پە‌یدابوون و پە‌رە‌سە‌ندنی مرۆڤ

Wednesday, 20/11/2019, 2:21

15855 بینراوە


پەیدابوونی مرۆڤ کێشەیەکی هەرە بنەڕەتی تیۆری پەرەسەندنە، چونکە هەتا ئەمڕۆکە ژمارەیەکی زۆر هەن، سەرلەبەری چەمکەکانی ئەم تیۆرەیان پێ ڕاستە، پێشیان وایە لە هەموو بوارێکدا دەبینرێ و لەسەر گشت جۆرەکانی زیندەوەراندا پێڕەو دەکرێت، تەنیا لە مرۆڤدا نەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە نازانن ئەو بۆچوونەیان دژی بنەما سەرەکییەکەی ئەم تیۆرەیە کە هەمیشە دەڵێت، هەر جۆرێک لە جۆرێکی دیکەی پێش خۆی پەیدا بووە، هەمووشیان لە یەک بنچینە و لە یەک پێشینەی هاوبەشی گشتییەوە هاتوون، مرۆڤیش وەک جۆرێک لە زیندەوەران، لەژێر کاریگەری هەمان میکانیزم و هەمان دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی سروشتیدا بووە. بۆیە دەرکێشان و بەلاوەنانی مرۆڤ لە چوارچێوەی بنەماکانی تیۆری پەرەسەندن، بێگومان ناڕاستی تەواوی تیۆرەکە دەگەینێت.
هەرچەندە لە زۆربەی بەشەکاندا تا ڕادەیەک ئاماژە دراوە بە پەرەسەندنی مرۆڤ، بەڵام لێرەدا وەک بەشێکی سەربەخۆ، لە چەند ڕووێکی جیاجیاوە بەکورتیی لێی دەدوێین.
پەرسەندنی مرۆڤ لە هە‌موو بە‌شە‌‌کانی دی سە‌رنجڕاکێشترە، چونکە ئەمەیان بابەتی ڕوەک، یان بۆق و مشک نییە، بگرە بابەتی ئێمەی مرۆڤە، هەستدارترین پرسی پەرەسەندنە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی پێوەندی بە ئێمەوە هەیە، یان خۆی لەخۆیدا ئاڵۆز و دژوار بێت، بگرە بوارێکی زۆر تێکهەڵکێشە و گەلێک گرفتی جۆراوجۆری هەیە، هەتا لەناو زاناکانی پەرەسەندنیشدا. بۆ نموونە، هەردەمێک هەڵکۆڵدراوێکی پێشینەکانی مرۆڤ دەدۆزرێتەوە، ڕاستەوخۆ لە کاتی پۆلێنکردندا کێشە سەرهەڵ دەدات لەسەر دیارکردنی کۆمەڵەکەی، بەوەی یەکێک دەڵێت، ئەمە سەربە کۆمەڵەی مەیموونەکانە، کەچی یەکێکی دی پێی وایە پتر نێزیکە لە نیوچەمرۆڤەکان. لەبەرئەوەشە بۆ دەستنیشانکردنی جۆر و ناولێنانیان پێویستیمان بە وردبینییەکی تەواو هەیە، هەروەها لێدوان و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، دەبێ تا ڕادەیەکی باش شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەیان لەگەڵدا بێت بۆ تێگەیشتن لێیان. بەڵام گرینگە بزانین، گرفت و مشتومڕی لە نێوان زاناکان لە گشت بوارێکی زانستییدا هەیە و کارێکی ئاساییە، بۆیەش بوونیان لە پەرەسەندندا، هیچ لە پێگە و پایە زانستییەکەی ئەم تیۆرە کەم ناکەنەوە.
تۆژینە‌وە لە پە‌رەسە‌ندنی مرۆڤ، گەلێک بواری جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێ وەک، شوێنەوارزانی، زەویکۆڵزانی، مرۆناسی، بۆماوەزانی، زمانناسی و زۆر زانستی دیکە. ئەوانەی بە‌دوای وەڵامی چەندان پرسیار دەگە‌ڕێن، لە شێوەی: مرۆڤ کە‌ی پە‌یدا بووە، چۆن پە‌رەی سە‌ندووە، لە‌ چی ژینگە و کە‌شوهە‌وایە‌ک ژیاوە، ئایە پێشینەکانیان بە دوو پێ (بەستوونی) ڕۆییوون، یان نا، ئاخۆ ئەو بوونە‌وەرانەی بنە‌بڕ بوون و لە‌ناو چوون، چی جۆرە زمانێک و نەریتێکی کۆمە‌ڵایە‌تییان هە‌بووە؟ ڕووداوەکانی مێژووی دێرینە و هەڵکۆڵدراوەکانی وەک، ئێسک، کاسەسەر، ددان، کەلوپەل و ئامرازە بەکارهێندراوەکان و چەندان دۆزەوەی هەمەجۆر، بەڵگەن بۆ شێوەی لەش و چۆنەتی ژیانی مرۆڤ لە سەردەمە جیاجیاکاندا. کاری زانایانیش ئە‌وەیە لە‌و بە‌ڵگانە بکۆڵنە‌وە و شیان بکە‌نە‌وە، تا بتوانن زانیارییە‌کی وا بخەنە بەردەست، هۆشی مرۆڤ پە‌ی پێ ببات، زانستیش پە‌سندی بکات.
پێشتر ئاماژەمان پێدا، داروین لە شاکارەکەی بنەچەی جۆرەکاندا کە کتێبێکی گەلێک زل بوو، تەنیا بە یەک دێڕ گوتویەتی: " لەم نێزیکانەدا باس لە پەیدابوونی مرۆڤیش دەکرێت." پاشان ئەوەبوو لە کتێبە بەناوبانگەکەی دیکەیدا بەناوی (پەیدابوونی مرۆڤ)، لە پەرەسەندنی مرۆڤ دواوە. بەڵام دیسانەوە لەو کتێبە سێ بەشییەدا، یەک بەشی تەرخان کرا بۆ مرۆڤ، دوو بەشەکەی دی هەمووی باسی هەڵبژاردنی زایەندیی بوو، بەتایبەتیی لە باڵندەکاندا. هۆکاری ئەمەش: یەکەمیان هەستداریەتیی بابەتەکە بوو، دووەمیشیان نەبوون، یان کەمیی ژمارەی هەڵکۆڵدراوەکانی مرۆڤ بوو. چونکە لەو سەردەمەدا لە دوو کاسەسەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ زیاتر هیچی دی نەبوو، کەچی ئەمڕۆ تەنیا لە نیاندەرتاڵ پتر لە ٣٠٠ ئێسکەپەیکەر دۆزراونەتەوە، گەلێکیش لە جۆر و کۆمەڵەکانی دیکە. بۆیە زۆریی ژمارەیان وای لە زانا و شارەزایان کردووە سەریان لێ بشێوێت، لە دیارکردنی تایبەتمەندییەکان و پۆلێن کردنیان، هەروەها بەراوردکردن و جیاکردنەوەی مەیموونەکان و نیوچەمرۆڤەکان لەگەڵ جۆرەکانی مرۆڤدا. کاتێک لەو بابەتانە دەدوێین، دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ئەوەی زۆر بوێرانە مەبەستی داروینی یەکلایی کردەوە، کتێبەکەی هاکسلی بوو کە پاش بنەچەی جۆرەکانی داروین بڵاوکرایەوە، لەسەر بوونی پێشینەی هاوبەشی مرۆڤ و مەیموونەکان، هەر ئەویش بوو بەتەواوی ئەوەی ڕوون کردەوە کە مرۆڤ لە مەیموونەوە پەرەی نەسەندووە.
پێویستە بۆ پۆلێنکردن خاوەنی پلان و نەخشەیەکی چاک بین، بۆ ناونان و ڕیزکردنی هەڵکۆڵدراوەکان بەگوێرەی تایبەتمەندیی و مێژووی لکەکانیان، تا بزاندرێت هەریەکەیان سەربە کامە کۆمەڵەن.
بەگشتیی هەڵکۆڵدراوەکان ناوێکی باو و یەکێکی دیکەی زانستییان هەیە، واتە سەرەتا ناوی ڕەگەز، پاشان ناوی جۆر. بە نموونە لە هۆمۆ ساپیەنس (Homo sapiens)، هۆمۆ ناوی ڕەگەزە واتە مرۆڤ، ساپیەنیش واتە ژیر، یان هۆشدار کە ناوی جۆرەکەیەتی، خۆ ئەگەر لکەجۆریش بێت، ئەوا لە دوای جۆرەوە ناوێکی دی لەگەڵدا دەنووسرێت. بەم پێیە هەموو مرۆڤەکانی ئەم جیهانەمان هۆمۆ ساپیەنن، هیچ جۆرە مرۆڤێکی دی لەگەڵماندا نییە، بەڵام لە لە ڕابردوودا چەرخی وا هەبووە، زیاتر لە یەک جۆر مرۆڤی تێدا ژیاوە. بێگومان ئەمە دۆزەوەیەکی زۆر گرینگ بوو، چونکە ئەوانەی پێشان وای بۆ دەچوون، پەرەسەندن بەگشتی یەک لەدوای یەکەوە بووبێ هاوشێوەی پلیکانەیەک، هەر ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی زۆر کەس وێڵی دۆزینەوەی ئەلقە ونبووەکان بن، بەوەی بڵێن پێشتر مەیموون هەبووە، پاشان لە مەیموونەوە مرۆڤ هاتووە، مرۆڤیش یەک جۆرە و تەنیایە. پاش ئەو ناونانە، دەبێ ئەوەندەش بڵێین، ئێمەی مرۆڤ لە پلەدا لە سەرەکییەکانین، لە کۆمەڵەدا سەربە شیردەرەکانین، لە شیردەریشدا لکێکین لە وێڵداشدارەکان (دوو شیردەرەکەی دی: توورەگەدارەکان و ئەوانەی لە پاشەڕۆیاندا یەکڕێڕەویین)، لە پۆلیشدا پەتکدارەکانین، بەو شێوەیە هەتا دەگەینە لکوپۆپەکانی دیکە.
بە پێشینەی هەرەکۆنی مەیموونە باڵاکان (بە مرۆڤیشەوە)، دەگوترێ سە‌رەکییە‌کان (Primates)، ئەوانەی نێزیکەی ١٨٠ جۆر دەبن. ئەمانە کۆمە‌ڵە‌یە‌ک نیشانەی هاوبە‌ش لە نێواندا هە‌یە، وەک ئە‌و پە‌نجانە‌ی توانی جووڵە‌یان هە‌یە، بوونی نینۆک، کزی هەستی بۆنکردن، چاڵایی چاوەکان، پێکهاتە‌ی کاسە‌سە‌ر و گە‌ورەیی قە‌بارەی مێشک بە بە‌راوردکردن لە‌گە‌ڵ لە‌شدا. پاش سەرەکییەکان چەندین کۆمەڵەی دیکەی جۆراوجۆر دێن، تا دەگاتە نیوچەمرۆڤەکان.
پێویستە لە سەرەتاوە ببێژین، هەر هەڵکۆڵدراوێک ئەگەر تەمەنی لە نێوان نێزیکەی ٣ تا ٧ ملیۆن ساڵ بێت، ئەوا لەو جۆرانەیە کە پێیان دەگوترێت، نیوچەمرۆڤەکان، یان شێوە مەیموونەکییەکان، ئەوانەی ناوی (ئە‌سترە‌لۆپیتکس - Australopithecus)یان پێوە لکاوە، تایبەتمەندییە سەرەکییەکەیان ڕۆیشتنە بە دوو پێ. بۆ نموونە، لوسی (Australopithecus afarensis)، لەبەرئەوەی تەمەنی خۆی لە ٣.٢ ملیۆن ساڵ دەدات، کەواتە دەبێ سەربە کۆمەڵە دواییەکانی شێوە مەیموونەکییەکان بێت، نەک مرۆڤەکان. ئەمانە چەندانی دیکەشیان هەن وەک؛ anamensis، africanus، aethiopicus، robustus، boisei، bahrelghazali.
بەڵام هەڵکۆڵدراوی بەناوبانگ ئاردی(Ardipithecus ramidus)، زۆربەی زاناکن بە ڕەگەزێکی جیاوازیان دانا لە نیوچەمرۆڤەکان، بۆیەش خستیانە ڕیزی کۆمەڵەی ئاردیپیتیکس (Ardipithecus)، واتە ئەمەیان ڕەگەزێک، یان کۆمەڵەیەکە تەنیا یەک جۆری هەیە، ئەویش ڕامیدسە (ramidus). ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو تۆژینەوە بایەخدارانەی لەبارەی ئاردییەوە ئەنجام دراون، بەتایبەتیش شیکردنەوە کیمیایی و تیشکاوەرییەکانی خۆڵی ئەو ناوچەیەی ئاردی تێدا دۆزرایەوە، هەروەها ددانەکانی ئاردی، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بوونی تایبەتمەندییەکان و هەڵسوکەوتی کۆمەڵەکان، زاناکانی بەرەو ئەوە برد بڵێن، دەبێت ئاردی لە دارستانێکی چڕ و لەسەر بەروبوومەکانی داری ئەو دارستانە ژیا بێت. بێگومان ئەم بۆچوونە جارێکی دی دژی بیروڕای چەندین زانایە، لەبارەی هۆکاری پشت ڕاستکردنەوەی مرۆڤی کۆن کە دیان گوت، پاش ئەوەی ژینگەکەیان گۆڕانی بەسەر هات و بووە هۆی نەمانی دارستانەکان، مرۆڤ ناچار بووە لەو پێدەشتەدا هەڵ بستێتە سەر پێیەکانی، تا بتوانێت بڕوانێتە دەوروبەرەکەی و لە سەرووی ئاستی گیا و ڕوەکە درێژ و بەرزەکان، دوژمنەکان و ئاژەڵانی دیکە ببینێت. کەچی لە ئاردییەوە گەیشتینە ئەو ڕایەی مرۆڤ گەلێک پێش جێهێشتنی ژیانی ناو دارستانەکان، لەبەر چەندان هۆکاری جیاجیاش، هەوڵی داوە پشتی ڕاست بکاتەوە.
پێش ساڵی ٢٠٠٠ وا دەزاندرا ئاردی کۆنترین هەڵکۆڵدراوی نیوچەمرۆڤەکانە کە بۆ مێژووێکی ٤.٤ ملیۆن ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کەچی لە ساڵی ٢٠٠٠ هەڵکۆڵدراوێک دۆزرایەوە ناونرا بە ئۆرۆرین توگنێنسیس (Orrorin tugenensis)، تەمەنی نێزیکەی ٦ ملیۆن ساڵ دەبوو، لە جۆری ئەو نیوچەمرۆڤانە بوو کە بە دوو پێ ڕۆییوون. هەر لەو دەمەدا (ساڵی٢٠٠٠)، هەڵکۆڵدراوێکی دیکە دۆزرایەوە بەناوی ساهیلە‌نتڕۆپس چادنسیس (Sahelanthropus tchadensis)، تەمەنەکەی ٧ ملیۆن ساڵ دەبوو، لەگەڵ نیوچەمرۆڤەکانی دی جیاواز بوو، بۆیە بە جۆرێکی تایبەتی دانرا. زاناکان لەو باوەڕەدان، ئەمەیان لە سەردەمێکی زۆر نێزیک لە سەرەتاکانی جیابوونەوەی نیوچەمرۆڤەکان لە مەیموونەکانەوە ژیا بێت. ئەم ئاژەڵە بە شێوەیەکی سەیر و نائاسایی، چەندان ئاکاری تێکەڵاوی هەبوو لە نیوچەمرۆڤ و مەیموونەکان، لەبەر بوونی چەند بەڵگەیەک هەندێک دەبێژن، لەوانەیە توانی ڕۆیینی بە دوو پێی هەبووبێ. لەڕێی ئەم دۆزەوانەی پێشەوە و تۆژینەوە یەک لەدوای یەکەکان، گریمانەی سەرەتاکانی جیابوونەوەی مرۆڤ لە مەیموونەکان، نێزیکەی ٧، یان ٨ ملیۆن ساڵێک لەمەوبەر، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
لەدوای ئەمانەوە ئەوەشی ناوی مرۆڤ، یان هۆمۆی (Homo) پێ بەخشرا، تەمەنیان نێزیکەی ٣ ملیۆن ساڵ لەمەوبەرەوە دەستپێ دەکات وەک؛ مرۆڤی ڕودۆلفینسیس (Homo rudolfensis)، مرۆڤی هابیلس (Homo habilis)، مرۆڤی ئیڕگاستر (Homo ergaster)، مرۆڤی ئیڕەکتس (Homo erectus). لەم دواییەدا ڕوون بووەوە کە ئیرگاستر و ئیرکتس یەک لکن بوونە دوو بەش، ئەوەی یەکەمیان لە ئەفریکا مایەوە، ئیرکتسیش کۆچی کرد بۆ ئەوروپا و ئاسیا. هەر لەو دەمانەشدا مرۆڤی گورجستان (Homo georgicus)، سەری هەڵدا کە خاوەنی چە‌ند نیشانەیە‌کی هاوبە‌ش بوو لە‌گە‌ڵ هە‌ریە‌کە‌ لە‌ هۆمۆ هابیلس و هۆمۆ ئیڕەکتس. مرۆڤی هایدلبێرگ‌ (Homo heidelbergensis)، ئەمەشیان زاناکان دەڵێن بووە دوو لک، یەکیان مرۆڤی نیاندە‌رتاڵ (Homo neanderthalensis)، ئەوەی دی مرۆڤی ساپیەنس (Homo sapiens)، کەواتە ساپیەنس لە نیاندەرتاڵ پەرەی نەسەندووە، وەک پێشتر شارەزایان بۆی دەچوون، بگرە هەردووکیان بەجیا لە هایدلبێرگەوە هاتوون. پاش هەموو ئەوانە، بەر لە ٤٠ هەزار ساڵێک مرۆڤی کرۆماگنۆن (Cro-Magnon)، پەیدا بوون، ئەوانەی بە یەکەمین مرۆڤی ئەوروپایی هاوچەرخ دەناسرێن. دواجار پێش نێزیکەی ٢٠ هەزار ساڵێک مرۆڤی کورتەباڵا لە‌ دوورگە‌یە‌کی ئیندۆنیسیا دەرکەوتن کە ناسراون بە مرۆڤی فلۆریس (Homo floresiensis). ئەمانەش لە دواییدا (١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر)، هاوشێوەی ئەوانەی دیکە بنە‌بڕ دەبن، بە‌مە‌ش مرۆڤی هۆشدار بە‌تە‌نیا دە‌مێنێتە‌وە‌ لە‌ سەرلەبەری کۆمە‌ڵەی‌ مرۆڤەکان.


جیاکەرەوەی سەرەکیی هۆمۆ لەگەڵ ئەسترۆلۆپیتیکس قەبارەی مێشکە، ئەسترۆلۆپیتیکس بەپێچەوانەی هۆمۆ، دەستیان درێژترە لە پێیەکانیان، جیاوازی لە نێوان شێوەی نێرینە و مێیینەی هۆمۆدا کەمترە لە ئەسترۆلۆپیتیکس. دەموچاوی هۆمۆ تەختە و لووتی درێژە، هی ئەوانە لووت پان و بەقوڵاچووە، کاسەسەری هۆمۆ لە ستوونی نێزیکە، کەچی ئەوەی ئەسترۆلۆپیتیکس بەرەو دواوەیە و بچووکترە، بەڵام لە دداندا ئەوەی ئەسترۆلۆپیتیکس گەورەترن لەوەی هۆمۆ.
لەبەرئەوەی لە خشتەی کاتەکیی پەرەسەندندا، ئاماژەمان بە زۆربەی ئەوانە و بەتایبەتیی کۆمەڵەی مرۆڤەکان داوە، بۆیە نامەنەوێت لێرەدا دووبارەیان بکەینەوە.
ئەوەی دەبێ بیزانین، هەر یەکێک لە ئێمە ئەگەر پێویستی بە زانیاری هەبێت لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤ و زیندەوەرەکانی دیکە، دەبێت لەم بوارەدا بەدوای نوێترین بڵاوکراوەی زانستیی بگەڕێت، چونکە گەلێک بیروبۆچوونی کۆنی وا هەبووە دەربارەی پەرەسەندن، وامان دەزانی جێگیر و چەسپاون، کەچی دوای ئەوانە بە دۆزراوەی نوێ، تێگەیشتنمان لە زۆر چەمک و بنەمادا گۆڕانی بەسەردا هات.
ئاماژەمان بەوە داوە کە پەرسەندن زۆربەی جار لەو دەمانە ڕوو دەدات، ئەگەر ژینگە گۆرانی بەسەردا بێت. ئەمەش لە پەرەسەندنی مرۆڤدا بەدەر دەکەوێت، کاتێک نێزیکەی ٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و وشکبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چڕەدارستانەکانی ئەفریکا، هەندێک لە پێشینەی کۆمەڵەی مرۆڤەکان، هەستیان بە هەڕەشەی بەبیابانبوون کرد. لێرەدا ئەگەر ئەو بەبیابانبوونە بە شێوەکی خێرا و بەماوەیەکی کورت بوایە، ئەوە ناچار دەبوون، یان کۆچ بکەن بەرەو ناوچەیەکی دیکەی باشتر و لەبارتر، یاخۆ دووچاری لەناوچوون ببن، بەڵام لەبەرئەوەی گۆڕانکارییەکان لەسەرخۆ بوون، بۆیە خۆگونجان چاکترین چارەسەریان بوو لەگەڵ ئەو ژینگەیەدا.
بەرەنجامی ئەمە و چەندان هۆکاری دی، یەکەمین ڕەگەزی نوێی مرۆڤ (Homo)، لە کۆمەڵەی جۆری مرۆڤەکان سەری هەڵدا. سەرەتای کارەکانی ئەم ڕەگەزە بە ئەنجامی گەیاند ئەوە بوو، هەوڵ بدات بەتەواوی پشتی ڕاست بکاتەوە و بە دوو پەلەکانی دواوەی هاتوچۆ بکات، تاکو پانتایی ڕوویی لەشی بەرانبەر بە گەرمی تیشکی خۆر کەم بکاتەوە. لێرەدا لەوانەیە یەکێک یەکسەر بپرسێ، ئەی بۆچی وشتر لە بیابانەکاندا ئەو کارەی پێ ئەنجام نەدراوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەوە دەدرێتەوە، کۆمەڵەی مەیموونە باڵاکان هەندێ نیشانە و تایبەتمەندییان هەیە، لای شیردەرەکانی دیکەدا نییە. مەیموونەکانی جۆری شیمپانزی نێزیکترین ئاژەڵن لە مرۆڤ، دەتوانن وەک مرۆڤ لەسەر پاشەڵیان دابنیشن، بە دەستەکانیشیان خواردن بخۆن، هەروەها دەتوانن چەندان هەنگاو بنێن بە پەلەکانی دواوەیان، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمانە لە دارستانە چڕەکاندا دەژین (وشتریش لە بیابانەکاندا)، تا ڕادەیەکی زۆریش لەگەڵ ژینگەکەیاندا سازاون، بۆیە پێویستییان بەوە نییە، ڕەفتاریان بگۆڕن.
پاش ئەوەی مرۆڤ لەسەر پەلەکانی دواوەیدا هاتوچۆی کرد، لە هەڵسوکەوتیدا گۆڕانێکی بنەڕەتی ڕووی دا، بەوەی لە لایەک پەلەکانی پێشەوەی بەتەواوی بەرەڵا بوون و بۆ ڕۆیین کاری پێیان نەما، لە لایەکی دییەوە ئەو وزەیەی پەلەکانی پێشەوەی پێویستییان پێ هەبوو، گلدرایەوە بۆ سوودی ئەندامەکانی دیکەی لەش. هاوکات ژینگەی نوێ ئەوەی دەخواست، ناچار بێت بەدوای سەرچاوەی جۆراوجۆری خۆراکدا بگەڕێت، کاتێکیش بەری ڕوەک و ئەو ئاژەڵانەی بەئاسانی ڕاو دەکران کەمبوونەوە، وایان لێ کرد لە خۆراکی جیای وەک گۆشتی باڵندە و ماسی بگەڕێت.
ئەم هەڕەشانە هانی مێشکی دا، چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە، چونکە کاری بنەڕەتی مێشک ئەوەیە، جۆرەکەی بپارێزێت و لە بنەبڕبوونەوەی دوور بخاتەوە، ئەوەش دیارە لەڕێی دابینکردنی بژیو و زاوزێکردنەوە دەبێت. هاندانی مێشک لەپێناو خۆگونجان و سازان لەگەڵ ژینگەی نوێدا، ئەو واتایە دەگەینێت مێشک دەبێ کارێک ئەنجام بدا لەمەوبەر نەی کردووە. لێرە مێشک پێویستی بە خانەی نوێ دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کارە، ڕۆنانی ئەو خانە نوێیانەش، پێویستییان بە وزەی زێدەتر هەیە، بۆیە مێشک ناچارە پەنا بباتە بەر ئەندامێکی لەش، تا ئەوەی بۆ بکات. لەمەشدا پەلەکانی پێشەوە چاکترین ئەو ئەندامانەن ئەم ئەرکەی پەیداکردنی بژیو جێبەجێ بکەن، چونکە پاش ڕۆیین بەستوونی دەستەکان وایان لێ هاتبوو، هیچ کارێکی گرینگی وایان نەبێ، ئەنجامی بدەن. هەرچەندە هۆکارەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ، لەڕێی هاندانی مێشک بۆ ڕۆنانی خانەی نوێ زۆرن، بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکەین، گۆڕانی جۆری خۆراکیش بۆ دروستبوونی خانەی نوێ، کەریگەرییەکی زۆری هەبووە لەم بوارەدا، چونکە خۆراکی نوێ، دەبێتە هۆی وەرگرتنی پڕۆتینی جۆری نوێ، ئاشکراشە پڕۆتین پێکهێنەی سەرەکیی خانەی زیندووە. زانراوە مرۆڤ لە ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان جۆرە پڕۆتینێکی تایبەت، لە زیندەوەرە وشکانییەکان جۆرێکی دی، لە ڕوەکەکانیش هی دیکەی جیاواز وەردەگرێت، هەریەک لەو پڕۆتینانەش گرینگی خۆی هەیە لە ڕووی لەشساغی و پەرەسەندن و مانەوە لە ژیاندا. ئەو گۆڕانکاری و پەرەسەندنانە چەندان ملیۆن ساڵیان خایاند، بەمانە مێشکی مرۆڤ گەشەی پتری بەخۆوە بینی، ڕەوتی پەرەسەندنیش گەلێک ڕێچکەی جۆراوجۆری گرتەبەر.
لەدوای ئەمانەوە مرۆڤ پەنای بردە بەر زمان بۆ ئاخاوتن و لێک گەیشتن. بۆ نموونە، ئەوانەی بە کۆمەڵ بۆ ڕاوکردن دەچوون، بینییان بە هەماهەنگی و لێک گەیشتنیان لە کاتی ڕاودا، نێچیری زۆرتر و باشتر بەدەست دەهێنن، بێگومان ئەمەش بە قازانجی هەمووان دەشکایەوە بە ژنان و منداڵەکانیانەوە، بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان و مانەوەی جۆرەکانیان. واتە ئەو کاتەی مێشک دەزانێت، ئاخاوتن سوودی هەیە بۆ مانەوەی جۆرەکەی، بە بوونی هەڵبژاردنی سروشتی هەر ئەو مێشکە خۆی گرینگی دەدات، بەو بەشەی لە مێشکدا لە ئاخاوتن بەرپرسیارە، چونکە ئەمە ئەرکی سەرکی خۆیەتی، ئەمانەش گشتیان چەندان جار ڕوویان داوەتەوە لە مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤدا.


هەروەها مرۆڤ فێری ئەوە بوو چۆن ئاگر بۆ سوود و بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێ (پێشتر تەنیا جێی مەترسی بوو بۆی)، بۆ لێنانی خواردن و بەتایبەتی برژاندنی گۆشت کە بووە هۆی ئاسان کردنی جوین و قووتدانی خواردن، ئەم کردارە پاشان بەرەو ئەوەی برد شەویلگەی بەرەبەرە بچووکتر ببێتەوە. ئاشکرایە بۆ ئەوان بوونی بڕێکی کەم لە هەر خۆراکێک کە وزە و بەهای بژیوی بەرز بێت، چاکترە لەو خۆراکەی دەبووایە زۆری لێ بخۆن تا هەمان وزەیان پێ بدات. دەسکەوتێکی دیکەی ئاگر خۆ گەرمکردنەوە بوو کە لەڕێیەوە مرۆڤ توانی کۆچ بکات، بۆ ئەو ناوچانەی پلەی گەرمییان لە وەرزەکانی ساڵدا زۆر لێکنەچوون، هەموو ئەمانە سوودیان بۆ مرۆڤ هەبووە، بۆ خۆگونجان و سازانی لەگەڵ ژینگەکەیدا. ئەو گۆڕانکارییانەی ژینگە دووچاری کۆمەڵەکانی مرۆڤ دەبوون، لە جێیە جیاجیاکانی ئەفریکا، پاشانیش لە دەڤەڕەکانی جیهاندا وەک یەک نەبوون، بگرە جیاواز بوون بە جیاوازی ناوچەکانیان، هەر بۆیە پەرەسەندنیان هاوشێوە نەبووە، ئەمەش وای کردووە چەندان کۆمەڵەی مرۆڤی جۆراوجۆر، لە گەلێک شوێنی جیهاندا سەرهەڵ بدات. گرینگترین ئەو کۆمەڵە جیاوازەی لەگەڵ مرۆڤی نوێدەمدا هەبوون، مرۆڤی نیاندەرتاڵ بوو زیاتر لە نیو ملیۆن ساڵێک لەمەوبەر پەیدا بوون، لە ڕووبەرێکی فرەوانی ئاسیا و ئەوروپادا بڵاو بوونەوە، پاشانیش لەبەر بوونی چەند هۆکارێک بنەبڕ بوون (پێش نێزیکەی ٢٥ هەزار ساڵ).
مرۆڤی ژیر، یان هۆشدار (Homo sapiens)، ئەوەی کە مرۆڤی ئەمڕۆکە بەشێکە لێی، پێش نێزیکەی ٢٠٠ هەزار ساڵ، لە خۆرهەڵاتی ئەفریکا دەرکەوتووە، پێش نێزیکەی ٥٠ هەزار ساڵێکیش، بە هەموو لایەکی ئەم جیهانەدا بڵاو بووەتەوە. کۆمەڵەکانی دی، نەیان توانیووە لەسەر سەرچاوەکانی خۆراک، کێبەرکێ بکەن لەگەڵ کۆمەڵەی ئەم ڕەگەزە نوێیەی کە هاتوونەتە دەڤەرەکانیان، بۆیە دەبینین ئەمانە یان بەرەبەرە بنەبڕ بوونە، یاخۆ لەناو کۆمەڵە نوێیەکەدا تواونەتەوە. ڕەنگە زۆربەمان پێمان سەیر بێت و بپرسین، بۆچی ڕەگەزەکانی دی لە توانایاندا نەبووە، کێبەرکێ لەگەڵ مرۆڤی هۆشدار بکەن، هەرچەندە لە زۆر لایەنی شێوە و قەبارەدا وەک ئێمە بوون؟ زانا و شارەزایانی ئەم بوارە، ژمارەیەکی زۆر لە هۆکار و ڕووداوی جۆراوجۆریان دەستنیشان کردووە بۆ مانەوەی مرۆڤی ژیر، بەڵام هەندێکیان پێیان وایە کاتێک کەمیی هۆشداریی و نزمیی ئاستی زیرەکیی کۆمەڵەکانی دیکە، بەراورد دەکەین لەگەڵ تواناکانی مێشکی ئێمەدا، بەچاکی هۆی بنەبڕبوونی ئەوانەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.
زانای مرۆناسیی، ئۆون لەڤجۆی (Owen Lovejoy)، لە ڕوانگە و تێزێکی تایبەتییەوە تیشکی خستە سەر ئەم بابەتە و چەند لایەنێکی دیکەی پەرەسەندنی مرۆڤ، جیاواز لەوەی لە باسی ئاردیدا ئاماژەی پێدرا بۆ هۆکاری ڕۆیین بە دوو پێ. ئەم زانایە گوتی: "پێویستە لەسەر ئێمە وەڵامێکی گونجاو بۆ ئەو پرسیارە بدۆزینەوە کە دەبێژێت، هۆکارەکانی مانەوە و زێدەبوونی نیوچەمرۆڤەکانی کۆمەڵەی ئە‌سترە‌لۆپیتکس چین کە بوونە هۆی ئەوەی ئەمانە بەو شێوەیە بە زۆربەی ناوچەکانی ئەفریکا بڵاوببنەوە، کەچی ئەوانەی دیکەی هاوسەردەمیان بەرەو بنەبڕی بچن؟" بە واتایەکی دی دەبێ شتێک هاوشێوەی کۆمەڵەی مرۆڤ ڕووی دابێت، وای لەو پێشینانە کردبێ بە بوونی چەند تایبەتمەندییەک، هەروەها بە ماوەیەکی زۆر پێش گەورەبوونی قەباری مێشکیان، لەوانی دی باشتر و سازاوتر بووبن. بۆ گەیشتن بە ڕاڤەی ئەمە، دەبێت سەرەتا لایەنە چاکەکانی ڕۆیین بەستوونی و کەڵبە کورتەکان بزانین، چونکە لە لای زۆربەی مەیموونە باڵاکانی وەک شیمپانزی و گۆریلا، کەڵبە گرینگییەکی بنەڕەتی هەیە بۆ شەڕ و کێبڕکێی نێرینەکان لەسەر مێیینەکان کە پاشانیش لەڕێی جینەکانەوە ئەم تایبەتمەندییە بۆ نەوەکانیان دەگوێزرێتەوە. بیروڕاکانی لەڤجۆی لەم ڕووەوە ئەوەیە، هەندێک لە نێرینەکان لەبری ئەوەی کاتێکی زۆر بەفیڕۆ بدەن لەپێناو زۆرانبازیان لەگەڵ نێرینە بەهێزەکان بۆ گەیشتن بە مێیینەکان، یان لەبەرئەوەی هەر لە توانایاندا نەبووە، ئەم کارە بکەن، ناچار دەبوون ڕێیەکی دیکە بگرنە بەر بۆ نێزیکبوونەوەیان لەو مێیینانە. ئەویش بە یارمەتیدانیان بۆ چاودێری و بەخێوکردنی بێچووەکانیان، بەتایبەتیی بە گەڕان و پەیداکردنی خۆراک بۆیان، لە پاداشتی ئەمەشدا مێیینەکان ڕێیان پێ بدەن لەگەڵیاندا جووت ببن، ئەم دیاردەیە هەتا ئەمڕۆکەش لە لای شیمپانزی و مەیموونی جۆری (ماکاکا)، بەڕوونی دەبینرێت.
پاشان بە بڵاوبوونەوە و زێدەبوونی ئەم هەڵسوکەوتە، دیسانەوە کێبڕکی دێتە کایەوە، بەڵام ئەم جارەیان لەسەر ئەوەی کامەیان زۆرترین و چاکترین جۆرە خۆراک پەیدا دەکات وەک، هێلکە، ڕۆن و چەوریی، گۆشت و خواردەمەنی دیکەی جۆراوجۆر. ئاشکرایە ڕاوکردن و هەڵگرتنی خواردەمەنی، هەروەها گوێزانەوەی ئەمانە بۆ شوێنە دوورەکان، بەبێ بەرەڵابوونی پەلەکانی پێشەوە، شتێکی سادە و ئاسان نییە. لەبەرئەوەش ڕۆیین بەستوونی ئەم بوارە بۆ پەلەکانی پێشەوە بەباشی دەڕەخسێنێت، بۆیە دەبینین ئەم شێوازەی ڕۆیین بووە تایبەتمەندییەکی گرینگ و پڕبایەخ کە شایەنی ئەوە بێت هەڵبژاردنی سروشتی پەرەی پێ بدات و بیهێڵێتەوە.


پاشان لە هەلومەرجێکی هاوشێوەی ئەمە، هۆکارەکانی پێکەوەبوونی نێر و مێ و دروستکردنی خێزان سەریان هەڵدا. بەمەش ئەرک و پیشەی پیاو بووە پەیداکردنی خۆراک و پاراستنی ژن و منداڵەکان، بەرانبەر بەوەش مافی ئەوەی پێ درا، لەگەڵ ژنێکدا جووت ببێت، بەبێ ئەوەی ناچار ببێ، شەڕ و کێبڕکێ لەگەڵ نێرینەیەکی بەهێزی وا بکات، دەیەوێت کۆمەڵێک ژن لەخۆی کۆ بکاتەوە، تەنیا لەبەرئەوەی توانی زۆرانبازی و هێزی بازووی لەوانی دیکە پترە! هاوکات مێیینە چیدیکە پێویستی بەوە نابێت، بۆ گەڕان بەدوای خۆراک، بەتایبەتیش لە کاتی ئاوسبووندا، ژیانی خۆی و بێچووەکانی بخاتە مەترسییەوە. هەموو ئەمانە وای لێ دەکەن، وزەی کەمتر بەکار ببات و بڕێکی باش لە چەوری و شیر لە لەشیدا کۆ بکاتەوە، بتوانێت چەندان جار بەدوای یەکەوە منداڵی ببێت. ئەمە ئەو واتایەمان پێ دەبەخشێت، لێرەدا هەردوو ڕەگەز سوودێکی تەواویان وەرگرت لە پێکەوەنانی خێزان، ئەوەش دەرەنجام بووە هۆی هاتنەکایەی پێکهاتەیەکی نوێی کۆمەڵایەتی.
ئەم گۆڕانەی کرداری زایەندی پێشینەکانی مرۆڤ، دەکرێت گەلێک تایبەتمەندی و دیاردە مرۆڤەکانی ئەمڕۆمان بۆ شرۆڤە بکات. کاتێک لە لەشی مێیینەی مرۆڤدا هێلکەیەک پێ دەگات، هیچ نیشانەیەکی دەرەکی لە لایدا بەدەر ناکەوێت، ببێتە بەڵگە بۆ نێرینە کە ئەم مێیینەیە بۆ جووتبوون، یاخۆ پیتاندنی ئەو هێلکەیە ئامادەیە، وەک ئەوەی لە ئاژەڵە شیردەرەکانی دیکەدا دەبینرێت. مێیینە پێگەیشتووەکانی مرۆڤ، مەمکەکانیان بەردەوام پڕ و ئاوساون، کەچی مێیینەی ئاژەڵێکی وەک مەیموون، مەمکەکانی تەنیا لە قۆناغی شیرپێدانی کۆرپەکانیدا دەئاوسێن، ئەمەش دەبێتە هێمایەک بۆ نێرینە کە ئەو مێیینەیە لەو قۆناغەدا، بۆ جووتبوون لەبار نییە. هەر بۆیە ئاوسانی مەمکەکانی مێیینەی مەیموون، ئارەزووی زایەندی لە لای نێرینەدا ناورووژێنێت، تەنیا لای مرۆڤ مەمکەکان هەستی زایەندیی دەجووڵێنن. بێگومان ئەمە پێچەوانەی ئەوەیە لە مرۆڤدا هەیە، چونکە دەرنەکەوتنی نیشانە دەرەکییەکانی پێگەیشتنی هێلکە، وا لە نێرینەی مرۆڤ دەکات، کاتی لەبار و گونجاوی جووتبوون نەزانێت، بۆ ئەوەش تەنیا ئەو ببێتە باوک، ناچار دەبێت هەموودەم خۆراک و خواردەمەنی دابین بکات، لەپێناو جووتبوونێکی بەردەوام، هەروەها مسۆگەرکردنی ئەوەی باوکێکی ڕاستەقینەی ئەو منداڵانە دەبێت کە لە ئایندەدا دێن.
کەواتە دەتوانین بڵێین، ڕەوتی پەرەسەندنی مرۆڤ لەو نێرینانەوە سەرچاوە دەگرێت، گرینگییان بەو مێیینانە دەدا کە لە لای نێرینە بەهێزەکان جێی سەرنج نەبوون، ئەوانەی بەبەردەوامی مەمکەکانیان ئاوساو بوون و هیچ نیشانەیەکی دەرکی وایان نەبوو، بۆ ناسینەوەی ئەوەی هێلکەکانیان پێ گەیشتوون، بەمەش نەدەبوونە هۆی ورووژاندنی ئارەزووی نێرینەکان. لە بەرانبەر ئەمەشدا مێیینەکان ئەو نێرینانەیان هەڵدەبژارد خاوەنی کەڵبەی کورت بوون، گەرچی بێهێزیش بووبن، ئەوانەی لەبەر خەریکبوون بە چاودێری و یارمەتیدانی مێیینەکان لە بەخێوکردنی بێچووەکانیان، کاتی ئەوەیان نەبووە، هەردەم لە شەڕوشۆڕدا بن. بە پشت بەستن بەو زانیارییانە، دواجار دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کەڵبەی کورت، سەرەتای گۆڕانێکی گەلێک گرینگی بنەمای کۆمەڵایەتییە لە کاروانی پەرەسەندنی مرۆڤدا، چونکە هەر ئەم گۆڕانە بوو، بەردی بناغەی بۆ پشت ڕاستکردنەوەی مرۆڤ دانا، واشی لێکرد زۆر ببێ و بە جیهاندا بڵاو ببێتەوە و کۆمەڵگەکان پێک بهێنێت، پاشانیش بە پێشکەوتنەکانی ئەو هەموو شارستانیەتە دابمەزرێنێت.
ئەگەر وا سەرپێیی لە پەرەسەندنی مرۆڤ بڕوانین دەشێ بڵێین، مرۆڤی هۆمۆساپیەن پەرەسەندنێکی وای بەخۆوە نەبینیووە هەستی پێ بکرێت، لەبەرئەوەی مرۆڤ بە هۆشە نایابەکەی وای لێهاتووە زاڵ بێت بەسەر هەڵبژاردنی سروشتیی و گۆڕانی ژینگە. بەڵام ئەو تۆژینەوانەی لەم دواییانەدا لەسەر مرۆڤ دەکرێت، بەتایبەتیش لە بواری جینەکی و هۆکارەکانی بازدانە جینەکییەکان، پەرەسەندنەکەی گەلێک زۆرتر بەدەر دەخات لەوەی پێشبینی دەکرا. کەواتە ئەم سەرکەوتنەی مرۆڤ بەسەر هەڵبژاردنی سروشتیی، تەنیا لە چەند بوارێکی زۆر کەمدا دەبیندرێ، وەک ئەوەی کاتێک مرۆڤی کۆن دووچاری چاخی سارد و سەخت دەبوو، زۆرێکیان لەناو دەچوون، ڕزگاربووانیش پەرەیان دەسەند و دەگونجان لەگەڵ ژینگەی نوێدا، کەچی مرۆڤی دوای ئەوانە بە هەڵکردنی ئاگر و بەرگپۆشین، توانیویەتی کاریگەری سەرمای لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەینە مرۆڤی هاوچەرخیش، دەبینین کاتێک لە ژینگەی سەخت و دژوار دەژی، پەرەسەندنەکەی دەبێتە شتێکی پێویست و ناچاریی، بۆ نموونە ئەوانەی لە تیبت لە نێزیک لوتکەی ئێڤەرست لەبەرزاییەکی ٣٠٠٠ مەتریی دەژین، سوڕی خوێن و فرەوانی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکانیان، وای لێیان کردووە کێشەی گەورەیان لە بوونی کەمی ئۆکسیجن نەبێ. کەچی بۆ ئەوانەی نیشتەجێی ئەو شوێنە نین، زۆر سەختە بۆیان ماوەیەکی درێژ لەوێدا ژیان بەرنەسەر، بۆیەش چەندان جار لەم شوێنەدا، چەند کەسانێک لەبەر کەمی ئۆکسیجن ژیانیان لەدەست داوە.


لەبەر گرینگیی و هەستیاری تیۆری پەرەسەندن لە پەیدابوون و پەرەسەندنی مرۆڤ، بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوەش بدەین، ئێمە لە چەندین بەشدا لە گەلێک بابەت و بەڵگە بۆ پەیدابوونی مرۆڤ دواین کە زۆربەیان لە تۆژینەوە و سەرچاوە زانستییە باوەڕپێکراوەکانەوە وەرگیراون. بەڵام نابێ ئەوە فەرامۆش بکەین، لە لایەنگرانی پەرەسەندنیشدا کەسانی وا هەن، ئەم تیۆرەیان بۆ دژایەتیکردنی باوەڕی خەڵک، وەک بیروڕایەکی بەزۆر سەپێنراو، یاخۆ ئایدۆلۆژیایەک لێ کردووە کە گفتوگۆ هەڵ نەگرێت. هەندێک لەمانە بۆ دەرخستنی دەسپێشخەری وڵات و نەتەوەکەیان، یان چەند مەبەستێکی دیکە، پەنایان بردۆتە بەر فریودان و کاری دزێو، بۆ دروستکردنی بەڵگەی ساختە لەسەر ڕاستی تیۆری پەرەسەندن، وەک چۆن هاتن، شەویلاگی مەیموونەکان و کەللەسەری مرۆڤیان پێکەوەنا (مرۆڤی پیڵتداون، مرۆڤی نیبراسکا)، گوایە ئەمانە ئەڵقەی ونبووی نێوان مرۆڤ و مەیموونەکانن. هەرچەندە لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا زۆر سەختە کارێکی هاوشێوەی ئەمانە بکرێن، بەڵام دیسانەوە ئاشکرایە ئەم هەڵسوکەوتە، زیانێکی گەورە، نەک تەنیا بە تیۆری پەرەسەندن، بگرە بە پێگە و پایەی زانستیش دەگەینێ، بۆیە بێگومانین هەریەکێک بەهاکانی زانست بزانێ، نابێت ئەم کارانە بەڕەوا ببینێت.
دواجار دەشێ بپرسین، کێ بوو ئەو فڕوفێڵی بەڵگە دەستکردەی مرۆڤی پیڵتداونی ئەنجام دا؟ لە وەڵامدا دەبێژین، خۆ ئەگەر نەشزانین کێ بووە، بەڵام باش دەزانین ئەوەی ئەم ساختەیەی ئاشکرا کرد، زاناکانی پەرەسەندن و ئامرازەکانی تۆژینەوە زانستییەکان بوون. کەچی بەداخەوە ئەوانەی بیانەوێ ڕەخنە بگرن و هێرش بکەنە سەر تیۆری پەرەسەندن، بەبەردەوامی باس لە مرۆڤی پیڵتداون و هی دیکە دەکەن، وەک ئەوەی زانایانی پەرەسەندن ئەو فڕوفێڵەیان کردبێ، نەک دۆزینەوە و ئاشکراکردنیان. خۆ ئەگەر یەک، یان دوو کەسی شارەزا و زانای نەتەوەپەرست و بەدمەبەستیش، بەم کارە ناشیرن و ناڕەوایە هەڵسابن، هەرگیز ئەو واتایە نادات بڵێن، هەموو زاناکان هاوشێوەی ئەوانەن!
................................
دارا سلێمان
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە