ئەرسەلان بایز لە نێوان چەواشەکاری و درۆیەکانی دوێنی و ئەمڕۆدا

Wednesday, 18/12/2019, 22:44

23727 بینراوە


دیاردەی خۆهەڵواسین بە پارتی و بنەمەڵەی بارزانیی و بە تایبەتی بە خودی مەسعود بارزانی لەنێو سەرانی یەکێتی کەون و تازەدا، لەو چەند ساڵەی دواییدا زیاتر لە جاران گەشەی کردووە و زەقبۆتەوە. ئەو دیاردەیە ئەوەندە لە هەڵکشانە، کە چاوەڕوان دەکرێت هەندێک لە سەرانی پارتەکانی دیش خۆیان ئاشکرا بکەن و ئەرسەلان ئاسا لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵات هەڵوێستی خۆیان بە ئاشکرا ڕابگەیەنن.
هەڵبەت روونە، کە شیرازەی نێو ڕێکخستنەکانی یەکێتی تێکچووە، تاڵەبانی و هێڕۆ نەماون، تا پشتیوانی لە ئەرسەلان بکەن، هەروها بۆ ئەرسەلانیش یەکێتی ئەو چێڵەی جاران نەماوە، تا بیدۆشێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت کوڕانی تاڵەبانی و برازاکانی لە ئایندەدا کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەو حیزبە بکەن، بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان هەڵیسوڕێنن.
ئەرسەلان دەمێکە وەکو سفری دوای فاریزە نەماوە، ئەگەر دووبەرەکیی لەگەڵ ئەوان بکات، بێگومان دۆڕاوە، چونکە ئەوان دەتوانن مەلەفی گەندەڵی لەسەر هەڵبدەنەوە، بۆیە ئەگەر پشتێکی وەک مەسعود بارزانی هەبێت ئەوا کوڕەکانی تاڵەبانی و برازاکانی پێی ناوێرن.
ماستاوی ئەرسەلان بایز و هاوشێوەکانی دیارە بۆ ئەوەیە، کە پەرێزی خۆیان بەرامبەر بە پارتی پاک بکەنەوە، تاوەکو لە سێبەری پارتییدا ئەمڕۆ، بتوانن ئەو سەرمایەی بە دزینی سامانی گشتی کۆیان کردۆتەوە بیپارێزن، بەرژەوەنیەکانیان و دەرامەتی بازرگانییان بەردەوام بێت، پەردە لەسەر مەلەفی ئەقاراتیان لە هەولێر و سلێمانی ئەوروپا هەڵنەدرێتەوە، هەروەها ئەو پارانەی کە لە بانکەکانی دەروەن پارێزراو بن. ئەو جۆرە کەسانە باکیان نییە کە چەند شەرمەزاریی و خەڵک و مێژوو دەبن، بۆیە کە دێن لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە هەڵوێستێک دەردەبڕن کە دژ بە مێژووی هەڵوێستەکانی جارانیانە هەموو ئەو هەڵوێستانەی قۆناغی شاخیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە!
ئەرسەلان بایز، لە ساڵی ١٩٨١ تا سەرەتای ساڵی ١٩٨٨، واتە پێش دەستپێکردنی شاڵاوەکانی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە، ڕاکردنی ئەو بۆ ئیران، نیشتەجێبوونی لە گەڕەکی بلواری سەقز و بەکارهێنانی ئەو سەرمایەی کە لە شاخ لە ئەنجامی دزینی پارەی نەسریەی بارەگەی بەشی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەرگرتنی پارەی دیی لە جەلال تاڵەبانی کەڵەکەی کرد بوو و تەکسیەکی پێ کڕیبوو، شوفێرێکی گرتبوو بۆ ئەوەی کاسبی بۆ بکات. تا ئەو کات ئەرسەلان لێپرسراوی بەشی ڕاگەیاندنی یەکێتی بوو، بە تایبەتی ڕادیۆ، کە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە سووک کردنی بنەماڵەی بارزانی، هاندانی پێشمەرگە و خەڵک دژیان و ڕەشکردنی مێژووی شۆڕشی ئەیلول. بێ گومان دۆکیومێنتەکانی ئەو کات شایەدحاڵی ئەو ڕاستییەن، بە تایبەتی ئەو کاسێتانەی کە بە دەنگ تۆمارکراون، ئەو نووسینانەی کە لە بەشی ڕاگەیاندنی ئەو کات بەسەرپەرشتی ئەرسەلان بایز چاپ کراون.
ئەرسەلان بایز، لە کاتی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرانی پارتی و یەکێتی لە شاخدا، ڕۆژانە بە تەوجیهی جەلال تاڵەبانی، دەبوایە وتارێک دژ بە مێژووی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و خودی مەلا مستەفا بنوسێت، ئەگەر سەرپێچی بکردبا ئەوا لە پۆزشنەکەی لادەبردرا، ژێربەژێریش پارەیان بۆ هەڵنەدەڕشت و تاڵەبانی و هێڕۆش تڕۆیان دەکرد، کە ئەرسەلان هەمیشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوەی لا گرنگ بوو کە پیاوی هێرۆ و تاڵەبانی بێت.
شەڕی براکوژی، تەنیا بە چەک ئەنجام نەدراوە، ئەڵبەتە میدیای حزبەکان و ئەدەبیاتەکانیان و بەکارهێنانی قەڵەمەکان بەو ئاراستەیە لە چەک کارێگەرتر بوون بۆ گەرمکردنی بەرەکانی جەنگی خۆکوژی. ئەرسەلان یەکێکە لەو لێپرسراوانەی کە تا سەر ئێسقان لێپرسراوە، دەستی سوورە بە خوێنی شەهیدانی براکوژی، هاندان و چاندنی تۆی دوبەرەکیی لە دڵی پێشمەرگەکانی ئەو کاتی یەکێتی دژ بە پێشمەرگەکانی پارتی و حزبی شیوعی و هاندانیان بۆ ئەوەی دەست لە کوشتنی پێشمەرگەی پارتی و حزبی شیوعی نەپارێزن! لە گەرمەی شەڕەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و شەڕەکانی قڕناقەو پشتئاشاندا، قەڵەمە لاوازەکەی ئەرسەلان لە کار نەدەکەوت! بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیانەش بە هەزاران بەڵگەی مێژووی لەبەردەستن کە ئەرسەلان بایز لێپرسراوی ڕادیۆیەک بوو، کە ڕۆژانە دەبوایە تواناکانی کۆکاتەوە و بیانخاتە گڕ بۆ سووککردنی مێژووی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە هەق و بە ناهەق، دواتریش ترەدکتۆرایەکیشی لە زانکۆیەکی سەر بە یەکێتی لەسەر جۆری بەرێوەبردنی هەمان ڕادیۆ هێنا، کە جۆش درابوو بۆ دژایەتی کردنی بنەماڵەی بارزانی و ڕەشکردنی مێژووی مەلا مستەفا و ئیدریس بارزانی.
لە کاتێکدا ئەرسەلان بایز ڕاگەیاندنی یەکێتی دژ بە پارتی و بنەماڵەی بارزانی هان دەدا، ئەو ساتانە بوو کە پارتی و یەکیتی لە قۆناغی شاخ بوون، واتە دژ بە سەدام لە سەنگەردا بوون، سەرانی هەر دوو هێزیش لەژێر هەژموونی ئیراندا بوون، واتە هیچ جیاوازیەکیان نەبوو، هێشتا ٢٨ ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانی گەندەڵ و دزینی نەوت و سامانە سروشتییەکان دەستی پێنەکردبوو، سەرەڕای ئەوەش هەمیشە قەڵەمە لاوازەکەی ئەرسەلان بایز هەوڵی دەدا پارتی و بنەماڵەی بارزانی وەک خاین و جاش لە قەڵەم بدات. ئەمڕۆ دوای ئەو مێژووە و ئەزموونی ٢٨ ساڵ لە گەندەڵی، تازە ئەرسەلان بایز پێمان دەڵێت، کە لە ڕادیۆ و بەشی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە قۆناغی شاخدا دڕۆی فەرمووە، ڕۆڵی چەواشەکاری بینیوە، بنەماڵەی بارزانی شۆڕشگێرن و شایەنی ئەوەن حوکمی کوردستان بکەن!
------------------------
ئەرسەلان لەسەر بنەماڵەی بارزانی و خودی مەسرور ئاوا دەفەرموێت:
(بەدەر لەوەی کاک مەسرور لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەری شۆڕشگێڕە، خۆشی وەکو گەنجێک هەڵگری بڕوانامەیەکی گەورەی پێشکەوتووترین وڵاتی دونیایە، ئەویش ئەمەریکایە.
کاک مەسرور قاڵبووەوەی بۆتەی هەموو رووداوەکانی کوردستانە، بۆیە من پێم وایە کەرەستەی نێو کۆڵەپشتەکەی زۆر دەوڵەمەندە.
ئەو کەرەستەیە، چ وەکو کەرەستەکە، چ وەکو شەخسی خۆی هۆکارێکی گەورە دەبن، بۆ ئەوەی بتوانێ بە بەرنامەیەکی تازە وەکو گەنجێک مەڵۆی تازە بخاتە سەر ئەو مەڵۆیانەی کە پێشتر کابینەکانی یەک لە دوا یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆیکردۆتەوە)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە