کوبریک سینەما و مێتافۆر (بەشی سێیەم)

Monday, 18/11/2019, 21:59

8795 بینراوە


ڤێتنام لە چاوی ڕاستیی کامێراوە


ناوی فیلم: گوللەی پۆڵایین یان قەوانی کانزایی تەواو (full metal jacket)
ساڵ: 1987
دەرهێنەر: ستانلی کوبریک
ڕۆڵ: ماتیۆ مۆداین، لی ئێرمی، ڤینسنت دۆنۆفریۆ، ئادەم باڵدوین
سیناریۆ: مایکڵ هێر، گۆستاف هاسفۆرد

فوڵ مێتاڵ جاکێت فیلمێکە دەربارەی جەنگی ڤێتنام، لە ڕۆمانی کاتگرە کورتەکان (The Short-Timers)ەوە وەرگیراوە. ناونیشانی فیلمەکە ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە گوللە. ئەکتەرە سەرەکییەکان بریتین لە: ماتیۆ مۆداین، لی ئێرمی، ڤینسنت دۆنۆفریۆ، ئادەم باڵدوین. مایکڵ هێر کە سیناریۆی فیلمەکەی نووسیوە پێشتر لە فیلمی ئێستا قیامەتە (apocalypse now)ی فرانسیس فۆرد کۆپۆلادا هەمان ئەرکی گێڕاوە. ڕۆناڵد لی ئێرمییش کە ڕۆڵی ڕەقیب هارتمان دەگێڕێت پێشتر لە هەمان فیلمدا بەشداری هەبووە، کوبریک بۆ ئەم فیلمە بانگی دەکات تا ڕاوێژی پێ بکات، بەڵام دواتر یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکانی پێ دەسپێرێت. فیلمەکە پاڵێوراو بووە بۆ ئۆسکاری باشترین سیناریۆ. پەیمانگای فیلمساز ئەمەریکی پلەی 95ی پێ داوە لەنێو باشترین 100 فیلمی هەموو مێژوودا.
سادەترین پرسیار کە لە بارەی جەنگەوە بیکەین ئەوەیە کە بە گشتی جەنگەکان لەپێناوی چیدان؟ مرۆڤ بۆ ئەمە چەندین پاساوی ئاکاری، ڕەوشتی، فەرهەنگی، ئاینی، ئایدۆلۆجی، نیشتیمانی، مرۆیی دەدۆزێتەوە و گەلێک جار بەهاگەلی وەک ئازادی دەکاتە پاساو، بەڵام کوبریک سەرجەمی ئەم پاساوانە بە درۆ دەخاتەوە و پێی وایە پاساوی ڕاستەقینەی جەنگەکان دەروونین، پەیوەندییان بە گرێ دەروونییەکانی نێو ناخی مرۆڤەوە هەیە بە تایبەتی سێکس و شەڕانگێزی کە دەربڕی چڵێسی مرۆڤن. لەمەیشدا شرۆڤەیەکی دەروونناسییانەی زۆر وردی جەنگەکان دەکات و بە بەڵگەوە پاڵپشتی لە تێزەکەی دەکات.


دەبوو کوبریک فیلمی جەنگیش دروست بکات ئەو باش ڕۆچووەتە نێو ناخی مرۆڤەوە، هێندەی دەروونناسێک ئاشنای ئەو ناخە شەڕانگێز و قێزەونەیە. ئەم فیلمەی ئەو یەکەمین و دوایین فیلم نەبووە لەسەر ڤێتنام، بەڵام ئەو ویستوویەتی شتێکی جیاوازتر بڵێت لەبری پیشاندانی بوێری سەرباز و چاکەخوازی ئیمپریالیزمی ئەمەریکی. لە فیلمەکەدا گۆرانی و جەنگ زۆر لێزانانە تێکەڵاو کراون. لە سەرەتاوە هارتمان بە سەربازەکان دەڵێت من جیاوازی ناکەم لەنێوانتادا ئێوە هەرچی بن و ڕەنگی پێستتان هەر چۆنێک بێت، بە یەک چاو سەیرتان دەکەم: لای من ئێوە هەموو بێنرخن. کەچی دواتر دەبینین یەکێک لەو بێنرخانە، بەڵکو هەرە بێنرخترینیان [لە دیدی خۆیەوە] دەیکوژێت. لەمیانی قسەکانیدا سەربازەکان بە ژن ناو دەبات وەک ئاماژەیەک بۆ ترسنۆکی و لاوازی ژنان کەچی لە کۆتاییدا کچە گەریلایەکی ڤێتنامی دەستەیەک لە سەربازەکان دەخاتە مەترسییەوە و ژیانی هەندێکیشیان دەبات، دواجاریش کاتێک ئەو کچە گەریلایە بە برینداری دەستگیر دەکرێت بۆ خۆی داوا دەکات بیکوژن، لە کاتێکدا سەربازانی ئەمەریکی کە نێرینەن خەونیان ئەوەیە هەر چۆن بووە بە زیندوویی بمێننەوە و بگەڕێنەوە نیشتیمان. لەم وێنەیەدا بەرەی داگیرکەر پەنا بۆ عەقڵ دەبات و لەو ڕێگەیەوە خۆی دەپارێزێت، بەرەی داگیرکراویش عاتیفە بە کار دەهێنێت و تیا دەچێت. بەڵام وادیارە ئەو بژاردەیەی بۆ داگیرکراو ماوەتەوە تەنیا عاتیفەیە، هەموو دەرگاکانی عەقڵ لە بەردەمیدا کڵۆم کراون.

هەر لە سەرەتای فیلمەکەوە وردوردە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە پێناچێت هیچ کام لە سەربازەکان هاوسەر یان دەستگیران یاخود ماڵ و منداڵی هەبێت، گەر هەیشیان بێت لەتاو دژواری ئەو ژیانە سەربازییەی تیایدان لە یادیان نەماوە ئەگەرنا هەر دەبوو لە شوێنێکی فیلمەکەدا ئاماژەی یادکردنی ئەوان ببینرایە. لێرەدا کوبریک گەرەکیەتی شتێکی زۆر گرنگترمان پێ بێژێت: مێشکشۆردنەوە! دەیەوێت پێمان بڵێت لە سوپای ئەمەریکادا توندترین شێوەی مێشکشۆردنەوە پەیڕەو دەکرێت کە مرۆڤ لە ڕابردووی خۆی دادەماڵێت، بە شێوەیەک لەو کەرەستەیە قاڵبێکی دیکە دادەڕێژێت کە چیدی هیچ پابەندییەکی بەو پێشینەیەی خۆیەوە نامێنێت.
دووفاقی مرۆڤ لە فیلمەکەدا پێمان دەڵێت چۆن جەنگ وا لە مرۆڤ دەکات تاکایەتی خۆی بدۆڕێنێت و ببێتە بوونێکی وابەستە، ئیدی بەو جۆرە تاک جگە لە ئامڕازێک بۆ کوشتن هیچی دیکە نییە. هەر بۆیە شووناسی تاکایەتی تاڕادەیەک ونە، بۆ نمونە ناو و تەمەنی سەربازەکان بە وردی نازانین، وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد تەنانەت باوک و دایک و خۆشەویست و پێشینەیشیان بەو شێوەیە دیار نییە. بە گوزارشتێکی دیکە لە سەرەتاوە سەربازەکان سەریان دەتاشرێت و جلوبەرگەکانیان دەگۆڕڕێت تا ببنە داڕشتەیەکی دیکە و شوناسی پێشوویان ون بکەن. ئا بەو جۆرە تاکەکان دەمامک دەپۆشن و شوناسی ڕاستەقینە لە دەست دەدەن. لە کڵاوی سەربازەکە نووسراوە لە دایک بووم بۆ ئەوەی بکوژم کەچی سیمبولی ئاشتی لە سینەی داوە! ئەم ماسکپۆشینە لە زۆرینەی کارەکانی کوبریکدا دەبینرێت و گوزارشتە لە دووفاقی مرۆڤ کە کارل یۆنگ و بیرمەندانی تریش ئاماژەیان بۆ کردووە.
ڕووتبوونەوە و ماسکپۆشین لای کوبریک پڕۆسەیەکی جەستەیی نییە، بە قەد ئەوەی هەڵقوڵاوی ڕەهەندێکی دەروونییە، ڕەنگە پنتی فەلسەفییشی لە ناواخنی خۆیدا هەڵگرتبێت. لەم سۆنگەوەیە کە ئەو بە ئەندازەی ڕووتبوونەوەی جەستەیی کار بۆ ڕووتکردنەوەی کەسایەتی دەکات –بردنەوەی مرۆڤ بۆ سەر ڕەسەنایەتی خۆی. ماسکیش ئەوەیە کە کۆمەڵگا و نەریت و پێودانگەکانی دیکە سەپاندویانە. دیسانەوە مەبەستی کوبریک ئەوە نییە کە داکۆکی لە ڕووتبوونەوە یان داپۆشین (دەمامک) بکات، بە قەد ئەوەی گەرەکیەتی ئەم پارادۆکسەی مەردووم بێ چەندوچوون بخاتە ڕوو.


هارتمان کەسێکی ئایدیاڵییە و هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی سەربازەکان بکاتە مەکینەیەکی کوشتن، لە مرۆڤبوون دایان بماڵێت، غەریزەکانیان بترنجێنێتە نێو یەکترییەوە –سێکس و شەڕانگێزی ئاوێتەی یەکتری بکات. کوشتنی کەسێکیان لا وەها شیرین بکات وەک ئەوەی مومارەسەی هەوەسێکی سێکسییان بکەن. ئەو سەربازەکانی ژێر دەستی خۆی بە منداڵ و مێینە ناو دەبات و تاوانباریان دەکات تا ئەوەی لە ڕووی دەروونییەوە وایان لێ بکات ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن و خۆیان لەو بارە قێزەونە کە ژنبوون و مێینەیەتییە دەرباز بکەن –ئەڵبەت مەبەست لە مێینەیی لێرەدا شوناسی کەسایەتییە نەک ڕەگەزی کە بە سیفەتەکانی لاوازی، دەستەپاچەیی و نەرمونیانی جیا دەکرێنەوە لەنێو سوپا و باڵە سەربازییەکەدا. ئەوەی مایەی سەرنجە هارتمان ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تا سەربازەکانی سەد لە سەد بکاتە [پیاو] و هیچ ترس و بەزەیی و لاوازییەکیان تێدا نەهێڵێت و لە قۆناغی مێینایەتی و منداڵی بیانپەڕێنێتەوە، بەڵام دواجار کچۆڵەیەک (هەم مێینە و هەم منداڵ) یەکە یەکە دەیانکاتە ئامانج.
کاتێک سەربازەکان دەچنە ڤێتنامەوە لەگەڵ کیژۆڵەی سۆزانی ڕووبەڕوو دەبن، بەڵام ئەو کیژۆڵە سۆزانییانە دەبنە چەشە و سەربازەکان دەبن بە داوی کیژۆڵەگەلی گەریلای شۆڕشگێڕەوە. ئەمە نەک بەو واتایەی پەیوەندییەک لەنێوان سۆزانی و شۆڕشگێڕەکاندا هەیە، بەڵکو سەربازە ئەمەریکییەکان وێنەیەکی هەڵەیان بۆ دروست دەبێت لەسەر کیژەکانی ئەوێ.
پێشتر لە باسی فیلمی شاینینگدا ئاماژەمان بۆ جووتکارەکتەریی نێو فیلمەکانی کوبریک کردووە، لەم فیلمەیشدا ئەوە دەبینینەوە. پایەل و دایکئاژەڵ، جۆکەر و کاوبۆی لە یەکتری دەچن. هەر وەک چۆن کیژە لەشفرۆشەکە وێنەیەکی دیکەی هەیە کە کیژە شۆڕشگێڕەکەیە. ڕاستە ئەو کاراکتەرانە یەک نین و بەڵکو لە هەندێک ڕووەوە تەواویش لە یەکتری جودان، بەڵام دەکرێت بوترێت تەواوکەری یەکترین.

کاتێک سەربازەکان دەچنە سەر لاشەی کوژراوی هاوەڵێکیان هەر کامیان قسەیەکی لە بارەوە دەکات، ئەوەی کۆتاییان دەڵێت: لانیکەم لەپێناو مەبەستێکی باشدا مرد. یەک لە سەربازەکان کە نازناوی دایکئاژەڵی هەیە لێی دەپرسێت کام مەبەست، ئەویش دەڵێت ئازادی. دایکئاژەڵ پێی دەڵێت: تازەکی دەبێت ئاوەزت بگۆڕیت، پێت وایە ئێمە لەپێناو ئازادیدا ڤێتنامییەکان دەکوژین؟ پێم وایە ئەگەر بە تاکە وشەیەک بیڵێم تەنیا لەبەر پوون تانگ (poon tang)ە کە بە واتای پەیوەندی زایەندی یاخود سێکسی دێت. بە گوزارشتێکی دیکە سێکس پاڵنەری سەرەکی داگیرکاریی ڤێتنامە لە دیدی ئەم سەربازەوە. سەربازە کوژراوەکە نازناوی هاند جۆب (Hand Job)ی هەیە، بە قسەی هاوەڵەکەی دەبوو ببرێتە لای پزیشک لەبەر ئەوەی ڕۆژانە دەجار دەستپەر (hand job)ی کردووە، هەر بەو هۆیەیشەو ئەو نازناوەی پێ دراوە. دیوێکی دیکەی ئەمە ئەوەیە پێمان دەڵێت لە جەنگەکاندا سەربازەکان ئا بەو جۆرە گوزەران دەکەن.
لە شوێنێکدا سەرگەورەکە بە یەکێک لە سەربازەکانی دەڵێت: ئێمە هاتووین ڤێتنامییەکان ڕزگار بکەین کە لە ناخی هەر کەسێکیاندا ئەمەریکییەک هەیە و دەخوازێت بێتە دەرەوە. لەو کاتەی سەرقاڵی تۆمارکردنی فیلمێکی دۆکیومێنتارین، هەر کام لە سەربازەکان دەردەدڵی خۆی بەیان دەکات. یەک لە سەربازەکان کە ڕەشپێستێکە دەڵێت ئەوان [دەسەڵاتدارەکانمان] ئازادی لە ئێمە دەسەننەوە دەیدەن بە خەڵکی ئەو ناوچەیە (خەڵکی خۆرهەڵاتی ئاسیا gookers) کەچی ئەوان نایانەوێت، ئەوان ژیانیان دەوێت نەک ئازادی. سەربازێکی دیکە دەڵێت: ئێمە لەپێناو ئەو خەڵکە دەمرین کەچی ئەوان پێی نازانن. ئەم وێنەیە بۆ ئەمڕۆی داگیرکەری ئەمەریکی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ڕاستە لە کاتێکدا بۆ مەرامی خۆی هاتووە کەچی منەتی خەرجی و کوژراوەکانی خۆی بەسەر خەڵکی ئەم ناوچەیەدا دەکات. پێمان دەڵێن گوایە ئەوان بۆ بڵاوکردنەوەی ئازادای و دیموکراسی هاتوون.


لەو کاتەی سەربازەکان دەچنە سەر نیشانەگرەوەکە و دەبینن کچێکە و یەکێکیان تەقەی لێ دەکات و بە برینداری دەکەوێتە دەستیان، لەوێدا ئەوان بە جۆرێک چەکەکانیان گرتووە وەک ئەوەی ئەندامی زاوزێیان بێت بە دەستیانەوە شێوەی وەستانیان وەک ئەوەیە مێینەیەک کەوتبێتە بەردەستیان و هەوەسی سێکسییانی پێ دابمرکێننەوە. تا ئەوەی یەکێک لە سەربازەکان بە جۆکەر دەڵێت (fuck her)، ڕاستە ئەم گوزارشتە جگە لە ڕووە سێکسییەکە مانای دیکەیشی هەیە، بەڵام هەر ئەوە مەبەستە سەرەکییەکەیەتی (تەنانەت لە زمانی کوردیشدا کاتێک هەندێک کەس کەسانی دیکە دەکوژن گوزارشتی هاوشێوە بە کار دەهێنن و دەڵێن: دایکیم وا لێ کرد، خوشکیم واوا لێ کرد ...) ئیدی دوای ئەوە جۆکەر دووایین دەستی خۆی دەوەشینێت و دووایین فیشەکی پێوە دەنێت –وەک ئەوەی بگاتە لوتکەی چێژ (ئۆرگازم) و بەو جۆرەیش کیژۆڵەکە لە پەلوپۆ دەکەوێت. دیمەنێکی ناوازەیش لەوێدا ئەوەیە کە هەتا ڕەمزی ئاشتی سەر بەرۆکی جۆکەر بە تەواوەتی ون نەبێت گوللەکە ناتەقێت. لە چەند شوێنێکی فیلمەکەدا گوێمان لە دەستەواژەی بووم بووم (boom boom) دەبێت کە لە شوێنێکدا بۆ مەرامی سێکسی و لە شوێنی دیکەیشدا مەبەست لێی تەقەکردنە، بە کار هاتووە. ئەم تێکەڵاوکردنەی شەڕانگێزی بە قێزەونترین شێوەی سێکس کە لە دەستدرێژیکردن و گرتەکانی پۆرندا دەبینرێت، بۆ ئەوەیە تا پێمان بڵێت: ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی هەڵپەکارانە و چاوچنۆکانەی شەڕانگێزییە. هەر ئەمە مەرامی ڕاستەقینەی جەنگ و داگیرکارییەکانە.
ئەگەرچی من تەواو کۆکم لەگەڵ تێزەکەی کوبریک سەبارەت بەوەی کە پاڵنەرێکی سەرەکی جەنگەکان سێکسە کە غەریزەیەکی ئاڵۆز و پڕ گرێوگۆڵی مرۆڤە و ڕەنگە بەشی هەرە زۆری ڕەفتارەکانی مرۆڤ هەر لەوەوە سەرچاوە بگرن، بەڵام ئەگەر وایش نەبێت کوبریک مەرامێکی دیکەی هەیە. ڕەنگە ئەو سێکس بە پاڵنەرێکی قێزەون و شاراوەی مرۆڤ ببینێتەوە کە مرۆڤەکان بە گشتی لە شوێنە چەپەک و پەنهانەکاندا ئەنجامی دەدەن سەرباری بوونی پێودانگی ئاینی و ڕەوشتییش. وەک دەردەکەوێت جنێویش لە زۆرینەی کەلتور و زمانەکاندا گوزارشتێکی سێکسییان لە پشتەوە بێت. دیسانەوە لە ڕێگەی ئەم وێنە ناشیرینەی سێکسەوە کوبریک پەیامێکی شاراوەمان پێ دەگەیەنێت و پێمان دەڵێت ئەمە پاڵنەری ڕاستەقینەی جەنگەکانە تا جەنگمان بە تەواوەتی لە پێش چاو بخات یانیش وەک عەیبەیەک لێی بڕوانین. بەم خوێندنەوەیە کوبریک لە ڕێگەی پەیامێکی نەستی و نیمچەئاگاییەوە واتە (subliminal message) ئەوە لە کۆنەستی مرۆڤەکاندا دەچەسپێنێت کە جەنگ نەک هەر قێزەونە، بەڵکو غەریزەی قێزەونیش لە پشتییەوە کار دەکەن. ئەوەیش لە حاڵێکدا کاتێک تاکەکان بەر ئەم دیمەنانە دەکەون ڕاستەوخۆ کاریان تێ دەکات بێ ئەوەی بە تەواوەتی ئەو کۆدانە بشکێنن. بەڵام خۆ نایشکرێت ئەوە نادیدە بگیرێت کە سەرباری ئەو ڕووە چێژبەخشەی، سێکس هۆکاری سەرەکی مانەوەی مرۆڤیشە. بەو واتایەی مەبەستی کوبریک ئەو ساتەیە کە سێکس لە پەیام و ئەرکی خۆی لا دەدات.
پێشتر و لە دیمەنێکی دیکەدا کاتێک کابرایەکی ڤێتنامی کێژۆڵەیەکی هاوزمانی خۆی دەهێنێت بۆ لای سەربازە ئەمەریکییەکان تا لە بەرامبەر بڕێک پارەدا سێکسی لەگەڵدا بکەن، ئەو داوای پازدە دۆلار دەکات بۆ هەر کەسێکیان، بەڵام ئەوان تەنیا پێنج دۆلار دەدەن. دواتر بۆیان دەکات بە دە دۆلار، بەڵام ئەوان هەر پێداگری دەکەن و لە پێنج دۆلار زیاتری پێ نادەن. یەک لە سەربازەکان وەک هەڕەشە پێی دەڵێت ئەگەر بەو بڕە پارەیە ڕازی نیت دەیدەم بە فیشەک و نایەڵم وەک پێشتر ڤێتنامییەکانم لە دەست دەربچێت! ئەم وێنەیە پێمان دەڵێت یان دەبێت ئەو خۆفرۆشی و [گەوادییە] قبوڵ بکەیت کە هێزی داگیرکەر دەیسەپێنێت یان دەکوژرێیت. ڕێگایەکی دیکەیش هەیە کە ڕێگەی کیژە شەڕڤانەکەیە. ئەوەیش ئیشکالیەتی داگیرکارییە کە بژاردەی دژوار و نەخوازراوت بۆ دەهێڵێتەوە، وا دەکات جڤاتی داگیرکراو لەنێو گێژاوێکی پڕ لەتوندوتیژی و خیانەتدا بێت.
دەکرێت پەیوەندی نێوان هارتمان و جۆکەر و پایەڵ وەک پەیوەندی نێوان باوک و دایک و منداڵ وابێت، ڕۆڵی دایک "مێینە" دراوەتە جۆکەر تا ئەرکی پەروەردەکردنی پایەڵ بگرێتە ئەستۆ. دەکرێت بڵێین پەروەردەی دایکەکە هاندەرە بۆ کوشتنی ئەو باوکە دڵڕەقە لە لایەن پایەڵەوە. یان بە خوێندنەوەیەکی دیکە پایەڵ دەکەوێتە تەنگژەی نێوان باوکێکی دڵڕەق "هارتمان"، دایکێکی خەمخۆر "جۆکەر"ەوە و ناتوانێت لەو باوکە هەڵبێت هەر بۆیە ئەویش و خۆیشی دەکوژێت. لێرەدا پێمان دەڵێت بوون بە نێرینە قۆناغە و هەموو کەس ناتوانێت پێی بگات. هارتمانیش بە چاوی نێرینە "پیاو" تەماشای هیچ کام لە سەربازەکانی ژێردەستی خۆی ناکات، هەر بۆیەیشە ترسی لە دەستوەشاندنی پایەڵ نییە لەو کاتەی تفەنگەکەی ئاڕاستە دەکات. بەڵام ئیدی تازە پایەڵ مێینەیی بە جێ هێشتووە و بووەتە نێرینەیەکی تەواو و هەڕەشە لەسەر باوکی.

تێکەڵاوکردنی غەریزەی سێکس و شەڕانگێزی لە فیلمەکەدا مەبەستێکی قووڵتری لە پشتەوەیە. بە درێژایی مێژوو جەنگەکان تێکەڵاو بوونەتەوە بە سێکس. دەستدرێژی نەریتێکی باوی جەنگەکانە. ئاخۆ ئەمە بارێکی خۆڕسک و سروشتی بێت و هەڵقوڵاوی کەسایەتی خودی مرۆڤ بێت یان پلانە و بۆ زیاتر داپڵۆسینی لایەنی بەرامبەرە –کوشتنی نێرینەکانیان و هەتکردنی مێینەکانیان. لەم فیلمەدا دەکرێت نێرینە وەک داگیرکەر و مێینە وەک داگیرکراو ببینینەوە. لێرەدا ئەمەریکا وەک نێرینە و ڤێتنام وەک مێینە پیشان دراوە. یەکەمین گرتەی ئەمەریکییەکان نێرینەی ئەمەریکی پیشان دەدات، یەکەمین گرتەی ڤێتنامییەکان مێینەی ڤێتنامی پیشان دەدات. بە درێژایی ئەو ماوەیەی مەشقی سەربازەکان لە دورگەی پاریسی ئەمەریکا مێینەیەک دەرناکەوێت، بەڵام لە ڤێتنام وێنەکە جیاوازترە –ژنان چالاکترن و دەرکەوتنیان زیاترە. نەک هەر هێندە، بەڵکو هەندێک لە پیاوانی ڤێتنام سەرقاڵی گەوادیکردن و دزیکردنن. ئیدی لێرەوە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێتە شەڕی ڕەگەزی نێوان نێر و مێ و بە سەرکەوتنی نێرینە واتە ئەمەریکا کۆتایی دێت، بەڵام سەرکەوتنێکی بێبەزەییانە و ستەمکارانە. ئەم جۆرە ململانێیە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ڕووچوونە بۆ نێو پنتە مێژووییەکانی ... پێم خۆشە ئەوە بڵێم: وەک وەرگێڕی ڕۆمانی دڵی تاریکی جۆزیف کۆنراد بۆ سەر زمانی کوردی بە شێوەیەکی زەق ئەو وێنەیە لەو ڕۆمانەدا دەبینمەوە و لە توێژینەوەیەکی خەستوخۆڵیشدا خستومەتە بەر باس کە پاش چەند ساڵ هێشتا ڕووناکی بە چاوی خۆی نەبینیوە. هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکم نەبینیوە کە ئاماژە بۆ ئەوە بکات کۆنراد کاریگەری لەسەر کوبریک هەبووبێت، بەڵام دیارە کە ئەو کاریگەری لەسەر چەندین دەرهێنەری دیکەی وەک ئۆرسن وێڵز و کۆپۆلا هەبووە و ناکرێت ئەمیش لە نووسەرێکی وەها مەزن بێئاگا بووبێت.


وێناکردنی تفەنگ وەک جێگرەوەی ژن، ناونانی بە ناوی کچانەوە و شەوان خەوتن لەگەڵیدا بۆ ئەوەیە نەک هەر تەنیا غەریزەی سێکس و شەڕانگێزی تێکەڵاو بکرێن و بەڵکو شەڕانگێزی دەکاتە جێگرەوەیەکی تەواوەتی سێکس. گرنگی ئەمەیش لەوەدایە غەریزەی سێکس پاڵنەرێکی سەرسەختی لە پشتەوەیە کە چێژە. هەرچی شەڕانگێزییە ڕەنگە بەو جۆرە نەبێت یان لانیکەم لای زۆرینەی مرۆڤەکان تا ڕادەیەک پوکاوە بێت. بۆیە جوانکردن و خۆشکردنی ئەم غەریزەیە وا دەکات پیشەسازی جەنگ زیاتر گەشە بکات و جەنگەکان زیاتر گەرم ببن، ئەوەیش لە قازانجی باڵی سەربازی و گروپێکی دەستڕۆیشتووی کۆمەڵگەدایە. هەر وەک چۆن پاڵنەرێکی باش دەبێت بۆ سەرباز تا چێژ لە کوشتن وەربگرێت و هەڵپەی کوشتنی زۆرترین کەس بکات بۆ وەرگرتنی زۆرترین چێژ.
ئەم وێنەیە هەر لە گرتەی سەرەتاوە دەگاتە ئەو پەڕی قێزەونی و بێمۆڕاڵی، کاتێک تفەنگ نەک دەبێتە جێگرەوەی خۆشەویست و هاوڕێی کچ و هاوسەریش، بەڵکو دەبێتە دایک و باوک و هەموو کەسوکار و هاوڕێ و ئازیزانی تفەنگبەدەستەکە و تەنانەت دەبێتە بەشێک لە پەرستش و خوداپەرستی و دواجار خودی سەربازەکە خۆیشی ئەو کاتەی هارتمان بە سەربازەکان دەڵێت: کاتێک چوونە دەرەوە، خۆتان دەبنە چەک، دەبنە کاهینێک نزا بۆ جەنگ دەکات. واتە نەک نابێت لە جەنگ ڕابکەن، بەڵکو دەبێت بە دوایدا بگەڕێن و نزا بکەن خوا شەڕتان بۆ بنێرێت! کاتێک هارتمان لە سەربازەکان دەپرسێت "ئایا چوک دەمژیت؟" دیسانەوە بۆ ئەوەیە پێیان بڵێت: ئایا وەک ژن وان؟ وەک سۆزانی وان؟ ئەم سوکایەتیپێکردنە دەگاتە ئاستێک کە نەک هەر حسابی ژن، بەڵکو لەسەر هەڵەیەک حسابی منداڵ بۆ لیۆنارد لۆرێنس (گۆمەر پایەڵ) دەکات و دەرپێکەی پێ دادەکەنێت و ناچاری دەکات بە دەم پەنجەمژینەوە لەگەڵ سەربازەکانی دیکەدا ڕێ بکات. سەربازەکان جگە لەوەی لەسەرو خۆیانەوە پێیان دەوترێت هیچی دیکە نازانن، ئەوان تەنیا ئامڕازێکن بە دەستی کەسانی دیکەوە، ئامێرێکی قوڕمیشکراون. هارتمان پێیان دەڵێت: بێ فەرمانی سەروو خۆتان بۆتان نییە بیشمرن. لە کۆنەوە ئەم بە ئامێرکردن و بە ڕۆبۆتکردنەی مرۆڤ لەنێو پیشەسازیی جەنگدا پەیڕەو کراوە کە ڕەنگە کۆنترین هەوڵی لەو جۆرە بێت، هەرچی هەوڵی تەکنەلۆجیایە لەم ڕووەوە تازەترە و زیاتر لە پانتایی ئاشتیدا پیادە دەکرێت.
هارتمان بەو شێوە مامەڵەیەی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت. لە گرتەیەکدا پرسیار لە سەربازەکان دەکات دەربارەی هەر کام لە چارلز ویتمان (ئەو کەسەی بەرپرس بووە لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی زانکۆ تەکساس لە ساڵی 1966 و کوشتنی چەندین کەس، بۆ ناسینی زیاتری چارلز ویتمان تەماشای فیلمی tower بکە) و هارڤی ئازواڵد (بکوژەکەی کەنەدی) و پێیان دەڵێت ئێوەیش دەتوانن وەک ئەوان بن، ئەوانیش لە مارینزەوە فێر بوون. واتە ئێوەیش دەتوانن ببنە تیرۆریست و مرۆڤکوژ! لیۆنارد ڕاستەوخۆ ئەم پەیامە دەچێتە گوێ و دواتر هارتمان بەو دەردە دەبات. بە دیوێکی دیکەدا پێمان دەڵێت کە مارێنز نەک هەر توندڕەو بە ئاڕاستەی دەرەوەدا دروست دەکات، بەڵکو هەندێک جار ئەو توندییە لە ناوخۆدا دەتەقێتەوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا پایەڵ کاراکتەرێکی دەرووننەخۆش و کەمتەرخەم و یاخییە وەک ئەوەی هارتمان لێی تێ دەگات یان بە پێچەوانەوە لە هەموویان ساغتر و گوێرایەڵترە؟


لە دیدی هەر کام لە ئێمەوە پایەڵ کاراکتەرێکی داماوی دەسەپاچەیە، هارتمانیش هەمان ئەم بۆچوونەی ئێمەی هەیە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی مەشقی توندەوە پایەڵ بهێنێتە سەر ڕاستەڕێ بە وێنەی ئەو دەروونناسەی دەیەوێت چارەسەری نەخۆشێک بکات. بەڵام کوبریک پێمان دەڵێت ئەم تێگەیشتنەی ئێمە هەڵەیە، ڕاستییەکەی پایەڵ کاراکتەرێکی بێ کێشەیە و کاتێک دەچێتە سەر ڕێبازی هارتمان [مامۆستاکەی یان پزیشکەکەی] دەبێتە کەسێکی مرۆڤکوژ. بە شێوازێکی دیکە دەکرێت بڵێین: دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن ڕەعیەت و جڤات بە شێت و گەوج و نەزان ناو ببەن تا بیانهێننە سەر ڕێچکەی خۆیان و گوێڕایەڵیان بکەن.
کوبریک بۆ خۆی لە شوێنێکدا دەبێژێت ئەمە فیلمێکی مەیلەوجەنگ یان دژەجەنگ نییە، بەڵکو شتەکان بۆ خۆیان بەو شێوەیە دەگوزەرێن. پێم وایە ئەم بۆچوونەی کوبریک بۆ فیلمەکانی تریشی ڕاست بێت. ئەو نایەوێت درۆ لەتەک خۆی و خەڵکیش بکات و بکەوێتە پاساوهێنانەوە یان دژایەتیکردنی شتێک و بەو جۆرە وێنەیەکی ناڕاستی واقیعمان پیشان بدات. هەرچەندە من لەو باوەڕەدام کارەکانی ئەو دواجار بە قازانجی لایەنە پۆزەتیڤەکە دەشکێنەوە و دەتوانین بێژین ئەم فیلمەیشی پتر دژەجەنگە یاخود گاڵدەری ڕووە باشەکەی مرۆڤن.
سەرباری بەهێزی ئەم فیلمە، دەبێت پێی لێ بنێین هەڵەی گورچکبڕی تێدایە کە بۆ خۆم پێم سەیرە بەسەر کوبریکدا تێپەڕیوە! بە تایبەتی ئەو کاتەی کچە گەریلاکە لە پشتەوە تەقە لە کاوبۆی دەکات، لە دیمەنی پێشووتردا دیوارەکەی پشتەوە گیراوە کەچی لە کاتی تەقەکردنەکەدا پێ دەچێت دیوارەکە لە مێژ بێت رووخابێت! پاشتریش کاتێک کاوبۆی بە برینداری دەبرێتە ئەولاوە، پەنجەرەیەک کە نەخشی لەبزینەیی لەسەرە و پێشتر هەڵپەسێرراوە بێ هیچ هۆکارێک کەوتووەتە خوارەوە. ئەم هەڵانە و چەندینی تریش وات لێ دەکات بڵێیت ئەو هەڵانەی نێو فیلمەکانی تریشی –بۆ وێنە: درەوشانەوەکە- بێمەبەست و لە نەزانینەوە بوون. بەڵێ، با کوبریک بیرمەندە گەورەکەی فیلمسازییش بێت، با ئەنیشتاینی سینەمایش بێت –ئەنیشتاینی سینەما نازناوی منە بۆ کوبریک نەک ئەوەی لە سەرچاوەیەک وەرم گرتبێت. دواجار ئەنیشتاین و بیرمەندەکانیش دەکەونە هەڵەی زەقەوە، هەڵەگەلی ئەوتۆ کە هەندێک جار منداڵێکیش هەستی پێ دەکات. دوای بینینەوەی چەندین جاری ئەم فیلمە، ئەو هەڵانە گەلێک ئازاریان دام، ئاخر بۆ دەبێت هەڵەی وا زەق و کوشندە بەسەر کوبریکدا تێبپەڕێت. تۆ بڵێیت پێناسەیەکی دیکە هەبێت بۆ ئەوانە جگە لە هەڵە. ڕەنگە سبەی و دوو کەسانێک –بە تایبەتی لە فەیسبوک و یوتیوب- بکەونە فەلسەفەلێدان و بۆ نمونە بڵێن ئەمە باسی دوو جیهان دەکات: جیهانی ئەندێشەیی –پێش ڕووخانی دیوارەکە. جیهانی واقیعی –دوای ڕووخانی دیوارەکە. وەک ئەوەی بۆ فیلمی درەوشانەوەکە یان هەندێک فیلمی ناوازەی دیکەیش دەیبینین، تەنیا بۆ ئەوەی پێمان بڵێن کوبریک و دەرهێنەرە مەزنەکان هەڵە ناکەن. خۆزگە هەوادارەکان بەو شێوەیە نەدەبوونە دەروێش! ئەوەی ڕووی داوە هەڵەیە و تەواو، هیچ شرۆڤەیەکی دیکە هەڵناگرێت جگە لە هەڵە.
کوبریک لای یەکێک لە ئەکتەرەکانی فیلمەکەی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە فیلمی فوڵ مێتاڵ جاکێت وەڵامدانەوەیەکە بۆ فیلمی ڕامبۆ. وەک ئەوەی بیەوێت پێمان بڵێت ئەو وێنە جوان و فریادڕەس و میهرەبانانەی ئەمەریکا لە فیلمی ڕامبۆدا وێنەیەکی تەواو خەڵەتێنەرە. ئەگەرچی فیلمی ڕامبۆ یان خوێنی یەکەم (first blood) تا ڕادەیەک لە ڕووی ناوەڕۆک و تەکنیکیشەوە بەهێزە و داهاتێکی باشیشی گرتووەتەوە، بەڵام دواجار ئەو وێنانەی کە ڕاستەقینەمان پیشان دەدەن دەمێننەوە.
ئۆلیڤەر ستۆن و ڤێتنام

لەم کورتە پاشکۆیەدا کەمێک لە کوبریک دادەبڕێین، بەڵام درێژە بە دیدی ڕاستیخوازانەی سینەما دەدەین لە بارەی ڤێتنامەوە.
لە فیلمی مەفرەزە (platoon)ی ئۆلیڤەر ستۆندا کە هەر دەربارەی جەنگی ڤێتنامە و کە ڕێک حەوت مانگ دوو ڕۆژ کەم پێش فوڵ میتاڵ جاکێتی کوبریک بڵاو بووەتەوە، هەمان ئەو تێکەڵاوکردنەوەیەی سێکس و جەنگ دەبینرێتەوە. کاتێک سەربازەکان دەگەنە شوێنی مەبەست کەسێک پێشوازییان لێ دەکات و پێیان دەڵێت: چوک پەنیرینە بەخێر بێن. دواتر ئەوان وەک گۆشتی تازە (new meat) ناو دەبرێن. لەوێدا جەنگ وەک دڕندەیەک بە دیار دەکەوێت کە پێویستی بە گۆشتە. بۆ ئەوەی چەکەکان برسی و تینویان نەبێت دەبێت بە گۆشت و خوێن تێر و پاراو بکرێن. ئەو کوڕە هەژارانە بێ ئەوەی بزانن گلێنراونەتە جەنگێکەوە کە نە جەنگی ئەوانە و نە سوودی ئەوانی تێدایە. کریس تایلەر (چارلی شین) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە وەک گومناوێکی تر هاوشێوەی باپیر و باوکی کە لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا بەشدارییان کردووە، دەبێت ئەمیش لە جەنگێکدا بەشداری بکات. بەو جۆرە هەژار هەمیشە لە لایەن دەوڵەمەندەوە دەڕەتێنرێت. هەر لەو فیلمەدا یەکێک لە سەربازەکان دەڵێت: "ئەمە هێشتا سەرەتاکەیەتی، ئێمە ئەم جەنگە دەدۆِڕێنین. پاشەڵی زۆرمان داوەتە بەر شەق، ئیدی سەرەی خۆمانە پاشەڵمان بەر شەق بدرێت." وەک دەردەکەوێت ئەو ترسە لە ناخی هەموو تاکێکی ئەمەریکیدا هەبێت. ڕەنگە هەر ئەو ترسەی ئەمەریکا بێت وا دەکات بەردەوام بە دوای جەنگدا بگەڕێت و گێچەڵ بە دەوڵەتان و گەلانێکی کەمدەسەڵات بکات لە وڵاتانی ئاسیا و ئەمەریکای باشوور و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا و تەنانەت ئەوروپایش. لەو ڕێگەیەیشەوە هێزی خۆی پیشانی زلهێزەکانی هاوشانی دەدات و خۆی وەک برا گەوەرە یان کوڕە گەورەکە دەناسێنێت. بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا نێچیرەکان بەو چاوەوە تەماشای دەکەن.
ئەوەی مایەی سەرنجە و لەو کورتە باسەی سەریشەوە دەردەکەوێت خاڵی لێکچوون گەلێک زۆرە لەنێوان هەردوو فیلمەکەی کوبریک و ستۆندا سەرباری ئەوەی هاوسەردەمیشن، هەردووکیان لەنێو باشترین فیلمە جەنگییەکاندا هەژمار دەکرێن و سودیان لە "ئیستا قیامەتە"ی کۆپۆلایش وەرگرتووە. خۆشبەختانە سیان لە باشترین ئەو فیلمانەی لە بارەی جەنگی ڤێتنامەوە بەرهەم هاتوون کە بریتین لە: "ئێستا قیامەتە apocalypse now"ی فرانسیس فۆرد کۆپۆلا، "فوڵ مێتاڵ جاکێت"ی ستانلی کوبریک و "مەفرەزە"ی ئۆلیڤەر ستۆن هەر سێکیان وێنەیەکی تەواو ناشیرین [بەڵام ڕاستەقینە]ی ئەمەریکا و جەنگی ڤێتنام و جەنگ بە گشتیمان پیشان دەدەن. تەنانەت ستۆن کە بۆ خۆی بەشداربوویەکی ئەو جەنگە بووە و سیانە فیلمێکی لە بارەیەوە بەرهەم هێناوە: مەفرەزە (platoon 1986)، لەدایکبووی چواری تەموز (Born on the Fourth of July) 1989 و ئاسمان و زەمین (heaven and earth) 1993، بۆچوون وایە لە فیلمی دووەمیاندا: "لەدایکبووی چواری تەموز" پۆزشی بۆ ڤێتنامییەکان هێنابێتەوە، گەر بە ناوی گەلی ئەمەریکایشەوە نەبووبێت لانیکەم وەک خودی خۆی. وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی ئەو فیلمە ئەوەیە کاتێک ڕۆن کوڤیک (تۆم کروز) لە جەنگی ڤێتنامدا بە سەختی بریندار دەبێت، لە نەخۆشخانە بە پێی پێویست چارەسەری پێ نادرێت و ئاوڕی ئەوتۆی لێ نادرێتەوە. ئەوان هەر ئەوەندە دەیانەوێت تا شەڕەکەی پێ دەکەن! لە دایەلۆگێکدا کاراکتەرێکی ڕەشپێست دەڵێت: ئەوە جەنگی پیاوی سپی و دەوڵەمەندەکانە. لە ڕاستیدا هەموو جەنگەکان وەبەرهێنانی ئەوانە. سەبڕینی مێگەلیش تەنیا ژەمێکی خۆش بۆ ئەوان دەستەبەر دەکات یان دۆلارێک بۆ گیرفانی ئەوان زیاتر دەکات. گەر ڕابمێنین ئەم وێنانە بە کوردستانیش نامۆ نین! لە دایەلۆگێکی دیکەدا ڕۆن کۆڤێک لە براکەی توڕە دەبێت، بابۆی ئەوەی لێ دەکات کە دژ بە جەنگەکە بێت و پاڵپشتی خۆپیشاندەران بێت. ئەویش پێی دەڵێت خۆپیشاندانەکان بۆ ئەوەن تا کەسانێک وەک تۆ بە کەمئەندامی و وەک هاوڕێکانت بە مردوویی نەگەڕێنەوە. پارەدارەکان ئەوە دەخەنە مێشکی کەسانێکەوە کە سووتاندنی پارچە پەڕۆیەک کە پێی دەوترێت ئاڵا بێڕێزییە و نابێت قبووڵ بکرێت، دەبێت چەندین مرۆڤی لە پێناودا بسووتێنرێت. لە پشتیشەوە ئەوەی ئەوان هەوڵی لە پێناودا دەدەن پارچە کاغەزێکە کە پێی دەوترێت دۆلار نەک ئەو پارچە پەڕۆیە کە پێی دەڵێن ئاڵا، ئەوان بۆ خۆشکردنی ئەو گەمەیە پێویستە پاساوی نیشتیمانی بدۆزنەوە. کاتێک هەندێک لە خەڵک –ئەوانەی دژی جەنگن- ڕۆن کۆڤیک لەسەر عارەبانە دەبینن بە کەمئەندامی، لەگەڵ ئەوەی ڕقیان لە خودی کەسەکە نییە، بەڵکو هاوڕێ و ئازیزی ئەون، بەڵام نیگەرانی نین، چونکە وا هەست دەکەن لەپێناو مەبەستێکی ناڕەوادا وای بەسەر هاتووە. جەنگ لە پیاوەتی دەخات و بەو جۆرە هەموو خەونی ڕۆن دەبێت بەوەی جارێکی دیکە پیاوەتی بۆ بگەڕێتەوە. ببێتەوە بە مرۆڤەکەی جاران، بە پیاوی پێش ڕشتنی خوێن. توانای خستنەوەی نەوەیشی بۆ بگەڕێتەوە. ئەم تریلجییەی ستۆن سێ فیلمی سەربەخۆن و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە. تەنیا ئەوە نەبێت هەر سێکیان دیدێکی نەگەتیڤمان لەسەر جەنگی ڤێتنام پیشان دەدەن. لە فیلمی یەکەم "مەفرەزە"دا، ئیلایەس بە دەستی هاوسەنگەر و هاوڕێیەکی خۆی دەکوژرێت، لەم فیلمەیشدا ڕۆن کوڤیک هاوڕێ و هاوسەنگەرێکی خۆی دەکوژێت. ئەگەرچی کۆپۆلا و کوبریک و ستۆن و دەرهێنەرگەلی دیکەیش هەن فیلمەکانیان دژە جەنگن، بەڵام هەیشن ئەوانەی پاساو بە جەنگ دەدەن و قێزەونییەکانی ئەمەریکا لە دەرەوە سواغ دەدەن. بۆ وێنە کلینت ئیست ود لە فیلمی نیشانەشکێنی ئەمەریکی (American sniper)دا منداڵکوژێکی کردووەتە پاڵەوانێکی زۆر گەورە، سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە داهاتێکی زۆر و سەرکەوتنی بەرچاویشی بە دەست هێناوە. بەداخەوە، ڕەنگە لە کوردستانیش کەسانێک هەبن بە ڕەخنەگرتن لە فیلمێکی لەم چەشنە قەڵس ببن! ئەوەی پتر مایەی نیگەرانییە لە پاش داگیرکردنی عێراقەوە هەر ڕەخنەگرتنێک لە ئەمەریکا لای ڕۆشنبیر و قەڵەمبەدەستانی کورد تاوانە، بەڵکو کوفرێکە بۆ خۆی. ڕەخنەگرێکی لەو شێوەیەیش لە دیدی ئەوانەوە هیچ نییە جەگە لەوەی کەسێکی دواکەوتوو و تیرۆریست و ئیسلامییە یان کۆنە مارکسی و کۆمۆنیستە! بێئاگا لەوەی ئەو شارستانیەتە بۆ خۆی بەرهەمی ڕەخنەگرتنێکی جیدییە. ئەم ڕۆحە کۆڵەوارە دەگاتە ئەوەی بە ئەمەریکا بڵێت ڕزگارکەر و فریادڕەس، لە کاتێکدا خۆی بە داگیرکەر ناوی خۆی دەبات ...


لە فیلمی سێیەمدا "ئاسمان و زەمین" لە ڕێگەی باسکردنی ژیانی کچێکی گوندییەوە وێنای ئەو کۆژانەی ئەو گەلەمان بۆ دەکێشێت. پێمان دەڵێت ئەو شەڕە پێشینەی هەیە و ئەوان کەوتوونەتە نێوان بەرداشی سێ زلهێزی گەورە: چین، فەڕەنسا و ئەمەریکا. لەگەڵ هەر سێکیشیان ڕووبەڕووبوون. تەنانەت لە قۆناغێکدا شەڕی ژاپۆنییەکانیشیان کردووە. ئەم وێنەیەی گەلانی بندەست دەکرێت لە تەنیشت یەک دابنرێن کاتێک ناچار دەبن لەگەڵ چەند لایەک بجەنگێن. ئیدی سەربەخۆیی خۆیان لە دەست دەدەن و لە بری شەڕی سەربەخۆیی شەڕی بریکاری ئەوان دەکەن. ڕاستی مەسەلەکەیش ئەوەیە گەلانی سەردەست خۆیان ناکۆکن لە بری پەلاماردانی یەکتری، پەلاماری لایەنی سێیەم دەدەن و تووشی گێچەڵیان دەکەن. فیلمەکە وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی شەڕی نێوان بەرەی نیشتیمانی ناسراو بە ڤێت کۆنگ (vietcom) و حکومەتی بەکرێگیراو دەکێشێت. دیسانەوە کوردیش وەک گەلێکی بندەست قوربانییەکی هاوشێوەیە و بەردەوام شەڕی بریکاری پێ کراوە ...
لیلی کیژێکی گوندنشینی ڤێتنامییە. هەر لەو کاتەی یاخیبووە کۆمۆنیستەکان لە گوندەکەیان پەیدا دەبن دژ بە هێزە فەڕەنسی و دواتریش ئەمەریکییەکان، ژیانی ئەم کیژەیش گۆڕانی بەسەردا دێت. لە سەردەمی هاتنەناوەوەی ئەمەریکییەکان بۆ نێو وڵاتەکەیان، لیلی دەگیرێت و لە لایەن سەربازانی حکومەتی باشووری ڤێتنامەوە ئەشکەنجە دەدرێت. دواتریش دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەری، چونکە وا گومان دەبەن کە ئەو خیانەتکارە. دوابەدوای ئەوەیش پەیوەندی لەگەڵ گوندەکەیان تێک دەچێت و ناچار بەجێهێشتنی دەبێت.

دیسانەوە دەڵێین: مەرج نییە کوبریک و ستۆن و دەرهێنەرە مەزنەکانی دیکەیش لە کۆی ئەو شێوە شرۆڤە و یەکاڵاکردنەوەیەی کەسانی وەک ئێمە بەئاگا بووبن، بەڵام هەمان شت بۆ تێکستێکی فەلسەفی و ئەدەبی یان تابلۆیەک یان هەر داهێنانێکی دیکەیش دەکرێت ڕاست بێت. فەیلەسوفێک دەڵێت: ڕەخنەگرەکان باشتر لە خۆمان لە ئێمە دەگەن. ئەوەی گرنگە دواجار کارە مەزنەکان لە هەر ژانڕا و کایەیەکدا بن لە چوارچێوەیەکدا قەتیس نابن و بە تاکە لێکدانەوەیەک تەسکینییان نایەت.

پەراوێز
• بڕیار بوو خوێندنەوەی فیلمی قەوانی تەواو کانزایی بە تەنیا بکەمە بەشێک لە زنجیرە باسەکەم لە بارەی کوبریکەوە "کوبریک سینەما و میتافۆر." بەڵام لە بەر بوونی پەیوەندی بە جەنگی ڤێتنامەوە و هاوپەیوەندی بە چەند فیلمێکەوە لەسەر هەمان مەسەلە بە باشم زانی گرێیان بدەمەوە بەم فیلمەوە. ئەمەیش دەبێتە پوختەیەک و درێژەکەی چاوەڕوانی دووتوێی کتێبێکە.
• بێگومان ئەوانەی بە باشی فیلمەکانیان نەبینیبێت بە تەواوەتی لە وردەکاری بابەتەکە ناگەن. پتر لە ساڵێکە بە شێوەیەکی بچڕبچڕ مژۆڵی ئەم کارەم، لە بەر قاڵی هەر ناپەرژێمە سەری، ئەگەرچی بەردەوام لە ناخمدایە، دەینووسم و لەبەر بابەتێکی دیکە بە جێی دەهێڵم و دواتر دووبارە دێمەوە سەری ... بە بۆچوونی خۆم هێندەی توێژینەوەیەکی ماستەر پێوەی ماندوو بووم. داوای لێبوردن لە خوێنەر دەکەم بۆ ئەو ماوە زۆرانەی دوا دەکەوێت. ڕەنگە بەشەکانی داهاتوویش هەمان چارەنووسیان هەبێت. ئەوەی پێویستە بیڵێم: بەرمەبنای ئەو بەهایانەی باوەڕم پێیانە و لەسەری پەروەردە بووم، دەبێت سوپاسی سایتی کوردستانپۆستی خۆشەویست بکەم کە بابەتەکان بە ئەمانەتەوە بڵاو دەکاتەوە. منی دڵشکاو لە دەزگا [ڕۆشنبیرییەکانی] کوردستان ئێرەم کردووەتە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیام و دید و بۆچوونەکانم.
• هەوڵی زۆر دەدەم توێژینەوەکە بە ئاڕاستەی سۆسیۆلۆجی و سایکۆلۆجیدا بشکێنمەوە کە بواری کارکردنی خۆمە. هەڵە نەبم پێ دەچێت ئەم شێوە توێژینەوانە تا ئێستا لە کوردستان نەکرابن.
• ئەمە وەک هەموو هەوڵەکانی دیکەی من هەوڵێکی تاکە کەسییە، خوازیارم لە ئایندەدا خۆم یان کەسانی دیکە بتوانین هەر هیچ نا پوختەیەکی ئەم بابەتە وەربگێڕینە سەر زمانی دیکە کە دڵنیام دەهێنێت، چونکە هەندێک پنتی خوێندنەوەکان زادەی هەڵسەنگاندن و پەبیردنی خۆمن، ئەوانی دیکەیش ئەگەرچی بەرمەبنای خوێندنەوەگەلی دیکەیش بن خراونەتەوە خزمەتی چوارچێوەی باسەکە.

سەرچاوەکان:
فیلمی (Full Metal Jacket)
فیلمی (Platoon)
فیلمی (Born on the Fourth of July)
فیلمی (heaven and earth)
Run Through the Jungian: Stanley Kubrick’s ‘Full Metal Jacket’، a Phenomenological Treatise on War. By Tim Pelan

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە