دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان لە 2020دا


ئایا ئەمریکا خیانەتی لە کورد کرد؟

Sunday, 11.17.2019, 22:16

2123 بینراوە


قسەیەک هەیە دەڵێن: "ئەمریکا لەوپەڕی دنیاوە هاتووە تەنیا بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت و هاوپەیمانی درێژخایەنی ناوێت و لە پێناو بەرژەوەندییەکانیدا خیانەت لە هاوپەیمانەکانیشی دەکات". بەڵام لە ڕاستیدا ئەمریکا سیاسەت دەکات، پێویستە ئێمەش سیاسەت بکەین لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەکەمان دا.

کاتێکیش دۆناڵد تڕەمپ تاکلایەنە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرئاوای کوردستان دا و گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵکرد تا خۆرئاوای کوردستان داگیر بکات، هەمە دەستەواژە لەلایەن ڕای گشتی کورد و پارت و سیاسییەکانی کوردەوە چەند بارەکرایەوە کە ئەمریکا خیانەتی لە کورد کرد و پشتی کوردی داعش شکێنی بەردا! بەڵام ئایە ڕاستە ئەمریکا خیانەتی لە کورد کرد؟ ڕێگەی بە داگیرکاری تورکیادا؟ ئەی پێویستە کورد چی بکات؟

ئەوەی ڕاستییەکی مێژووییە ئەوەیە کە ئەمریکا و تورکیا هاوپەیمانن. لە میانەی ئەم هاوپەیمانیەدا پەیمانی داکۆکیکردن لە یەکتریان هەیە. ئەم هاوپەیمانییەتیەش مێژویەکی درێژی هەیە و بە قۆناغی هەستیار و سەختتدا تێپەڕیوە. دوای جەنگی سوریا هەریەکەیان بە پێی بەرژەوەندییان تێڕوانینی جیاوازیان هەبوو، تورکیا هەمیشە دەیویست هاوپەیمانێتیەکەی ئەمریکا بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی بێت، کاتێک دۆناڵد تڕەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان هەڵکرد تا خۆرئاوای کوردستان داگیر بکات لەلایەک ویستی تورکیا لە باوەشی ڕووسیا بێنێتە دەرەوە و بیگێڕێتەوە بۆ سەر بەرەی خۆرئاوا. لەلایەکی دیکە وویست بە ڕای نێودەوڵەتی بڵێت، ئەوەی جینۆساید دەکات تورکیایە و کوردیش بەرگری لە خۆی دەکات. تورکیا پێی وابوو داگیرکاری ئەمجارەش وەکو داگیرکاری عەفرین کاردانەوی جیهانی بەدوادا نایەت. تڕەمپ بەم گڵۆپ سەوز هەڵکردنە ویستی بیانوی تورکیا لە هاوکارینەکردنی ببڕێت، تا بە هۆی هاوپەیمانێتی ئەمریکاوە نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر باکوری سوریا. ئەمریکا هەم گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد و بیانوی تورکیای بڕی، هەم کاردانەوەی توندی هەبوو دژی داگیرکارییەکەی و سزای توندی ئابوری بەسەریدا سەپاند.

بڕیاری کشانەوە و گڵۆپ سەوز هەڵکردنی تڕەمپ بۆ تورکیا بۆ داگیرکاری خۆرئاوای کوردستان، بە هەمان شێوەی کشانەوە و گڵۆپ سەوز هەڵکردنی ڕوسیا بۆ تورکیا نەبوو بۆ داگیرکاری کانتۆنی عەفرین، چونکە کاتێک ڕوسیا لە عەفرین کشایەوە و گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد، نە دامەزراوە سیاسییەکان و نە کۆشکی کریملن کاردانەوەیان نەبوو، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی کاردانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لێنەکەوێتەوە و تورکیا عەفرین داگیربکات و جینۆسایدش ئەنجامبدات. بەڵام کاتێک دۆناڵد تڕەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکرد، ئەوە بڕیاری تاکلایەنەی تڕەمپ بوو بێ ئەوە پرس بە پنتاگۆن و کۆنگرێس و ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئەمریکا بکات، هەر لەبەرئەوە هەر زوو کۆنگرێس و سیناتۆرەکانی ئەمریکا و حکومەتی ئەمریکا کاردانەوەی توندیان هەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوە ئەوروپا و کۆمکاری عارەبی کردانەوەی توندیان هەبێت دژی تورکیا و ڕێگە لە داگیرکارییەکەی بگرن لە باکوری سوریا.

لە ڕاستیدا سەرەڕای هەموو هۆکارەکان، ئەوەی هۆکار بوو بۆ بڕیاردان بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرئاوای کوردستان کۆنگرێس و پێنتاگۆن و حکومەتی ئەمریکی نەبوو، بەڵکو ئەو پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییە بوو کە لە نێوان تڕەمپ و ئەردۆغان دا هەیە لە ڕێگەی زاواکانیانەوە. ئەو پەیوەندییە ڕەزامەندی دەربڕی بەكشانەوەی هێزە ئەمریكییەكان لە باكووری سوریا، کە رێگای لە بەرامبەر سوپاکەی توركیادا ئاوەڵاكرد بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات، كە لەڕووی سەربازییەوە ئەمریكا پشتیوانی لێدەكردن.

ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی (نیۆرك تایمز) هەبوونی پەیوەندییەكی تایبەت لەنێوان زاواكانی هەردوو سەرۆكی ئەمریكا و توركیا ئاشكراكرد، كە تێیدا هەردوو زاوا رۆڵێكی سەرەكی تێدا دەبینن.

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات زاوای ئەردۆغان (بیرات ئەلبیرق) و زاواكەی ترامپ (جارید کۆشنەر) و بازرگانی دیاری توركیا(ئایدین دۆغان‌) و هاوبەشی رێكخراوی ترامپ بۆ خانووبەرە، كەناڵێكی تایبەتی‌و نافەرمییان كردووەتەوە بۆ پەیوەندی نێوان ترامپ و ئەردۆغان.

پەیوەندییەكانی ترامپ لەگەڵ توركیا بۆ ماوەی 10 ساڵە دەستی پێكردووە، راپۆرتە داراییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن (ترامپ تاوەری ئەستەنبوڵ)، كە لە ساڵی 2012 دا كرایەوە، بووە هۆی ئەوەی رێكخراوی ترامپ نزیكەی 5 بۆ 10 ملیۆن دۆلار لەساڵی یەكەمدا بۆ ئەو وڵاتە رابكێشێت، پاشان لە ساڵانی كۆتاییدا گەیشتە 100 ملیۆن دۆلار.

لە ساڵی 2018 بیرات ئەلبێرق سەردانی ئەمەریكای كردو چاوی بە زاواكەی ترامپ (جارید كۆشنەر) كەوت، بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی پلانەكانی ئیدارەی ئەمریكا بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پاشان هەردوو زاوا لەسەر ئەو رێكەوتن پەرە بەدیبلۆماسیەتی نهێنی بدەن بۆ چالاك كردنەوەی پەیوەندیە ئابورییەكان لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

لێرەدا بە چەند هەڵوێست و بڕیارێکی ئەمریکا ئەو ڕووندەکەینەوە کە ئایە ئەمریکا خیانەتی لە کورد کردووە؟
یەکەم. سەرەتا ئەوەی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە ئەو چەک و کەستە سەربازییانەی شەڕڤانان شەڕی تورکیای پێ دەکەن چەکی ئەمریکین و ئەمریکا داویەتی بە هەسەدە، گەر چەکی ئەمریکی نەبوایە هەسەدە بەچی شەڕی تورکیای ئەندامی ناتۆی بکردایە؟ ئایا ڕووسیا و کۆمکاری عارەبی و ناتۆ و ووڵاتانی ئیسلامی و ئیسڕائیل چەکیان بە شەڕڤانان دەدا؟ لەڕاستیدا نەخێر، تا ئێستا ئەوەی چەکی بە هەسەدا داوە تەنیا ئەمریکایە.

دووەم. ئەوەی بڕیاری ئاگربەستی دا و بەپێی ڕێکەوتنێک تورکیایی ناچارکرد هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان ڕابگرێت ئەمریکابوو لە 17/10/2019.

سێیەم. ڕۆژی چوار شەممە 30/10/2019 کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆی (535) دەنگدەر، (100) سیناتۆر و (435) نوێنەر، بە (403) بەڵێ و (16) نەخێر دەنگ، دوو بڕیاری لە دژی تورکیا پەسند کرد:
یەکەم. سزادانی تورکیا لەسەر ئەنجامدانی داگیرکاری بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان.
دووەم. بە جینۆساید ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکانە کەلەلایەن عوسمانیەکانەوە ئەنجامدرا.

بڕیارەکەی کۆنگرێس دەربارەی سزادانی تورکیا چەند خاڵێکی گرنگی لە خۆ گرت کەگرینگترینیان ئەمانەن:

1. فرۆشتنی چەک بە تورکیا لەلایەن ئەمریکا قەدەغە دەکرێت، هەر ووڵاتێکی دیکەش چەک بە تورکیا بفرۆشێت ئەمریکا سزای دەدات.

2. هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی تورکیا کە ڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان (باکوری سوریا)، سزا دەدرێن.

3. هەموو بانکە ناوەندییە حکومییەکانی تورکیا، لە ناویشیدا (هالک بانک) دەخرێنە لیستی تیرۆرەوە. پێویستە سزا بخرێتە سەرهەر دەزگایەکی تری دارایی کە کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی داگیرکاریە کردبێت.

4. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەبێت بە زوترین کات زانیاری لە سەر داهاتی ئەردۆغان و ئەندامانی خێزانەکەی بداتە کۆنگرێس، بەمەبەستی بلۆک کردنیان. دەبێت سەرۆک دۆناڵد ترامپ پـێدانی ڤیزە بە کاربەدەستانی تورک ڕابگرێت و سەروەت و سامانی ئەو کاربەدەستانە سڕ بکات کە دەستیان هەیە لە داگیرکاری سەر باکوری سوریا، لەوانە وەزیری بەرگری.

5. دەبێت سەرۆک سزاکانی یاسای CAATSA بەسەر تورکیا بسەپـێنێت.

(یاسای CAATSA، واتە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنانی ئەمەریکا لە ڕێگەی سەپاندنی سزاکانەوە، لە ساڵی 2017 وە کاری پـێدەکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەریەک لە ئێران و ڕووسیا و کۆریای باکور).

چوارەم. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەڕاگەیاندنەکانی ئەمریکاوە باس لەسەفەرەکەی ڕۆژی 13/11/2019 ئەردۆغان دەکەن، لیندسی گراهەم لەکۆبونەوەکەی نێوان ئەردۆگان و ترەمپدا لەوێ ئامادە دەبێت، گراهەم بەجۆرێک لەسەر دۆزی کورد و خۆرئاوا ڕووبەڕووی ئەردۆغان دەبێتەوە کەشیرازەی کۆبونەوەکە تێکدەچێت و دۆناڵد ترەمپ دەکەوێتە نێوانیان!

لەو کۆبونەوەیەدا ئەردۆغان بەتوڕەیی بەسکرتێرەکەی دەڵێت: "ئەو ڤیدیۆیەیان نیشان بدە کە تیرۆرستە کوردەکان چیان کردوە"، گراهەمیش پێی دەڵێت: "کوردەکان تیرۆریست نین ئەوان شەڕی تیرۆر دەکەن! ئەوان چەند ساڵە هاوپەیمانی ئێمەن، ئێمە باشیان دەناسین پێویست ناکات تۆ بەڤیدیۆیەک ئەوان بۆ ئێمە پێناسە بکەیت، تۆ ڤیدیۆیەکت لایە هەر ئەو کوردانەی ئێستا لەبەردەم کۆشکی سپین و خۆپیشاندان دەکەن دژی هاتنی تۆ بۆئەمریکا دەیان ڤیدیۆو ڕەسمی کردەی کوشتنی منداڵ و سڤیلی کورد لەلایەن ئێوەوە لەناو سمارت فۆنەکانیاندایە!".

هەر لەو کۆبونەوەیەدا ئامادەبویەکی تر بەئاشکرا ئەوەی نەشادۆتەوەو ڕاستەوخۆ بەئەردۆگانی گوتوە: "دەبێت کارێک بکرێت کە تورکیا لەناتۆ دەربکرێت، چونکە بۆئێمە تەواو یەکلایبۆتەوە کەئێستا ئێوە هاوپەیمانی ڕووسیان".

لەهەمووشی گرنگتر کەئەردۆگانی ئیحراج کرد لەپرێس کۆنفرانسەکەدا پرسیاری ئەو پەیامنێرە بوو کەپێی گوت "سەرۆک ترەمپ لەنامەکەی پێشودا کەبۆی ناردویت تۆی بەگەمژە لەقەڵەم داوە". ئەردۆغان بەو پرسیارە تەواو تێکچو بەجۆرێک وەڵامەکەی سەدپلە پێچەوانەی پرسیارەکەبوو!

لە کۆتاییدا دەڵێن ئەمریکا سیاسەت دەکات و خیانەتی لە کورد نەکردووە بەڵکو چەند هەڵوێست و بڕیارێکی توند دژی تورکیای هاوپەیمانی هەبووە و جێبەجێکردووە، لەبەرامبەریش دا پێویستە کورد لەلایەک بەرگی بکات و لەلایەکی دیکەوە سیاسەت بکات و پشت لە ئەمریکا و ئەوروپا نەکات و بە تەنیا ڕوو لە بەشار ئەسەد و ڕووسیا بکات، چونکە گەر ئەمریکا لە خۆرئاوای کوردستان بکشێتەوە ڕووسیا لەلایەکەوە بە تورکیا هەڕەشە لە کورد دەکات، لەلایەکی دیکەوە لە ڕێگەی ڕژێمی سوریاوە هەوڵی تەواو دەدات تاکو خۆرئاوای کوردستان بخاتەوە چوارچێوەی ڕژێمی سوریا بێ هیچ دەستکەوتێکی نەتەوەیی و سیاسی بۆ کورد، چونکە ڕووسیا کار بۆ ڕژێمێکی مەرکەزی بەهێزی سوری دەکات.

ئەوە ئەمریکا نییە خیانەت دەکات، ئەوە تورکیایە داگیرکاری دەکات و دژی ڕەگەز و ناسنامە و کیانی کوردییە، تەنانەت ئەگەر لە جەمسەری باکوریش بێت.




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 4.5/5)