گرەوی حیزبەکان و شەیتان

Friday, 06/12/2019, 13:18

8362 بینراوە


ئەگێڕنەوە لەم مەملەکەتە
ئەحزابی مافیا و گەندەڵ و چەتە

لەگەڵ شەیتانا کردیانە گرەو
کامیان شەیتانن، ئەمان یاخود ئەو !

شەیتان چوو مێژوو گەڕا بە وردی
هێنای دەفتەری ئەحزابی کوردی

کە ویستی بەرگی دەفتەر واڵاکات
وەک ئەوەی سەری مەنهۆڵێک لابات

سەری گێژی خوارد بەرچاوی ڕەش بوو
بە پشتا کەوت و لە هۆش خۆشی چوو

هەستا، دەستکێشی خێرا کردە دەست
کەمامەی لەسەر دەم و لوتی بەست

کە تەماشای کرد تا دوا لا پەڕە
سێ بەشی دزیی و فیتنەیی و شەڕە

شەڕێک بە سوکی و شەڕێک بە قورسی
شەڕێک بۆ ناو و شەڕێک بۆ کورسی

تاوێک دەست لە مل تاوێک شەڕە جوێن
بۆ تەپۆلکەیەک، جۆگەیەک لە خوێن

تا گوڵێکی دی ، سەدان دڕک و داڵ
پەپولەیەک و هەزار قەل وداڵ

حەوشەیەک ڕیقنە و هێلکەیەکی باش
کێبڕکێ لەسەر خۆکردن بەجاش

هەناردەی موڵک و سامانی میللەت
هاوردەی میکرۆب، دەرمان و عیللەت

لەگەڵ ڕۆژگارا ماسکی جۆراوجۆر
لای مەڕ شینگێڕ و لای گورگ گۆشتخۆر

هێندەی توڕڕەهات بینی حەپەسا
چاوی ئەبڵەق بوو کەللەشی ئاوسا

تاوانبار حاکم ، بێ خەتا کوتراو
بکوژ ئەگریا لە پرسەی کوژراو

ڕووداوی وەهای ئەکەوتە بەرچاو
لە شەرما بوو بوو بە قەترەیەک ئاو

حیزب دەوری دا ، لە هەموو لاوە
کلکی شەیتانیان بڕی لەدواوە

بۆ کلکی گەڕا، ڕیشیان تاشی بۆی
ئاوێنەکەشیان دایە دەستی خۆی

زۆر گریا ، ووتی ئەمانە هەبن
سەیرە ئەو خەڵکە بەرد ئەگرێتە من

گرەوی خۆیان لە من بردەوە
ڕووی ڕەشی منیان سپی کردەوە

باوەڕم هێنا مامۆستای منن
شایانی بەرد و نەفرەت کردنن

لەم کەین و بەینە بەخۆی نەزانی
دزرا کەمامە و دەستکێشەکانی

ووتی باشترە من ملیان بۆ بەم
وا پێچامەوە هەوار و هۆبەم

لە قوتابخانەی گەندەڵی و فەساد
من حونجە خوێن و ئەمانە ئوستاد

شەیتان دەفتەری خستەوە جێی خۆی
لای نەکردەوە ئەو ڕۆیشتنەی ڕۆی 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە