خەرەندی کوردی دەگاتە قۆناغی پێش کۆتایی فیستیڤاڵێکی پۆڵۆنیا

Saturday, 30/11/2019, 23:45

3160 بینراوە


فیلمی ئەنیمەیشنی (خەرەند - الھاویە)، کە لە دەرھێنانی سامی کاکەیە و بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێرە، لە لایەن (ئیبرا فیلم)ـەوە کارە ھونەرییەکانی جێبەجێکراوە، دوای بەشداربوون لە 32 فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی پێش کۆتایی فیستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی وڵاتی پۆڵۆنیا، کە لە وارشۆی پایتەختی ئەو ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت و ھاوکات (الھاویە) بەشدارە لە فیستیڤاڵی (سایلاند) لە وڵاتی مەکسیک و فیستیڤاڵی یۆتۆبۆری بۆ فیلمی کوردی.
(سامی کاکە)ـی دەرھێنەر لەو بارەیەوە دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵیە وەک یەکەم دەرھێنەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست فیلمەکەم لە نێو 3574 فیلمی نێردراو بۆ فیستیڤاڵی وارشۆ، لەگەڵ 55 فیلم وەرگیرا، ئێستایش گەیشتووەتە قۆناغی پێش کۆتایی ئەو فیستیڤاڵە و متمانەی زۆریشم بەخۆم ھەیە کە بتوانم بەو بەرھەمە بگەمە قۆناغی کۆتایی و بەدەستھێنانی خەڵاتی فیستیڤاڵەکەش، چونکە چیرۆکی فیلمەکەم، باس لە ئازاری خێزانێک دەکات، کە بەھۆی جەنگەوە لە زێدی خۆیان بێبەش دەبن و بە ناچاری سەریان ھەڵدەگرن تا لە دوورگەیەکی ئارام بحەسێنەوە، کەچی دەگەن بە وڵاتێکی سەقامگیر، بەڵام دڵیان ھەر بۆ وڵاتەکەی خۆیان لێدەدا و ئاوڕێکی پڕ لە حوزن لە کوردستان دەدەنەوە.
گوتیشی: ئەو فیلمە ئێستا بە فەرمی لە لایەن فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی (سایلاند) لە مەکسیکەوە وەرگیراوە، لە فیستیڤاڵی یۆتۆبۆری بۆ فیلمی کوردیش لە وڵاتی سوێد لە پێشڕکێی سەرەکی دەبێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئەو فیستیڤاڵە.
وڵات بەیار

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە