کێشەکە کورد نییە کێشە پەکەکەیە!؟

Tuesday, 17/12/2019, 9:57

16491 بینراوە


بێگومان سیاسەتی ئەوەی باوەری پێناکەیت خۆت! دەتەوێت باوەڕ بە چواردەوری خۆت بکەیت مژارێکە کە زۆر ھەڵدەگرێت و ڕووی ڕاستی دەوڵەتێک ئاشکرا دەکات بۆچی لە جێگایەک کۆمەڵکوژی و کاولکاری بەڕێوەدەبات لە جێگایەک بەناوی برا ناویان دەبات! ئەم سیاسەتەی ئەردۆغان و ئاکپارتی پەیڕەوی دەکەن بێگومان بێ ھۆکار و ئامانج نییە ئایە دەیانەوێت چی بچننەوە لەم قسە و سیاسەتانەدا!؟ کە ھەمیشە ئەم دەستەواژەیە بەکاردێنن!؟

بێگومان ئەوەی ئاشکرایە لایی ھەموان، کێشەیەک لای دەوڵەتی تورک بە ناوی کورد نییە! چونکە ئەوان وەک دەستەواژەی سیاسی و فکری شتێک بەناوی گەلێک کە کوردە قبووڵ ناکەن و نایەنەوێت دانپێنانی بۆ بکەن.! بۆیە ھەمیشە دەیانەوێت ئەم قسانە دووبارە بکەنەوە، تاکوو حەیقەتی دۆزی ڕەوایی کورد قبووڵ نەکەن. ھەموو ھەوڵیان بۆ پاکتاووی نەتەوەی کوردە، کە نەبێتە خاوەن ستاتۆی سیاسی و نەتەوەی خۆی. ئایا بۆچی ئەوان دەڵێن پەکەکە کێشەیە!؟

ئایا پەکەکە دەرھاویشتەی چ قۆناغێکە؟ بۆچی لە مەیدانی کوردستان دەرکەوت!؟ بۆچی ھەموو کاتێک پەکەکە وەک بەربەست دەبینن!؟ بۆچی ھێرشەکان زۆر بە دژواری بەڕێوە دەبەن لە دژی!؟ ئایا پەکەکەش ھەڵقوڵاوی ئەم گەلە نییە کە دژی داگیرکاری لە تێکۆشیندایە!؟ ئایا پەکەکە پێکھاتەی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە نییە دژیی زووڵم تێدەکۆشێ!؟ بە ڕاستی پێش پەکەکە لە تورکیا کورد خاوەن ماف بووە و ھیچ کێشەی ناسنامەی سیاسی نەتەوەی نەبووە!؟.....ھتد.

بێگومان حەقیقەتەکە ئەوەیە پەکەکە وەک ھێزێک لە کوردستان دەرکەوت کە کورد بوون شەرم بوو، توانەوەی نەتەوەی گەشتبووە لێواری گۆڕ و دەوڵەتی تورک بە حسابی خۆی لە گۆڕینا بوو. بەڵام لە دۆخێکی وەھا ترسناک و تاریکدا پەکەکە بانگی ئازادی ھەڵدا لە تاریکستانی مێژوودا تیشکی گزنگی ڕووناکی خوڵقاند بۆ ژیانەوە.
پەکەکە لە ھەلومەرجێکی وەھادا وەک دینامیک و مۆکتیڤەی کورد دەرکەوت، بوو بە ھێزێک کە خەونی فاشستی تورکی تێکدا و جێگای بەداگیرکاری دەوڵەتی تورک لەق کرد و خەون و خەیاڵ و ھەموو پرۆژەکانی توانەوەی نەتەوەی تێک شکاند و زیندوو کردنەوەی نەتەوەی بونیاد نایەوە، بووە بەربەستێکی گەورە لە دژی ھەژموونی سیاسەتی داگیرکاری توانەوەی نەتەوەی کورد لە ھەر جێگایەک.

بێشک و گومان دەوڵەتی تورک مەبەستیان لە پەکەکە، ناسنامەی کوردی ئازادە کە لە ھەناویی پەکەکەدا سەرلەنۆێ ژیاوەتەوە و بۆتە مۆدێلێک کە کوردێکی خاوەن فکر و فەلسەفە و پرۆژەیەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەخۆی گرتووە، ئەگەر ئەوان ئەم خۆێندنەوە بۆ بابەتی پەکەکە و کورد دەکەن وەک پرۆژە سیاسیەکەی خۆیان و بۆ ئامانجی خۆیان دەیانەوێت برەو بە جیاکاری نێوان پەکەکە و کورد بدەن، چونکە ئەوان باش دەزانن کوردێک خوڵقاوە کە خاوەن دونیابینی و پارادگمای خۆیەتی.

بێگومان ھەموو کەسێک ئەو ڕاستیە دەزانێت کە کێشەیەک بە ناوی کورد و کوردستان لە ڕۆژھەلاتی ناوین ھەیە و لە ھەر سەردەمێکدا بۆ مافەکانی خۆی دەرکەوتوە.
بێگومان پەکەکەش وەک ھێزێک و توانستێکی فکری و فەلسەفی و سیاسی و نەتەوەیی لە دژیی ھەژموونگەرای دەسەلاتی سەردەست و داگیرکەر ھەنگاوی بۆ بزوتنەوەیەکی ئازادیخوازی ھەڵھێناوە و بەردەوام نوێ بوونەوە و خوڵقاندنی وەک وەڵام دانەوە بۆ ھەموو پلانگێرێی دوژمنکاریەکانی داگیرکەران کردۆتە بنەمای تێکۆشین. بۆیە ئەوان جیاواز لە دیدوبۆچوونی ئەم کوردە دەڕوانن، بۆیە چەمکی کوردی باش و خراپ بەکاردێنن، بۆ ئەوەی کورد نەبێتە خاوەن ستاتۆی خۆی و کورد لە دژی کورد بەکاربێنن و پارچەیان بکەن و پاشان لەناویان بەرن.
ئەگەرچی چەواشەکاری و دوژمنکاری دژیی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان لە ناوەندە جیھانی و ناوخۆیی و ھەرێمیەکان بە شێوەیەکی چالاک کاری لەسەرکراوە بە درێژایی مێژووی پەکەکە و تاکوو ئەمڕۆش کاری لەسەردەکرێت بۆ دژایەتی بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد، تاکوو گۆشەگیر بکرێ یان دەستەمۆ بکرێت یان پارچەکرداری نەرێنی پەیڕەو بکات و نەتوانێت نوێ بوونەوە ئەنجام بدات و لە گەڵ پێشھات و گۆڕانکاریەکان توانست و پۆتانسێلی ڕۆڵی خۆی بگێرێت!؟ بۆیە بەردەوام ھێرش و پلانگێڕیەکان بە شێوەیەک ڕێکخراوە کە لە مێشکەوە دەربە بخوات و لاواز بکرێت و توانایی خۆی لە دەست بدات بێگومان لە مێژووی پەکەکەدا ئەم ھێرشانە بۆ سەر بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەنجام دراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە پەکەکە قەڵەمبازی مێژووی ھەڵھێناوە، چونکی بیردۆز و بنەمایی فەلسەفی و سیاسی بەھێزەکەی بەردەوام پێش ھەموو گۆڕانکاری و پێش ھاتەکان کەوتووە و زوو درکی بە پلانگێڕی ھێرشەکانی دوژمن کردووە، پەکەکە توانستی و تێگەشتن و خۆێندنەوەی قوڵی پێش وەختەی ھەبووە، بۆیە ھەموو پلان و پرۆژەکانی داگیرکەرانی سەروبن کردووە،ئەمڕۆ ئەگەر دوژمنەکان دەیانەوێت دۆسیەی مۆدێلی کورد بگرنە دەست، جیاکاری بکەن بێگومان بۆ ئەوە بابەتەیە کە لەسەرەوە باسمان کرد، ھەوڵ دەدەن بە ھەر ڕێبازێک بێت لە ھاوکێشەی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناویندا کورد نەبێتە خاوەن ستاتۆی سیاسی خۆی، لە کاتێکدا کورد بۆتە فاکتەرێکی بەھێز لە ناوچەکە و ھیچ ھێزولایەنێک ناتوانێت لەبەرچاوی نەگرێ و خۆێندنەوە بۆ پرسێکی سەدساڵ نەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە