ئەمریکا و ڕوسیا و گەڕاندنەوەی ناوچەکە بۆ خاڵی سفر

Wednesday, 11/12/2019, 15:21

10103 بینراوە


بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئارم نییە. لە سوریا و عیراق و کوردستان تێبینی دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی، ئابووری، سەربازیی و کۆمەڵایەتی دەکرێت. خەریکە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، وەک ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ و ٢٠١١ دووبارە ئەو ناوچانە حکومەتەکانیان لێکبترازێت. لەسەر دەستی هەمان زلهێزی جیهانی و ناوچەکە، گروپ و میلیشیای سەر بە ئەوان، خاکی هەندێک لەو وڵاتانە بە تایبەتی کوردستان، سوریا، عیراق، ئیران و تورکیا بکەنە مەیدانی شەڕ و پێکدادان، ئابڵوقە و سزای ئابووری بدرێن. خۆپیشاندان، ڕاپەڕینی جەماوەریی و میللی لە ناوچەکەدا سەرهەڵبدات، بە تایبەتی لە ئیران و عیراق چۆن لە ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕین لەسەرتانسەری عیراق ڕوویدا. لە ناوەڕاستی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو ئابڵوقە و سزای ئابووری بەسەر عیراقدا سەپێنرا، لیژنەی نێو نەتەوەیی کەوتنە پشکنینی عیراق بۆ دۆزینەوەی چەکی ئەتۆمی و کیمیاوی وەک ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە ئیران دەکرێت.
لە ساڵی ٢٠٠٣یشدا سەدام لەلایەن ئەمریکاوە ڕوخا، ئەمڕۆش ڕاپەڕین لە باشوور و ناوەڕاستی عیراقدا لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن و داوای گۆڕینی حکومەتی عیراق دەکەن. لە ٢٠١١دا داڕمانی دۆخی سوریا، سەرهەڵدانی داعش و جەنگ، ئەمڕۆ ئاسا داعش لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە خۆی ڕێکخستوە، هەنووکە لە ناوچەکانی مەخمور و چیای قەرەچوخ هەن، کە مەترسییان لەسەر هەرێم دروست کردوە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق، بۆ گۆڕینی حکومەت، گەڕانەوەی سیستمەی پارێزگاکان، نەمانی فیدراڵی. دەستکاریکردنی دەستوری عیراقی و گۆڕینی بڕگەی یاسای هەڵبژارنەکان و مادەی ١٤٠. واتە گەڕانەوەی دۆخی باشووری کوردستان بۆ هەمان دۆخی کە هەیبوو لە سەرەتای نەوەتەکان. تەنیا جیاوازیەک کە هەبێت ئەوەیە، لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئەمڕۆ کەمینەیەک لەنێو کۆمەڵگەی هەرێم و لە ساڵی ٢٠٠٣وە کەمینەیەک لەنێو کۆمەڵگەی عیراقیدا کە پێکهاتوون لە سەڕۆک حزبەکان و دارودەستە و خێزانیان بە تایبەتی ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، لەسەر دەرامەتی سیاسی دەلەوەرێن، بوون بە میلیۆنێر و میلیاردێر، گەندەڵی هەموو جومگە سەرەکییەکانی حکومەتی گرتۆتەوە.
ئەم بارودۆخە دوای تەنیا چەند مانگێک دێت، کە زلهێزەکانی دنیا بە تایبەتی ئەمریکا کۆتایی جەنگی دژ بە داعش و نەمانیان جاڕدا. هەنووکە ڕووداوەکان و دۆخی ئاڵۆزی پڕ لە کێشمەکێشمی ناوچەکە پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنن و پێمان دەڵێن، کە جاڕدانی کۆتایی هێنان بە داعش، بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایش و کۆتایی جەنگ لە ناوچەکەدا لەلایەن زلهێزەکانی دنیاوە، بە تایبەتی لەلایەن ڕوسیا و ترامپی سەرۆکی ئەمریکاوە، لە چەواشەکردنی میللەتانی ناوچەکە و ئەمریکا و ڕوسیا بەولاوە هیچی دیکە نەبوو.
ڕاستە داعش لاواز بوو، سەڕۆکەکەیان کوژرا، بەڵام داعش چی وەکو هێزی چەکدار وە چی وەکو هەژموونی ئایدۆلۆژیاکەی لەنێو خەڵکدا بنبڕ نەکرابوو، هەروها ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکەدا کارئاسانیان بۆ دەکردن وەک ئەردوغان هێشتا لە دەسەڵاتن، لەسەر هەمان وەتیرەی پێشوو یارمەتییان دەدەن. سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا ئەو ڕاستیەی باش دەزانی، ئەوجاش پشتی لە باشترین هاوپەیمانی خۆی کرد کە کوردانی ڕۆژئاوا بوون و ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە ئازاد کردنی ڕەقە کە بە پایەتەختی داعش ناسراو بوو، ئەمڕۆ ڕوسیا و تورکیا بە ئاسانی ئەو شارەیان تەسلیم کرا! بە دڵنیاییەوە دەزگەی هەواڵگریی ڕوسی، ئەوروپی و ئەمریکی زانیارییان هەبوو کە هێشتا زەمینەیەکی لەبار هەیە، بۆ سەرهەڵدانەوەی هێزی توندڕەوی داعش، گەڕانەوەیان لەژێر هەمان ناونیشان، یان ناو و دروشمێکی دی لە ناوچەکەدا. 

ئەم دیاردەیە گومان لەسەر زلهێزەکانی دنیا دروست دەکات، کە ئایا ئەوان بۆ بە نیوەناچلی جەنگی دژ بە داعشیان کرد؟ ئایا هێشتا پێویستیان بەوە هەیە ئەو هێزە بمێنێت وەک ئامرازێک بەکاری بهێنن، بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا، پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، پێکانی ئامانجە ئابووریی و سەربازییەکانیان؟ بە تایبەتیش کاتێک کە وڵاتانی ئەوروپا ڕەتیان کردەوە، ئەو کەسانەی کە هاووڵاتی ئەوروپا بوون، لە ریزەکانی داعشدا بوون، بە دیل گیران و لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزی یەپەگە بوون، وەڕیان بگرنەوە و لە دادگەکانیان لەبەرچاوی میللەتەکانیان سزای یاسایان بدەن. ئەڵبەتە ئەو جۆرە مامەڵەیە بۆخۆی جێگەی گومانە، کە ئایا ئەوانیش خوازیار نەبوون ئەو هیزە بنبڕ بێت یان نا!؟

دەسەڵاتدارانی تاران و ئەنقەرە، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ناسەقامگیری سیاسی ناوچەکە. ڕۆحانی و ئەردوغان بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی دنیایان لە ناوچەکەدا خستۆتە مەترسیوە، دەنگی ناڕەزایی لەنێو میللەتانی هەر دوو وڵات لە لووتکە دایە، بەڵام ئیران و تورکیا خاوەن هێز و سوپا و میلیشیان کە میللەتانی ناڕەزایی ژێر چەپۆکیان بە ئاسانی دەرەقەتیان نایەن، بێ گومان ڕوسیا، ئەوروپا و ئەمریکا ئەگەر یەکتر بگرن، هێزێکی سەربازیی پتەو ڕێکبخەن، دەتوانن ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئیران و تورکیا ببنەوە، گۆڕینی دەسەڵاتدارانی تاران و ئەنقەرە بۆ ئەوان ئاسانە. تورکیا و ئیران چەندێک بەهێز بن بەڵام دەرەقەت زلهێزە جیهانییەکان نایەن، بەڵام ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا هەرگیز نەیانویستوە ئەو هەنگاوە بهاوێژن کە لە ئەنجامدا هەڵویستیان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە لەوەی کە ئایا ئەوان بە ڕاستی دەیانەوێت ئەو ڕژێمانە لەناو بچن یان نا؟! ئایا ئەوان دەیانەوێت ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەرقەرار بێت؟
ڕوونە کە وڵاتانی زلهێز بە زەبری بەکارهێنانی سوپا و هێزی سەربازیی دەتوانن دەسەڵاتەکانی ڕۆحانی و ئەردوغان لە ناوچەکەدا سنووردار بکەن، بە تایبەتی لە سوریا و عیراق و لبنان، ملکەچیان بکەن بۆ سەپاندنی مەرجەکانیان، دووبارە کێشانی نەخشەی سیاسی و جوگرافی لەو دەڤەرەدا، بەڵام نەیان کرد!
لە واقیعی دنیای ئەمڕۆدا کلیلی چارەسەر بە دەست زلهێزەکانی دنیایە. ئەمریکا دەیتوانی ڕێگری لە تورکیا بکات، نەهێڵێت سوپا و میلیشیای تورکیا هەڵکوتێتە سەر کوردانی ڕۆژئاوا و هەنوکە خەریکی پاکتاوی نەژادی بێت لە ڕۆژئاوای کوردستاندا. ڕوسیا بۆی دەکرێت فشار لەسەر ئەسەد دروست بکات ددان بە مافی ڕەوای کوردانی ئەو دەڤەرە بهێنێت، بەڵام نایکات. لەهەر ناوچەیەکدا ئەمریکا دەکشێتەوە ڕوسیا شوێنی دەگرێتەوە و ئەوروپاش پشتیوانی دەکات.

لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت ڕوون نییە کە ئایا ڕوسیا، ئەمریکا و ئەوروپا لە دوای جاڕدانی کۆتایی جەنگی داعش، نەیانتوانی لە نێوان خۆیاندا لەسەر دابەشکردنی پشک و دەسەڵات بگەنە ڕێککەوتن؟ یان هەموویان ژێربەژیر لەسەر یەک ستراتیژیەت بۆ گۆڕینی دیموگرافیای جوگرافی و سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێککەوتون، بەڵام تا هەنووکە ئەو ئامانجەیان نەپێکاوە، پێویستیان بە کات و بەردەوامییدان بە یارییەکە هەیە، بەڵام نادیارە لەو گێمەدا کێ لەناو دەبەن، کێ سەردەخەن بۆ دەسەڵاتی حوکمڕانی و گەندەڵی دەکەن و دوای چەند ساڵێک شاپێک لەویش هەڵدەدەن !؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە