دوای مردن چی ڕودەدات؟

Monday, 09/12/2019, 20:29

12195 بینراوە


پرسیار ئەوەیە کە کەسێک دەمرێت ڕۆحەکەی شوناسنامەی هەیە یان نا؟ ئایا وزەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی وزەو سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە یان چی ڕوودەدات؟
لێرەوە دەمەوێت بە چەند دێڕێک ئەم بابەتە شی بکەمەوە تا تۆی خوێنەی بتوانیت بیرکردنەوەت بگۆڕیت بەرامبەر بە ژیان ومردن.
نمونە ئەگەر تۆ بەرامبەر من دابنیشیت چاوەکانت دابخەیت تۆ من نابینیت بەڵام تۆش و منیش هەردوکمان لێرەین، تەنها ئەو پەنجەرەی کە ڕۆحەکەت بەکاری دەهێنێت بۆ بینینی مادەکان لە دانسەتی سێ داخراوە. کەواتە مرۆڤ زۆر زیاترە لە تەنها جەستەیەکی کاربۆنی، پاش مردنیش کاتێک تەواوی ئۆرگانەکان دەکوژێنەوە ڕۆح هەر هەیەو لە ناو ناچێت، بەڵام شێوەیەکی تر وەردەگرێت.
واتە ئەم جەستەیە تەنها بەشێکە لەم زەویەو لە پاش مردن دەبێت جەستەکەی بۆ بگێڕیتەوە. کەواتە زەوی زۆر باش لەگەڵ ئێمە مامەڵە دەکات، بەڵام کاتێک کاتی کۆتایی سوڕی ژیان هات زەوی دەیەوێت گەردیلە بە گەردیلەی جەستەتی بۆ بگێڕیتەوە.
واتە ڕۆح بە دەستی بەتاڵ ئەم ژیانە بە جێ دەهێڵیت.
ژیان و مردن وەک چی وایە؟
وەک ئەوەی تۆ خاوەندارێتی شتێک دەکەیت زۆرت لا خۆشەویستە، پاشان هەست دەکەیت کە تۆو ئەو شتە بونەتە یەک، کاتێک کەسێک دەیەوێت ئەو شتەت لێ وەرگرێتەوە تۆ دەترسیت یان پێت ناخۆشە..بەڵام لە راستیدا جەستەی مرۆڤیش خاوەندارێتی دەکرێت لە لایەن زەویەوە، کە لە کۆتایدا زەوی داوای جەستەکەت لێ دەکاتەوە تۆ دەترسیت لە لەدەستدانی جەستەکە..لە راستیدا خۆی ئەوە هیچ ترسێکی ناوێت. واتە مردن شتێکی زۆر سروشتیەو هیچ پێویستی بە ترس و دڵەڕاوکێ نیە.
ئەگەر لەم پرەنسیپەیە تێ بگەیت لە ناخەوە ئەوا دەزانیت مردن تازەگەریە نەک ترسناک..وەک گۆڕینی چاکەتێک کە چاکەتەکەت کۆن دەبێت چاکەتێکی تازە دەکریت و کۆنەکە باوی نامێنێت ژیانیش بەهەمان شێوەیە.
مرۆڤی چواردەوری مردو هەمیشە لە کاتی مردندا بیر لە خودا یان دروسکەر یان کردگار دەکاتەوە بۆ لەبەر ئەوەی ترسکێیان چاندوە لە ناخی مرۆڤەکاندا کە مردن ترسانەکەو دەتبەن بۆ لێپیچینەوە، بەهەشت و جەهەنم هەیە، هیچ کەسێکیش نیە مرۆڤ بێت و هەڵەی نەکردبێت یان ئازاری کەسێک یان ئاژەڵێکی نەدابیت..
کاتێک مرۆڤ دەمرێت دەبێت سوڕی ژیانەکەی تەواو کردبێت ، وەک چۆن مەرحەلەی یاری هەیە تا تەواوی نەکەیت ناتوانیت بچیتە مەرحەلەیەکی تر، بە هەمان شێوەش ئەگەر کەسێک سوڕی ژیان تەواو نەکات ناتواێت بجێتە سوڕی ئایندە.
واتە ئەگەر کەسێک بە کارەساتی سەیارە بمرێت یان خۆ کوژی بکات یان لە شەڕدا بکوژرێت ئەم ڕۆحانە ماوەیەکی زۆریان دەوێت تا بتوانن داخڵی یاریەکە ببنەوە، نمونە ئەگەر کەسێک بە ئاسایی ٨٠ ساڵ بژیابایە وە ئەو لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا دەکوژرێت ئەو ڕۆحە لانی کەم کەم نزیکەی ٥٠ ساڵی دەوێت تا دوبارە بتوانێت بژێتەوە..بەڵام بە پێچەوانەوەی ئەو کەسانەی کە پیر دەبن و لە کۆتایدا بە مردنی سروشتی دەمرن، ئەو ڕۆحانە بۆی هەیە دوای ٤٨ کاتژمێر بە کاتی زەوی بگەڕێتەوە سەر زەوی.
بۆیە زۆر جار دەڵێن خۆ کوشتن خراپە لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ڕۆح دەچێتە ئاستێکی لەرینەوە لە نێوان دوو لەرەدا واتە ناتوانێت جەستەی تازە بدۆزێتەوە لەبەر ئەوەی لەو دانسەتیەدا جەستەی لێ نیە..بۆی هەیە ساڵێک بمێنێتەوە لە نیوان ئەو دانسەتیەدا وە ماوەی ساڵێک لەو دانسەتیەدا دەکاتە هەزار ساڵ لەسەر زەوی..
وەک پیشتریش باسم کرد لە بابەتێکدا جەستە یەک ترلیۆن خانەی تێدایە، هەموو خانەیەک بۆ خۆی دەژی واتە خانەکان دەتوانن بە تەنها ژیان بکەن و دەشتوانن بە کۆمەڵ ژیان بکەن، کاتێک بە کۆمەڵ دەژین یەک سێنتراڵی بڕیاردانیان هەیە کە فەرمانیان پێ دەکات چۆن بژین.. کاتێک کەسێک دەمرێت بە دڵ یان بە مێشک بەشێکی زۆری جەستەی هێشتا نەمردوە..
لە راستیدا دینەکان وا مرۆڤیان تێک داوە هەتا مرۆڤ ناتوانێت بزانێت لە ناخی خۆیدا چی ڕوودەدات ، جا بگرە لەدەرەوەی جەستەی خۆی! ئێستا مەلامان هەیە دەزانێت جوگرافیای بەهەشت چۆنەو نەخشەی بەهەشتی لەبەردەستدایە یان نەخشەی پردی سیرات دەمێک تیژە دەمێک پانە دەمێک بەچاو نابینرێت..هتد، دەزانێت لە کوێ روباری شەراب هەیە و لە کوێ ژنی جوانی لێ یەو کوێ خۆشە بۆ پیاسەی عەسران، مەلاکان دەزانن خوا لە کوێدا دانیشتوە مەحکەمەکەی چۆنە و کێ کاتب عەدلە و خو اچیت لێ دەپرسێت..هتد..لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم هەموو زانیاریەیان هەیە لەسەر خواو بەهەشت و جەهەنم هیچ زانیاریەکیان لەسەر ژیان نیە..
ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە کە بۆ پاش مردن زۆرێک لە خانەکان دەژین..
نمونە بۆ مردو تا ١١ ڕۆژ ڕیش و قژەسەری دێت؟ یان بۆ چلە هەیە بۆ مردوە؟
جەستە ئۆرگانیکەو مۆتۆریک، واتە هارد وەیرمان هەیە لەگەل سۆفتوەیر..هەردوکیان زۆر گرنگ بۆ ژیان.
هاردوەیر جەستە فزیکیەکەیە، سۆفتوەیر بۆ خانەکان و دی ئێن ئەیە..ئەگەر سۆفتوەیر نەبێت خانەکان ناتوانن بزانن ئەوان خانەی جەستەی مرۆڤێکن یان سەگێک یان دارێک یان ئەسپیک، واتە سۆفتوەیر فەرمان دەکار بە خانەکان چۆن بن و چۆن بژین.
ئەگەر کەسێک هەفتەیەک خۆراکی سەگ بخوات نابێتە سەگ..بۆ لەبەر ئەوەی خانەکانی جەستەی وا فەرمانی پێکراوە کەمرۆڤ بێت..ئەمە بە کورتی گرنگی سۆفتوەیر لە ژیانی مرۆڤدا.سۆفتوەیری جەستەی مرۆڤ پاکێژێکی هێندە گەورەیە کەم کۆمپیوتەر هەیە لەسەر زەوی بتوانێت ئەو سۆفتوەیرە هەڵسوڕێنێت..جگە لە کوانتوم کۆمپیوتەر، بەم سۆفتوەیرە دەڵێن هێزی ژیان بە ئینگلزی دەڵێن (life force), لە یۆگادا ئەمە بە پڕانا ناودەبرێت..
پرانا دابەش دەبێت بەسەر پێج بەشی بنەڕەتیدا:
1- پرانا وایو
2- سەمانا وایو
3- ئەپانا وایو
4- ودانا وایو
5- ڤیانا وایو
هەریەکێک لەم پرایانە کاریکی تایبەت بە خۆیان هەیە،
پڕانا وایو: بۆ هەناسەدانە، واتە ئەگەر ئەم پرانایە کۆتایی بە وزەکەی بێت ئەوا لەهەناسەدان دەکەویت،کەواتە ئەم کەسە لای دکتۆر وەک مردو هەژماردە دەکرێت.
سەمانا وایو : کاری ئەم پرانایە ئەوەیە گەرمی جەستە ڕادەگرێت، کاتێک ئەم پڕانایە وزەکەی کۆتایی دێت، جەستە سارد دەبێتەوە..ئەمەش وا دەکاتە جەستە ڕەق ببێت.
ئەپانا وایو: ئەم پرانایە کاری جوڵانەوەی جەستەیە..زۆر جار هەیە کەسێک مردوە بەڵام جەستەکەی بە مردویی جوڵاوە..ئەمە مانای ئەم پڕانایا هێشتا ئەکتیفە لەناو جەستەیدا.
وداناوایو: ئەم پڕانایە بۆ وەزنی جەستەیە..نمونە تۆ وەزن ٩٠ کیلۆ گرامە بەڵام کە هەڵدەستیت هیچ هەست بەو ٩٠ کیلۆگرامە ناکەیت کە بە دوو قاچت هەڵتگرتوە. کەواتە ئەم پڕانایە یارمەتیت دەدات هێزی کێش کردنی زەوی لەسەر جەستەت کەم بکاتەوە وپەستان لەسەر جەستەت نەبێت..ئەو کەسانەشی دەتوانن کۆنترۆڵی ئەم پڕانایە بکەن دەتوانن خۆیان لەزەوی بەرز بکەنەوە بە بێ هێج یارمەتیەکی دەرەکی. قوتابخانەیەک هەیە لە هودان لە چین هەموو قوتابیەکان دەتوانن لە زەوی بەرز ببنەوە زیاتر لەهەموو مرۆڤێکی سادە..
کاتێک ودانا وایو لەجەستە دەرچێت جەستەی مرۆڤە مردوەکە قورس دەبێت، بۆیە دەڵێن مردو زۆر قورسە..
ڤیاناوایو: کاری ئەم پرانایە ئەوەیە کاتێک ئەم وزەیە کۆتایی دێت لەجەستەدا جەستە شی دەبێتەوە و بۆگەن دەکات..
جۆرێک مار هەیە کە دەتگەزێت ناتکوژێت بەڵک و جەستەت هەڵدەوەرێنێت..بۆ لەبەر ئەوە ژەهرەکە کاریگەری لەسەر ڤیانا وایو دەکات.
کاتێکیش کەسێک دەمرێت بۆیە چلەی بۆ دادەنێن دوای چل ڕۆژ ئەم پڕانایە کۆتایی دەێت و لە جەستە دەردەچێت بۆیە دوای چل ڕۆژ جەستە دەست دەکات بە شی بونەوە وتێکەڵ بونەوە بە زەوی...
لە زۆر کولتوردا هەیە کە دەیانەوێت هەموو پڕاناکان بەیەک جار لەجەستە دەربکەن، ئەویش کولتوری سوتاندنی جەستەیە دوای یەک کاتژمێرونیو..جەستەکە دەسوتێنن ئیتر دڵنیا دەبن لە مردوەکە کە بە تەواوەتی مردوە..
ئەوانەی مردو دەنێژن تا ماوەیەکی زۆر وا هەست ناکەن کە مردوەکە مردوە، یان دێتە خەویان یان هەست بە بونی دەکەن.. کاتێک چاو بە ڕاستی جەستە دەبینێت دەسوتێت ئیتر میشک باوەڕ بە مردنی مردوەکە دەکات و لە مێشکی کەس و کارەکەی دێتە دەرەوە.پاشان هەموو پڕاناکانیش بەجارێک لەناو چوون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە