دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە ٢٠٢٠دا


ئیسلامیەکانی فەرەنسا و ئەستێرەی داڤید

Saturday, 11.16.2019, 21:26

1561 بینراوە


لە دواهەمین خۆپیشاندانی موسڵمانەکان لە فەرەنسا مانگی ئۆکتۆبەری 2019، دژی ئیسلامۆفۆبی، نزیکەی سیانزە هەزار کەس بەشداریان تیادا کرد لە پاریس بۆ بەرگری کردن لە موسڵمانانان، هەندێک لە موسڵمانەکان ئەستێرەیەکی زەردیان بە جلەکانیاندا هەڵواسیبوو، وەک چۆن لە سەردەمی ڤیشیدا سەپێنرابوو بەسەر جولەکەکانی فەرەنسادا، ئەستێرەی داڤید بەجلوبەرگەکانیانەوە بدرون لە کاتێکدا دەچوونە ناو شار، هەتاوەکو لەدوورەوە بناسرێنەوە، کە جولەکەن، مێژووش پێمان دەڵێت کە ئەوە قۆناغی پێش بردنیان بوو بۆ کامپی مردن و کوشتنیان بە گاز.

ئەستێرەی ئیسلامی                     ئەستێرەی داڤیدی جولەکە

هەڵواسینی ئەستێرەی زەرد بە شانی موسڵمانەکانەوە، هەندێک لە پیاوانی سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕێکخراوی توشی شۆک کرد، هەندێک کەسیش بەپێچەوانەوە بە کارێکی ئاساییان دەزانی. کەسایەتیەکی ناوداری جولەکە لەو ڕووەوە وتی: (ئەو کچە بچوکۆلانەیەی لە خۆپیشاندانەکاندا ئەستێرەیەکی زەردی کردوە بە شانیەوە، خۆ ئەگەر رۆژێک مەترسی ئەوەی لێبکرێت ببرێتە ژووری گازەوە ئەوا من ئامادەم ژیانی خۆم بکەم بە قوربانی بۆ ڕزگارکردنی، بەڵام بەراوردکردنی ئیسلامی ئەمڕۆ لە فەرەنسا بە جولەکەی سەردەمی ڤیشی، شتێکی زۆر گاڵتەجاڕی و بێ مانایە). لەدوای ئەم ڕوداوە، هەندێک لە موسڵمانەکانیش دانیان بەهەڵەی خۆیاندا نا .

وێنەی کچۆڵەیەک بە ئەستێرەی زەردی ئیسلامیەوە

پاش ئەوەی بۆ خەڵکیان ڕونکردەوە کە ئەو ئەستێرەیە هەمان ئەستێرەی جولەکە نییە و ئەستێرەی موسڵمانە کە پێکهاتوە لە پێنج سێگۆشە لە بری شەش سێگۆشەی ئەستێرەکەی داڤیدی جولەکەکان، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە هەمان وێنەمان وەبیر دەهێنێتەوە و بەهەمان مەبەست کراوە، هەر بەو مەبەستەش ئەستێرەکە بەگوێرەی مانگەکەوە قەبارەی زۆر گەورەکراوە، بۆ ئەوەی تەواو لێکچونێک هەبێت لە نێوان ئەو دوو ئەستێرە و ئەو دوو ڕووداوەدا، گوایە ئەوان کەسانێکن رووبەرووی توند و تیژی بوونەوتەوە، هەروەها دروشمی تریشان بەتەنیشتەوە هەڵواسیبو، کە نوسرابوون: (دوێنی جولەکە ئەمڕۆ موسڵمان). بۆیە زۆر لە پیاوانی سیاسی و ڕێکخراوەکان ئەم رووداوەیان بە کارێکی زۆر قیزەون دەبینی، لەبەر ئەوەی بڕوایان وا بوو، کە ناتوانرێت بەراورد لە نێوان ئیسلامی ئەمڕۆ و جولەکەی سەردەمی ڤیشی فەرەنسا بکرێت. کام موسڵمان مەترسی کوشتنی لەسەرە لە فەرەنسا ؟ کام موسڵمان نێرداروە بۆ ژووری گاز ؟ هەتاوەکو ئەوان خۆیان بچوێنن بە جولەکەکانی سەردەمی ڤیشی؟ موسڵمانەکان لە ئەوروپا لەسەرجادە نوێژ دەکەن، لەبەردەم سکەی تراموایاد هەر بۆ خۆنواندن، لە مانگی ڕەمەزاناندا پۆلیس پارێزگاری لە مزگەوتەکان دەکات، لە هەندێک گەڕەکی دەرەوی پاریس ئەوان حوکم دەکەن.
سیاسەتی موسڵمانەکان لە ئەوروپا و لەجیهاندا ئەوەیە، کە دەیانەوێت هەمیشە خۆیان وەها پیشان بدەن، گوایا  ئەوان وەک موسڵمان هەمیشە غەدریان لێکراوە و خەڵکی ڕەگەزپەرستن بەرامبەریان، بەڵام ژمارەکان خۆیان ئەدوێن؛ لەساڵی 2018 دا ئەو تاوانانەی لەفەرەنسا کراون بەناوی دینەوە دژی کریستیانیەکان 1063 تاوانە و دژی ئیسلامیەکانیش تەنها 514 تاوانە، لە ساڵی 2019 دا زۆر کەمتریش بۆتەوە. هەمو کەسێکیش دەزانێت کە لە هەندێک گەڕەکی پاریسدا بوونت وەکو کەسێکی مەسیحی هەروا ئاسان نییە. بارەکەش گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە سالێک لەمەوبەر وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بەئاشکرا وتی: (دەبێت ئەو ناوچانەی دەرەوی پاریس داگیربکەیەنەوە). بەکارهێنانی زاراوەی داگیرکردنەوە زیادەڕۆیی تێدا نەکراوە و لە جێی خۆیدایەتی. خۆ ئێمە ناڵێین ڕەگەزپەرستی بوونی نییە، بەڵام زۆر کەمترە لەئاستی ڕەگەزپەرستی لە ولاتانی ئیسلامیدا؛ کەسێکی عەرەبی سعودی هیچ ڕێزێک بۆ مەغریبیەک دانانێت کە هاو زمان و هاو دینی خۆیەتی و بەپێجەوانەشەوە، بەمەرجێک هیچیان نەچوونەتە وڵاتی ئەوی تریان بەمەبستی ئیشکردن و وەرگرتنی موچەی بێکاری.
هەندێک لە پیاوانی موسڵمان و زۆرێک لە ڕێکخراو و پیاوانی سیاسی چەپڕەو بەشداریان نەکرد لە خۆپێشاندانەکاندا، وتیان کە ئەوان ئامادە نین بەتەنیشت کەسانی سەلەفی و جیهادیستەوە خۆپیشاندان بکەن، ئەبێت بوترێت کە ڕیکخستنی ئەم خۆپیشاندانانە بەهاندانی هەندێک ڕێکخراوی سەلەفی و جیهادیست ئامادەکرا بوو، بەیارمەتی هەندێک ولاتانی عەرەبیش بە مەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ ئیسلامێکی سیاسی.
هەرچەندە سیستەمی سیکۆلاری فەرەنسی زۆر شازە و جیاوازە لە ولاتانی ئەوروپی، ئەوەش بەرهەمی شۆڕشی فەرەنسیە، بۆ نمونە لە فەرەنسا وەک وڵاتانی ئەوروپا هیچ پارتێکمان نییە بەناوی کریستیانی دیموکرات وەک لە ئەڵمانیا، لەبەر ئەوەی کە سیاسەت و دین تەواو جیابونەتەوە لە فەرەنسا. ئەوەی لەم سەردەمەدا موسڵمانەکانیش داوای دەکەن لە حکومەتی فەرەنسی ، وەک داوای تورکیا وایە بۆ چونە ناو ئەوروپا؛ دەیانەوێت بە قانونی خۆیانەوە بێنە ناو سیستەمی سیکۆلاریزمی فەرەنسیەوە، کە بۆ فەرەنسیەکان ئەمە مەحاڵە، چونکە فەرەنسا لەسەر ئەو سیستەمە بەندە و پارێزراوە، کەس ناتوانێت بیگۆڕێت. ئایا لەداهاتودا گۆڕانکاری رووئەدات ؟ واتە پارتێک دروست دەبێت بە ناوی پارتی ئیسلامی هەتاوەکو ئیسلامیەکان کۆبکاتەوە و ببێتە پاڵپشتێک بۆ بەرەی چەپ دژی راستە ڕەگەزپەرستەکان؟
لە ڕۆامنی؛ رازی بون La soumission، نووسەری بەناوبانگی فەرەنسی ؛ میشێل وێلبێک michel Houellbecq ، کە لە رابوردودا وتارێکم لە کوردستانپۆستدا لەسەر نووسی، ڕۆمانێکی خەیاڵیە، نووسەر باسی ساڵی 2025 دەکات لەکاتی هەڵبژارنەکانی فەرەنسادا، چۆن پارتێکی ئیسلامی دروست دەبێت بەسەرۆکایەتی کەسایەتییەکی ئەنتەلەکتوێلی ئیسلامی فەرەنسی بە ناوی (بن عەباس). پارتە چەپەکان لەگەل ئەودا دەبن بەیەک دژی پارتی ژۆن ماری لوپێن، پاش ئەوەی تەقینەوە و ئاڵۆزیەکی زۆر رووئەدات لەناو جادەکانی پاریسدا. بن عەباس دەبێتە سەرەک کۆمار و، پاشان بەیارمەتی ولاتانی عەرەبی هەموو قەرزەکانی فەرەنسا ئەدرێتەوە و دانشگای سۆربۆن دەبێتە دانشگایەکی ئەهلی و هەندێک وانە قەدەغەدەکرێن و ئەو مامۆستایانەی کە ناچنە ناو ئەو سیستەمەوە خانەنشین دەکڕین.....تاد. بێگومان ئەمە چێرۆکێکی خەیاڵیەوە نووسەر خەیالەکانی گەیاندۆتە ئەوپەڕی سەرپەلی. بەڵام ئەو راستیەی دەبێت بیزانین ئەوەیە کە ژمارەیەکی زۆر موسڵمانی ئەفریقای باکور لە فەرەنسا بوونیان هەیە، ئەم ژمارە زۆرەش لە سیستەمی دیموکراسیدا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ لەئەوروپا هیچ کەسایەتیەک نییە ببێتە پێشڕەوی ئیسلامییەکان، تەنها کەسێک کە چاوەڕوانی لێ دەکرا، تاریق ڕەمەزان بوو، تاریق رەمەزان کچەزای حەسەن بەنایە و مامۆستای تێۆلۆژی بوو لە دانشگای کەمبرییچ لە ئینگلتەرا، فەرەنسییەکی باشی دەزانی و توانای دیبەتیت و کۆنفرانسی هەبوو، بەڵام تاریق رەمەزان لە دوای ئەو کۆنفرانسانەی کە کردی، ئێستاکە لە بەندیخانەیە و تاوانی لاقەکردنی چەند کچێکی موسڵمانی دراوەتە پاڵ لەهۆتێلەکانی پاریسدا، ئەو کچانەش لەلایەن کارۆلن فورێست caroline Fouresteەوە هاندران هەتاوەکو بێدەنگی بشکێنن و شکاتی لێ بکەن. کارۆلین فۆرێست ئەو کچە فێمینیستەیە کە فلیمێکی لەسەر ڕۆژاڤا کرد، بەناوی؛ کچانی چەک .

تاریق رەمەزان
کاغۆلین فوغێست لەکاتی دەرهێنانی فیلمی کچانی چەک

لە رابردوودا ولاتانی ئەوروپی ئێرەییان بەفەرەنسا دەبرد، دەیان وت؛ فەرەنسیەکان چۆن دەتوانن بیانیەک بکەن بە فەرەنسی و ئێمە ئەو توانایەمان نییە. بەڵام کتوپڕ ئەم سیاسەتە پێچەوانە بویەوە، بە دابەزینی باری ئابوری و سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و رادیکال، توانیان ئەم گەنجانەی فەرنسا ڕاکێشن بەلای خۆیاندا، پێیان وتن؛ فخێغ (اخ، بە مەبەستی وشەی ئیخوان موسلیمون) ئەگەر تۆ بێکاربیت، ئەگەر تۆ زەلیلو داماوبیت، ئەگەر تۆ جێگەت نەبێتەوە لە کۆمەڵگەی فەرەنسیدا، لەبەر ئەوەیە کە تۆ پەیڕەوی دینەکەت ناکەیت، پەیڕەوی ڕێنمایەکانی ئیسلام ناکەیت، دایک و باوکیشت بەهەمان شێوە دەچەوسێرانەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان نەزان بوون، لەبەر ئەوەی کە ئەوان نەخوێندەواربوون، ئەوان قورئانیان نەدەخوێندەوە، وەرە تۆ قورئان بخوێنەوەرەوە و ڕێنمایەکانی جێەجێ بکە، بڕۆ بۆ جیهاد، ئەوسا بوونت وەک کەسێک لەکۆمەڵگەدا گرنگ دەبێت. بۆیە لە شارەکانی دەوری پاریس وەک لە ولاتانی ئیسلامیدا چەندە تۆ ریشت درێژ بوایە هێندە ڕیزت زیاتر دەبوو. دەبێت لێرەدا راستیەکیش بدرکێنین ئەویش ئەوەیە، کە ئەم رووداوانە بوونە مەسجێک بۆ ئەوروپا ؛ ئەگەر تۆ قبوڵم نەکەیت ئەوا دەچم ڕیگای ردیکال هەڵدەبژێرم. هەر ئەمەشە کە پێی دەڵیین ململانێ لەسیستەمی دیموکراسیدا.
ئیتر بینیمان ڕیش و بورکە لە دەوروبەری پاریس وەک دڕکی دەشت، پەلی دەهاویشت و بەهەموو شوێنێکدا بڵاودەبویەوە و بە تەقینەوەکانی باتاکلان و شارلی ئێبدۆ کۆتایی هات.
ئەم خۆپیشاندانە دژی ئیسلامۆ فۆبی، لەو رووداوەوە دەستی پێکرد، کە چەند هەفتەیەک لەوەو بەر، دایک و باوکی قوتابییەک بە جلی ئیسلامییەوە چووبوون سەردانی مندالەکەیان کردبوو لە قوتابخانە. لە سیستەمی سیکۆلاریزمی فەرەنساشدا لە هیچ شوێنێکی حکومیدا بۆت نییە نیشانەی دینی یان سیاسی خۆت ئاشکرا بکەیت ( لەو بارەیەوە وتارێکم نووسی بەناوی: هەمو هاوینانێک ئیسلامیەکانی......)، هەرچەندە ماکرۆنو سەرۆک وەزیران، ویستیان نەرمی بنوێنن، کە گوایە ئەو قانونە کەسوکاری قوتابی ناگرێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا سێنا بڕیاری دا کە ئەوانیش دەگرێتەوە.

(کلیکی ئەم دوو بابەتەی خوارەوە بکە):

1- هەمو هاوینانێک لەگەڵ گەرمادا جلی ئیسلامی لەفەرەنسا تەنگژی دەنێتەوە

2- ناوچەی 93 لە پاریس، کەمی مێینە و گەشتیاری عەرەب


کتێک فەرەنسا بورکەی قەدەغەکرد، هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی دژایەتیان کرد و مافی مرۆڤیان کردە بەدیل دژی ئەو بڕیاردانە، بەڵام ئەوانیش ناچار بوون هەندێک قانونی دیموکراسی بگۆڕن، بۆ نمونە کاتێک ئەبو هومزە بەخۆیی و دەستە قولاپیەکەیەوە لەبەردەم مزگەوتەکانی لەندەندا دژی ئینگلتەرا و ئینگلیز ئەدوا و هەڕەشەی دەکرد، کەس بۆی نەبوو بە قانونی دیموکراسی ئینگلتەرا ڕێگری لێ بکات، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کارە بە هەندانی توندوتیژیی حوکم دەکرێت. بۆیە ئەوروپا وردە وردە قانونەکانی خۆیان گۆڕی بەرامبەر بەئیسلامی رادیکاڵ. نەک تەنها حکومەت بەرامبەر بە ئیسلامی رادیکاڵ، بەڵکو شەریکەکانی ئاسیۆرانسیش لەگەل هاتنی بیانیەکان، کاتێک بە سەیارەکانیانەوە دەڕۆیشتنەوە بۆ ولاتی خۆیان و گومیان دەکردن گوایە کە دزراوە.
ئێستاکە هەمو ئەوروپا چاوی بڕیوەتە فەرەنسا، ئەگەر لەڕابوردودا فەرەنسا توانیویەتی بیانیەک بکات بەفەرنسی، ئێستاکە چۆن لەگەل ئیسلامی سیاسیدا هەڵسوکەوت دەکات. لە هەمان کاتدا ئیسلامیەکانی جیهانیش چاویان بڕیوەتە فەرەنسا وەک قەڵایەک کە بیانەوێت داگیری بکەن. بەرگریکردنی فەرەنساش لە ڕۆژاڤا و دژایەتی کردنی تورکیا هەر لەو ڕووەوەیە. هەرچەندە ئەوەی فەرەنسا دەپارێزێت سیتەمی سیکۆلاریزمەکەیەتی کە زۆر شاز و جێاواز، بە جۆرێک هیچ دینێک ناتوانێت لێوەیەوە بێتە ژوورەوە و کەلێنێکی تێبکات هەتاوەکو قانونی خۆی بسەپێنێت، بەڵام ژمارەی ئیسلامیەکان و چەمکی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی و شەڕی جەزائیر کە هەتاوەکو ئێستاکە لەبیرەوەری باپیرەکانی فەرەنسییەکاندا ماوە و وەک باسێکی تابو دەبینرێت، کاریگەری لەسەر تاکی فەرەنسی هەیە، کە جۆرێک لە دلفراوانی و لە هەمان کاتدا خۆ خەتابارکردنیان هەیە، کە دەرئەنجامەکەی ئەوەیە دەیبینین؛ هەندێک لە کەسایەتی چەپ کەوتونەتە هەڵەوە و شتەکان وەک خۆیان نابینن، نازانن بەرامبەر بە چی خۆیان دەبیننەوە، لەهەمان کاتدا ئەستەمە بۆ تاکێکی مەسیحی بتوانێت لەناخی ئیسلامییەکی ئیخوانی تێبگات کە چی لەناخیدا چ ڕق و قینێک بەرامبەر بەوان حەشارداوە!
شتەکان وردە وردە گۆرانکارییان بەسەردا دێت؛ ئەگەر لە رابوردودا زاراوەی هاورێ، کەمەغاد؛ (Camarade ) یان هەڤاڵ باو بوو، ئەوا ئەمڕۆ بەئاسانی گەنجان زاراوەی؛ فخێخ؛ frère ، برا، بەکار دەهێنن لەسەر ئاوازی ؛ اخ، وەک ئەخی ئیخوان موسلیمون، ئەم گۆرانکاریانەش زۆر زەقن، بێگومان چەندەها زاراوەی عەرەبی و مەغریبی هاتونەتە زمانی فەرەنسیەوە و گەنجان تەنانەت کەسانی گەڕەکی دەوڵەمەندەکانیش بەکاری دەهێنن وەک چۆن زاراوەی ئینگلیزیش بەهەمان شێوە و شتێکی ئاساییە، بەڵام وشەی برا، وەک هیمایەک بۆ ئیخوان موسلیمین تەواو بەربڵاوە و بێ تاوان نییە.




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 5/5)