکی کە هەمان پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) و رێبەرەکەی ئەردۆغانە. کە ئەمڕۆ وەک بەهێزترین حزبێکی ئیخوانیی دەسەڵاتی لەدەستدایە و بەهاوکاری قەتەر کە دابینکەریی ماڵی بزووتنەوە توندڕەوە ئیخوانییەکانە، ناوەند و ڕێبەرایەتی ئەم بزووتنەوەیە پێکدەهێنن.
ئەمڕۆ ئاکەپە تەواوی خەسڵەتە نادیموکراسییەکانی ئیخوان و بەوشێوازەی حەسەن بەننا رێنوێنی کردبوو، پەیڕەو دەکات. حەسەن بەنا دەڵێ: (ئیسلام دان بە سیستەمی پارتایەتییدا نانێت وپێی رازی نییەو قبوڵ نییە)٢٤. هەروا ئیخوان بەتایبەتی مۆدێلە میسری و تورکیەکەی لەریشەوە باوەڕی بە فرەحزبی و هێزی بەرهەڵستکار نییەو حەسەن بەنا لەچەندان شوێن و بۆنەدا و بەشێوازی جۆروجۆر جەخت لەسەر ئەمەدەکاتەوەو دەڵێت:(هەموو هێزەکانی نەتەوە لە یەک حزبدا خڕبنەوە تا کار بۆ ئازادی و سەربەخۆییەکەی بکرێت، و بنەماگشتیەکانی ریفۆرم دابڕێژرێت، پاشانیش لەسایەی یەکیەتیەکدا کە ئیسلام دەیسەپێنێت ولەبەر تیشکی رووداوەکان، شێوازەکانی رێکخستن داڕێژن)٢٥ لەنامەیەکیشدا کە ساڵی ١٩٣٨ بۆگشت پارتییە سیاسییەکانی میسری نووسیبوو داوادەکات کە (دەبێ نەتەوە سیستەمی تاکە حزبی پەیڕەو بکات)٢٦، ئەمڕۆ ئەمە بەئاشکرا لەسیاسەتی تورکیادا دەبینین کە ئەردۆغان پەیڕەوی دەکات و هیچ هێزو پارت و لایەنێکی بەهەڵستکار قبوڵ نییە مەگەر ئەوەی ببێتە هێزێکی لاوازی کارتۆنی یانیش لەژێر فەرمانی ئەودا بێت.
ئاکاپەو رێبەرەکەی بەچەندان شێوازی جۆراوجۆر دوو بنەمای سەرەکیی ئیخوان، دەعوە و جیهاد پەیڕەودەکەن و باوەڕیان وایە وەک ئەرکێکی شەرعی ئەمە ئەنجامدەدەن. و ئەگەر کەمێک بەسەر خەون و خەیاڵەکانی ئەردۆغاندا بچینەوە، ئەوکات بۆماندەردەکەوێت کە ئەردۆغان دەیخواست سوود لەپەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئەوروپادا وەربگرێت و بانگەشەی دەعوەی ئیسلامی دەست پێبکات، بەڵام ئەورپییەکان هەرزوو بەم یارییە کۆنەپەرستانەی ئەویان زانی ودەربارەی جیهادیش، هەتا دێت پتر ئەمە رووندەبێتەوە، کەهاوکاریی نێوان تورکیاو گروپە تێرۆریستەکان شتێکی تاکتیکی نەبووە، وەک هەندێ وڵاتی تر، بەڵکو بەیەکگەیشتنێکی ئایدیۆلۆژیکی لەنێوانیاندا هەیە. و خواستەکانی داعش هەمان خواستیی تورکیاشە. ئەمە راستییەکە کەهەموو جیهان دەیزانێت. و هەر لەبەر ئەم راستییە دونالد ترامپ کە تازە هاتبووە سەرکارو بەدوور لە شێوازی دیپلۆماتیکیانە، قسەی دڵی خۆی دەکرد، چەندجار رایگەیاند کە دەخوازێت تەواوی بزووتنەوەکانی ئیخوان بخاتە ناو لیستی تێرۆرەوە، و لەگەڵ درووستبوونی ناکۆکییەکانی نێوان عەرەبستانی سعودی و قەتەر، عەرەبستان ئەم قسەیەی وەبیر ترامپ هێنایەوە، ترامپ وەڵامی دایەوە، کە چۆن ئەم کارە بکەن، ئیخوان لەهەندێ وڵات دەسەڵاتیان لەدەستدایەو سەرکۆماریان هەیە! لەمەشیاندا ترامپ راستەوراست مەبەستی تورکیاو ئەردۆغان بوو، ئەم وەڵامەش بەهیچ جۆرێک دڵی ئەردۆغانی خۆش نەکرد چونکە واتای ناوەرۆکی وەڵامەکە ئەمەبوو کە دەخوازێ بڵێت: (ئێمەش دەخوازین، بەڵام ئەم کارە لەم قۆناغەدا راناپەڕێنرێت) ئەمەش لەگەڵ ئەوەدا کەجەختکردنەوەیە لەسەر تێرۆریستبوونی ئاکەپە، تەنیا کارەکە بۆ کاتێکی تر هەڵدەگرێت. ئەمەش جێگای تێگەیشتنە، چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆ، و کۆنسەی ئەوروپایە، وپاڵێوراوی یەکیەتی ئەوروپاش و خاوەن تۆڕێکی مەزن و ئاڵۆزی ئابووریی بازرگانی و ماڵییە و ئەگەر بخرێتە ناو لیستی تێرۆرەوە، دەبێ هەڵوێستیشی لەبەرانبەردا وەربگرن، کەئەمەش ئاکامی خراپتری لێدەکەوێتەوەو لەم قۆناغەدا دەخوازن جارێک بە ترساندن و جارێکی تریش بەقسەی خۆش لەشوێنی خۆیدا رایگرن و پێش بە ئاکامە خراپەکان بگرن.
ئەگەر تورکیا لەگەڵ تەواوی بزووتنەوە ئیخوانییەکانی جیهان بەراورد بکەین، بە ئاکامێک دەگەین کە ئاکەپە خراپترین فۆرمی ئیخوانە. بەتایبەتی لەبواری نواندنی توندوتیژیی و پەیڕەوکردنی تێرۆر دەبینین لە کاتێکدا کە ئەم بزووتنەوەیە بەگشتیی پشتیوانەیەکی ئایدیۆلۆژیکی سەبارەت بە پەیڕەوکردنی تێرۆر هەیە، بەڵام لەخراپترین فۆرمەکانیشیدا کە نموونە میسری و سوریاییەکەیەتی بەشێوازێکی سیستەماتیک و بەردەوام تێرۆری پەیڕەونەکردووە، و گەلێک جار نواندنی توندوتیژیی و پەیڕەوکردنی تێرۆر لە لایەن ئیخوانەوە، وەڵامدانەوەیەک بۆ پەلاماری دەسەڵاتی سیاسیی لەو وڵاتانەدا بووە. و تەنانەت ئەو جارانەش کە پەیڕەوکردنی تێرۆر وەک هەڵبژاردەیەک، بەپێی خواستی ئەم یان ئەو رێبەری ئیخوانی بووەو بەدەستپێشخەریی و باوەڕی خۆیان و لەئاکامی باوەڕی ئایدیلۆژیکیان بووە، دیسانیش لەسەر ئاستێکی فراوان نەبووەو ناوبانگی زۆربەی کردەوە تێرۆریستییەکانی ئیخوان پتر لەبەر ئەمە بووە کەدژی لوتکەی هەرەبەرزی دەسەڵات بووە. بەواتایەکی دیکە مەترسی ئیخوان پتر لەبەر لایەنە ئایدیۆلۆژیکیەکەیەتی. بەڵام ئەو ئیخوانەی لەبەرگی ئاکەپەدا لەتورکیا دەسەڵاتداری و حوکمی لەدەستدایە بەشێوەیەکی رەها خراپترین، فاشستترین و دڕندەترین فۆرمێکی تێرۆریستی ئەم بزووتنەوەیە. چونکە سەرەڕای ئەوەی تێرۆری ئیخوانی ئاکەپەیی پشتیوانە ئایدیۆلۆژیکیەکەی هەیە، بەکردەوەش و لەسەر گشت ئاست و بوارەکانی سیاسیی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی، فەرهەنگی، پسکولوژیی پەیڕەودەکرێت، جیاوازییەکی گرنگیشی لە گەڵ شێوازەکانی تری تێرۆریزمی ئیخوانیدا هەیە، کە ئەمەیان تێرۆری دەوڵەتە و بەیاسا مەشروعیەتی پێ بەخشراوە. گشت ئەم یاسایانەش پتر لەوەی لەچوارچێوەی ستانداردە نێودەوڵەتیەکاندا بن لە فتوای رێبەرە شەرعیەکانی داعش دەچن. هەر لەبەر ئەمەیە کە تەواوی جیهان بەترس و گومان و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ تورکیادا دەکەن، بەتایبەتیش کە رەفتارەکانی ئەردۆغان ئەمە دەسەلمێنن، کە ئەو وەک سەرکردەیەکی سیاسیی هاوچەرخ بیر ناکاتەوەو هیچکاتیش ناتوانێت وەهای لێبێت. چونکە لەخەون و خەیاڵێکدا بەسەردەبات کە سوڵتانێکی عوسمانییە و ئیمپراتۆریایەک بەڕێوەدەبات کە جیهان لەبەری دەلەرزێت! دەمێک روو لەئەمەریکا دەکات و دەڵێت، تورکیا هەر خواستێکی هەبێت دەبێ یەکسەر بۆی جێبەجێ بکەن، و دەمێکی تریش هەڕەشە لەئەڵمانیا دەکات بەوەی سیاسەتەکانی مایەی خۆکوشتنن، و یانیش خەونێک دەبینێت کە لەماوەی چەند رۆژدا باکوری سوریا کۆنترۆدەکات، یان حەڵەب و موسڵ و کرێما.. دەگێڕێتەوە بۆ تورکیا... هەرجارەش وەک باڵۆنێکی کون پووچدەبێتەوە، و هێشتاش بێدار نابێتەوە.
ئەمڕۆش ئەگەر دیرۆک و ئێستا و داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە بخەینە ژێر زەڕەبینی هەڵسەنگاندنەوە، دەبینین لە راپەڕینەکانی ناسراو بەبەهاری عەرەبیدا بەلوتکەی هەرەبەرزی خۆی گەیشت و بەشکەستهێنانی گشت پرۆژە ئیخوانییەکان لە میسر و تونس و سوریاو لیبیا... و بە لاچوونی دەمامکی ساختەبازانەی ئاکەپە، کە بەپشتیوانی تێرۆریزمی داعش و هاوشێوەکانی و شکاندنی گشت ئەو هیوایانەی سەبارەت چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەتورکیا لەئارادابوون ... بەرەو لێژیەو هەرچەندە هێشتا زووە تا باس لەکۆتاییهاتن و شکەستهێنانی یەکجارەکی ئەم بزووتنەوەیە بکەین و هەلومەرجی بەردەوامبوونەکەی هێشتا و تا چەندان دەهەی تریش لەئارادایە. بەڵام دەتوانین کە بەدڵنیاییەوە، شکەستی پرۆژەکەی و بەتایبەتیش نوسخە ئەردۆغانیەکەی بەرۆشەنی ببینین. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، ئەردۆغان ئەو سەرکردە بەپرەنسیپ و خاوەن هەڵوێستە نییە، کە حسابی لەسەر بکرێت، بەڵکو مرۆڤێکی راڕاو، هەلپەرستە و لەماوەی ئەم چاندساڵەی حوکمڕانیەکەیدا دیتمان چۆن سەبارەت عێراق، ئێران، سوریا، ئیسرائیل، روسیا، ئەمەریکا، ئەوروپا... هەر رۆژە سیاسەتێک و هەڵوێستێک پەیڕەودەکات، کەئیتر جێگای باوەڕو متمانەی هیچ کەسێک نییە. و راستە کە زۆرجار لە کوچەوکۆڵانە پێچاوپێچ و تاریکەکانی سیاسەتدا راست ودرۆ، باش وخراپ، حەق وناحەق... ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت وبەوجۆرەی لەواقیعی خۆیاندا هەن نیشاننادرێنەوە و لەتارمایی و تەمومژدا دەشێوێندرێن. بەڵام یەک شت گەلێک رۆشەن وئاشکرایە ئەویش ئەمەیە کە لەم جیهانەدا تاسەر جێگای پاشڤەڕۆیی ئاکەپەو ئەردۆغانی تێدا نابێتەوە.

سەرچاوەکان
١- سلامە موسی، الیوم الغد، المطبعة العصریة، القاهرە ١٩٢٨
٢- بین القبعة والطربوش فی الجیش، برقیة حسن البنا، المرشد العام للأخوان المسلمین الی رئیس ١٩٣٨الدیوان الملکی)، مجلة النذیر الأسبوعیة ٢٠-٢-١٥ جمادی الأول ١٣٥٨‌هـ ص٢١
٣- حسن البنا، خطواتنا الثانیة، مجلة النذیر. ربیع الأول/١٣٥٧هـ
٤- وتاری هەینی لەلایەن حەسەن بەنناوە ٣٠-ینایر-١٩٤٧ بڕوانە: دکتر ابراهیم البیومی غانم، الفکر السیاسی للأمام حسن البنا، مدارات للأبحاث والنشر، الطبعة الأولی، جمهوریة مصر العربیة-٢٠١٢ ل٢٥٥
٥- حسن البنا، معرکة المصحف: أین حکم اللە؟ جریدة أخوان المسلمین الیومیة ٧٢٧-٣-٧ رجب١٣٦٧ . ١٦- مایو-١٩٤٨
٦- (لأخوان المسلمون، تاریخ من الدم والأرهاب،- ملفات خاصة) البوابە نیوز ٢٤ ابریل -٢٠١٧
٧- هەمان سەچاوە.
٨- حسن البنا، السلام و حکمە مشروعیة القتال فی الأسلام. مجلة الشهاب. العدد الرابع. فبرایر ١٩٤٨
٩- حسن البنا، فی سبیل الکرامة، جریدة أخوان السلمین الأسبوعیة ٥-٤-٢١ صفر ١٣٥٥- ١٢-مایو-١٩٣٦
١٠- حسن البنا، فن الموت، جریدة أخوان المسلمین الیومیة، ٩٠-١-١٩ رمضان ١٣٦٥-آغسطس ١٣٤٦
١١- حسن البنا، هذە الثلاثة من ارکان الأسلام: الدولة والقومیة والعلم مجلة التعارف-٤-٥، محرم ١٣٥٩- مارس ١٩٤٠
١٢- بڕوانە: محمد عبدە، الأسلام والنصرانیة، ص١٣٤-١٣٥
١٣- بڕوانە: دکتر ابراهیم البیومی غانم، الفکر السیاسی للأمام حسن البنا، مدارات للأبحاث والنشر، الطبعة الأولی، جمهوریة مصر العربیة-٢٠١٢ ل٢٠٤
١٤- بڕوانە: دکتر ابراهیم البیومی غانم، سەرچاوەی پێشوو ل١٠٣
١٥- حسن البنا، خواطر فی ترجمة قرآن الکریم. جریدة الأخوان المسلمین الأسبوعیة. ٢٩/محرم/ ١٣٥٥، ٢١/٤/١٩٣٦
١٦- بڕوانە: مصطفی السباعی، المرأة بین الفقە والقانون. بیروت- دمشق، المکتب الأسلامی، الطبعة السادسة ١٩٨٤ ص١٥٥-١٦١
١٧- حسن البنا، المرأة المسلمة، مجلة المنار العدد:١٠مجلد:٣٥
١٨- حسن النبا، وحی رمضان، کیف أنصف القرآن المرأة؟ بڕوانە: دکتر ابراهیم البیونی، سەرچاوەی پێشوو. ل٣٣٧
١٩- حسن البنا، المرأة المسلمة، مجلة المنار ١٠-٣٥
٢٠- دکتر ابراهیم البیومی، سەرچاوەی پێشوو، ل١١٦
٢١- حسن البنا، نظرات فی کتاب اللە، تفسیر سورة التوبة، جریدة الأخوان المسلمین الأسبوعیة،-١٧٥- ٢٥/ذوالحجة/١٣٦٧، ٨/نوفمبر/١٩٤٧
٢٢- یوسف قاضی زادە، رابطە اخوان المسلمین با انقلاب اسلامی، مجلە الکترونیکی تبیان-٢٠/١١/١٣٨٩
٢٣- بۆ زۆرتر زانیاری، بڕوانە: د. أسحاق موسی الحسینی، الأخوان المسلمون کبری الحرکات الأسلامیة الحدیثة. دار بیروت للطباعة والنشر- ١٩٥٢ ص١٣٧
٢٤- بڕوانە: دکتر ابراهیم البیومی غانم، سەرچاوەی پێشوو ل٢٩٧
٢٥- هەمان سەرچاوە ل٢٩٨
٢٦- حسن البنا، مجلة النذیر، ٣-١، ١٤/ربیع آخر/١٣٥٧

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە