ماکرۆن و ئۆردوگان، ناتۆ و ئەوروپا

Wednesday, 12.04.2019, 7:57

5662 بینراوە


کلیلی دووهەمی بۆمبی ئەتۆمی بەریتانیا بەدەست ئەمەریکاوەیە، واتە بەریتانیا ناتوانێت بەبێ ئەمەریکا بڕیاری بەکارهێنانی بدات. ئەگەر جۆرج بوشی گچکە لە ڕابوردودا ئەیوت کە گوایە ئەمەریکا چاوەڕوانی ئەوروپایەکی بەهێزە، ئەوە درۆی دەکرد، بەڵکو ترەمپ زیاتر ڕاستگۆترە، ئەوان لە ئەورپایەکی بەهێز دەترسن کە پێوسیتیان بە ئەمەریکا نەبێت. هەر بۆیەش ئەمەریکای ترەمپ هانی لایەنگرانی بریکسیتیان ئەدا، ئەو ئەوروپایەش هێشتا دروست نەبووە، بەلام ترەمپ دەیترساندن بەوەی کە ئەگەر ڕۆژێک ئەوروپا بکەوێتە ژێرمەترسیەوە ئەوا ئەمەریکا بەرگریان لێ ناکات، وەک لە ڕابوردودا و لەجەنگی دوەمی جیهانیدا کردوویەتی، ئەمەش جۆرێکە  لە زمانی بازرگانی و سیاسەت. هەر بۆیەش کاتێک (فرانسوا میتران) لە بۆنەی شۆڕشی فەرەنسیدا کە هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، دەستی ئێلمۆتکۆلی گرتبوو،  لە پشتیەوە لەسەر جادەی شانزەلیزێ تانکی ئەڵمانی بەتەنیشت سوپای فەرەنسیەوە بوون، فەرەنسیەکان بە بینی ئەو دیمەنە توشی شۆک بوون، وتیان چۆن جارێکی تر لە سەردەمی نازیەکاندا و لەدوای ئەو هەموو تاوانەی کە بەرامبەر فەرەنسیەکان کردیان بهێڵن تانکی ئەڵمانی لە جادەی شانزەلیزێدا بێت و بڕوات، بەڵام میتران وەڵامی دانەوە و وتی؛ ئەگەر ئەتانەوێت ئەوروپایەک دروستبکەین ئەبێت هەنگاوی گەورە بنێین.

کاتێک ماکرۆن وتی کە ناتۆ لە حاڵەتی مردنی مێشکیدایە (état de mort cérébrale) مەبەست لەو حالەتەیە، کە مرۆڤ دەکەوێتە کۆماوە؛ لەشی زیندوە و مێشکی کار ناکات. هەر خێرا ئۆردوگان لەبەردەم مەجلیسێکی گەورەدا لە کۆبونەوەیەکدا لە تورکیا وەڵامی دایەوە، وتی؛ باشتر وایە کە ماکرۆن پشکنین بۆ مردنی مێشکی خۆی بکات.  لە دەرئەنجامی ئەم شەڕە قسانەدا سەفارەتی تورکیا لە فەرەنسا بانگ کرا بۆ رونکردنەوە. بەلام ئەوەی سەرنج ڕاکێشبو ئەوەبو کە هیچ وڵاتێکی ئەوروپی بە ئاشکرا دژی ئەو قسەیەی ئۆردوگان نەوەستایەوە بە تایبەتی ئەڵمانایا. ئەنگێلا مێرکێل وتی: کە ئەو قسەیەی ماکرۆن زیادەڕۆیە و پێویستیان بە ناتۆیە. قسەکەی ماکرۆن جۆرێک بوو لە هاندانی ئەوروپا لە پەلەکردن بۆ پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتوی ئەوروپی، دەنا هەموو کەس دەزانێت کە ناتۆ تەنیا بە (ناو) ماوە و بە پێی لێکۆڵینەوەش ناتۆ تەنها خزمەت بە ئەمریکا دەکات. پێکهێنانی ناتۆش  لە رابوردودا  بۆ مەترسی سۆڤیەت هاتە کایەوە، کە ئەمڕۆ سۆڤیەت ئەو مەترسیە نییە. بەڵام خۆ کاتێک ئەمەریکا لە سوریا کشایەوە، پرسی بەهاوپەیمانەکانی نەکرد ئەمەجۆرێک بو لە مردنی ناتۆ، کاتێک ترەمپ بە تویتەکانی ئەوروپا وەک دوژمنی ئەمەریکا دەزانێت، یان کاتێک تورکیا هێرش دەکاتە سەر کوردانی ڕۆژاڤا کە ئەوان هاوپەیمانی ناتۆن ئەمانە هەمووی مردنی (ناتۆ)مان بۆ دەسەلمێنن، بەڵام ناتۆ نامرێت هەتاوەکو ئەوروپایەکی یەکگرتو بە سوپایەکی یەکگرتوەوە دروست نەبێت، کەسیش ناتوانێت بە قانون تورکیا لە ناتۆ دەربکات بەڵکو ئەوە تورکیایە ئەگەر بیەوێت ئەتوانێت لە ناتۆ بچێتە دەرەوە.
پرۆژەی سەرەکی ماکرۆن هەر لە سەرەتاوە وەک سیاسەتێکی بەردەوامی فەرەنسا هەر لەسەردەمی ژەنەراڵ دگۆلەوە، سەربەستی بڕیاردانە بە بێ ئەمەریکا، کاتیکیش ژەنەرال دگۆل دوای شەڕی جیهانی دوەم هاتەوە پاریس قبوڵی نەکرد کە دەبابەی ئەمەریکی بێتە ناو پاریسەوە، هەر ژەنەراڵ دگۆلیش بوو، کە نەی ویست فەرەنسا ببێتە ئەندام لە ناتۆ، ئەوە بوو سارکۆزیی بە بۆنەی شەڕی لیبیاوە ئەو بڕیارەی دا. ژەنەراڵ دگۆل گاڵتەشی بە ناسیۆنزونی UNدەکرد و ناوی نابو ؛ شتەکە.  ئەمڕۆش لە فەرەنسا هەموو پیاوانی سیاسی لایەنگری سیاسەتی دگۆلن، کاتێکیش کەسێکی سیاسی بە دگۆلی ناودەبرێت واتە کەسێی قبوڵکراوە بۆ فەرەنسیەکان.
ئەوەی ئەمەریکای توڕەکردوە لە ئەوروپا، چەند پرۆژەیەکی گرنگی فەرەنسا و ئەڵمانیایە لە بواری پیشەسازی و سەربازیدا،  وەک فڕۆکەی ڕەفالی فەرەنسی و  پرۆژەی سەتالایتی ئاریان، پرۆژەی فرۆکەی سەفەری ئێربوس و تانکی جەنگ و چەندەها کەلوپەلی سەربازیی و شتی تر، کە ئەوروپا وردە وردە پێویستی بە ئەمەریکا نامێنێت، هەرچەندە هەندێک ولات وەک بەلژیکا وەک ولاتێکی ئەوروپی، ساڵی رابوردوو فرۆکەی جەنگیان لە ئەمەریکا کڕی لەبری ئەوەی لە فەرەنسای بکڕن، بەڵام وردە وردە ئەوروپا خەریکە دروست دەبێت، پێدەچێت لە داهاتودا  تەنگژی بنێنەوە بۆ ئەو ولاتە ئەوروپیەی کە ئەو کەلوپەلانە لە ئەمەریکا بکڕێت بۆ بەرژەوەندی ئابوری ئەوروپا.  خاڵی هەرە سەرەکیش بۆ ئەوروپایەکی بەهێز سوپایەکی یەکگرتوە و فەرەنسا هەر لە ئێستاوە بە چڕی داوای دەکات، چونکە فەڕەنسا تەنها ولاتە، کە لە ئەوروپا هێزی سەربازی هێرشبەری خێڕای هەبێت، بۆیە داوا لە وڵاتانی ئەوروپی دەکات کە ئەوان دەبێت بەشداربن لە بودجەکەدا و کاتێکیش ماکرۆن وتی ناتۆ لە حاڵەتی لەکارخستنی مێشکیدایە هەر بەو مەبەستە ئەو قسەیەی درکاند.
ئەم گۆڕانکاریانە  پێویستیان بە کاتە و بەمزوانە نایەنە دی، بەلام گرژیەکانی ڕۆژاڤا و تورکیا و جیهادیستەکانی بیابانی ئەفریقا (ساێل) پاڵنەرێکی ئەکتیڤن بۆ پەلەکردن لەو پرۆژەیەدا. لە چاوەڕوانیدا تورکیا کاتی یاری کردنی ماوە، بۆیە ئۆردوگان وەها زمانی درێژە.




(دەنگدراوە: 9 . زۆرباشە: 4.5/5)