هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


لە رۆژی جیهانی منداڵاندا (لەناو لانکەوە بۆ بەندیخانەی ئەردۆگان)

Wednesday, 20/11/2019, 1:24

2762 بینراوە


لە سایەی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری خۆسەپێنی تورکیا، ئەردۆگانی دیکتاتۆر، تورکیا بووە بە زیندانستان، بە هەزاران لاو و ژن و منداڵ بە توومەتی هەڵبەستراوی ناڕاست، تاوانبار کـراون، وەکوو: لایەنگـری پارتی کرێکارانی کوردستان، یا پارتی دیمـوکـراتی گەلان، یا لایەنگرانی کودەتای سینارێو داڕێژراوی ساڵـڕۆژی (١٥ی/ یۆلیۆ/٢٠١٦).
بەندکراوەکان لە هەموو چین و توێژێکیان تێدان لە پیاوان و لە ژنان و لە منداڵانیش:
مامۆستایان، پزیشکان، پارێزەران، سیاسەتمەداران، خوێنـدکاران، رۆژنامەنووسان، کرێکاران، کاسپکاران، ئەفسەران، تا دەگاتە ئەو کەسانەش کە بە حەزرەتی سوڵـتان ئەردۆگـانیان وتووە، پێت خوار دانـاوە.. تەنانەت منـداڵانی کـورپەی شیرەخـۆری نـاو لانکـیش لە تاوانەکـانی ئەردۆگـان و لە گـرتن و بەندکـردن لەگەڵ دایکیاندا رزگاریان نەبووە.. بێگومان کورد پشکی شـێری لە بەنـدکـراوکانـدا هـەبووە و هـەیە.
لە یادی رۆژی جەژنی منداڵان (رۆژی جیهانی منداڵان) منداڵانی گـەلانی ئـازاد، شاد و بەختەوەرن، لەم رۆژەدا دڵخۆشن و ئاهـەنگی خۆشی دەگـێڕن.. سەرۆکەکانیان دەست بە سەریانـدا دەهـێنن و دیـاری جوانیـان پێشکەش دەکـەن.
بەڵام لە کوردستانی داگیرکراودا، کە بەهـەزاران منداڵ و مێردمنداڵی کورد لە بەندیخانە سامناکەکانی تورکیای زینـدانستان و ئێرانی سـێدارە دان، کە بە توومەتی کورد بـوون، تاوانبار کراون، پیسترین و دڕنـدانەتـرین ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییان دەدەن.
ئەوەتا ئەردۆگانی سیکۆپاتی، لە جێی نوقـڵ و شیرینی و بووکەڵە و تۆپی قـنجی یاری، بە ژەهـری کیمیاوی و فـسفـۆری سپی سووتێـنەر و بە بـۆمـبی ناپـاڵـم (کە هەموویان چـەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتین) لە رۆژئـاوای کوردستانـدا، منـداڵانی بێتاوانی کورد شەهـید دەکات، تا ئێستا بە دەیان منداڵمان شەهـید بوونە.. ئەم منداڵانە تاوانیان چییە؟
لە ئەمـڕۆدا، منـداڵان لە باکـوور و رۆژئـاوای کوردسـتان و لە تورکـیادا، گـەورەتـرین قوربانیی ستەم و تاوانەکـانی ئەردۆگـانی ستەمکارن.. تورکـیا ژمارەیـەکی پیـاوانـەیی جیهـانی لە گـرتنی منـداڵان و ژنانـدا تۆمارکردووە، بە تـاوانی هەڵـبەستراوی ناڕاست.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی کە لە ناوەوە و لە دەرەوەی تورکیادا، لە لایەن رێکخـراوە نێو دەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان و هیومان رایتش ۆچەوە بڵاوکراونەتە، لە ئێستادا (١٨) هەزار ژن لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەندکراون، کە ژنی دووگیان و نەخۆشیان تێدان، بە تـاوانی جـیاوازی بێ بنەمـای هەڵـبەستراو تومەتبارکـراون، زیاتـریش لە (٤٥٠٠) منداڵ لەگەڵ دایکیاندا، بەندکراون.. سەرجەمی بەنـداکـراوکانیش لە تورکیادا، خەریکە لە ملـێونێـک بەنـدکـراو نـزیک ببـنەوە.
سایتی (نەسمات) بۆ لێکۆڵـینەوەی کۆمەڵایەتی و شارستانی، لە راپـۆرتێکـیدا، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان لەژێـر شەش ساڵانەوەیە، کە ئەردۆگـان لەگەڵ دایکانیانـدا بەندی کردوون تا(١١ی/ئەگۆست/٢٠١٩) گەیشتوونەتە (٨٦٤) منداڵ، لەم ژمارەیەش، بەپێی تەمەنیان: لە مانگـێکەوە بۆ کەمتر لە ساڵـێک، کە منـداڵی شـیرەخـۆرن (١٤٩) منداڵ، یەک ساڵان (١٤٠) منداڵ، دوو ساڵان (١٢٤) منداڵ، سێ ساڵان (١١٦) منداڵ، چـوار سـاڵان (٦٦) منـداڵ، لە پێنج ساڵانیشەوە بۆ شەش ساڵان (٦١) منـداڵ.
بەڵام هێشتا ئەم ژمارانە لە ژمارەی راستی منداڵە بەندکراوەکان زۆر کەمترن. چونکە رژێمی تورکیا راستییەکـان دەشـارێتەوە و رێ بە رێکخـراوەکـان نـادات، کە سەردانی هەموو بەندیخانەکانیان بکەن، ژمارەی راستی بەندکراوەکان بزانن و ئاشکرای بکەن.
بەڵام ناتوانن بەری رۆژ بە بێـژنگ بگـرن و راستییەکان بشارنەوە.. لە دوا زانیاریـدا، ژمارەی منـداڵە بەنـدکراوەکـانی کەمـتر لە شـەش سـاڵ، گەیـشتوونـەتە هـەزار منـداڵ.

شایەنی باسیشە (ئاکیـف) کە منداڵێکی تەمەن (١٥) رۆژ بوو، لەگەڵ دایکـیدا، بەندیان کـرد، لە دوای دوو ساڵ بەندکردن، ئینجا لەگەڵ دایکـیدا ئازادیـان کرد.. دەبی منداڵێکی تەمەن پـازنـزە رۆژ چ گونـاه و تاوانێکی هـەبێت..؟! بـەڵام وا دیـارە کە ئەردۆگـان لە منـداڵانی شـیرەخـۆری نـاو لانکـیش دەتـرسـێت.
بەشێک لەو ژنـانەی، کە ماوەی بەنـدکـردنیان لە بەنـدیخانەکانی تورکیادا تەواو کرد و دەرچوون، باس لە باردۆخی خـراپی بەندکراوە ژنەکان و منداڵەکانیان کـرد و ئەوەیان گێڕایەوە: کە تورکیا زۆربەی منداڵان لەگەڵ دایکانیاندا، لە ژووری تاکە کەسی سارد و ساردا بەندیانی کردوون، تەنـانەت هەنـدێکیان ناچـاردەکەن کە لەسەر زەویشدا بنوون. سەرەڕای ئـەوەش بەپێی بەرنـامەیەکی داڕێـژراو، رۆژانـە سـووکـاییەتیـان پێـدەکـەن و جوێنی ناشیرینیان پێدەدەن و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییان دەدەن و دەسترێـژی سکسیشیان کـردوونەتە سەر بەشێکـیان. هەمووشیان برسین و تووشی نەخۆشی بوونە بە تایبەتیش سکچـوون و کەمخـوێنی و لاوازی و ئـازاری پـشت ئێشە بـوونە.. هـەوای پیس هەڵدەمـژن و ئەسپێ تێـیداون و دەرمـان و چـارەسەرکـردنیان نییە و شـیر و دایـبی مـنداڵان زۆر کەم پێـیان دەگـات. بەندیخانەکانی تورکیا هـیچ مەرجێکی تەندروستیان تێدا نییە.. زۆریش قەڵەباڵغـن هەر هـۆڵـێک و هەر ژوورێکی بەنـدیخانەکـانیان سێ هـێندەی قـەوارەی ئاساییان تێـپەستوون. ناشهـێڵن بەنـدکـراوەکان پەیـوەنـدی بە کەسوکـاریان و بە پارێـزەرەکـانیانەوە بکـەن.. چەنـدین ژن تـووشی نەخـۆشی دەروونی بـوونە.
هەر ئەو ژنـە بەنـدکراوە ئازادبووانە، ئەوەشـیان گـێرایەوە، کە جـەلادە بێڕەوشتەکانی بەنـدیخانەکانی تورکیا، بۆ سووکـایەتی پێکـردنی و پێکەنین پێـیان، رۆژی چـوار جـار ژنـان رووت دەکـەنەوە و دەیـان پشکـنن.
ئەمەیە بێڕەوشتی مافییەکانی پارتی نـاداد و نـاگەشەکردنی سوڵتان ئەردۆگانی (اخـوان الشیاطین) لە هەر بەندکراوێک داوابکەیت بە دەیان چیرۆکی بێڕەوشتیان دەگێڕێتەوە.
ئەمەو بە هۆی نادیار و تەمومژاوییەوە، تا ئێستا جەلادەکانی بەندیخانەکانی تورکیا، بە دەیان بەندکراویان، لەناوبـردوون.. تەنها لە دوو ساڵی رابـردوودا (١٩٣) بەندکراویان، لە ناوبـردوون، ئەوەیان بۆ هەڵبەستوون، کە خۆیان کوشتوون یا خۆیان خنکانـدوون.
تورکیای زینـدانستان، دەیوێت دەمی هەمووان بگـرێت و کەس فـزەی لێـوە نەیـات.. بۆ نموونە: مامۆستایەکی کورد لە باکووری کوردستان کە خاتوو (ئایشە تشیلیک)ی ناوە، لە بەرنامەیەکی تەلەفـزیۆنی تورکیادا، بە تەلەفـۆن بەشداری کرد و ئەم قسەیەی وت: "لە منـداڵان مەگـەڕێـن کە بمـرن" مەبەستی ئەوەبـوو، کە بە بیانـووی بەربەرەکـانی تیرۆر، منداڵانی کورد لە بەندیخانەکانی تورکیادا بەند مەکەن و مەیانکوژن. داواشی لە کۆمەڵگـای نێودەوڵـەتی کـرد، کـاردانەوەیـان هـەبێـت لە ئاستی بەنـدکـردنی منـداڵان لە بەندیخانەکـانی تورکیادا. لەسەر ئەم قسەیەی، خاتوو (ئایشە) یان گرت و بە لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردسـتان تاوانبـاریـان کـرد.. پانگـزە مانـگ بەنـدیان کـرد.. سـزای پێشکەشکەری بەرنامەکەشـیان دا.
ئەم تاوانە دزیۆ و قێزەوەنانەی ئەردۆگانی تاوانبار بە پێچەوانەی هەموو رێکەوتنەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان و ژنانەوەن. بە پێی مادەی (٤/٦) ژمارە (٥٢٧٥) ی یاسای سزادان، نابێت منداڵانی لە شەش ساڵان کەمتر، نابێت ژنانی دووگیان، نابێت ژنـانێک کە منداڵانی کۆرپـەیان هـەیە.. بگیرێن و بخـرێنە بەنـدیخانەوە.. بەڵام کەی لە تورکیادا یاسا هەبـووە و هەیـە؟؟ کەی لە تورکـیادا رێکەوتنەکـانی مافـەکانی مـرۆڤ و منـداڵان و ژنان جێبەجێ کراون؟؟ تورکیا بە رۆژی رووناک و بە زەقی و بە بەرچاوی جیهانەوە هەموو ئەم تاوانانەی ئەنجام داون و دەدات.. هەموو بەڵگەیەکی تاوانەکانیش لە بەردەست دان.. کەچی تا ئێستا لەسەر ئەم تاوانـانەی، هـیچ سزایـەکی نێودەوڵـەتی تورکیا نـەدراوە؟؟ بە داخەوە، کە بەرژەوەنـدی وڵاتە زلهـێزەکان لەگەڵ تورکیادا، زاڵە بەسەر رەوشـت و رێکـەوتنەکـان و مافـەکانی مـرۆڤ و منـداڵان و ژنـان.. هـەر ئـەم بێـدەنگییە وای کردووە کە تورکیا زیاتر درێـژە بە پێـشێلکاری و بە تاوانەکانی بدات.
منداڵانی کورد، لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستاندا، بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێـنرێنەوە، لە هەموو مافـێکیش بێ بەشکراون و هيچ چـێژ و خۆشییەکیان لە منداڵییان نەبینیووە. ئەوان لە ناو شەڕ و گرتن و راونان و کوشتندا چاویان هەڵهێناون و چاو هەڵـدەهـێنن.. داگیرکەرانی رەگـەزپەرست، کوردبـوونمان بە تـاوان دەزانـن.
ئەی ویـژدانی جیهانی، نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی مافەکـانی منـداڵان، وا منداڵانی کوردستان هاواردەکەن:"فریامان بکەون.. رزگارمان بکەن.. لێمان گەڕێن با بە ئاشتی بژین" هاواردەکەن:" کوانی مافەکـانمان.. بۆ جیاوازی دەکەن.. خۆ ئێمەش منداڵین و مرۆڤین..؟!" هاوار دەکەن:" بۆ بە ژەهـری کیمیاوی دەمانخنکێنن..؟ بۆ بە فـسفـۆری سپی دەمانـسووتێنن..؟ بۆ بە ناپـاڵـم کەلەمـان دەپـژێنن..؟ بۆ ماڵمان تـاڵان دەکەن و خانووەکانمان بەسەردا دەڕووخێنن..؟ بۆ لە نیشتمانی خۆمانـدا بە زۆرداری دەربەدەرمان دەکەن..؟ بۆ باوک و دایک و کاک و دادەمان دەگرن و دەیانکوژن..؟ بۆ دەمانگـرن و لە بەندیخانە تاکەکەسییە سامناکەکانتاندا.. ئەشکەنجەمان دەدەن..؟ ئەی داگیرکەرانی رەگەزپەرست و خوێنڕێـژ.. بۆ وازمان لێناهـێنن.. کە ئێمەش بـژین..؟! تاکەی ئێمەی منـداڵانی کورد، باجـی داگـیرکـردن و رەگەزپەرستیتان بدەیـنەوە..؟؟"
مەخابین کە کەس نییە گوێ لە هـاوری منداڵانی کورد بگـرێت و بە دەنگـیانەوە بێت.
ئەم بێدەنگییەش لە ئاستی ئەو تاوانانەی کە تورکیا و ئێران لە دژی منداڵانی کوردمان ئەنجامیان داون و دەدەن.. پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە تەوێڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بە وێـژدانی جیهـانی و مـرۆڤـایەتییەوە.
سوپاسی هەڵـوێـستی میلـلی و چەنـد رێکخـراوێـکی شارسـتانی گـەلان دەکـەین، کە لە شارەکانی ئەڵمانیا و نەمسا و سويـد و نەرویـج و ئەمریکا و چەنـدین وڵاتـانی تر، کە خۆپێشاندنی ناڕەزاییان دژ بە تورکیا سازکـرد.. داوایـان لە رژێـمی مافـیای تورکیا کرد بە تایبەتیش لە خوێنڕێـژ ئەردۆگـان.. کە دەست لە تاوانەکـانیان لە دژی گـەلی کوردی بێتاوان هەڵبگـرن.. بە توندیش سەرکـۆنەی بەنـدکـردنی منـداڵانی شیرەخۆر و ژنـانی دووگیانیشیان کرد کە لە لایەن تورکیاوە بەندکراون.. بە تاوانی دەزانـن، ئەردۆگـانیش بە تاوانبار.. داواشیان کرد کە بەزوترین کات ئەو منداڵانەوە و دایکانیان ئازاد بکەن.
بەڵام بە دڵنیاییەوە، نە ئەردۆگانی دیکتاتۆر و رژێمە مافـییەکەی، گوێ بە ناڕەزایی و بە داوای گـەلان نـادەن.
ژمارەی بەندیخانەکانی تورکیا (٣٨٤) بەندیخانەیە، وا خەریکی دروستکردنی (١٩٣) بەندیخـانەی ترن.. چونکە بە تەمـای گـرتنی بە هـەزاران ژن و منـداڵ و لاوی تـرن.
بەڵام ئەوەی چاڵ بۆ یەكـێک هەڵبکەنێت.. رۆژێک دێت کە خۆشی تێی بکەوێت.. ئەو رۆژە نزیکە کە ئەردۆگـان و رژێمەکەی، گەر کەوڵیان نەگەیەننە پێستەخانە، بخرێنە ئەو بەندیخـانانەوە.. کە ئـازادیخـوازنی کورد و تورکـیان تێـیانـدا بەنـدکـردوون.
رەزا شوان
نەرویـج : ١٨ی/ نۆڤـەمبەر/ ٢٠١٩

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە